کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ده‌سه‌ڵات له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا چۆکی دا

Tuesday, 11/01/2011, 12:00




  نێچیروان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی له‌ چاوپێکه‌وتنێکی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (رووداو) رایگه‌یاند كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان پابه‌‌نده‌ به‌ ئازادی راده‌ربڕین و وه‌ك نیشاندانی نیازپاكی بڕیاریداوه‌ هه‌موو سكاڵاكانی له‌سه‌ر هه‌موو رۆژنامه‌ و نووسه‌ران بكێشێته‌وه.
ئه‌مه‌ سه‌رکه‌وتنێکی له‌به‌ر چاوی ده‌نگه‌ ئازاده‌کان و جه‌ماوه‌ری کوردستانه‌ و چۆك دادنه‌ به‌ سه‌رانی پارتی. به‌ڵام ئه‌وان نایانه‌وێت دان به‌م چه‌مانه‌وه‌یه‌ دا بنێن له‌ به‌رامبه‌ر ویستی جه‌ماوه‌ردا. ئه‌مه‌ش ده‌که‌ن به‌ منه‌ت، وه‌کو چۆن نان و کاره‌با و ئاسایشت و ئاوی خواردنه‌وه‌شیان کردووه‌ به‌ منه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌. ده‌سه‌ڵات گه‌یشتۆ‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که‌ مه‌ترسی سه‌رکوت کردنی ده‌نگه‌ ئازاده‌کان زۆر له‌ بێده‌نگ کردنیان زیاتره. ناڕه‌زاییه‌کان گه‌یشتونه‌ته‌ ئاستێك که‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌یان لا دروست بووه‌ که‌ ئیتر نه‌توانن ڕێگر بن له‌ ڕوداوه‌ چاوه‌ڕوان نه‌کراوه‌کان و ئه‌گه‌ره‌ ترسناکه‌کان و جڵه‌وی پێشهاته‌کانیان له‌ده‌ست ده‌ربچێت.
ئه‌و چۆك دادانه‌ منه‌تی پارتی نیه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵک و ده‌نگه‌ ئازاده‌کانه‌وه‌ به‌ڵکو به‌رهه‌می به‌رگری و خۆڕاگری خه‌ڵک و که‌س و لایه‌ن و ڕێکخراوه‌‌ نه‌به‌ز و خۆڕاگره‌کانه‌. ئه‌مڕۆ له‌ کوردستان دا ده‌یان ده‌سته‌ و گروپی جیاوازی ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای شارستانی و ده‌نگه‌ ئازاده‌کان له‌کار و خه‌بات دان. له‌ پاڵ ئه‌وانیشدا هه‌ر که‌س و لایه‌نێك بیه‌وێت یان نا به‌ ته‌واوی که‌م و کورتی و ناته‌بایی و جیاوازیه‌کان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان توانیویه‌تی به‌ بنه‌مایه‌کی جه‌ماوه‌ری فراوانه‌وه‌ بێته‌ پێشه‌وه‌ و جێ په‌نجه‌ی خۆی له‌ بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ردا دیاری بکات.
ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ناڕه‌زاییه‌ گشتیه‌ به‌ ته‌واوی ڕه‌نگه‌کانیه‌وه‌ هاوده‌نگن له‌سه‌ر داوای دیموکراتیزه‌ کردن و چه‌سپاندنی ئازادیه‌کان و مافه‌ مه‌ده‌نیه‌کان و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان .به‌ تایبه‌تی ده‌ستێوه‌ردانی پارت و که‌سه‌ به‌ نفوزه‌کان له‌ کاروباری حکومه‌ت و دادگاکان دا.
ئه‌م بزوتنه‌وه‌‌ جه‌ماوه‌ریه‌ وه‌کو هێزێکی کاریگه‌ر و وه‌کو ئۆپۆزیسیۆنێکی بێ توندوتیژی و شارستانیانه‌ به‌به‌ر چاوی ده‌سه‌ڵات و دونیای ئازاده‌وه‌‌ له‌ کاردایه و به‌ ئاسانی ڕێگای پێ ناگیردرێ و سه‌رکوت ناکرێته‌وه. جه‌ماوه‌ر له‌ سه‌رکه‌وتن دان و ده‌سه‌ڵات له‌ پاشه‌کشێ دایه‌‌.
شتێکی ڕێکه‌وت نیه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ك ئه‌وه‌ی چه‌ند ڕۆژێك له‌وه‌ و به‌ر ئاشکرای کرد ساڵی 2011 ده‌کاته‌ ساڵی بن بڕ کردنی گه‌نده‌ڵیه‌کان. هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌منه‌ستیه‌که‌ی پارتی دا بۆ کێشانه‌وه‌ی سکاڵاکان.
ده‌سه‌ڵاتداران ده‌زانن که‌ جه‌ماوه‌ر و میدیا ئازاده‌کان چۆنیان تێ ده‌ڕوانن. سه‌رانی ده‌سه‌ڵات ده‌زانن له‌ لایه‌ن ویژدانی گه‌له‌وه‌ ده‌یان و سه‌دان سکاڵایان له‌سه‌ره‌ و جه‌ماوه‌ر له‌ تاوانه‌کانیان خۆش نابێت.
ئه‌گه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی ماڵپه‌ڕ و ڕۆژنامه‌کان هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌ و گوێ له‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک بگرین تاوانه‌کانی ده‌سه‌ڵات و پیاوه‌کانیان، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگای گرتۆته‌وه‌.
سه‌رانی ده‌سه‌ڵات تاوانبارن به‌ سه‌رکوت کردنه‌وه‌ی ئازادیه‌کان، به‌کارهێنانی هه‌مو ڕێگایه‌کی وه‌کو ترساندن و تیرۆر و زیندانی و دادگایی ناڕه‌وا بۆ مه‌به‌سته‌کانیان‌، به‌دوادا نه‌چون و به‌ سوك سزادانی تاوانبارنی کوشتنی ئافره‌تان و ئازاردانیان، داڵده‌دانی تاوانبارانی جینۆسایدی گه‌لی کورد و پاراستنیان له‌ خه‌ڵك و یاسا، زیندانی نهێنی و ڕفاندن و تۆقاندنی خه‌ڵکی، دزی و گه‌نده‌ڵی و له‌ده‌ست دانی سامانی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ژار کردنی خه‌ڵکی و دروست کردنی جیاوازی و بۆشایی گه‌وره‌ له‌ نێوان ژیان و گوزه‌رانی چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگادا.
ڕای گشتی و میدیا ئازاده‌کانی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌و باوه‌ڕه‌دان که‌ سه‌رباری پروپاگه‌نده‌ی دیموکراسی، ته‌واوی بواره‌کانی ژیانی سیاسی و ئابوری ئه‌و هه‌رێمه‌ به‌ شێوازی کرداری له‌ لایه‌ن دوو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی و گوێ ڕایه‌ڵه‌کانیانه‌وه‌‌ قۆرخ کراوه‌.
ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌ورو به‌ریان له‌ ڕێگای به‌ کارهێنانی یاساکان و دادگاکان به‌ شێوازی نامه‌شروع و نا یاسایی له‌ خزمه‌تی ده‌سه‌ڵات‌ و بنه‌ماڵه‌کانیان له‌ لایه‌که‌ وه‌ ، ئازد نه‌بونی داوه‌ره‌کان و داواکاری گشتی له‌ لایه‌کی تره‌وه‌، هه‌ل و مه‌رجێکی ترسناکیان له‌ هه‌رێمی کوردستان دا هێناوه‌ته‌ دی.
هاوڵاتیان و ده‌نگه‌ ئازاده‌کان له‌ دوو لایه‌نه‌وه‌ زۆرداری و ناڕه‌واییان به‌رامبه‌ر ده‌کرێت. یه‌که‌میان، که‌ ڕۆژانه‌ له‌سه‌ر ده‌رخستنی ڕاستیه‌کان و هه‌ندێك جار له‌سه‌ر به‌کار هێنانی ووشه‌یه‌کی ڕه‌وا ڕاپێچی دادگا ده‌کرێن و سزای جیاواز و هه‌مه‌ جۆره‌یان به‌سه‌ردا ده‌درێت. دوهه‌میان،که‌ هاوڵاتیان و ده‌نگه‌ ئازاده‌کان و لایه‌نه‌ ناکۆكه‌کانی دژ به‌ ده‌سه‌ڵات، که‌مترین بواری به‌رابه‌ریان بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌ تاکو بتوانن ڕوبه‌ڕوی کردار و گوتاره‌ ناڕه‌واکانی ئه‌ندامانی دوو بنه‌ماڵه‌که‌ و ده‌سه‌ڵاتداران ببنه‌وه‌، به‌ ڕاکێشانیان بۆ به‌رده‌م دادگای عادلانه‌ و سه‌ربه‌خۆ و بێڵایه‌ن.
به‌ڵام خه‌ڵکی ئازاد و تێکۆشه‌ری کوردستان له‌ ویژدانی خۆیدا هه‌میشه‌ ئه‌و کردار و گوتارانه‌ به‌ تاوان و لادانی یاسایی زانیوه‌ و ده‌زانێت و له‌و تێڕوانینه‌وه‌ حوکمیان به‌سه‌ردا ده‌دات.
ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتی ته‌نها له‌م چه‌ند ساڵانه‌ی ڕابردودا (زه‌رده‌شت عوسمان ، سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ ، عه‌بد الستار ، شاپور ، ،ئه‌بوبه‌کرعه‌لی) تیرۆر کردووه‌ یان بێده‌نگ بون‌ له‌ تیرۆر کردنیان.
سه‌رانی ئه‌و دوو پارته‌ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ده‌یان که‌سی وه‌کو (ئیحسان مه‌لا فوئاد، دڵشاد نه‌عمان، بنارهیدایت، فایه‌ق گوڵپی، سۆران عومه‌ر، فه‌رهاد پیرباڵ، شوان محه‌مه‌د، حسێن له‌تیف، محمد عومه‌رعوسمان، ئامانج خه‌لیل، ئه‌حمه‌د میره‌،ئاسۆس هه‌ردی، مه‌ریوان وریا قانع ، ئاراس فه‌تاح، شوان داودی، سات محه‌مه‌د...هتد) ی داوه‌ته‌ داگا و هه‌وڵی بێده‌نگ کردنی داون.
ته‌وای ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌کانی (هاولاتی، ئاوێنه‌، ڕۆژنامه‌، لڤین، ڕێگا، فشار، خێزان...هتد) چه‌ندین جار دراو‌نه‌ته‌ داگا و سزای به‌سه‌ر ده‌نگی ئازادیاندا سه‌پاندووه‌.
ئێستاش دێن و له‌ نیازپاکی ده‌دوێن، پاش ئه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر ئه‌م تاوان و ده‌ستدێژی کردنانه‌ سه‌رانی پارتایان ناچار کردووه‌ به‌ کێشانه‌وه‌ی سکاڵاکان نه‌ك ئه‌وه‌ی که‌ نێچیرڤان ده‌ڵێت: "پارتی دیموكراتی كوردستان پابه‌‌نده‌ به‌ ئازادی راده‌ربڕین" ، نه‌ك ئه‌وه‌ی که‌ ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ وه‌ك نیشاندانی نیازپاكی پارتیه"‌.
نێچیرڤان باس له‌ گه‌ره‌نتیكردنی ئازادییه‌كان و حوكمی موئه‌سه‌ساتی له‌ كوردستاندا ده‌كات. کام ئازادیانه؟ ئازادی ده‌سه‌ڵات بۆ به‌کارهێنانی کۆلکه‌ مه‌لا کۆنه‌په‌رسته‌کان و داوه‌ره‌ گه‌نده‌ڵ و ترسنۆکه‌کان، بۆ هان دان و حوکم دان به‌سه‌ر ده‌نگه‌ ئازاده‌کان دا؟
بائه‌وه‌ش نه‌وتراو نه‌مێنێت که‌ ده‌سه‌ڵاتی پارتی بۆ هه‌ر هه‌نگاوێك ڕویه‌کی جیاواز دێنێته‌ پێشه‌وه‌، شتێکی ڕێکه‌وت نیه‌ که‌ ئه‌م ئه‌منه‌ستیه‌ له‌ زاری نێچیرڤان به‌رزانیه‌وه‌ بڵاو بکرێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش نیشاندانی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌یانه‌وێت که‌سانی به‌ به‌راورد کراوه‌ بکه‌نه‌ ئامێری ئارام کردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر و ده‌سته‌ توند و ڕه‌شه‌کانی تریش له‌ پشتی په‌رده‌وه‌ خه‌ریکی پلان و سیناریۆکانی داهاتو بن.
له‌ ته‌واوی مێژوی مرۆڤایه‌تیدا هه‌رگیز ده‌سه‌ڵاتداران نه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵات و نه‌ له‌ ڕۆژئاوادا له‌ نیازپاکیه‌وه‌ هه‌نگاویان نه‌ناوه.‌ ئه‌وه‌ ته‌نها هێزی خه‌ڵک و ناڕه‌زاییه‌کانی خه‌ڵکه‌ چۆك به‌ ده‌سه‌ڵاتداران داده‌دات. ئێوه‌ش نمونه‌یه‌کی بچوکن و له‌ زل هێزه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ و نۆزده‌ی ئه‌وروپا به‌هێز تر نین که‌ جه‌ماوه‌ر چۆکی پێ دادن و سه‌رشۆڕی کردن بۆ په‌سه‌ند کردنی دیموکراتیه‌ت و په‌سه‌ند کردنی ڕای ئازاد و نه‌قابه‌ و ڕێکخراوه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان و ئۆپۆزیسیۆن. زۆر شه‌رافه‌ندمه‌ندانه‌ تره‌ که‌ دان به‌ ڕاستیه‌کاندا بنێن و ترسی خۆتان وه‌کو منه‌ت به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ردا نه‌فرۆشنه‌وه‌.

[email protected]

 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە