کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


نێچیر بارزانی کەری نییە بەدوای کورتاندا دەگەڕێت!

Friday, 14/03/2014, 12:00


نێچیرڤان بارزانی لە میانی كردنەوەی پڕۆژەی شاری جوان لە سلێمانی کە پرۆژەیەکی گەشتوگوزاریە بەبێ هیچ بنەمایەکی لۆجیکیلە کۆمەڵێك لایەنی ئابوری هەرێمی کوردستان دەدوێت. ستایشی یاسای وەبەرهێنانی كوردستان دەکات کە هاندەربووە بۆ هێنانی وەبەرهێنەرانی بیانی لە هەمان کاتدا داوا له‌ سه‌رمایه‌دارانی ناوخۆ دەکات سه‌رمایه‌كانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان بخه‌نه‌گه‌ڕ.
لە هەمان ووتاردا پەنجە رادەکێشێت بۆ هێزی کار و سەرمایەی مرۆیی و دەرفەتی کار و دامەزراندن و نەبونی بەرهەمی ناوخۆ و ڕیگاچارەکانی.
سەرەتا بە پێویستی دەزانم لەو هۆکارە سیاسیانە بدوێم کە کۆمەڵێك دیاردەی ئابوری بەدوای خۆیدا هێناوە و نێچیر بارزانی یاریکەری سەرەکی ئەو گەمە سیاسیانە بووە. ناوبراو ئەندازیاری پەیوەندیە چڕەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایە، بە تایبەتی سەرمایەی تورکی. بێگومان پەیوەندی ئابوری نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان تاکو ئێستا ئەرێنیە سیاسیەکانی دەکرێت لە تەنها یەك خاڵی سەرەکیدا کورت بکرێتەوە؛
لە روی سیاسیەوە پەیوەندیەکان لەگەڵ تورکیا لەوەدا بووە کە تورکیا لەبەرامبەر ئیمتیازاتە ئابوری و سیاسیەکانی لە بری توندوتیژی ئامادە بووە ڕێگای گفتوگۆ لەگەڵ سەرانی هەرێمی کوردستان دا بگرێتەبەر. لەم دەسکەوتەشدا وەك ئەوەی سروشت و رابوردوی ئەم کەس و پارت و بنەماڵەیە نیشانی دەدات، مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا وەك خاڵی سەرەکی لەم هاوکێشەیەدا لەبەرچاوگیردراوە نەك بەرژەوەندی گشت. بەڵام ئایا ئەم دەسکەوتەش بە چ نرخێك هاتۆتە دی کە جێگای شانازی بێت؟ ئایا ئەم دەسکەوتە دەکرێت وەك دەسکەوتێکی یەك بە یەك یان یەکی ئەمڕۆ بەرامبەر یەکی داهاتو تێبڕوانرێت؟. وەک ئەوەی لە سەرجەم مامەڵە دبلۆماسی و ئابوریەکان دا پیویستە لایەنەکان پەیڕەوی بکەن.ئەوەی لەبەرچاوە ئەم دەسکەوتە و نزخەکەی بۆ خەڵکی کوردستان چەندین لەدەستدانی گەورەیان بەدوای خۆیاندا هوناوە و ئێستاش کۆتایی نەهاتووە. گرنگترینایان بریتین لە :
ـ بنیاتنانی وابەستەییەكی سیاسی تا ئاستی لەدەست دانی سەروەری. بە جۆرێك کە سەرجەم کێشە ناوخۆییە گرنگەکان و تەنانەت دامەزراندنی حکومەت و وەزارەتەکانی هەرێم و پلە هەستیارەکان تورکیا ببێتە لایەنێکی بڕیاردەر و بەلایەنی کەمەوە کاریگەریەکی لەبەرچاوی هەبێت بە تایبەتی لە دەڤەری زەردا .
ـ دەسەڵاتدارانی هەرێم ببنە شەریك و هاوکاری پیادەکردن و هێنانەدی بەرنامەی سنوردارکردن و سەرکوتکردنی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستانن لە باشور و لە ڕۆژئاوا.
ـ هاوسۆزیەکی لەبەرچاو لە لایەن سەرانی دەسەڵاتی هەرێم و بەتایبەتی پارتیەوە هەست پێدەکرێت بەرامبەر بە هەر لەدەستدانێکی گیانی سوپای تورك و بێخەمیەکی لەبەرچاویش دەبینرێت بەرامبەرقوربانیەکانی کوردەکانی باکور، تەنانەت هاووڵاتیانیش. باشترین نمونەش وەك ئەوەی لە کوشتارەکەی شەرناخ بینیمان.
ـ لە ئاستی ئینتەرناسیۆنالیدا سەردانەکانی مەسعود بارزانی بۆ ئامەد و پەیوەندیە گەرمەکان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا و دەربڕینە پۆزەتیڤەکان بەرامبەر سیاسەتی تورکیا لە سیاسەتیدا بەرامبەر خەڵکی کوردستان لە باکور جۆرە پایەیەکی ئەرێنی داوە بە ئەردۆگان و سیاسەتەکانی بەرامبەر کێشەی کورد و پرۆسەی بە ناو ئاشتی. وەک ئەوەی لە دەربڕینەکانی کاترین ئاشتۆن نوێنەری باڵای کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە و ئاسایش دا دەبینرێت.
ـ کوردستان بۆتە بنکەی سیخوری دەزگا سیخورە بەدناوەکانی تورکیا.
ـ بێدەنگبون لە پێسێلکاری سەروەری خاك و مانەوەی بەردەوامی سەربازگای سوپای تورك لە خاکی هەرێم دا.

لە روی سیاسەتی ئابوریەوە نێچیر بارزانی و ئیدارەکەی هەرێمی کوردستانیان کردۆتە وابەستەی راستەوخۆ بە ئابوری تورکیاوە و لە بواری گشتیدا پەیرەوکەری چەوتترین قوتابخانەی ئابوری بون کە هەرگیز لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دا نەبووە و نابێت . ئەو قوتابخانەیەش وەرگیراوی بیری هەندێك لە لە ئابوری ناسە ڕۆژئاواییەکانە کە لەو باوەرەدان "پێویستە هەر وڵاتێك گرنگی بدات بەو فاکتۆرە بەرهەمیانەی لە وڵاتەکەیدا دەستەبەرە" لێرەدا مەبەست لەوەیە ئەو وڵاتانەی کەرەستەی خاویان هەیە، یان تەنها سەرمایەی مرۆیی. یان سەرمایەی پارە، یان زانیاری و هاوناو هەوڵ بدەن ئەو فاکتۆرە یان ئەو چەند فاکتۆرەی هەیانە گەشە پێبدەن و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فاکتۆری وڵاتانی تردا بەرەو پێشەوەی ببەن . ئەم بۆچونە جۆرە بیرێکی سیاسی کۆڵۆنیالستی لە پشتەوەیە بەو مەبەستەیە ئەو وڵاتە هەژارانەی تەنها هێزی کاریان سەرمایەی مرۆییان هەیە و وڵاتانی پیشەسازی نین دەرگای وڵاتەکەیان بکەنەوە بۆ سەرمایەی وڵاتانی رۆژئاوا کە تیایدا بە نزخێکی کەمی کار بەرهەم بهێننەدی و کەمترین کرێ بدەن بە هێزی کاری ناوخۆی ئەو وڵاتانە کە سەرمایەدارانی بێگانە سەرمایەگوزاری تیا دەکەن. هەروەها ئەو وڵاتانە سنورەکانیان بکەنەوە بۆ کاڵای وڵاتانی پیشەسازی و خۆیان هەنگاو نەنێن بەرە و لایەنی کەمیی پشەسازی کردنی وڵاتەکەی خۆیان. لە حاڵەتی وڵاتانی نەوتیش دا تەنها گەشە بە دەرهێنانی زۆرترین نەوت و ناردنە دەرەوەی بکەن. ئەم بیرە دونیا دەکاتە دوو بەشەوە بەشێکی بەرهەم هێنەر و بەشێکی تەنها بەکاربەر . ئەمەش لە زۆربەی حاڵەتەکان دا دوهەم دەکاتە وابەستەی یەکەم لە سەرجەم بوارە سیاسی و ئابوری و تەنانەت کولتوریەکانیشەوە. ئەمەش ئەو سیاسەتە ئابوریەیە کە نێچیر و ئیدارەکەی بە حەرفی لەسەری ڕۆیشتون و بە خراپترین شێوازیەوە پیادەیان کردووە.
وڵاتانی ناسراو بە پڵەنگەکانی ئاسیا (سەنگافور، تایوان، کۆریای باشور، هۆنگکۆنگ) توانیان بە شێوازێکی کرداری ئەم بیرۆکە ئابوریە کلاسیکیە کۆلۆنیالستیە پوچ بکەنەوە. ئەم وڵاتانە لە سەرەتای ساڵانی هەفتاکان تاکو کۆتایی نەوەدەکان بەرادەیەك گەشەی ئابوری بەرهەمهێنیان بەرەوپێشەوە چوو کە ببنە پێشبڕکێ و هاوشانی وڵاتانی پیشەسازی ڕۆژئاوا و یابان. جێگای سەرنجە تەواوی ئەم وڵاتانە کۆمەڵێك کێشەی گەورەی سیاسی یەخەی گرتون و لە چەندین لەو وڵاتانەدا کەمە نەتەوەیی و ئایینی جیاواز هەیە. ئایا بۆچی نێچیر بارزانی و حکومەتەکەی هەر هیچ نەبێت لە قۆناغەکانی پاش ٢٠٠٣ پەیرەوکردنی لایەنی کەمی ئەم نمونەیەیان بە بیردا نەهات ؟.
پەیوەندیە ئابوریەکانی وڵاتێکی سەرلەنوێ بنیاتنراو وهێنانە ناوەوەی سەرمایە و سەرمایەگوزاری بیانی شتێکە ناکرێت بازی بەسەردا بدرێت بەڵام پیویستە لە سێ سودی سەرەکی بۆ ئەو وڵاتە لە حاڵەتی کوردستان دا ئەو هەرێمە هەرگیز چاوپۆشی لێ نەکرێت.
یەکەم؛ خستنەکارەوەی هێزی کاری ناوخۆی ئەو هەرێمە لە پرۆسەی بنیاتنانی پرۆژەکان دا. پاش کۆتایی هاتنی بنیاتنانی پرۆژە بەرهەمیەکان پێویستە بەو ئاراستەیەدا بچێت کە هێزی کاری زیاتر بخرێتە کارەوە بۆ بەرهەمی بەردەوام و هێنانەدی دەرفەتی کاری بەردەوام.
دوهەم؛ هێنانەدی بەرهەمی ناوخۆ و چون بە ئاراستەی هاوسەنگ کردنی هێنانەناوەوە و بردنە دەرەوەی بەرهەم و کاڵاکان. بە کورتی هێنانەدی هاوسانی لە نێوان بنیاتنانی کۆمەڵگا و وڵاتێکی بەرهەم هێن و بەکاربەردا.
سێهەم؛ دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان چونە دەرەوە و هاتنە ناوەوەی سەرمایە.
لە حاڵەتی هەرێمی کوردستان دا باری جیۆپۆلیتیك هەمیشە دەکرێتە پاساو بۆ نەهێنانە دی ئەو هەل و مەرجە. نکۆڵی لە باری جیۆپۆلیتیکی نالەباری هەرێمی کوردستان ناکرێت بەڵام چاوەروان دەکرا کە لە هەم و هەل و مەرجێکدا لایەنی کەمی ئەو بنەما ئابوریانە بنیاتبنرێت کە هەرێمی کوردوستان لە داهاتوی نزیك دا سەرمایەی مرۆیی بەرهەمهێن بکرێت و کاڵای ناوخۆ بەکاربەربکرێت و سەرمایەی نیشتیمانی وەبەرهێنەری سەرەکی بێت.
بە پێجەوانەی چاوەروانیەکانەوە ئەمڕۆ لە هەرێمەکەمان دا وڵاتانی دراوسێ بە تایبەتی تورکیا بەشی شێری هەیە لە سەرمایەگوزاری دا ئەو سەرمایەگوزاریەش لایەنە نالەبارەکانی لەوەدایە کە سەرجەم پرۆژەکان خزمەتگوزاری و یان باشتر بڵێین ڕابوێرین نەك بەرهەمی. هێزی کاری هەرێم بەکارناهێنرێت و زۆربەی گرێبەستەکان بەو شیوازەیە کە وەبەرهێنە بیانیەکان هێزی کار لەگەڵ خۆیاندا بهێنن. ئەم پرۆژە زۆروزەبەندانە نەیانتوانیوە کەمترین کاریگەریان هەبێت لەسەر دابەزاینی رادەی هێنانە ناوەوەی کاڵا ئامادەکراوە بەکاربەریەکان بۆ ناو وڵات.
تەواوی ئەم سیاسەتە ئابوریەی کە لە هەرێمی کوردستان پیادە دەکرێت کۆمەڵێک دیاردەی دزێو دروست دەکەن؛
ـ کەمبونەوەی کەپیتاڵی نەقدی (گەندەڵی و دزی سامان و پارەی گشتیش لەو لاوە بوەستێت).
ـ گران کەوتنی کاڵاکان.
ـ بێکاری. ئەو دیاردەیەی چارەسەری لە ڕێگای رازیکردنیان بە دامەزراندن، موچەی بەرسێبەر، پاسەوان و چەکدار، خانەنشین کردن ، موچەی حیزبی. دەسەڵات روبەروی دەبوەوە لە لایەکەوە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان لە لایەکی ترەوە وەکو پینە و نەشتەرگەری کاتی بۆ خۆ لادان لە ئەنجامە سیاسیەکانی بیکاری. بەڵام ئەمڕۆدەبینین ئەو پینە و پەرۆیانە دادی نەداون و کێشەکان بە قەوارەی گەورەتر و چرتر روبەرویان دەبێتەوە. لە لایەکی تریشەوە ئەو نەشتەرگەریانە هۆکارن کە سامانی گشتی و بودجەی دەوڵەت لە بوارە خزمەتگوزاریە ژیاریەکان کەمتر و کەمتر بکرێتەوە. نمەنەی ڕێگاوبان ، پەروەردە ، تەندروستی ... هتد.
ـ لە ناوبردنی بەرهەمی ناوخۆ بە تایبەتی بەرهەمی کشتوکاڵی و بەرهەمە سوکە خۆماڵیەکان (یەکێك لە نمونە کۆمێدی ـ تراجیدیەکان ئەوەیە کە تەنانەت شەرواڵ و مرادخانی لە چینەوە دەهێنرێت!) .
ـ لە ناوبردنی چینی مامناوەند و جەمسەرگیر کردنی کۆمەڵگا بە دوو ئۆردوی تەواو جیاواز لە دەسکەوت و شێوازی ژیان. ئەوەش رۆژبە رۆژ زیاتر و زیاتر لە قوتابخانە تایبەتی و نەخۆشخانە تایبەتی و گەرەکە تایبەتیەکان و جیاوازی گەورەی نێوان موچە و دەسکەوتەکان دا خۆیان زەق دەکەنەوە. ئەمەش سەرەتای هەنگاوی چونە بەرە و بەیەکدادانەکان و راپەرین و توندوتیژیەکان. لە هەمانکاتدا دروستکردنی زەمینەی لەباری گەشە وباڵادەستی هێزە توندرەوە ئایینی و رادیکاڵەکانە.
لێرەدا پرسیاری سەرەکی لەوەدایە ئایا کێ ئەم هەل و مەرجەی دروست کردووە ؟ ئایا سیاسەتی ئابوری لە لایەن هەمان حکومەتەوە نەهاتۆتە دی کە لە روخانی رژێمەکەی سەدام حسێن و لە ٢٣ ساڵ لەوە و بەرەوە لە دەسەڵات دان؟ ئایا چ هەنگاوێك نراوە کە کەمترین لایەنی نەخوازراوی ئەو بارە بەرە و باشتر ببریت؟
نێچیر بارزانی بەشداری لە کردنەوەی پرۆژەیەکی بێبەرهەمی تایبەت بە خزمەتگوزاری و رابوێری دەستەیەکی زۆر سنورداری بە توانای سیاسی و مالی کۆمەڵگا دەکات کەچی لە هەمان شوێنەوە دێت باس لەو کێشانە دەکات کە خودی ئەو جۆرە پرۆژانە بەشێکن لە ئەنجام وهۆکاری دروست بونیان.
نێچیر بارزانی دێت قسە لە کەرتی تایبەتی دەکات و دەیانکاتە بەشێک لە چارەسەر لە کاتێکدا تەواوی سەرمایەدارانی گەورەی کوردستان بە بێ جیاکردنەوە سامان و سەرمایەکەیان لە ڕێگای نامەشروعی حیزبی و دەستێوەردانی حیزبی و شەریکایەتی حیزبی و ڕێخۆشکەری حیزبی بنیاتناوە و دەکەونە چوارچێوەی سەرمایەی گەندەڵەوە. زۆربەی سەرمایە تایبەتیەکان لە بنەرەتدا سەرمایە و سامانی گشتین. زۆربەی سەرمایە دارەکان خۆیان بەشیکن لە حیزب و حکومەت و دەسەڵات.
با نێچیر بارزانی جارێ بیر لە جیاکردنەوەی سەرمایە و سەرمایەداری کەرتی تایبەت لە کەرتی گشتی بکاتەوە ئەوسا کەرتی تایبەت بکاتە لایەنێکی جارەسازیەکان.
نێچیر بارزانی داوا لە قوتابیان دەکات بچنە پەیمانگا پیشەسازیەکانەوە. من لیرەدا لە چۆنێتی ئەو پەیمانگا و بێتواناییان و گرنگی پێنەدانیان لە لایەن دەوڵەتەوە نادوێم لەبەر ئەوەی بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان ئاشکرایە و دوو کەس لەسەرئەو تێروانینە ناکۆك نین کە ئەو قوتابخانە و پەیمانگە پیشەییانە لە چ حاڵەتێکی خراپ و کەمتوانایی و ئاستی نزم دان. بەڵکو تەنها دەڵیم لە باشترین باردا ئەگەر باشترین وەستا و ئەندازیاری پیشەسازیان پێگەیاند کە خودی ئەوە جۆرە خەیاڵێکە ئایا ئەوسا لە کوێدا کار بکەن و لە چ کارگەیەکی پێشەسازی و لە چ بواریکی پیشەیی دا کە جەنابیان بۆیان بنیات ناون دەخرینە کارەوە ؟
با نێچیر جارێ بیرێک لە لایەنی کەمی بنیاتنانی کارگە و کارخانە بەرهەمیەکانی کاڵا سەرەتاییەکانی خەڵک بکاتەوە .ئەوسا قوتابیان بەرە و پەیمانگە پیشەیی و پیشەسازیانە بنێرێت کە چەند هەنگاوێك لەسەروی ماشێنی هەڵمی دان.
نێچیرڤان بارزانی داوا له‌ سه‌رمایه‌داران دەکات سه‌رمایه‌كانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان بخه‌نه‌گه‌ڕ و ده‌رفه‌تی كار بۆ خه‌ڵكی كوردستان بڕه‌خسێنن.
با نێچیر ئەو راستیە بزانێت، ئەگەر سەرمایەدارانێك لە ڕێگای نامەشروع و گەندەڵی و داگیرکاریەکان و شەریکایەتی لەگەڵ بەرپرسان دا و لە سایەی دەسەڵاتی سیاسی بنەماڵەییدا سەرمایەکەیان کەڵەکە کردبێت چۆن جورئەتی ئەوەیان دەبێت ئەمرۆ لەسەر داخوازی جەنابیان پرۆژەی بەرهەمهێنی و کاربنیاتنەر دەسپێبکات؟ ئەو سەرمایە نارەوا بەدەستهاتووە گەندەڵانە هەرگیز چاوەرێی ئەنجامی بەسودیان لی ناکریت و تەنها سەرمایەییەکن کە بانکەکانی دەرەوەی وڵات و لە ڕێگای ئەو بانکانەشەوە تەنها سەرمایەدارانی بیانی لێی سودمەند دەبن. ئەمەش دیاردەیەکە لە تەواوی وڵاتانی گەندەڵدا بەو ڕێچکەیەدا ڕۆیشتووە و کوردستانیش نمونەیەکی زیندو لەبەرچاوی ئەو دیاردەیەیە . بە خۆرایش نیە هەندێك لە پەرلەمانتارانی ئەوروپا لە دوانە نافەرمیەکانیان دا کاتێك لە کوردستان دەدوێن بە گەندەڵستان ناوی دەبەن.
نێچیر بارزانی ستایشی یاسای وەبەرهێنانی كوردستان دەکات کە هاندەربووە بۆ هێنانی وەبەرهێنەرانی بیانی لە هەمان کاتدا داوای له‌ سه‌رمایه‌دارانی کورد دەکات سه‌رمایه‌كانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان بخه‌نه‌گه‌ڕ.
ئەگەر ئەو سەرمایەدارانە سەرمایەداری بە توانا و خوڵقێنەر و خاوەن بیرو پرۆژەی بەرهەمهێنیشیان هەبێت، لە هامانکاتدا سەرمایەی پاك و دوور لە گەندەڵی بن، هێشتا یاساکانی وەبەرهێنان بە شیوازێکە کە نەتوانن جوریەتی ئەوە بکەن لە بەرامبەر سەرمایەی بیانی دا کە هێنراونەتە کوردستانەوە پێشبرکێ بکەن کە ئەوەش یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی گەشە و مانەوەی بازاری ئازادی نیشتیمانی.
دیارە کوردستان لە هەلومەرجێکدا نیە قسە لە پرۆتێکسیۆنیزم (خۆپارێزی ئابوری) بکرێت، بەڵام نەبونی دەرفەتی رەوا و هاوسان بۆ سەرمایەی پاکی نیشتیمانی لە بەرامبەر سەرمایەی بیانی و سەرمایەی گەندەلی ناوخۆ وبەشداریان لە وەبەرهێنان بەربەستیکی تری لەبەرچاوە لەو بوارانەی کە نێچیر بارازانی ئاوا بە بای شان و بێبنەما لێی دەدواێت. (بۆ زیاتر زانیاری لەسەر جیاوازی سەرمایەی نیشتیمانی و سەرمایەی گەندەڵ).


وڵات بردن بە ئاراستەی بەرهەمهێنیدا لە ڕێگای ووتار و ئاوات و ئاهەنگی کردنەوەی ئوتێلە پێنج ئەستێرەییەکانەوە نابێت. بەڵکو پێویستی بە وویست و بەرنامەی درێژخایەن وپسپۆری و دەسپاکی و سیستەمێکی سەرمایەداری بازاری ئازادە نەك سیستەمی سەرمایەداری حیزبی و بنەماڵەیی خێلەکیانە و گەندەڵی و دزی سامانی گشتی.
نێچیر بارزانی وەکو سەرۆك وەزیرانێك ناکرێت رەخنەی لی بگیردرێت کە شارەزای سەرجەم لایەن و بنەما ئابوریەکان نیە. بەڵام ئایا ئەو بابەتانەی ئەو لێیان دواوە دەکەونە رێزی تایبەتمەندی و پسپۆریەکانی بواری ئابوریەوە یان بابەتی گەلێك سەرەتایی و گشتی رونن. بۆ بینینی ئەم راستیانە نە پێویست دەکات سیاسیەکی بە ئەزمون بیت نە ئابوریناسێکی پسپۆر بەڵکو تەنها کەمێك لۆجیك و راستگۆیی و لە بیربونی ئازار و کشەکانی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا و بەتەنگەوە هاتنی سەروەری نیشتیمان و هەست بۆ سەربەخۆیی ئابوری و سیاسی داواکراوە. بەڵام تەواوی ئەو تایبەتمەندیە سادە و لە ناوەرۆكدا گرنگانە بەداخەوە نە لە نێچیر و نە لە پارتەکەی و نە لە تەواوی سەرانی دەسەڵاتی هەرێمەکەمان دا شوێنەواری نیە .
نکۆڵی لەوە ناکرێت کە ئەم سەرۆك وەزیرانە" لێهاتووەمان" بە چەند ڕستەیەك سەرتاپا کێشە ئابوریەکانی هەرێمی کوردستانی خستۆتە. ئەو کێشانەی کە بەرهەمی گەندەڵی و مافیا رەفتاری خۆی و بنەماڵەکەی و پارتەکەی و شەریکە ستراتیجیەکەیانە. ئەگەرچی نێچیر زۆر بە ئاسانی کێشەکانی دەیان سالەی چارەسەر کردووە و لە کەرتی تایبەتی دەدوێت.بەڵام کار گەیشتۆتە ئاستێك کە ناکرێت لە هیچ چارەسەرێك قسە بکرێت جگە لە نەشتەرگەریەکی بنەرەتی و لەسەرکارلابردنی بنەماڵانە و سیستەمە بۆگەنبوو بەسەرچووەکەیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە