کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


تکایه‌ په‌یکه‌ره‌که‌ی خوالێخۆش بوو خالید دلێر نزیك به‌ خانوه‌که‌ی ئێمه‌ دامه‌نێن !

Wednesday, 04/01/2012, 12:00


لە دوای ئاشبەتالەکە حکومەت ئەو موڵک و خانوانەی کە هی پێشمەرگە بوون و نەگەڕابوونەوە دەیدا بە کەسانی دیکە، ئەوەی ئێمە درابوو بە یەکێک، کە گەڕاینەوە  له‌ ده‌ر و دراوسێمان پرسی ئه‌م به‌ڵایانه‌ کێن حکومه‌ت خانووه‌که‌مانی داونه‌تێ ووتیان ئه‌وه‌ خالید دلێره‌ و ژنه‌که‌شی عیسمه‌ت خانه‌!
 ***************
 ڕۆژانه‌ له‌ ناوه‌رۆکی هه‌واڵ و بابه‌ته‌کان دا وێنه‌و ناوی که‌سانێك دێنه‌ به‌ر چاوم که‌ سه‌رباری باشی یان خراپیان لای خه‌ڵک و ده‌وروبه‌ره‌که‌یان یادگارێکی تاڵ یان شیرینیان له‌ دونیای منداڵی یان هه‌رزه‌کاریمدا جێهێشتووه‌. که‌سانێك که‌م یان زۆر له‌ ڕێکه‌وتێکدا باشی یان خراپیم لێ بینیون، ئه‌گه‌ر چی ئه‌و باشی و خراپه‌یه‌یانم نه‌کردۆته‌ پێوانه‌ بۆ تێڕوانینی ئه‌به‌دی و ئه‌زه‌لی لێیان به‌ڵام ئه‌و ڕێکه‌وته‌ هه‌میشه‌ له‌ یادما ماوه‌ و بمه‌وێت یان نه‌مه‌وێت ناتوانم له‌ یادی خۆمی ببه‌مه‌وه‌.
 ئه‌و که‌سانه‌ هه‌ر له‌ ڕه‌فیقی گوڵه‌ی به‌قاڵ و شێخ ڕه‌شیدی سه‌مون فرۆش تاکو جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك کۆمار و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم و دکتۆر مه‌حمود عوسمان و چه‌ندین که‌سانی تری ناسراو و نه‌ناسراو ده‌گرێته‌وه‌ ، جگه‌ له‌وانه‌ش چه‌ندین نوسه‌ر و تێکۆشه‌ری شه‌هیدی سه‌رکرده‌ یان زیند و مۆرکێکی ئیجابی یان سلبیان له‌ ناخمدا جێهێشتووه‌. یه‌کێك له‌و نوسه‌ر و تێکۆشه‌رانه‌ خالید دلێره‌.
 
 له‌ گه‌شتێکی ڕۆژانه‌م دا به‌ ڕۆژنامه‌کاندا له‌ لاپه‌ڕه‌ (8)ی کوردستانی نوێدا ژماره‌ (5658) ڕوبه‌ڕوی هه‌واڵی کۆچی دوایی نوسه‌ری ناسراو خالید دلێربومه‌وه‌. به‌ڕێزحه‌مید ڕه‌شاش وه‌کو پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرین وا باس ده‌کات که‌ له‌ساڵانی 63 و 64 واته‌ له‌سه‌رده‌می ماوه‌ته‌وه‌ تاکو چونیان بۆ هه‌مه‌دان خوالێخۆش بوو خالید دلێری ناسیوه‌. له‌ یادگاره‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ خالید دلێر ده‌دوێت و ده‌ڵێت: "پێشمه‌رگه‌یه‌کی دڵسۆز بوو، نوسه‌رێکی زۆر باش بوو، شاعیرێکی کوردپه‌روه‌ر بوو، هونه‌رمه‌ندێکی ده‌نگخۆش بوو، به‌ڵام هه‌ژارێکی سه‌به‌رز و چاوتێر بوو."
 
 له‌ ڕاستیا نامه‌وێت بکه‌ومه‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ و مشت و مڕ له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌دا که‌ خالید دلێریان ناسیووه‌ و تاقیکردنه‌وه‌ی باش و شیرینیان له‌گه‌ڵیا هه‌یه‌ و به‌ ڕێز و خۆشه‌ویستیه‌وه‌ لێی ده‌دوێن. ئه‌وان له‌ دونیا و له‌ ناخی خۆیان دا به‌ جۆرێك خوالێخۆش بوو ده‌ناسن و بینیویانه‌ و ده‌یبینن. منیش به‌و شێوازه‌ ده‌یبینم که‌ له‌ مێشك و هه‌ستما چاپ بووه‌ و له‌ یادم ناچێته‌وه‌ و ده‌مه‌وێت به‌و په‌ڕی ڕاستگۆییه‌وه‌ باسی بکه‌م.
 
 ساڵی 1974 پاش هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ نێوان حکومه‌تی ئێراقی و پارتی دا، باوکیشم وه‌کو که‌سایه‌تیه‌کی دێرین و ناسراوی ناو پارتی ماڵ و منداڵی پێچایه‌وه‌ و چوینه‌ ناوچه‌ی شارباژێر، ماوه‌یه‌ك له‌ چوارتا و پاشان له‌ دێی مڕانه‌ ماینه‌وه‌. باوکم ئاماده‌ نه‌بوو کاری حیزبی وه‌ربگرێت بۆیه‌ کارێکی کارگوزاری درایه‌ و کرایه‌ به‌رپرسی ئه‌رزاقی شۆڕش . ئه‌و خواردن و ئه‌رزاقانه‌ی که‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ ده‌کڕدران یان ڕاسته‌وخۆ ئێران ده‌ینارد باوکم سه‌رپه‌رشتی دابه‌شکردنیانی ده‌کرد به‌سه‌ر خه‌ڵکی سیڤیل و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا. به‌هۆی هات و چۆی به‌رده‌وامیه‌وه‌ ئێمه‌ی له‌ شاری خانه‌ پاشان نه‌غه‌ده‌ نیشته‌جێ کرد. له‌ سایه‌ی پشتیوانیه‌کانی ئێرانه‌وه‌ ئه‌و ساڵه‌ی نیشته‌جێ بونمان له‌ نه‌غه‌ده‌ وه‌کو ساڵانی پێش حه‌فتا توشی ده‌رده‌سه‌ریه‌کی زۆری نه‌بونی و برسێتی نه‌بوینه‌وه‌ که‌ شایانی باس بێت، ئه‌گه‌رچی وه‌کو زۆر له‌ به‌رپرسانی تری باڵای پارتی ژیانێکی لوکس مان نه‌بوو. له‌ ئێرانیش هیچ مه‌ترسیه‌کمان له‌سه‌ر نه‌بوو، بۆیه‌ هه‌رکاتێك که‌ له‌ ساڵانی پێش حه‌فتا ده‌دواین و به‌یادمان دا ده‌هاته‌وه‌ موچوڕکه‌ به‌ له‌شمان دا ده‌هات.
 
 جگه‌ له‌وه‌ی که‌ باری گوزه‌رانیشمان خراپ نه‌بوو، هیوای سه‌رکه‌وتنی زۆرمان به‌ شۆڕش هه‌بوو ئه‌وه‌ی که‌س بیری لێ نه‌ده‌کرده‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو ئه‌و شۆڕشه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌و هه‌موو ئیمکانیات و هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌وه‌ هه‌ره‌س بهێنێت.
 
 به‌هاری 1975 پاش ڕێکه‌وتنی جه‌زائیر بۆ یه‌که‌م جار ووشه‌ی ئاشبه‌تاڵم به‌رگوێ که‌وت . له‌و مانگه‌دا باوکم به‌هۆی نه‌خۆشی ڕه‌بۆوه‌ له‌ نه‌غده‌ مابۆوه‌ و له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ نه‌خۆشی که‌وتبوو. خوالێخۆش بوو ئیدریس بارزانی کۆبونه‌وه‌یه‌کی به‌ کورده‌کانی نیشته‌جێی نه‌غه‌ده‌ کردبوو ، باوکم به‌ هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌ ئاماده‌ی کۆبونه‌وه‌که‌ نه‌بوو به‌ڵام خزمێکی نزیکمان هات بۆ لای و باسی کۆبونه‌وه‌که‌ی کرد. ووتی:" کاك ئیدریس به‌ خه‌ڵکه‌که‌ی ڕاگه‌یاندووه‌ هه‌ل و مه‌رجێك هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ که‌ ئیتر ناتوانین و ناکرێت درێژه‌ به‌ شۆڕش بده‌ین ، با هه‌رکه‌سه‌ به‌ دڵی خۆی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئێراق یان مانه‌وه‌ له‌ ئێران هه‌ڵبژێرێت." هه‌رکه‌سه‌ بۆ ماڵی خۆی، ئاشبه‌تاڵ. ئایا ئیدریس بارزانی ووشه‌ی ئاش به‌تاڵی به‌کارهێنا بوو یان نا؟ نازانم . نه‌ ده‌مه‌وێت بوختانی ناڕه‌وای بۆ بکه‌م و نه‌ ئاماده‌م پشتیوانی بێبناغه‌ی بکه‌م. هێنده‌ ده‌زانم ووشه‌ی ئاشبه‌تاڵ به‌سه‌ر زاری هه‌موو که‌سێکه‌وه‌ بوو، ئه‌گه‌رچی پاشان وئه‌مڕۆش خه‌ڵکانێك هه‌ن له‌و باوه‌ڕه‌دان که‌ هێنانه‌کایه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ربڕینه‌ به‌ ئانقه‌ست و ده‌سکردی نه‌یاره‌کانی پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌ به‌ تایبه‌تی جه‌لالیه‌کان و یه‌کێتی. به‌ڵام ڕاستی و دروستی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و ده‌ربڕینه‌ هه‌ڵقوڵاوی جه‌ماوه‌ر و دروستکراوی خه‌ڵک بوو، ئێستا وه‌کو سوکایه‌تی کردن به‌رامبه‌ر پارتی و بنه‌ماڵه‌ به‌کار ده‌هێنرێت و پاریش له‌ بری ئه‌و ووشه‌یه‌ نه‌کسه‌ ، نسکۆ یان شکست یان داتاشیوه‌.
 
 دایکم نه‌یده‌ویست له‌ ئێران بمێنینه‌وه‌ و باوکیشم ئاماده‌ نه‌بوو خۆی ته‌سلیم به‌ ڕژێم بکاته‌وه‌ ، ناچار دایکم خوشك و براکانم که‌ له‌ نێوان 15 و 3 ساڵاندا بووین خۆمان دایه‌ به‌ر چاره‌نوسی نادیاره‌وه‌. ئێمه‌ به‌بێ باوکمان به‌ره‌و حاجی ئۆمه‌ران گه‌ڕاینه‌وه‌ و له‌سه‌ر سنور خه‌ڵکانێکی زۆر وه‌کو ئێمه‌ بۆ خۆ ته‌سلیم کردنه‌وه‌ هاتبونه‌وه‌. له‌ ناکاودا چاوم به‌ ئه‌فسه‌رێکی سوپای ئێراقی خاڵۆزای دایکم که‌وت که‌ سه‌رپه‌رشتی گه‌ڕاوه‌کانی ده‌کرد، به‌ ڕاکردن خۆم گه‌یانده‌ دایکم و پێم ووت کاك به‌هادینی خاڵه‌ عه‌لی (عه‌لی ساڵحی ڕه‌شه‌) م بینی ناوی گه‌ڕاوه‌کان ده‌نوسێت. دایکم له‌ خۆشیدا خه‌ریك بوو شاگه‌شکه‌ بێت . هه‌رچۆنێك بوو خۆی پێشانی کاك به‌هادین دا، ئه‌ویش هاته‌لامان و ووتی خۆتان ته‌سلیم مه‌که‌نه‌وه‌ و له‌و سوچه‌دا دانیشن تا که‌مێکی تر خۆم دێمه‌وه‌ بۆ لاتان. دیار بوو ده‌یزانی ئه‌گه‌ر ناونوس بکرێین ده‌ماننێرن بۆ خواروی ئێراق. پاش کاتژمێرێك خۆی و سه‌ربازێکی کورد هاتن و ته‌سلیم به‌ سه‌ربازه‌که‌ی کردین، سه‌ربازه‌که‌ش بێ تسلیم کردنه‌وه‌مان‌ و ناو نوسین سواری جێبێکی سه‌ربازی کردین و له‌ حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌ گه‌یاندینیه‌ ڕه‌واندوز. کاك به‌هادین رائیدی سه‌ربازی بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاماده‌ نه‌بوو ببێ به‌ به‌عسی له‌ ساڵی 1978 دا له‌ سوپا ده‌رکرا و خانه‌نشینیان کرد. له‌ ڕه‌واندوزه‌وه‌ به‌ سه‌یاره‌یه‌کی کرێ خۆمان گه‌یانده‌ هه‌ولێر. شۆفێری ئۆتۆمۆبێله‌که‌ که‌ خه‌ڵکی هه‌ولێر بوو ئه‌و شه‌وه‌ به‌و په‌ڕی ڕێز و خزمه‌ته‌وه‌ خۆی و خێزانه‌که‌ی میوانداریان کردین ، بۆ سبه‌ینێ گه‌یاندینیه‌ گه‌ڕاج و ڕه‌وانه‌ی سلیمانی کردینه‌وه‌.
 
 کاتێك گه‌یشتینه‌ سلیمانی وه‌کو هه‌میشه‌ و هه‌رکاتێکی بێ ماڵی و لێقه‌ومان ڕومان کرده‌ ماڵی باپیرم (باوکی دایکم) ، بۆ به‌دبه‌ختی ئێمه‌ زۆربه‌ی خانووه‌که‌یان که‌ به‌رامبه‌ر بازاڕی خه‌فافی ئێستا بوو ، به‌ر شه‌قام که‌و تبو، ته‌نها دووژوریان مابۆوه‌، باپیرم و نه‌نکم پێی ڕازی بون و نه‌یانده‌ویست بگوێزنه‌وه‌، تاکو هاتینه‌وه‌ سه‌رخۆمان له‌وێ ماینه‌وه‌ ، پاشان که‌وتینه‌ سۆراغی خانووه‌ داگیرکراوه‌که‌مان که‌ له‌گه‌ڕه‌کی شۆڕش بوو له‌ نزیك خه‌سته‌خانه‌ی عه‌لی ناجی.
 
 ئه‌و خانووه‌ی که‌ به‌ فرۆشتنی ئاڵتونی دایکم و که‌مێك یارمه‌تی شۆڕش وقه‌رز و پشتیوانیه‌کی زۆری به‌ڕیز وه‌ستا ئه‌سعه‌د ڕه‌باتی بنیاتمان نابوو .
 
 ئه‌و کاته‌ ڕژێم خانوی ئه‌وانه‌ی ده‌چونه‌ پاڵ شۆڕشه‌وه‌ به‌ بێ به‌رامبه‌ر ده‌دایه‌ پیاوانی سه‌ر به‌ خۆی. کاتێ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌که‌ی خۆمان بینیمان که‌سێکی کورته‌باڵای سه‌ر سپی له‌ ته‌مه‌ن مام ناوه‌ندی تیادایه‌. له‌ کاتی دواندا زمانی ده‌یگرت به‌ڵام کاتێك زمانی ده‌کرایه‌وه‌ له‌ قسه‌ ڕانه‌ده‌وه‌ستا. هاوسه‌ره‌که‌شی ئافره‌تێکی له‌ خۆی که‌م ته‌مه‌ن تر بوو به‌ڵام له‌ چاو پیاوه‌که‌یدا ملازم موحسینێك بوو بۆ خۆی له‌ دڕه‌نده‌یی و چاو سورکردنه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ی لێمان. کاتێك له‌ ده‌ر و دراوسێمان پرسی ئه‌م به‌ڵایانه‌ کێن حکومه‌ت خانووه‌که‌مانی داونه‌تێ ووتیان ئه‌وه‌ خالید دلێره‌ و ژنه‌که‌شی عیسمه‌ت خانه‌!
 
 خالید دلێر ئه‌و که‌سه‌ی له‌ کاتی شه‌هید کردنی خاڵه‌ شه‌هاب و جه‌عفه‌ر و ئه‌نوه‌ر دا (وه‌ك ئه‌وه‌ی بیستومه)‌ شیعرێکی نووسیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کێلی گۆڕه‌که‌ی شه‌هید خاڵه‌ شه‌هابی پێ بڕازێنرێته‌وه‌:
 
 " بێباك له‌به‌رده‌م قه‌ناره‌ی دوژمن ،
 په‌تی خنکاندن ده‌که‌مه‌ گه‌ردن
 کرێکارێکی هه‌ژاری کوردم،
 هیچ په‌شیمان نیم له‌وه‌ی که‌ کردم "
 
 ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی که‌ تا وازهێنانم له‌ کۆمه‌ڵه‌ نه‌مده‌زانی له‌لایه‌ن خالید دلێره‌وه‌ نوسراوه‌ بۆیه‌ ده‌یان سه‌دان جار به‌ شانازیه‌وه‌ ووتومه‌ته‌وه‌!
 * خالید دلێر برای شه‌هیدی سه‌رکرده‌ شه‌هید جه‌عفه‌ر!
 * خالید دلێری پێشمه‌رگه‌، نوسه‌ر ، کوردپه‌روه‌ر، هونه‌رمه‌ندێکی ده‌نگخۆش، هه‌ژارێکی سه‌به‌رز و چاوتێر!
 
 ئه‌ی ئاخۆ چی ده‌کرد له‌ خانووه‌که‌ی ئێمه‌دا کاتێ خاوه‌نده‌که‌ی پێشمه‌رگه‌ بوو؟! کێ ئه‌و خانووه‌ی پێ به‌خشی بوو؟! خۆ جگه‌ له‌ حیزبی به‌عس که‌س بڕیارده‌ر نه‌بوو له‌و شوێن و کاته‌دا!
 
 پێش ئه‌وه‌ خالید دلێرمان نه‌ده‌ناسی، ئه‌وه‌ یه‌که‌مین یه‌کتر ناسیمان بوو، به‌رده‌وام هه‌ر شه‌ش منداڵه‌که‌ و دایکم ده‌چووینه‌ به‌ر ماڵه‌که‌یان و تکاو ڕجامان لێده‌کردن خانووه‌که‌مان بده‌نه‌وه‌، ته‌نها وه‌ڵامی خالید دلێر و عیسمه‌ت خان جنێوی هه‌رزان و خۆسورکردنه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ی ته‌بعیدکردنمان بوو بۆ جنوبی ئێراق بوو.
 
 سه‌رباری ئه‌وه‌ی په‌نامان برده‌ به‌ر که‌سانی گه‌ڕه‌که‌که‌ و که‌سانێك که‌ ده‌مانزانی گوێ له‌ قسه‌یان ده‌گیردرێت هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌ ژورێکی سێ ژوره‌که‌ی خانووه‌که‌ جێگامان بکه‌نه‌وه‌، هه‌ر بێ سوود بوو. به‌ هه‌وره‌بانه‌که‌ش مه‌منون بووین ئه‌وه‌شیان پێ ڕه‌وا نه‌ده‌بینین. دواجار دایکم به‌ خالید دلێری ووت ئه‌گه‌ر ڕێگامان بده‌ن ژورێکی به‌ قوڕ دروست کراو له‌ باغچه‌که‌دا بۆ خۆمان دروست ده‌که‌ین یان به‌ خێری قه‌بری مردویان ڕازی بن خێمه‌یه‌ک له‌ حه‌وشه‌کەی خۆمان‌دا هه‌ڵبده‌ین. خالید دلێر و عیسمه‌ت له‌ بستێکی ئه‌و خانووه‌ ته‌نازولیان نه‌ده‌کردو هه‌موو ده‌رگایه‌کی مامه‌ڵه‌ و تکا و دانوستاندنیان لێ داخستبوین. دایکم ده‌یگوت ، خۆ تۆش وه‌کو ئێمه‌ کوردیت و که‌مێك خوا بناسه‌، ئاخر کاك دلێر ئێمه‌ پاره‌ی نانه‌ سکه‌که‌مان نیه‌ و ماڵی باوکم یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن جا ئیتر چۆن کرێی ژوور نه‌خوازه‌ڵا خانومان پێ ده‌درێت. چ خاوه‌ن ماڵێکیش جێگای من و شه‌ش منداڵ ده‌کاته‌وه‌؟ کاك دلێر و عیسمه‌ت خان له‌ که‌لی شیتان نه‌ده‌هاتنه‌ خواره‌وه‌.
 
 ڕه‌نگه‌ ئه‌و داواکاریانه‌‌مان له‌ به‌رد بکردایه‌ که‌مێك نه‌رم بوایه‌ به‌ڵام خالید دلێر و عیسمه‌ت له‌ ده‌رکردنمان و ده‌رگا به‌ڕودا داخستنمان یان ده‌رگا لێ نه‌کردنه‌وه‌مان زیاتر هیچ وه‌ڵامێکی تریان نه‌بوو.
 
 ناچار بیرمان له‌وه‌ کرده‌وه‌ په‌نا به‌رینه‌ به‌ر جاش و سیخوره‌کانی ڕژێم که‌ له‌ سه‌رده‌مێکدا له‌ ڕیزه‌کانی پارتی دا بوون و له‌ 74 دا له‌ ناو ڕژێم دا مانه‌وه‌. کاره‌که‌مان هێنده‌ قورس بوو به‌ وورده‌ جاش جێبه‌جێ نه‌ده‌کرا و هه‌ر هێنان و بردن بوو بۆیه‌ ناچار بیرمان له‌ زل جاشه‌کان ده‌کرده‌وه‌. ئه‌گه‌رچی هێشتا ته‌مه‌نم 14 ساڵان بوو له‌ ڕێگای هه‌ندێك ناسیاوه‌وه‌ چوم بۆ به‌غدا بۆ خزمه‌تی بابه‌کرئاغای وه‌زیری کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی ئیراقی ئه‌وسه‌رده‌مه‌. پاش ئه‌وه‌ی چومه‌ لای و خۆم پێناساند و کێشه‌که‌م لا باسکرد به‌ کورتی پێی ووتم:" کاکه‌ پێشڕه‌و هه‌ر یارمه‌تیه‌کت ده‌وێت به‌سه‌رچاو به‌ڵام ئه‌ملاکی ئه‌وانه‌ی وه‌کو باوکت که‌ هێشتا خۆیان ته‌سلیم نه‌کردۆته‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌که‌ که‌س ناتوانێت داوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی بکات و ئه‌وه‌ کارێکه‌ من ناتوانم خۆمی لێ نزیك بخه‌مه‌وه‌"
 
 ئیتر بێهیوا بوین و که‌وتیه‌نه‌ گه‌ڕان به‌ دوای ژووری کرێدا ماوه‌یه‌ك له‌ سابونکه‌ران و ماوه‌یه‌ك له‌ چوارباخ.
 
 ماینه‌وه‌، به‌ نه‌گبه‌تی که‌وتبوینه‌ کۆڵانێکه‌وه‌ که‌ ده‌وروبه‌رمان پڕ له‌ پیاوخراپ و ئیستیخبارات بوو، دراوسێی لای چه‌پمان ماڵی سه‌عید ناوێكی سه‌ر ئیستیخبارات بوو که‌ ناسراو بوو به‌ (سه‌عه‌ سه‌گباب)، به‌رامبه‌ریشمان ماڵی ئاوات و ئازادی ئامه‌ قه‌ره‌ج بوو.
 
 پاش ئه‌وه‌ی یه‌کێك له‌ دراوسێیه‌کانمان شێخ ڕه‌شیدی سه‌مونچی ئاگاداری وه‌زعه‌که‌مان بوو له‌ سه‌مون خانه‌که‌ی خۆی کاری دا به‌ من و پاشانیش لای ڕه‌فیقی گوڵه‌ شاگردی به‌قاڵیم ده‌کرد ، کاك ڕه‌فیق ده‌یانزانی کوڕی پێشمه‌رگه‌م بۆیه‌ زۆر به‌ ڕێزه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌ گه‌ڵدا ده‌کردم . ئه‌رده‌لانی براشم لێره‌و له‌وێ جاربه‌جارێك کاری ده‌کرد به‌و شێوه‌یه‌ ده‌مانتوانی کڕێی ژوره‌که‌مان بده‌ین وپاره‌ی گوزه‌رانه‌که‌شمان په‌یدا بکه‌ین. پاش ماوه‌ی ساڵێك و سه‌دان واسته‌ و تکاو ڕجا توانیمان خانووه‌که‌ی خۆمان وه‌ربگرینه‌وه‌ به‌و مه‌رجه‌ی کڕێی 15 دینار بده‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خانووه‌که‌مان به‌ ناوی باوکمه‌وه‌ بوو، ئه‌ویش هێشتا نه‌گه‌ڕابۆوه‌. ئه‌وکاته‌ من کرێکاری غابات بووم له‌ به‌کره‌جۆ، مانگانه‌که‌م 13 دینار بوو. بۆیه‌ ناچار لێره‌ و له‌وێش کارم ده‌کرد.
 
 ماری دوگلس Mary Douglas ئه‌نترۆپۆلۆگی ئینگلیزی سه‌باره‌ت به‌ پیس بوونی ناو به‌ گشتی یان لای که‌سێك گه‌لێك لێکدانه‌وه‌ و گه‌لێك نمونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌. یه‌کێك له‌ نمونه‌کانی ئه‌وه‌یه‌ که‌ باسی په‌رداخێك ده‌کات چۆن که‌سێك ئاوی پێ خواردۆته‌وه‌ و لیکی ده‌می یان خوێنی ده‌می ڕژاوه‌ته‌ ناو په‌رداخه‌که‌وه‌. ئه‌گه‌رچی په‌رداخه‌که‌ پاکژ بکرێته‌وه‌ و له‌ ژێر میکرۆسکۆبدا ده‌ربخرێت که‌ هیچ به‌کتریایه‌کی پێوه‌ نه‌ماوه‌ به‌ڵام هێشتا ئه‌و که‌سه‌ی شایه‌تی پیس بوونی په‌رداخه‌که‌یه‌ ناتوانێت ئاوی تیا بخواته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی به‌ واقع و به‌ تێڕوانینی زانستیانه‌ په‌رداخه‌ پاکژه‌ و پیسی نه‌ماوه‌ ته‌نها ناوه‌که‌ی پیس بووه‌.
 ماوه‌یه‌ك له‌وه‌و به‌ر وه‌ك پیشه‌ی وه‌ستایی خۆم خه‌ریکی چاکردنه‌وه‌ی خانویه‌ك بووم ، له‌و شوێنه‌دا که‌ نانمان ده‌خوارد ئاوده‌ستێکی نوێی به‌کارنه‌هێنراو دانرابوو ، یه‌کێك له‌ کرێکاره‌کان نانێکی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو نه‌یده‌زانی له‌ کوێدا دایبنێت ، منیش پێم ووت مه‌ترسه‌ له‌ سه‌ر قه‌راغی ئاوده‌سته‌که‌دا داینێ خۆ هێشتا به‌کارنه‌هێنراوه‌ . کرێکاره‌که‌ نه‌یویست گوێم لێ بگرێت و له‌سه‌ر ڕانی خۆی داینا. له‌ کاتێکدا ئاوده‌ستێکی به‌کار نه‌هاتوو نوێ هێنده‌ی قاپێکی فه‌خفوری پاکژه‌ به‌ڵام به‌رگه‌که‌ی ئه‌و زۆر پیس تر و نا ته‌ندروست تر بوو. کردرای ئه‌و کرێکاره‌ ته‌نها لێکدانه‌وه‌یه‌کی هه‌یه‌ ئاوده‌ست‌ له‌ هه‌موو هه‌ل ومه‌رجێکدا له‌به‌رچاوی ئه‌و کرێکاره‌دا ناوی پیسه‌ و جێگای بێزلێکردنه‌وه‌یه‌ چونکه‌ به‌ بێ بیرکردنه‌وه‌ ده‌زانێت چی تێده‌کرێت و بۆچی به‌کار دێت. ئه‌گه‌ر چی ئه‌و ئاوده‌سته‌ی باسمان کرد هێشتا پاکژ بوو‌.
 
 ئه‌ی ئاخۆ ئه‌گه‌ر که‌سێك خۆی به‌ کرداری شایه‌تی پیسی په‌رداخێك بێت و بۆی نه‌سه‌لمێنرا بێت که‌ هێشتا پاك بۆته‌وه‌ به‌ڵکو ته‌نها ئه‌م و ئه‌و له‌ پاکی ئه‌و په‌رداخه‌ یان هه‌ر پیسیه‌کی تر ده‌دوێن چۆن ده‌توانێت دڵی پاك ببێته‌وه‌؟.
 
 من له‌ سه‌رده‌مێکدا خالید دلێرم به‌و شێوه‌یه‌ ناسیوه‌ که‌ سه‌ره‌تای هه‌رزه‌کاریم بووه‌ و تازه‌ که‌وتبومه‌ سه‌ ئه‌وه‌ی باشه‌ و خراپه‌ و پاك و پیسی له‌یه‌کتری جیا بکه‌مه‌وه‌. جا ئیتر وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌بینم و ده‌خوێنمه‌وه‌ باس و پیاهه‌ڵدانی خالید دلێر هێنده‌ زۆره‌ جگه‌ له‌ نوسینه‌که‌ی به‌ڕێزحه‌مید ڕه‌شاش ناکرێت له‌ نوسینی تریش بدوێم و کۆکردنه‌وه‌یان کتێبێکه‌ بۆ خۆی. به‌ڵام بۆ من هه‌ر هه‌مان داگیرکه‌ری خانووه‌که‌مانه‌ که‌ له‌ لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ پێی به‌خشرا بوو، چۆن و بۆچی ؟ له‌ چ هه‌ل و مه‌رجێکدا ئه‌و خانووه‌ی پێ به‌خشرا وه‌ڵام لای لایه‌نگران و ئه‌وانه‌یه‌ که‌ ستایشی ده‌که‌ن و با ئه‌وان به‌دوای دا بگه‌ڕێن.
 
 نامه‌وێت بکه‌ومه‌ مشت و مڕی سه‌دان که‌سه‌وه‌ که‌ستایشی خالید دلێریان کردووه‌ و ده‌یکه‌ن بۆیه‌ منیش ده‌ڵێم :
 "ڕاسته‌ خالید دلێری پێشمه‌رگه‌ و نوسه‌ر و شاعیر و هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و برای شه‌هیدی سه‌رکرده‌ و هتد و هتد بوو" ئه‌گه‌رچی لێی ده‌بورین و داواکارین خوا له‌ گوناحی خۆش بێت، به‌ڵام له‌ یادمان ناچێته‌وه‌. بۆیه‌ ته‌نها داوایه‌کم هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر نیازی دروست کردنی په‌یکه‌ر بوون بۆی تکایه‌ له‌ گردی عه‌لی ناجی و نزیك خانوه‌که‌ی ئێمه‌ په‌رده‌ی له‌سه‌ر لامه‌ده‌ن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە