کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


گه‌نده‌ڵی و کاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌شه‌ی ئابوری ناوخۆ و هه‌ژاری ـ بەشی سێهەم

Friday, 27/11/2015, 22:42


کۆمه‌ڵگای  به‌کارهێنه‌ر
له‌ کۆمه‌ڵگا به‌کارهێنه‌ریه‌کان دا ئه‌و شێواز‌ی خستنه‌ کاره‌وه‌ که‌ به‌شێکی زۆری بۆ ڕازیکردنی بێکارانه‌، چه‌ندین زیانی بۆ‌ ئابوری وڵات هه‌یه، له‌ به‌رچاوترینیان‌؛
 یه‌که‌م: له‌ ده‌ستدانی به‌شێکی زۆر له‌ ده‌سکه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی بۆ موچه‌ی بێ به‌رهه‌م یان که‌م به‌رهه‌م. بۆ خزمه‌تگوزاری ناپسپۆڕ و ناکامڵ و هه‌ندێك جار زه‌ره‌ر مه‌ند. 
دوهه‌م: بۆ زۆرترین ژماره‌ی خستنه‌ کاره‌وه‌ ده‌زگا و شوێن و کاروباری زیاتری خستنه‌کاره‌وه‌ پێویسته‌ و ئه‌وه‌ش دوباره‌ بودجه‌ی زیاتری پێویسته‌ که‌ سه‌رچاوه‌که‌ی سه‌رمایه‌ی چالاکی ناوخۆیه‌. 
سێهه‌م: ئاستی نزمی موچه‌کان و ده‌سکه‌وت هێزی کڕین سنوردار ده‌کات و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌وه‌ هۆیه‌ك بۆ لاوازکردنی بازاڕ و ده‌سکه‌وتی ئه‌وانه‌ش که‌ کاری سه‌ربه‌خۆ ده‌که‌ن. ئه‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ش ئاستی گوزه‌رانی زۆربه‌ی خه‌ڵک سنوردار ده‌کات و له‌ دوا ئه‌نجام دا به‌ره‌و هه‌ژاری ده‌بات که‌ یه‌کێکه‌ له‌ فاکتۆره‌ گرنگه‌کانی ناسه‌قامگیری سیاسی وڵات. چوارهه‌م: دروست کردنی زه‌مینه‌ی وابه‌سته‌یی به‌ شێكی زۆر له‌ خه‌ڵکی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه ‌جا ئیتر تاکه‌ نفوزداره‌کان بن یان پارته‌ سیاسیه‌کان یان ده‌سه‌ڵات به‌ گشتی. به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ توانا و به‌هره‌کانی خۆیان دڵنیا نین و ده‌زانن گوزه‌رانیان به‌ بێ ئه‌و که‌س و ده‌زگایانه‌ له‌ مه‌ترسی دایه‌. 
که‌ڵه‌که‌ بونی سه‌رمایه‌ له‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداراندا که‌ له‌ شێوه‌ی توێژێکی نوێدا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن کۆمه‌ڵێك نه‌ریتی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ مۆرکی شێوازی ئه‌و که‌ڵکه‌ کردنی سه‌رمایه‌یه‌ی پێوه‌ دیاره‌. به‌ پله‌ی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و سه‌رمایانه‌ی له‌ ڕێگای گه‌نده‌ڵیه‌کانه‌وه‌ که‌ڵه‌که‌ ده‌بن به‌ شێوازی سه‌رمایه‌ی ئاسایی ناخرێنه‌وه‌ سه‌رمایه‌گوزاریه‌وه‌ به‌ڵکو به‌ چه‌ند شێوازێکی جیاواز به‌کار ده‌هێنرێن؛
یه‌که‌م: بۆ به‌هێزکردنه‌وه‌ی پایه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و که‌سانه‌ یان ئه‌و لایه‌نه‌ به‌کارده‌هێنرێن. که‌ سوود ناگه‌یه‌نێت به‌ ئابوری ناوخۆ.
 دوهه‌م: ده‌رهێنانی زۆربه‌ی یان به‌شێکی سه‌رمایه‌که‌ له‌ به‌کارهێنانی ناوخۆیی دا و گوێزانه‌وه‌ و خه‌واندنی یان به‌گه‌رخستنی له‌ بانك وموڵك و بازاڕه‌ ماڵیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
 سێهه‌م:  بۆ خسته‌کاره‌وه‌ی له‌ سه‌رمایه‌گوزاری گه‌نده‌ڵی نوێدا به‌ قه‌واره‌ی گه‌وره‌تر و فراوان تر، ئه‌م به‌کار هێنانه‌ سه‌رباری نا مه‌شروعیه‌تی له‌ دوو به‌کار هێنانه‌که‌ی تر زیانی که‌متره‌، به‌ مه‌رجێك فاکتۆری خستنه‌ کاره‌وه‌ی له‌ ناوخۆی وڵات دا تیادا بێت. 
له‌ خاڵی سێهه‌م دا له‌ زیانی که‌متر به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ دوو به‌کارهێنانه‌که‌ی تر ده‌دوێین نه‌ك نه‌بونی زیان. خاڵی سێهه‌م به‌ ڕۆڵی خۆی کۆمه‌ڵێك زیان و ڕێگری‌ له‌ به‌رده‌م سه‌رمایه‌ی پاك دا دێنێته‌ دی. 
 زیانه‌ سه‌ره‌‌‌کیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ کاتی به‌کارهێنانه‌وه‌ی به‌شێك له‌ سه‌رمایه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ ناوخۆدا‌ پێشبڕکێیه‌کی ناشه‌رافه‌تمه‌ندانه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌ی پاك دا ئه‌کات. به‌و مانایه‌ی سه‌رمایه‌ی گه‌نده‌ڵ‌ ئاسان به‌ده‌ست بووه‌ و له‌ بواری وه‌به‌رهێنان دا کۆمه‌ڵێک به‌ربه‌ستی له‌ ڕێدا نه‌بووه‌ که‌ دێنه‌ به‌رده‌م وه‌به‌رهێنانی سه‌رمایه‌ی ئاساییه‌وه. بۆیه‌‌ ده‌توانێ کارا تر و سه‌رکه‌وتو بێت به‌سه‌ر پێشبڕکێ دا. ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌م  هۆیانه‌ی خواره‌وه‌؛
یه‌که‌م: له‌ ڕێگای پله‌ و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ باشترین ته‌نده‌ره‌کان ده‌که‌ونه‌ ده‌ست سه‌رمایه‌ی گه‌نده‌ڵه‌وه‌ نه‌ك سه‌رمایه‌ی پاك و سه‌ربه‌خۆوه‌. یان پاش چه‌ندین ده‌ستاو ده‌ست کردن ده‌گاته‌ سه‌رمایه‌ی مه‌شروعه‌وه‌ و تێچونه‌کانی له‌و ڕێگایه‌وه‌ به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌.
دوهه‌م: ئه‌گه‌ر سه‌رمایه‌ی پاك بۆ به‌ده‌ست هێنانی پرۆژه‌یه‌ك پێویستی به‌وه‌ بێت که‌ به‌شێک له‌ بودجه‌که‌ی بخرێته‌ به‌خشینی به‌رتیله‌وه‌ ئه‌وا سه‌رمایه‌ی گه‌نده‌ڵ به‌ هۆی په‌یوه‌ندیه‌کانیه‌وه‌ ئه‌و له‌ده‌ست دانه‌ی نیه‌.
سێهه‌م: ئه‌گه‌ر سه‌رمایه‌ی پاك پێویستی به‌وه‌ بێت بۆ مامه‌ڵه‌ و به‌رهه‌م هێنان به‌شێ له‌ سه‌رمایه‌که‌ی بۆ شوێن و جێگای پێویست ته‌رخان بکات له‌ شێوازی کڕین یان به‌کرێ گرتن دا ئه‌وه‌ بۆ سه‌رمایه‌ی گه‌نده‌ڵ پێویست نیه‌ و له‌ ڕێگای په‌یوه‌ندیه‌کانه‌وه‌ شوێن و جێگای حکومی و گشتی به‌ نرخی هه‌رزان و ڕه‌مزی بۆ دابین ده‌کرێت.
چوارهه‌م: باجه‌کان له‌سه‌ر سه‌رمایه‌ی پاك به‌ پێی یاساکان و ناچاریه.‌ له‌ کاتێکدا سه‌رمایه‌ی گه‌نده‌ڵ ئاسان ده‌توانێت خۆی له‌ باجه‌کانی ده‌وڵه‌ت بدزێته‌وه‌.
پێنجه‌م: سه‌رانه‌ و بونه‌ شه‌ریکی ناڕه‌وا ته‌نها یه‌خه‌ی سه‌رمایه‌ی پاك ده‌گرێته‌وه‌.
شه‌شه‌م:  گه‌یشتن به‌ زانیاریه‌ پێویست و بنه‌ڕه‌تیه‌کان، به‌ تایبه‌تی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ نێوه‌نده‌ حکومیه‌کانه‌وه‌ ده‌رده‌چن و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی وه‌به‌رهێنان دا ده‌بن، پێشکات ئاگادار بوون لێی بۆ سه‌رمایه‌ی گه‌نده‌ڵ ئاسانتر و ڕێ پێدراو تره‌.
حه‌وته‌م: باج و گومرگ له‌سه‌ر که‌ره‌سه‌کانی سه‌رمایه‌ی پاك لایه‌نی زۆری له‌سه‌ر داده‌نرێت. به‌ڵام سه‌رمایه‌ی گه‌نده‌ڵ ئاسانکاری بۆ ده‌کرێت.
ئه‌مانه‌ به‌ گشتی ده‌بنه‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رمایه‌ی ناوخۆی پاك خۆ ڕاگر نه‌ بێت به‌رامبه‌ر سه‌رمایه‌ی گه‌نده‌ڵ و ‌هێزی پێشبڕکێی نه‌بێت.
ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی سڵه‌مێنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری ناوخۆ له‌ به‌شداری چالاك له‌ وه‌به‌رهێنان دا. یان ناچار ده‌بن بخزێنه‌ ناو گه‌نده‌ڵی و تۆڕه‌کانی گه‌نده‌ڵیه‌وه‌. یان ببنه‌ وابه‌سته‌ و پاشکۆی سه‌رمایه‌ی گه‌نده‌ڵ‌
توێژی بچوك و مام ناوه‌ندی گه‌نده‌ڵ
له سێبه‌ری گه‌وره ‌گه‌نده‌ڵه‌کان و سه‌رمایه‌ی به‌ده‌ست هاتو له‌ گه‌نده‌ڵیه‌وه‌، له‌ خواریانه‌وه‌ هه‌ندێك کاسبکار به‌ سه‌رمایه‌ی دیاری کراوه‌وه‌ و هه‌ندێك له‌ فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌تی مام ناوه‌ندی و بچوك یان تازه‌ به‌ پله‌ گه‌یشتوو سوودمه‌ند ده‌بن.
بێگومان سه‌رمایه‌ که‌مه‌کان و مام ناوه‌ندیه‌ پاکه‌کان و فه‌رمانبه‌رانی دوور له‌ گه‌نده‌ڵی زیاتر له‌ مه‌ترسی له‌ ناوچون دان له‌به‌ر ده‌م پێشبڕکێ نابه‌رابه‌ریه‌کانی ئاستی خۆیان. تێکشکانی بازرگانیه‌ بچوك و مام ناوه‌ندیه‌کان زیاتر به‌هۆی به‌رتیل و گوشار و ڕێگریی زۆری فه‌رمانبه‌ران و ده‌سه‌ڵاتدارانی مام ناوه‌ندیه‌وه‌یه‌‌‌. به‌ پێی ئاماره‌کانی بانکی جیهانی 25 له‌ سه‌دای تێکشکانه‌کان و نابوت بونی ماڵی سه‌رمایه‌دارانی بچوك و مام ناوه‌ندی‌ له‌ وڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات به‌و هۆیانه‌وه‌ بووه‌.
ته‌واوی ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه‌ش له‌ جێی خۆیانه‌وه‌ جگه‌ له‌ ڕێگری له‌ گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داری ناوخۆ ڕۆڵی خراپیان له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێکی تری بودجه‌ی ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌ که‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێده‌کرێت له‌ خزمه‌تی کۆمه‌ڵگا دا به‌کار بهێنرێت. ئه‌وانه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسکران، بریتین له‌ به‌ربه‌ست کردنی پێکهێنان و گه‌شه‌ی سیسته‌می باجی ده‌وڵه‌تی، لاوازکردنی ئه‌و سه‌رمایه‌گوزاریانه‌ی که‌ له‌ کاردان، دابه‌زاندنی چۆنایه‌تی بنه‌ما ژێرخانیه‌کان، گۆڕینی به‌هره‌کان و هێزه‌ کاریه‌کان بۆ مشه‌خۆر به‌سه‌ر ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌، تێکدانی بنه‌ماکان و شێوازه‌کانی خه‌رجیه‌کانی ده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌کان له‌‌ خزمه‌ت گوزاریه‌کان دا.
ئه‌م توێژه‌ گه‌نده‌ڵه‌‌ به‌ به‌راورد به‌ زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگا له‌ خزمه‌تگوزاریه‌ ده‌وڵه‌تیه‌کان و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی تری ده‌زگا گشتیه‌کان سوود مه‌ند ترن و ده‌یخه‌نه‌ خزمه‌ت ژیان و گوزه‌رانی خۆیان و خێزان و ده‌ورو به‌ره‌کانیانه‌وه‌. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ له‌ ڕێگای به‌رتیل و دیاریه‌کانیانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی لاوه‌کی بۆ ده‌سکه‌وته‌کانیان دابین ده‌که‌ن. به‌ڵام سه‌رجه‌می ئه‌و دیاردانه‌‌ به‌شێك له‌ خزمه‌تگوزاریه‌کان و موچه‌ و ده‌سکه‌وتی خه‌ڵکی که‌م ده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌ ڕێگای سوود مه‌ندی زیاتر و به‌رتیله‌وه‌ به‌و توێژه‌ ده‌به‌خشرێت. ئه‌مه‌ش دوباره‌ هۆکاری که‌مکردنه‌وه‌ی هێزی فیزیکی و پسپۆری و توانای کڕینی زۆربه‌یه‌‌ و زیاد کردنی ژماره‌ی هه‌ژارانه‌ و نزیکبونه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌ژاری به‌ ئاسته‌ جیاوازه‌کانیه‌وه‌. 
کۆتایی بەشی سێهەم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە