کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن له‌نێوان ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ردا

Thursday, 07/04/2011, 12:00






نزیکه‌ی مانگ و نیوێك به‌سه‌ر ڕاپه‌ڕینی شاری سلیمانیدا تێده‌په‌ڕێت و جێبه‌جێکردنی داخوازیه‌کانی خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوی ئه‌و شاره‌و شار‌و شارۆچکه‌کانی تر ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی مانۆڤه‌ر و درۆ و چاوبه‌سته‌ی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌رجه‌م ئاسته‌کان دا ئه‌ولاتر نه‌ڕۆیشتووه‌. لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆنیش له‌بری پێشڕه‌وی کردن و به‌ئاراسته‌ی سه‌رکه‌وتندا بردنی ڕاپه‌ڕینه‌که‌، جگه‌له‌وه‌ی له‌یه‌که‌م ڕۆژدا پشتی تێکرد پاشان دوای که‌وت و له‌و میانه‌شدا به‌ئاراسته‌ی خۆپیشاندانی هێمنانه‌یدا برد و ته‌نانه‌ت سۆزی ئه‌وه‌ی دا به‌ده‌سه‌ڵات که‌هانی شه‌قام نه‌دات و ڕێکه‌وتنی له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵدا ئیمزا کرد.

ئه‌وه‌ی له‌م دوو ده‌سه‌ڵاته‌بنه‌ماڵه‌ییه‌چاوه‌ڕوان کراوه‌ هه‌وڵی کۆتایی هێنانه‌ به‌ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ر به‌شێوازی توندوتیژی فیزیکی یان مانۆڤه‌ری ناشه‌رعی، نا مۆڕاڵی و دکتاتۆریانه‌، ئه‌م هه‌وڵی سه‌رکوت کردنه‌وه‌یه‌دوباره‌و چه‌ند باره‌چه‌ندین ڕاستی ده‌خاته‌ ڕوو . له‌پێش هه‌موشتێکه‌وه‌ئه‌وه‌ نیشان ده‌دا که‌ده‌سه‌ڵات نه‌ك ئاماده‌ی چاکسازی نیه‌به‌ڵکو له‌توانایدا نییه‌چاکسازی بکات. له‌به‌رئه‌وه‌ی چۆنێتی و پێکهاته‌ی خودی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ و ئه‌و سیسته‌مه‌ی بنیاتیان ناوه‌ ڕێگره‌‌له‌چاکسازی . ده‌سه‌ڵاتێك که‌له‌سه‌ر بنه‌ما ناشارستانیه‌کانی وه‌کو ؛ ‌گه‌نده‌ڵی و بنه‌ماڵه‌یی و مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت و نابه‌رابه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و حیزب سالاری و نا شه‌فافیه‌ت و ڕێگری له‌ئازادیه‌کان و ئاماده‌نه‌بون بۆ ده‌ستاوده‌ست پێکردنی ده‌سه‌ڵات به‌شێوازێکی دیموکراتیانه‌ پێکهاتبێت، ناتوانێت چاکسازی بکات و ناکرێت چاوه‌ڕوانی چاکسازی لێ بکرێت. به‌تایبه‌تی دوای 17 ی شوباتی خوێناوی ده‌سه‌ڵات و که‌سه‌سه‌ره‌کیه‌کانی ده‌سه‌ڵات به‌تایبه‌تی مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی نیشانیان دا که‌ئاماده‌ی سه‌رجه‌م کارێکی دڕندانه‌و چه‌واشه‌کاری و درۆ و چاوبه‌سته‌ن بۆ مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵاتیان و درێژه‌دان به‌دۆخی ئێستایان.

چاکسازی له‌و سیسته‌مانه‌دا دێته‌دی که‌هه‌ندێك یان ده‌سته‌یه‌کی که‌م له‌پیاوانی ده‌سه‌ڵات له‌ڕێ لاده‌ر بن و ده‌ستیان له‌گه‌نده‌ڵی یان تاواندا هه‌بێت‌، له‌ناو سیسته‌مێکدا دێته‌دی که‌به‌شێك له‌و سیسته‌مه‌له‌ململانێدا بن له‌گه‌ڵ به‌شێکی تری ناو سیسته‌مه‌که‌و له‌دوا ئه‌نجام دا چاکسازه‌کان سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن و لایه‌نه‌گه‌نده‌ڵه‌که‌ڕابماڵن و له‌ده‌سه‌ڵات دووریان بخه‌نه‌وه‌. به‌ڵام کاتێك سیسته‌مێکی وه‌ك ئه‌وه‌ی کوردستان که‌له‌تاوانباری و گه‌نده‌ڵیدا ناکرێت به‌تونس و میسر به‌راورد بکرێت به‌ڵکو له‌ تاوانباریدا ته‌نها له‌ ئاستی لیبیا و سوریا دایه‌و له‌گه‌نده‌ڵیدا خراپتر له‌ئێراقی مه‌ڵبه‌ندی و له‌ئاستی هاییتی و میانماردایه‌، شتێکی ناواقعیانه‌یه‌چاوه‌ڕێی چاکسازی لێ بکرێت.
ئه‌گه‌ر ڕۆڵی پارێزه‌ری شه‌یتان ببینین به‌ دڵنیاییه‌وه‌جێگه‌ی تێگه‌یشتنه‌که‌ده‌سه‌ڵاتی کوردی و به‌تایبه‌تی دوو بنه‌ماڵه‌که‌نایانه‌وێت هیچ هه‌نگاوێك به‌ئاراسته‌ی چاکسازیدا بنێن. چاکسازی خۆکوژی ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌یه‌و کۆتایی هێنانه‌ به‌ده‌سه‌ڵات و ته‌نانه‌ت به‌بونیان، ئه‌گه‌ر لایه‌نی که‌می چاکسازی بریتی بێت له‌ هه‌ڵماڵین و ڕێگری له‌گه‌نده‌ڵی و مه‌حسوبیه‌ت و بنه‌ماڵه‌گه‌ری و شه‌فافیه‌ت. ئه‌وا ته‌واوی سه‌رانی ده‌سه‌ڵات هه‌ر له‌مه‌سعود بارزانی و کوڕ و برا و برازاکانیه‌وه‌تاکو بن ئامۆزا کانی و جه‌لال تاڵه‌بانی و هێرۆی هاوسه‌ری و کوڕه‌کانی و برازاکانی و ته‌واوی سه‌ران و پایه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی دوو بنه‌ماڵه‌که‌له‌دادگاکاندا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌. ئه‌گه‌ر جێبه‌جێکردنی ته‌نها خاڵێکی داواکاریه‌ڕه‌واکانی سه‌رای ئازادی که‌به‌دادگایی کردنی تاوانباران و پیاوکوژه‌کانی لقی چواری سلیمانیه‌جێبه‌جێ بکرێت، ئیتر هه‌رگیز جاش میلیشیاکان جورئه‌تی ئه‌وه‌یان نامێنێت له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی به‌رده‌باران کردن به‌ بی که‌ی سی ته‌قه‌له‌گه‌نجانی توڕه‌ی گه‌له‌که‌مان بکه‌ن، ئه‌وساش پیاوان و بنه‌ماڵه‌کانی ده‌سه‌ڵات ته‌نها ده‌مێننه‌وه‌و ئه‌گه‌ر به‌ده‌ردی چاوچیسکۆ یان به‌سه‌ر نه‌یه‌ت به‌دڵنیاییه‌وه‌چاره‌نوسیان له‌موباره‌ك و بن عه‌لی دره‌وشاوه‌تر نابێت. ده‌سه‌ڵات باش ده‌زانێت جێبه‌جێکردنی لایه‌نی که‌می داواکاریه‌کان و لایه‌نی که‌می چاکسازی کۆتایی هێنانه‌به‌ده‌سه‌ڵات و هێزی سه‌پێنراویان به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ردا. بۆیه‌شتێکی نامۆ نیه‌و جێگه‌ی تێگه‌یشتنه‌که‌ده‌سه‌ڵات له‌مناوه‌ره‌و فێڵ و چه‌واشه‌کاریدایه‌.
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات پشت له‌داواکانی جه‌ماوه‌ر بکات و به‌هه‌ر ڕێگایه‌كی نا مه‌شروع بتوانێت ڕاپه‌ڕین و خۆپیشاندانه‌کان سه‌رکوت بکاته‌وه‌ یان بێده‌نگ و سستییان بکات، ته‌نها خۆ دورخستنه‌وه‌یه‌کی کورته‌ له‌قومبه‌له‌یه‌کی کاتی و له‌هه‌ر ساتێکی تردا به‌ڕویاندا ده‌ته‌قێته‌وه‌، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌هه‌یه‌له‌شێواز و ناوه‌رۆکێکی توند تری چاوه‌ڕوان نه‌کراودا بێت ، که‌دوور نیه‌مۆدێلێکی لیبی بێت، یان مۆدێلێکی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی هه‌ڵوه‌شێنراوه‌، یان له‌دایك بونی ڕێکخراو و ده‌سته‌ی تیرۆڕیستی عیلمانی.

ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی سلیمانی و وویستی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی هه‌ولێر و دهۆك و شارۆچکه‌گه‌مارۆدراوه‌کانی تر ده‌سه‌ڵاتی دوو بنه‌ماڵه‌که‌ی‌ڕوبه‌ڕوی دوو ڕێگای بنبه‌ست کردۆ‌ته‌وه‌که‌به‌هه‌ر ئاراسته‌یه‌کدا بڕۆن سه‌ره‌تای کۆتاییانه‌. یان کۆتایی هاتنه‌به‌ ته‌واوی شه‌رعیه‌ت و سومعه‌ی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌یان‌. به‌کوردی ئه‌و سیسته‌م و میتۆده‌ی ده‌سه‌ڵات گرتبویه‌به‌ر به‌ره‌و ئه‌م ڕۆژه‌ی بردون که‌ له‌دوائه‌نجام دا دارێکیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌هه‌ردوو سه‌ری پیساییه‌.
لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆنیش له‌م ڕاستیانه‌ بێئاگا نین، بۆیه‌ته‌واوی هه‌وڵ و داخوازیه‌‌کانی ئۆپۆزسیۆن که‌له‌سێ خاڵدا خراونه‌ته‌ڕوو ده‌که‌ونه‌ژێر گومان و پرسیاره‌وه‌
به‌چاوپۆشین له‌بازدان و مامه‌ڵه‌و مزایه‌ده‌ی لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر دوا داخوازیه‌کانی ئەنجومەنی كاتی مەیدانی ئازادی سلێمانی که‌له‌" نەخشەڕێگای چارەسەری ڕیشەیی قەیرانی سیاسی و حوكمڕانی لە كوردستان" دا خستویانه‌ته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر ئه‌م سێ خاڵه‌ی ئۆپپزسیۆن به‌جدی بهێنرێنه‌دی ئه‌وا کۆتایی هێنانه‌به‌ده‌سه‌ڵات. لای شه‌قام و سه‌رانی ئۆپۆزسیۆنیش ئاشکرایه‌که‌ چۆنێتی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌وه‌ی پێ هه‌زم ناکرێت و هه‌رگیز ئاماده‌نیه‌فاتیحای مه‌رگی خۆی بدات. ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆنیش به‌پێچه‌وانه‌ی وویستی شه‌قام و خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوی کوردستانه‌وه‌مامه‌ڵه‌له‌سه‌ر سێ خاڵانه‌ش بکات، وه‌ك ئه‌وه‌ی فازیل میرانی هیوای بۆ ده‌خوازێت و ووتویه‌تی: " بەیانەكەی ئۆپۆزسیۆن مەجالی دانوستاندنی زۆری تێدایە" ئه‌وا ئۆپۆزسیۆنیش چاره‌نوسی خۆی ده‌خاته‌پاڵ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و له‌لایه‌ن شه‌قام و خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوه‌وه‌ داوا و دروشمه‌گۆڕانخوازیه‌کانی وه‌کو کورتهێنانێک ده‌خوێنرێته‌وه‌‌که‌ته‌نها له‌خزمه‌تی درێژ کردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بێت.


 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە