کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


دبلۆماسی لوتکه ـ بەشی دوهەم

Friday, 08/01/2016, 11:28


گه‌شه‌ی  دبلۆماسی لوتکه‌ 
ئه‌م جۆره‌ دبلۆماسیه‌ له‌ سه‌رده‌می پێش مۆدێرنه‌وه‌ بونی هه‌بووه‌. له‌ سه‌ره‌تادا نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان و سه‌رانی وڵاتان له‌ ڕێگای باڵوێزه‌کانه‌وه ‌بوو که‌ به‌ سیخوڕی شه‌رافه‌تمه‌ند یان سیخوڕی ڕاستگۆ ناویان ده‌برا. ئه‌رکه‌کانیان بریتی بوو له‌ دوان و دیالۆگی ناڕاسته‌وخۆ و نوێنه‌رایه‌تی دانوسانه‌کانیان ده‌کرد له‌ په‌یوه‌ندی ناڕاسته‌و خۆی نێوان سه‌رانی وڵاتان دا. له‌ سه‌ده‌ دره‌نگه‌کانی نێوه‌ندی دا ئه‌م باڵوێزانه‌ بنکه‌ی باڵوێزخانه‌یی تایبه‌ت و ده‌زگا پیشه‌ییه‌ دبلۆماسیه‌کنیان نه‌بوو، ته‌نها باڵوێز و هه‌ندێك ده‌ست و پێوه‌ند بوون له‌ وڵاتی بێگانه‌دا و جۆره‌ که‌ناڵێکی په‌یوه‌ندی و دیالۆگ و هه‌ندێ جار سه‌رچاوه‌ی پلانگێڕی و ئاژاوه‌ گێڕی بون له‌ وڵاتی خانه‌ خوێ دا.  
پاش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌ دبلۆماسیه‌کان‌ مۆرکی پیشه‌ییان‌ به‌ خۆوه‌ گرت، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ زیاتر و زیاتر دروست بون. به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌کان له‌ ئاسته‌ به‌رزه‌کاندا زیاتر و زیاتر بونه‌ نه‌ریت و خواستراو. له‌و سه‌رده‌مانه‌دا که‌سانی وه‌کو Callières کالیرێ په‌یدا بون، ده‌رباره‌ی دبلۆماته‌کان ده‌یاننوسی و به‌لایانه‌وه‌ وابو که‌ دبلۆماته‌کان ئه‌رکێکی گرنگیان له‌ ئه‌ستۆدایه‌. ئه‌رکی گرنگ و پیرۆزی دبلۆماته‌کان لای کالێرێ ئه‌وه‌ بو که‌ خۆشه‌ویستی و هه‌ستیان به‌رامبه‌ر سه‌رانی سیاسیان نه‌خه‌نه‌ سه‌رو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی وڵات و نه‌ته‌وه‌که‌یانه‌وه‌.
کۆبونه‌وه‌کانی لوتکه‌ی مۆدێڕن له‌ ناوه‌ندی سه‌ده‌ی بیستا زۆر به‌ چڕی و به‌ ده‌زگایی بوون سه‌ریان هه‌ڵدا. پێش جه‌نگی جیهانی دوهه‌م کۆبونه‌وه‌ی لوتکه‌ زۆر که‌م ڕویان ده‌دا. سڵانی چل و په‌نجای سه‌ده‌ی ڕابردو وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ زیاتر ده‌ستیان دایه‌ گه‌شت و کۆبونه‌وه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات. ساڵانی شه‌ست سه‌رانی حکومه‌ت و وڵاتان گه‌شت و کۆبونه‌وه‌کانیان به‌ شێوه‌یه‌کی له‌به‌ر چاو زیادی کرد،.به‌ڵام کۆبه‌نه‌وه‌ی لوتکه‌ چه‌ند لایه‌نیه‌کان له‌ ساڵانی حه‌فتاوه‌ بووه‌ دیارده‌یه‌کی به‌رده‌وام و دوباره‌ بۆوه‌. کۆمه‌ڵێك هۆکاری هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ پشتی ئه‌م گه‌شه‌ چه‌ندایه‌تیه‌وه‌ بوون .
یه‌که‌م؛ گه‌شه‌ی ته‌کنۆلۆژیا ی وه‌کو گه‌شته‌ ئاسمانیه‌کان و په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنیه‌کان، بونه‌ هۆکارێکی گرنگ بۆ هات و چۆ و ڕێکخسنی جۆر و کات و شوێنی کۆبونه‌وه‌کان و دیاری کردن و بڕیار له‌سه‌ر به‌شداری که‌ران و دیاری کردنی ئه‌جێنداکان.
دوهه‌م؛ گه‌شه‌ی ده‌زگا چه‌ند لایه‌نیه‌کان (مولتی لاته‌رال)، نمونه‌ی ڕێکخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان. به‌ تایبه‌تی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ناتۆ و هاوبه‌شی ئه‌وروپا.
سێهه‌م؛ ڕای گشتی؛ سه‌رده‌مان و دوای جه‌نگی جیهانی دوهه‌م گه‌لان له‌و باوه‌ڕه‌دا بون، که‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی نێوان سه‌رانی به‌رزی ده‌وڵه‌ته‌کانیان باشترین ڕێگایه‌ بۆ چاره‌سه‌ری جه‌نگ و کێشه‌کانی جه‌نگ و لابردنی به‌ربه‌سته‌کان له‌ پێناو ئاشتی جیهانی دا. گه‌لانی وڵاتان چاوه‌ڕوانی گه‌وره‌یان هه‌بوو له‌ کۆبونه‌وه‌کانی لوتکه‌. له‌ ساڵانی شه‌ست دا ئه‌و کۆبونه‌وانه‌ گه‌لێك گرنگ بوون له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ دیالۆگی چڕ و به‌رده‌وام له‌ نێوان وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و یه‌کێتی سۆڤیه‌تدا نه‌بوو. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ له‌ نێوان سه‌رانی سیاسی دوو زل هێزه‌که‌دا بێ باوه‌ڕ بون به‌رامبه‌ر ده‌زگا دبلۆماسیه‌کانی خۆیان و به‌رامبه‌ر. سه‌رانی وڵاتانی به‌رامبه‌ر. هه‌روه‌ها ده‌یانه‌ویست کۆبونه‌وه‌کانی لوتکه‌ بکه‌نه‌ ئامرازێکی پرۆپاگه‌نده‌ بۆ خۆیان و وڵات و سیسته‌مه‌که‌یان.  
چوارهه‌م؛ مه‌ڵبه‌ندی کردنی فه‌رمانبه‌ریه‌کان له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوادا؛ سه‌رانی ئه‌م وڵاتانه‌ ده‌یانه‌ویست زیاتر و زیاتر په‌یوه‌ندیه‌ ده‌ره‌کیه‌کان بخه‌نه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌وخۆی خۆیانه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ وڵاتانی نادیموکراتی دا له‌ کۆنه‌وه‌ نه‌ریته‌. به‌ تایبه‌تی له‌ ئه‌وروپا ده‌بینرێت سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆکه‌کان مه‌یلی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ خۆیان زیاتر سه‌رقاڵی کاروباری ده‌ره‌وه‌ و په‌یوه‌ندیه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان بکه‌ن. له‌ دوای دامه‌زراندن و به‌ هێز بوونی یه‌کێتی ئه‌وروپا ئه‌و مه‌یله‌ لای سه‌رانی وڵاتانی ئه‌ندام به‌ره‌ و گه‌شه‌ و زیاد بوون چووه‌. وا پێده‌چێت سه‌رانی وڵاتان که‌متر پشت به‌ زانیاریه‌کان و ڕاوێژه‌کانی دبلۆماته‌ پیشه‌یی و پسپۆریه‌کان ببه‌ستن. 
پێنجه‌م؛ له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌ و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستا ته‌نها وڵاته‌ به‌هێزه‌کان پێشڕه‌وی دبلۆماسی جیهانی بوون به‌ مه‌به‌ستی ڕێکخستنی هاوسه‌نگی هێزه‌کان، ئه‌مڕۆ له‌ پاڵ ئه‌و وڵاتانه‌دا دبلۆماسی ناوچه‌یی به‌ ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌به‌رچاو گه‌شه‌ی کردووه‌ و وڵاتانی نوێ هاتونه‌ته‌ ئه‌و مه‌یدانه‌وه.‌ به‌ تایبه‌تی پاش ڕزگاری زۆر له‌ وڵاتان له‌ کۆڵۆنیالیزم. زیاد بونی ژماره‌ی وڵاتان مانای زیاد بونی دبلۆمات ودبلۆماسیه‌‌تی ناوچه‌یی ئه‌و وڵاتانه‌‌. سه‌رانی زۆربه‌ی ئه‌ وڵاتانه‌ مه‌یلی کۆکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ گرگه‌کانیان له‌ ده‌ستی خۆیان دا و له‌ ژێر کۆنترۆڵی ڕاسته‌وخۆی خۆیان دا هه‌یه، بۆیه‌ له‌و وڵاتانه‌ش دا دبلۆماسی لوتکه‌ بووه‌ نه‌ریت و پیاده‌ ده‌کرا. ‌.ئه‌گه‌رچی ئه‌م وڵاته‌ نوێیانه‌ پێویستیان به‌وه‌ بوو که‌ ده‌زگا دبلۆماسیه‌کان بنیات بنێن و گه‌شه‌ی پێبده‌ن، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و لایه‌نه‌یان خسته‌ پله‌ی دوهه‌مه‌وه‌.
پاش جه‌نگی سارد و ڕوخانی دیواری به‌رلین وڵاتانی کۆمۆنیستی ناوه‌ند و رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا و هه‌ندێك له‌ وڵاتانی کۆمۆنیستی ئاسیای دوور له‌ ژێر نفوزی سۆڤیه‌ت هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌. هه‌ل و مه‌رجی ئه‌وروپا به‌ شێوه‌یه‌ك بوو که‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌رگای کۆبونه‌وه‌ کانی لوتکه‌ واڵا بکرێت.
ته‌واوی ئه‌م ڕوداوه‌ نوێیانه‌ کاریگه‌ربون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ خزمه‌تگوزاریه‌ دبلۆماسیه‌کان دیسانه‌وه‌ ده‌ست پێبکرێته‌وه و به‌ چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تیه‌کی جیاوازه‌وه‌. دبلۆماته‌ نوێکان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر که‌م تاقیکردنه‌وه‌ بون. سه‌رانی سیاسی ئه‌و وڵاتانه‌ش نه‌وه‌یه‌کی نوێی جیاواز بون له‌وانه‌ی پێشویان. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ کۆمه‌ڵێك کێشه‌ی ناوخۆیی سه‌ریان هه‌ڵدابو که‌ ده‌بوایه‌ به‌ زوویی و به‌ گرنگیه‌وه‌ چاره‌سه‌ری بکرێت که‌ ده‌که‌وتنه‌ پێش مه‌سه‌له‌ ده‌ره‌کیه‌کان .
پێش ساڵانی نه‌وه‌دی سه‌ده‌ی ڕابردو، دبلۆماسی ناوچه‌یی دیار و له‌به‌ر چاو بوو به‌ڵام زیاتر له‌ نێوان وڵاتانی سنتراڵ و ئه‌مه‌ریکای لاتین له‌لایه‌که‌وه‌ و وڵاتانی سه‌نتراڵ و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند له‌ لایه‌کی تره‌وه، نه‌ك وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات و ناوه‌ندی ئه‌وروپا‌.
شه‌شه‌م؛ گرنگی پێدانی میدیا و ڕای گشتی به‌ په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان، که‌ سه‌رانی سیاسی ده‌یانه‌ویست له‌و ڕێگایه‌وه‌ ده‌ربکه‌ون و خاڵی ئه‌رێتی بۆ‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتویان تۆمار بکه‌ن . له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مێدیا هێنده‌ گرنگی په‌یدا کردبو،‌ کاریگه‌ری گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ڕای گشتی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ هه‌بو. ڕێکخه‌رانی کۆبونه‌وه‌کانی لوتکه‌ هه‌وڵیان ده‌دا زۆر به‌ ووردی ئاماده‌کاریه‌کان ئه‌نجام بده‌ن و سه‌رنجی ڕای گشتی و میدیاکان زیاتر به‌لای به‌شدار بوندا ڕابکێشن، سه‌رانی سیاسی هێنده‌ی له‌گه‌ڵ هاوشانه‌کانیان ده‌دوان به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ له‌گه‌ڵ میدیاکاندا ده‌دوان و چاوپێکه‌وتنیان ده‌کرد. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی میدیا ڕۆڵی گرنگی ده‌بینی له‌ سه‌رجه‌م قۆناغ و ئاسته‌کانی پرۆسه‌ی دانوسانه‌کان دا، ئه‌مه‌ش له‌ لایه‌ن هه‌ندێك له‌ سه‌رانی به‌ تواناوه‌ به‌ سودی وڵات و سیسته‌مه‌که‌ی به‌کارده‌هێنرا. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ندێکی تره‌وه‌ به‌ زیان به‌سه‌ریدا ده‌شکایه‌وه‌. بۆیه‌ میدیا ڕۆڵی خۆی له‌و بواره‌دابه‌ شێوه‌کی له‌به‌ر چاو به‌ره‌و گۆانکاری برد. 
گرنگی پێدانی میدیا و ڕای گشتی ئاسته‌مه‌ دوور بخرێته‌وه‌ له‌ مه‌رجه‌کانی دبلۆماسیه‌تی باش و سه‌رکه‌وتو ، که‌ هه‌ندێك جار له‌ به‌رامبه‌ر میدیاکان نه‌هێنیه‌کان به‌ دوومانایی له‌ ده‌ربڕینه‌کان دا ده‌خرانه‌ ڕوو.

کۆتایی بەشی دوهەم
بەشی دوهەم ـ گه‌شه‌ی  دبلۆماسی لوتکه‌ 
بەشی سێهەم ـ  ته‌نگژه کان و داهاتوی دبلۆماسی  لوتکه‌ 
بەشی چوارەم  ـ پرۆتۆکۆڵی دبلۆماسی
بەشی پێنجەم ـ ڕێزو سوکایه‌تی پێکردنی دبلۆماسی

سه‌رچاوه‌کان
- Wiki Leaks docs reveal U.S. diplomats insulting world leaders, Liz Goodwin
- The Anatomy of Summitry, Ball, George W.
- summit Diplomacy Coming of Age, Jan Melissen
- The body language of diplomatic handshakes 
- Developments in Protocol , Professor Erik Goldstein
- The Handshake, Kevin Andrew

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە