کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ئاگادارییه‌ك بۆ پیاوه‌کانی پاراستن

Thursday, 20/01/2011, 12:00


وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاگادار کراومه‌ته‌وه‌ پاراستنی پارتی له‌ مه‌سیف سه‌لاحه‌دینه‌‌وه‌ هه‌ستاوه‌ به‌ هه‌وڵدان بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر چه‌ند که‌سانێکی بێئاگا له‌ من و هه‌ڵوێست و نوسینه‌‌کانم، به‌و مه‌به‌سته‌ی وه‌کو بنه‌ماڵه‌ و خزم و که‌س و کار له‌ میدیاکان دا ئیدانه‌ی ده‌سته‌یی هه‌ڵوێسته‌کانی من بکه‌ن. پیاوه‌کانی پاراستن (که‌ هێشتا نامه‌وێت ناویان بهێنم) ووتویانه‌: "جوان نیه‌ کوڕی که‌سایه‌تیه‌کی پارتی که‌ 2 جار به‌ ئه‌ندامی ناوه‌ندی و مه‌کته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه‌ و له‌ سه‌رده‌می شۆڕشی مه‌هاباته‌وه‌ له‌ پاڵ مسته‌فا بارزانی نه‌مردا له‌ خه‌بات دا بووه‌ و کوڕی پێشمه‌رگه‌یه‌کی ده‌یان ساڵه‌ی پارتی و کوڕی زیندانیه‌کی 11 ساڵه‌ ی پارتیه‌ ئاوا لێمان ده‌دوێت و ده‌نوسێت، بۆیه‌ پێویسته‌ منعزل بکرێت و هه‌ڵوێستێکی بنه‌ماڵه‌یی له‌ دژ وه‌ربگیردرێت".

منیش هه‌مان قسه‌ی ئه‌وان ده‌که‌مه‌وه‌ و ده‌ڵێم: ڕاسته‌ ئه‌وه‌ جوان نیه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وان جوان نیه‌ نه‌ك بۆ من که‌ به‌ هۆی کردار و ڕه‌فتاره‌ تاوانکاری و گه‌نده‌ڵیه‌کانیان هه‌موو که‌سێکی سه‌ربه‌رز ده‌خه‌نه‌ قسه‌ و ناڕه‌زایی.

جا ئه‌گه‌ر پارته‌که‌تان بنه‌ماڵه‌ی تێکۆشه‌رانی به‌ لاوه‌ گرنگه‌ بۆچی له‌ هیچ یاد و بۆنه‌یه‌کدا و له‌ کاتی ته‌نگانه‌کان دا نزیك به‌ بنه‌ماڵه‌که‌ی نه‌که‌وتونه‌ته‌وه‌ و ته‌نها چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌تان لێکردون ڕاکه‌ن به‌ دواتان دا و ببنه‌ پاشکۆ و لایه‌نگری کوێرانه‌تان؟. ئه‌گه‌ر باوکی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ یه‌کێك بێت له‌وانه‌ی به‌ شوره‌یی ده‌زانن کوڕ و که‌سه‌ نزیکه‌کانی له‌ سه‌رتان بدوێن، بۆچی ناوی نه‌ به‌ شه‌قامێك و نه‌ به‌ پارکێکی شاره‌ ئازادکراوه‌کانه‌وه‌ نابینن؟ له‌ کاتێکدا ده‌یانی نا‌شایسته‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رشۆڕی بنه‌ماڵه‌ بون و ڕای سه‌ربه‌ستیان نه‌بو ئه‌و نر‌خه‌یان پێ دراوه‌؟ جا ئه‌گه‌ر هێنده‌ به‌لاتانه‌وه‌ گرنگه‌ بۆچی موچه‌ی خانه‌نشینیه‌که‌ی ناگاته‌ چاره‌کی موچه‌ی خانه‌نشینیه‌که‌ی قاله‌ فه‌ره‌ج و ته‌حسین شاوه‌یس و حه‌مه‌ خانی حاجی دارا.

دوا وێنه‌ی خێزانی که‌ له‌ 1974 دا گیراوه‌ تیایدا ته‌واوی خوشك و براکانمی تیا کۆبونه‌ته‌وه‌ که‌ تاکو ئه‌و به‌رواره‌ هاتبونه‌ دونیاوه‌. له‌و ساڵه‌وه‌ تاکو ئه‌مڕۆ به‌ هۆی پێشمه‌رگایه‌تی و ئاواره‌یی و له‌یه‌ك دابڕانه‌وه‌ وێنه‌یه‌کی تری ده‌سته‌ییمان نه‌توانیوه‌ بگرین. ئێستاش پیاوه‌کانی پاراستن ده‌یانه‌وێ بمانکه‌ن به‌ دوژمن و ناحه‌زی یه‌کتری
***************************

ڕه‌نگه‌ ئێوه‌ی قزمه‌کانی پاراستن و هه‌ندێك له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئیسماعیل عارف نه‌زانن بۆچی؟ من وه‌ڵامتان ده‌ده‌مه‌وه‌؛ له‌ دوای ڕاپه‌ڕین له‌ هاوینه‌هه‌واری دوکان مه‌سعود بارزانی ده‌نێرێت به‌ دوای دا، له‌ ناو کۆمه‌ڵێك له‌ سه‌رانی پارتیدا پێی ده‌ڵێت :"کاك ئیسماعیل له‌م ڕۆژه‌دا پێویستمان به‌ پشتیوانی که‌سانی وه‌کو جه‌نابتان هه‌یه‌ و ...هتد." ئه‌ویش به‌ قێز لێکردنه‌وه‌یه‌ك سه‌یری حه‌مه‌ خان و کۆمه‌ڵێ سه‌رۆك جاشی تر ده‌کات و ده‌ڵێ : " ئه‌ی کاك مه‌سعود ئه‌مانه‌ چی ئه‌که‌ن له‌ ده‌ورتان؟" ئه‌ویش به‌ شه‌رمنیه‌که‌وه‌ ده‌ڵێت:" کاك ئیسماعیل ئیتر ئه‌مه‌ زروفه‌ و پێویستمان به‌ ئه‌وانیشه‌". دوای ئه‌م قسه‌یه‌ باوکم هه‌ڵده‌ستێت و به‌ ئیستیفزازێکه‌وه‌ و به‌ ده‌نگێکی به‌رز پێی ده‌ڵێت:" تا ئه‌و کاته‌ی پێویستت به‌مانه‌ بێت با پێویستتان به‌ من نه‌بێت. به‌ بێ خواحافیزی دانیشتنه‌که‌ به‌جێ ده‌هێڵێت." له‌ سزای ئه‌مه‌دا کاتێك نه‌خۆش ده‌که‌وێت مه‌کته‌بی مه‌سعود بارزانی، بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیه‌که‌ی له‌ ڤیزه‌ی تورکیا دورتری بۆ وه‌رناگرن. ئه‌گه‌رچی خۆشبه‌ختانه‌ ئێمه‌ هیچ پێویستیه‌کمان نیه ئه‌گه‌ر هه‌شمان بێت پێ به‌قه‌د به‌ڕه‌ی خۆمان ڕاده‌کێشین. به‌ڵام با خه‌ڵکی باشتر بزانن ئێوه‌ پێوانه‌کانتان خه‌بات و تێکۆشانی که‌سه‌کان نیه‌ به‌ڵکو ته‌نها سه‌رشۆڕی و بێده‌نگیانه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و تاوانه‌کانتان.

ئه‌م هه‌وڵه‌ی پاراستن جگه‌ له‌وه‌ی به‌ به‌عس بون و ڕسوایی ئه‌و ده‌زگایه‌ ده‌رده‌خات هیچ سودێکی تری نیه‌ و ته‌نها زامی ناسۆری هه‌زاران که‌س ده‌کولێنێته‌وه‌ که‌ که‌س و کاریان ڕاپێچی ده‌زگاکانی ئه‌من و ئیستیخبارات ده‌کرا ئه‌نجامی خه‌بات و هه‌ڵوێستی ئه‌ندامێکی خێزان و بنه‌ماڵه‌که‌یان و ناچارکردنیان به‌ به‌رائه‌ت نوسین.

کرداره‌کانی ئێوه‌ ئه‌و سه‌ر‌ده‌مانه‌م به‌ یاد ده‌هێنێته‌وه‌ که‌ له‌ مه‌ترسی ده‌زگاکانی ڕژێمی به‌عس حه‌وت ساڵی ڕه‌به‌ق هیچ په‌یوه‌ندیه‌کم به‌ که‌س و کارمه‌وه‌ نه‌هێشت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره‌کانیه‌وه‌ بانگ نه‌کرێن و سوکایه‌تیان پێ نه‌کرێت. ئه‌و ڕۆژانه‌م به‌ یاد ده‌هێنێته‌وه‌ که‌ براکانم له‌ شاخ بون له‌ لایه‌ن مدیر ئه‌منی سلیمانی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ باوکم بانگ ده‌کرا و محاسه‌به‌یان‌ ده‌کرد ئه‌ویش هه‌مان محاسبه‌ی ئه‌وانی ده‌کرده‌وه‌ و ده‌یوت:"من وه‌کو باوکێك تا ماڵه‌که‌مدان به‌رپرسیاری منداڵه‌کانم هه‌ڵده‌گرم. دوای ئه‌وه‌ ئێوه‌ وه‌کو حکومه‌ت به‌رپرسیارن له‌ کرداره‌کانیان، بۆیه‌ من ده‌مه‌وێت ئێوه‌ بۆم ڕون بکه‌نه‌وه‌ بۆچی کوڕه‌کانم له‌ شاخن و چه‌کیان هه‌ڵگرتووه‌ و فیشه‌ك به‌ سه‌ربازی وڵاته‌که‌ی خۆیانه‌وه‌ ده‌نێن وخۆشیان ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسی کوشتننه‌وه؟‌ من له‌ ئێوه‌ ده‌پرسم بۆچی ئه‌وانیش له‌ ناو که‌س وکار و خێزانی خۆیاندا به‌ ئارامی و ئاسایی ناژین؟!". به‌ هۆی ئه‌م وه‌ڵام و به‌ڕودا وه‌ستاندنه‌وه‌یه‌، له‌ ته‌مه‌نێکی په‌ککه‌وته‌ییدا بۆ چه‌ندین جار له‌ ساڵانی 84 ، 86، 88 و89 دا له‌ زیندانه‌کانی ئه‌من و ئیستیخبارات توندیان ‌کرد و سوکایه‌تی پێ ده‌کرا و ئه‌شکه‌نجه‌ ده‌درا. زۆربه‌ی جاریش به‌ هۆی نه‌خۆشی و مه‌ترسی مردنیه‌وه‌ ئازاد کرا. منیش ئێستا هه‌مان پرسیارم هه‌یه‌، له‌ بری ئه‌و هه‌وڵانه‌ له‌ خۆتان بپرسن بۆچی من و هه‌زارانی وه‌کو من دژایه‌تیتان ده‌که‌ن؟

که‌س له‌ من به‌رپرسیار نیه‌. من خۆم بڕیار ده‌ده‌م به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ باوه‌ڕم پێیه‌تی. کاتێك له‌گه‌ڵ پارتیدا کارم ده‌کرد ئه‌وانه‌ی ئێستا ئێوه‌ له‌گه‌ڵیان ده‌دوێن و داوکاری ته‌عجیزیان لێ ده‌که‌ن هه‌ندێکیان ده‌سخۆشیان لێ ده‌کردم و هه‌ندێکیان ڕه‌خنه‌یان لێ ده‌گرتم. ئێستاش به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌. به‌ڵام من وه‌کو تاکێکی سه‌به‌ست و پابه‌ند نه‌بو به‌ بنه‌ماڵه‌ و خێڵ و عه‌شیره‌ت و قه‌ڵه‌باڵغیه‌وه‌. نه‌ ئه‌و کاته‌ سوپاسی ده‌سخۆشیه‌‌کانم ده‌کرد و نه‌ توندی و ناڕه‌زاییم به‌رامبه‌ر ڕه‌خنه‌کانیان به‌کارده‌هێنا. ئێستاش هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ ڕه‌فتار ده‌که‌م و خۆم به‌رپرسی ئه‌وه‌ڵ و ئاخری کردار و گوفتاری خۆمم.

ئه‌وه‌ی له‌ بنه‌ماڵه‌که‌مان دا هه‌میشه‌ په‌یڕه‌و کراو بووه‌ ئازادی تایبه‌تی و ڕاده‌ربڕین بووه‌، بۆیه‌ ده‌گمه‌ن دوانمان که‌وتوینه‌ته‌ سه‌نگه‌رێکه‌وه‌، ئه‌وه‌شمان به‌لا‌وه‌ زۆر ئاسایی بووه‌ و نیشانه‌ی پێشکه‌وتویی و دابڕینمان بووه‌ له‌ کۆتی بنه‌ماڵه‌یی و خێڵه‌کی و سیسته‌می مه‌ڕ و شوانی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ریه‌که‌ ڕێزی له‌وی تر و ڕای به‌رامبه‌ر گرتووه‌. ئه‌گه‌ر ئێوه‌ خه‌و به‌ دونیای یه‌ك ڕه‌نگ و ڕه‌شی دکتاتۆریه‌وه‌ ده‌بینن، ئێمه‌ مه‌مله‌که‌تێکی بچوکی دیموکتراتیمان له‌ چوار دیواری ماڵه‌که‌نمان دا دامه‌زراند بوو. هیوادارم که‌سیش به‌ هه‌وڵی ئێوه‌ ئه‌و پرنسیپانه‌ نه‌شکێنێت.

ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ر و ئاژاوه‌گێڕه‌کانی ده‌سه‌ڵات چۆن له‌ ته‌واوی مێژویان دا ئه‌ندامانی گه‌له‌که‌مانیان به‌ یه‌کدا داوه‌، له‌ بری پاراستنیان، با شه‌رم بیان گرێت و هه‌وڵ نه‌ده‌ن بۆ به یه‌کدا دانی ئه‌ندامانی ناو خێزان و بنه‌ماڵه‌‌کان و داوای ته‌عجیزی و به‌رائه‌تیان لێ نه‌که‌ن و سیسته‌می به‌عسیه‌کان نه‌گێڕنه‌وه‌ بۆ هه‌رێمه‌که‌مان.

ئه‌گه‌ر پیاوه‌کانی پاراستن هه‌ر زۆر بێزارن و ناشتوانن خۆیان له‌ تێڕوانینی بنه‌ماڵه‌یی ڕزگار بکه‌ن ئه‌وا ده‌توانن سکاڵای خۆیان ببه‌نه‌ لای‌ به‌ته‌مه‌ندترین که‌سی بنه‌ماڵه‌که‌مان‌ یان به‌ ده‌سه‌ڵات ترین که‌سی بنه‌ماڵه‌که‌مان‌. ئه‌و به‌ڕێزانه‌ش دانیشتوی مه‌سیفن و چه‌ند هه‌نگاوێ له‌ خۆتانه‌وه‌ دورن.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە