کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


دکتۆر یوسف محەمەد و وەڵامە تەم و مژاویەکان

Sunday, 11/06/2017, 18:34


لە بەرواری ٧ ی ٦ سەرۆکی کودەتا بەسەراکراوی پەرلەمانی کوردستان دکتۆر یوسف محەمەد و دلێر ماوەتی جێگری سەرۆك فراکسیۆنی یەکێتی وهاندەر رەفعەت نوێنەری ئەوروپای ناوەندی بزوتنەوەی گۆڕان، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ڕەوەندی کوردی لە بەلجیکا لە شاری برۆکسل ئەنجام دا
بەڕێوەبەری دانیشتنەکە ئامادەبوانی وەکو نوخبەی ڕەوەندی کوردی لە بەلجیکا ناساند، دوانەکان بە گشتی سەبارەت بەو هەلومەرجە ناهەمواری کوردستان بون
ڕەوەندی کوردی کە تیایدا ئەندامان و بەرپرسانی یەکێتی لەسەر ئاستی بەلجیکا ئامادە بو گەلێك سەرنج و تێڕوانینیان خستە ڕو. هەندێك لە ئامادەبوان بە جۆرە خەیاڵێکی جیڤاراییەوە لە جادە پانەکانی ئەوروپاوە قسەی لە ناردنی پێشمەرگە بۆ وەستانەوە دژ بە پارتی دەدوا، هەندێکیشیان زۆر ئاشتیخوازانە تا ئەندازەی سادەییەکی بێ بنەما لەسەر تاقیکردنەوەی هەرێم و هاوکاری پارتە سیاسیە کوردستانیەکان لە ژێر دەسەڵاتێکی دڕندەی نادیموکراسی دەدوان . هەندێکی تر لە ئامادەبوانی رەوەندی کوردی کەم تا زۆر واقعیانە دوان و ڕاو بۆچونەکانی خۆیان خستە ڕو
ئێمەو ئەوان
دکتۆر یوسف لە تەواوی دوان و گفتوگۆکانیدا سەبارەت بە قەیرانەکان و خەباتی پەرلەمانی بە ووشەی (ئێمە) دەدوا ، لە کاتێکدا باڵێکی ناو دەسەڵات دلێر ماوەتی جێگری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەپاڵیا دانیشتبو. بۆ من جێگەی پرسیاربو ئایا ئەم بەکارهێنانی (ئێمە) یە ئەنجامی چ هاوپەیمانیەکە لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانیدا. لە کاتێکدا یەکێتی لە هەمان ڕۆژدا لە بەرزترین ئاستی نوێنەرایەتیدا کە مەلابەختیار و کۆسرەت ڕەسوڵ بون بە فیکەیەکی مەسعود بارزانی گەیشتبونە دیوانی سەرۆکایەتی هەولێر بەمەبەستی دیاریکردنی ڕۆژی ڕێفەراندۆم.ئەو ریفەرەندۆمەی لە ناوەرۆکدا شتێك نیە جگە لە چەواشەکاری و مزایەدە بەسەر خەڵكی کوردستانەوە و لادانی سەرنجی خەڵکە لە پێشێلکرنی یاسا و مافەکان و کێشە و قەیرانەکان . بەداخەوە سەرباری پرسیارکردن لە هۆکاری بەکار هێنانی ووشەی (ئێمە) وەڵامێکی رازیکەر و کۆنکرێتی وەرنەگیرایەوە
سێ بژێر بۆ چارەسەری کێشە و قەیرانەکان
دکتۆر یوسف لەو باوەرەدا بو کە ئەمڕۆ لە کوردستان دا تەنها سێ بژێر هەیە کە دەرخرێنە ڕو
یەکەم : کەسانێك هەن لە ناو باڵ یان لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان کە ڕایان وایە ئەم هەلومەرجەی هەیە وەکو ئەمری واقیع و لە ترسی ئەوەی بەرە و خراپتر نەڕوات پێویستە پەسەند کراو بێت.
دوهەم : خەڵکانێك هەن لەو باوەرەدان کە کێشەکان پێویستە بە زەبری چەك و بە هێز بەرامبەر پارتی یەکلایی بکرێتەوە
سێهەم : خەباتی مەدەنی پەرلەمانی
سەرۆکی پەرلەمان ئەوەی خستە ڕو کە بژاردەی یەکەم و دوهەم هەرگیز لەلایەن ئەوانەوە پەسەند نیە و تەنها و تەنها ڕێگای سێهەم واتە خەباتی مەدەنی پەرلەمانی بژاردەی ئەوانە و کاری لەسەر دەکەن
وەك ئەوەی لە دیدارەکەدا پەنجەم بۆ ڕاکێشا، بەداخەوە هیچ شتێك لەسەر خەباتی مەدەنی شەقام و خەڵك نەوترا ، ئەگەر چی پاش ئاراستە کردنی ئەو ڕەخنەیە دکتۆر یوسف بە دڵفراوانیەوە دانی بەو ڕاستیەدا نا کە بەڵێ خەباتی شەقام وەکو پێویست پشتگیری نەکراوە و کاری لەسەر نەکراوە . لەسەر هەمان بابەت نوێنەرەکەی یەکێتی دلێر ماوەتی ڕای وابو کە خەباتی شەقام لەهەر شێوازێکدا بێت لەم هەلومەرجەدا و بەتایبەتی بەهۆی بونی دەستی دەرەکیەوە دورنیە ئاژاوەگێری و بارێکی نەخوازراو بێنێتە کایەوە و واباشترە کە لێێ بە حەزەر بین
لە راستیدا بە پێویستی نازانم لە سەرنجی یەکێتی و نوێنەرەکانیان لە هەر ئاستێکدا بن بدوێم ، لەبەر ئەوەی ئەو لایەنە هێڵی جیاکردنەوەی خۆی زۆر بە کۆنکرێتی و ڕونی لەگەڵ جەماوەر و بەرژەوەندیەکانی شەقام دیاریکردووە
سەبارەت بە بزوتنەوەی گۆڕان و کەسایەتیەکانیانەوە ئەمە یەکەمجار نیە تەنها قسە لە خەباتی پەرلەمانی دەکرێت ولە کرداریدا بزوتنەوەی ناڕازی شەقام پشتگوێ خراوە یان تەنها لە ڕێگای میدیاکانانەوە لە هەندێك سەردەمی دیاریکراو بە تایبەتی سەردەمانی هەڵبژاردنەکاندا ئیبراز دەکرێن و پاش هەڵبژاردنەکانیش بەتایبەتی پاش چونە ناو دەسەڵاتەوە ئەوا وەك ئەوەی جۆرە ڕێکەوتنێکی بێ مشتومڕ و ئیمزاکراو لە نێواندا بێت کۆتایی بە پێشاندان و خستنە ڕوی ناڕەزاییەکانی خەڵك دەهێنرێت و کوردستان دەکرێتەوە بە ماستی مەییو. ئێمە وەك چالاکوانانی ڕەوەندی کوردی بەلجیکا لەسەر پێشتی خۆمان هەستمان بەوە دەکرد کە ئیتر پاش بەشداری گۆڕان لە دەسەڵاتدا و چونیان بۆ هەولێر ئیتر ئەندامان و هەوادارانی گۆڕان لە چالاکیە مەیدانیەکان لە پاڵماندا سارد بوبونەوەو کەوتبونە جۆرە بارێکی سڕ بونەوە
بزوتنەوەی گۆڕان کەرەسەتەیەکی خاوی جەماوەری و شۆڕشگێڕانەی هەمیشە بۆ دەستەبەر بووە ئەوەش بە درێژایی مێژوی سەرهەڵدانی و چونە ناو دەسەڵات و دورخستنەوەی لە دەسەڵات، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە سود لەو وزە جەماوەریە وەربگرێت و خەڵکی رابەری بکات بۆ سەر شەقام و بۆ خزمەتی خودی خەڵکی . هەمیشە جۆرە سڵەمینەوەیەکی لەو دیاردەیە هەبووە و خۆی لە خەباتی پەرلەمانی و دیالۆگ و کۆبونەوە و کۆبونەوە کاری بێئەنجام قەتیس داوە و لەو بازنە داخراوەدا خولاوەتەوە و دەخولێتەوە
لە لایەکی ترەوە دکتۆر یوسف و هیچ یەکێك لە کەسایەتیەکانی ناو گۆڕان لە نێوانیاندا کۆچکرد و نەوشیروان مستەفا لە کاتی باسی ڕوبەڕوبونەوەی چەکداریدا چاویان تەنها لایەنە سیاسیەکان و حیزبەکانی بینیوە و لەو باوەرەدا بون کە ڕوبەڕوبونەوەی چەکداری دوبارە سەرهەڵدانەوەی شەری کلاسیکی ناوخۆ یان وەك دەوترێت برا کوژیە. هەرگیز بیر لەوە نەکراوەتەوە کە ڕەنگە بەیەکدادانی نوێ لە نێوانی دو بەرەی نوێدا بێت بەرەی خەڵك و بەرەی دەسەڵات و تەواوی حیزب و لایەنەکانی ناو دەسەڵات کە تاوانبارن بە بڕینی نان و ئازادی و شكاندنی کەرامەتی خەڵك
دکتۆر یوسف لە نێوان دوانەکاندا پەنجەی بۆ تاقیکردنەوەی بەهاری عەرەبی ڕاکێشا کە چۆن ئەنجامێکی تاڵ و ڕەشی هەبو، ئەم سەرنجەی دکتۆر لە ناوەرۆکدا جۆرێك لە هۆشیاری پێدان بو بەوەی کە دورنیە ئەگەر بەهاری کوردیش سەهەڵبدات بە زستانێکی سەخت کۆتایی دێت و لێ دورکەوتنەوەی و خۆلێپارێزی باشترە لە کارلەسەرکردنی
بەداخەوە بزوتنەوەی گۆڕان بە بێ قەیدوشەرت لە سەرهەڵدانی بەهارەکان دەڕوانێت، لەبری ئەوەی سودلە لایەنەڕەشەکان و هەڵدێرەکانی بەهاری عەرەبی وەربگرن و شیکردنەوە بۆ ئەو هەلومەرجە بکەن کە بە بێ هیچ ئامادەکاریەك بەهاری عەرەبی سەریهەڵدا و چۆن لایەنە ئیسلامیەکان توانیان بە پشتیوانی وڵاتانی کۆنەپەرست و هاوشیوەی خۆیان ئەنجامی ڕاپەرینی خەڵك لەبار بەرن. بزوتنەوەی گۆڕان لە بری چونە ناو خەڵك و هوشیارکردنەوەی خەڵك و ئامادەکاری بۆ بەهاری کوردی و کارکردن لەسەر ڕێکخستنیان و ئاراستەکردنیان دێت هۆشیاری دەدات لە سەرهەڵدانی بەهارەکان . ئەگەرچی هێشتا درەنگ نیە و کارکردنی کەسە شۆڕشگێر و دڵسۆزەکانی خەڵك لە ناو ئەو بزوتنەوەی گۆڕاندا بەو ئاراستەیە و بە هاوکاری لە پاڵ لایەن و کەسە هاو بیرەکانیانەوە بە دڵنیاییەوە ئەنجامی سەرکەوتوانەی دەبێت
بەڵێ بۆ حیزبی بنەماڵەیی نا بۆ دەزگا و دەسەڵات و حکومەتی بنەماڵەیی
دکتۆر یوسف بە ڕاشکاوانە لەو باوەرەدا بو کە پارتی مافی خۆیەتی کە حیزبەکەی بنەمالەيیی بێت و ئەوە پەیوەندی بە حیزب و لایەنەکانی ترەوە نیە تەنانەت نمونەی هیندستانی هینایەوە کە سەرباری ئەوەی وڵاتێکی دیموکراسیە بەڵام حیزبی بنەماڵەیی بونی هەبووە و سەرکەوتوش بون لە کارەکانیانا. نکۆڵی لەو ڕاستیە ناکرێت کە بنەماڵەی جەواهر لال نەهرۆ لە ناو حیزبی کۆنگرەی هندی ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە بەڵام هەرگیز ئەو حیزبە بەهۆی قورسایی ئەو بنەماڵەیەوە نەبوە حیزبی بنەماڵەیی و هەمیشە لە حیزبە و حکومەتی هندستاندا دیموکراسیەت و رای زۆربە لەسەر و بنەماڵەوە بووە . لە سەردەمی سەرۆك وەزیرانی جەواهیر لالە نەهرۆ و و ئەندێرا غاندی و راجیف غاندی ئەندامانی تری بنەماڵەکە نەچوبونە ناو زۆربەی دەزگا و دەمارە سیاسی و ئابوری و سوپا و ئاسایشیەکانی هندستانەوە، وەك ئەوەی لە هەرێمی کوردستان و سعودیە و وڵاتانی تری دوڕگەی عەرەبیدا دەیبینین. جەواهیر و ئەندێرا و راجیف هەرسێکیان لە هەڵبژاردنی پاك و بێگەردی دیموکراسی دا بونە سەرۆك وەزیران و کەسیان پاش کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتیان وەکو مانگا مانی لە دابەزین نەگرتبو ، کەسیان یاسا و دەستوری هندستانی لە هیچ بوارێکدا پێشێڵ نەکردبو
ئەو ڕایەی دکتۆر یوسف کە ئەوان بە پارتیان وتووە ئەوە مافی خۆیانە ئەگەر خاوەندی حیزبی بنەماڵەیی بن و بەراوردکردنی کردنی بە بنەماڵەی جەواهیر لال نەهرۆ لەگەڵ ئەوەدا لە جێگای خۆیدا نیە و لە بنەرەتەوە هەڵەیە ،لە هەمانکاتدا زۆر مەترسی داریشە و شەرعیەت دانە بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی بارزانی و تاڵەبانی. هەروەها تەبریر و ڕێگا کردنەوەیە بۆ لایەنە سیاسیەکانی تریش کە کوڕ و ئەندامانی تری بنەماڵەکانیان بهێننە سەر شانۆی سیاسی و بکرێنە دەسەڵاتداری حیزب و پاشان حکومەت و کەڵەگا بەسەر خەڵکی کوردستانەوە. لەدوائەنجام دا ئیحتیکاك کردن و دابەشکردنی شادەمارەکانی ژیانی سیاسی و ئابوری و چەکداری کوردستان لە نێوان بنەماڵەکان
حیزبی بنەماڵەیی ودەزگا و دەسەڵات و حکومەتی دور لە کاریگەری بنەماڵەیی، هەرگیز لەسەرزەمینی واقیع و بە کرداری ناکرێت بەیەکەوە بگونجێت. ئایا ئەوە حیزب نیە کە بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن واتە حکومەت، ئەندامانی خۆی دیاری دەکات. لەکاتێکدا دەکرێت ئەو ئەندامانە دەستەیەك لە هاوخوێنەکانی بنەماڵە بن وەك ئەوەی ئەمڕۆ لە مەسعود و نێچیر و مەسرور و نیهاد و سیروان و وەجیە و دەیانی تری ئەو بنەماڵەیە لە دەزگا حکومیەکاندا دەیانبینین
ئایا هەر حیزب نیە بەناو'' نوێنەرایەتی خەڵك'' لە ئەندامانی خۆی دەپاڵێوێت؟ لە کاتی پاڵاوتن و لە ئەنجام دا هەڵبژاردنی ئەندامانی بنەماڵە وەکو ''نوێنەرانی خەڵك'' ئەوا پەرلەمان دەبێتە جێگای نوێنەرایەتی چەند بنەماڵەیەك کە یاسا و بڕیارەکان پێشنیاردەکەن و دایدەنێن و بڕیاری لەسەر دەدەن. بۆیە ناکرێت ئاوا بە سادەیی قسە لەوە بکەین کە حیزب دەکرێت بەو شێوازە موتڵەقیە لە دەسەڵات جیا بکرێتەوە ، کاتێك کە حیزبێك یان حیزبەکان بنەماڵەیی بن ناکرێت دەسەڵات بنەماڵەیی نەبێت و دیموکراسیەت ڕەوتی خۆی بگرێت.
کورد و سیستەمی دیموکراسی
زانا هەورامی کە خۆی وەکو نوێنەری یەکێتی لە کۆمیسیۆن و پەرلەمانی ئەوروپا ناساند ڕای وا بو کە هێشتا خەڵکی کوردستان لە ئاستی هەزمکردنی دیموکراسیەتا نیە و دیموکراسیەتی وەکو بەرخێکی ساغ بە نمونە هێنایەوە کە ناکرێت بە ساغی بکرێت بە قوڕگی خەڵکی کوردستان دا . دکتۆر یوسف وەڵامی ئەو  نارەواییەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دایەوە و ڕای وابو کە بە پێچەوانەوە خەڵکی کوردستان نەك هەر دەتوانێ دیموکراسیەت پەیڕەو بکات و وەریبگرێت ، تەنانەت سەرانی دەسەڵات و پارتە سیاسیە کوردستانیەکان بە گشتی نەیانتوانیوە بگەنە ئاستی هۆشیارانە و توانای فکری و هەزمکردنی دیموکراسی لە بەراورد بە خەڵکی کوردستان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە