کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


با ئه‌ندام و کادرانی پارتی له‌تاراوگه‌ جورئه‌تیان هه‌بێت بپرسن بۆچی؟

Saturday, 08/01/2011, 12:00


پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی 35 ساڵ کۆن‌ و تازه‌ی پارتی خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی سه‌پانده‌وه‌ و دوباره‌ و چه‌ند باره‌‌ شانۆگه‌ری‌ گریان و تکا و پاڕانه‌وه‌ بۆ خۆ که‌ندید کردنه‌وه‌ی ئاسمانی کۆنگره‌که‌یان پڕکرد و هه‌ژاندی. پاش ئه‌وه‌ی یه‌ك ده‌نگیی و داوای کۆنگره‌ و ده‌ره‌وه‌ی کۆنگره‌ش پێشان درایه‌وه‌ بۆ خۆ کاندیت کردنه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی. پاش ئه‌وه‌ی له‌به‌ر خاتری خاتران خۆی که‌ندیت کرده‌وه‌ و به‌ کۆی ده‌نگه‌کان و به‌ له‌ سه‌دا سه‌ده‌کانی جۆری سه‌رۆکی فه‌رمانده‌ سه‌دام حوسێن هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌ و چه‌پڵه‌ی خۆشی لێدرا. پاش ئه‌وه‌ی هه‌مو ئه‌ندامانی کۆنگره‌ ئاو به‌ دڵیان دا کرا و دیموکراسیه‌ت چه‌سپێندرایه‌وه‌.

کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌ندامانی تاراوگه‌ هیمه‌ت و جورئه‌تێ بده‌نه‌ خۆیان و چه‌ند پرسیارێکیان لێ ده‌رچێت.

ئه‌ندامانی تاراوگه‌ بۆ ناپرسن ئه‌ی مافی ده‌نگدانی ئێمه‌ چی به‌سه‌ر هات؟

پاش ئه‌وه‌ی مه‌ترسی هه‌ڵنه‌بژاردنه‌وه‌ی سه‌رۆکی مێژویی و حه‌کیم خوا بیپارێزێت بۆ ساڵانێکی دوور و درێژی تر و تا کۆنگره‌ی داهاتو که‌ هه‌ر دوربێت و نه‌یه‌ته‌وه ڕه‌ویه‌وه‌.

ئه‌ندامانی تاراوگه‌ی پارتی ناپرسن ئه‌ی ئێمه‌ ڕۆڵمان چی بوو، له‌م تازه‌کردنه‌وه‌یه‌دا؟

پاش ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێك فه‌ریکه‌ به‌رزانی تریش هاتنه‌ ناو لیژنه‌ی ناوه‌ندیه‌وه‌، ئه‌ندامانی خاوه‌ن تاقیکردنه‌وه‌ی پارتی ناپرسن ئه‌مان له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك هه‌ڵبژێردران؟

ئایا نوێکردنه‌وه‌ ته‌نها بریتیه‌ له‌ خوێنی نوێی بنه‌ماڵه‌ له‌ ده‌ماره‌کانی پارتیدا؟

هه‌موان ده‌زانین کۆنه‌ سه‌رۆک و تازه‌ زاوای پارتی حه‌زی‌ ده‌کرد کاندیدێکی تریش هه‌بوایه‌ و ته‌نها خۆی ده‌نگی بۆ خۆی بدایه‌ و ببوایه‌ به‌ په‌ند و جێگای پێکه‌نینی ئاماده‌بوان. به‌ڵام له‌ خوا به‌زیاد بێت ئه‌ندامانی پارتی بایی ئه‌وه‌نده‌ عه‌قڵ و مه‌عریفه‌ت و گه‌وره‌ و بچوکیان تیا ماوه‌ که‌س کاری وای لێ نه‌وه‌شێته‌وه‌.

خۆ ئه‌زانم نه‌ك ئه‌ندامانی تاراوگه‌ به‌ڵکو پیاوێك نیه‌ له‌ ناو پارتیدا بۆ شانۆگه‌ریش ئه‌و پیرۆزیه‌ بشکێنێت. به‌ڵام ئه‌ندامانی تاراوگه‌ ناپرسن کوا مافه‌کانی ئێمه‌، به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه مافی سه‌یرکردن و به‌شداری ئه‌و شانۆگه‌ریه‌ تراجیدی- کۆمێدیه‌مان هه‌بێت؟

ئه‌ی ناپرسن ئه‌م بلیتی (ته‌سکیه‌ی) شانۆگه‌ریانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای چی و به‌ چ نرخێك دابه‌ش کران یان فرۆشران؟

لێره‌دا ته‌نها ده‌مه‌وێت ڕوی ده‌مم بکه‌مه‌ ئه‌ندامانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئوستورالیا ی پارتی، که‌ سێ کیشوه‌ری دیموکراتین و ئه‌ندامانی پارتی له‌م سێ قاره‌یه‌دا ئه‌گه‌ر خوانه‌ خواسته‌ چاویان کوێر بێت و که‌ڕ و لاڵیش بن و لوتیشیان گیرابێت که‌ بۆنی دیموکراتیه‌ت بکه‌ن. ئه‌گه‌ر نه‌شیانه‌وێت له‌ دیموکراتیه‌ت تێبگه‌ن و پیاده‌ی بکه‌ن له‌ ژیانی ڕۆژانه‌یان دا هه‌ست به‌ دیموکراتیه‌ت له‌م وڵاتانه‌دا ده‌که‌ن. به‌ تایبه‌تی که‌ لێره‌ له‌ ژێر چه‌تری سیسته‌مێک دا ده‌ژین که‌ پارته‌ دیموکراتیه‌کان و سیسته‌می دیموکراتی بۆیانی هێناوه‌‌ته ‌دی. هه‌ر به‌ هۆی ئه‌و سیسته‌مه‌ دیموکراتیه‌وه‌‌ له‌ ماڵه‌کانی خۆیان دا به‌ بێ ترس و ئاسوده‌ ده‌ژین و ژیان و گوزه‌رانیان مسۆگه‌ر کراوه‌.

ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی پارتی له‌ خۆیان ناپرسن ئه‌رێ بۆچی له‌ ناوه‌ندی جیهانی دیموکراتی دا ده‌نگی ئێمه وه‌رنه‌گیرا و هیچ هه‌ڵبژاردنێك نه‌کرا؟ ئه‌ی ناپرسن له‌بری ئێمه‌ کێ گه‌ڕایه‌وه؟ کێ ده‌نگی دا؟ ده‌نگی به‌ کێ دا؟ له‌سه‌ر چ بنه‌ما و کردار و هه‌ڵوێستێکی ئه‌و کاندیدانه‌ ده‌نگه‌کانیان پێ درا؟

له ته‌واوی ئه‌م سێ کیشوه‌ره‌دا ته‌نها یه‌ک که‌س بۆ تامی خوێ به‌ هه‌ڵبژاردن بۆ کۆنگره‌ی13 ی پارتی نه‌گه‌ڕاوه‌یه‌وه، هه‌ندێك له‌وانه‌ی به‌ ته‌سکیه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، له‌وه‌ ده‌دوێن که‌ گوایه‌ به‌ پێی سیسته‌می هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌زار ئه‌ندام بۆیان هه‌یه‌ یه‌ك ئه‌ندام هه‌ڵبژێرن و نوێنه‌رایه‌تیان بکات. گوایه‌ ئه‌مه‌ش له‌ زۆر وڵاتدا مه‌حاڵه‌!. ئه‌گه‌ر له‌ وڵاتێکی بچوکی وه‌کو به‌لجیکا نزیکه‌ی 238 که‌س وه‌کو ئه‌ندام ناو نو‌سکرابن،وه‌ك ئه‌وه‌ی من ناوه‌کانیانم لایه،‌ بێگومان له‌ وڵاتێکی وه‌کو ئه‌ڵمانیا ده‌بێت هه‌زار ئه‌ندام هه‌بن و بتوانرایه‌ ده‌نگدان بکرێت. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ که‌ی پارتی هێنده‌ پابه‌ند بووه به‌ به‌رنامه‌ و بڕیاره‌کانه‌وه‌؟ .پارتی ناسراوه‌ به‌وه‌ی که‌ له‌ سه‌رجه‌م مه‌سه‌له‌یه‌کدا حاڵه‌تی تایبه‌تی به‌کار نه‌هێناوه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ بۆچی ئاوا له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا هێنده‌ پابه‌ند بوو به‌ بڕیاره‌کانه‌وه‌.

پارتی بۆ هه‌مو مه‌سه‌له‌یه‌ك بۆ لادان له‌ بڕیاره‌کان و پڕۆگرام به‌هانه‌یه‌ك ده‌دۆزێته‌وه‌ به‌ڵام مه‌سه‌له‌یه‌ك که‌ له‌ به‌ ژه‌وه‌ندی سه‌رانی ده‌سه‌ڵات و بنه‌ماڵه‌دا‌ بێت، بێ نمونه‌ن له‌ پابه‌ندی به‌ بڕیاره‌کانه‌وه‌. ده‌نا ده‌کرا به‌ هۆی هه‌ل و مه‌رجی تایبه‌تی ڕێکخراوه‌کان و په‌رش و بڵاویان ئالیه‌ت و ڕێگایه‌کی تری گونجاو له‌گه‌ڵ هه‌ل و مه‌رجه‌که‌دا بگیردرێته‌ به‌ر.

ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ سه‌رجه‌میان یان به‌ بلیت (تسکیه)‌ له‌م سێ کیشوه‌ره‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، یان زووتر خۆیان گه‌یاندبووه‌ کوردستان و له‌وێوه‌ به‌ خۆ بردنه‌ پێشه‌وه‌ له‌ باڵه‌ جیاوازه‌کان توانیان بچنه‌ کۆنگره‌که‌وه‌. ئه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی که‌ بایی ئه‌وه‌نده‌یان شانازی تیا ماوه‌ به‌ دوای بلیتی کۆنگره‌دا ڕاکه‌ ڕاکه‌ نه‌که‌ن، مافه‌کانیان به‌ کێ فرۆشرا.



ئه‌وه‌ی له‌ هه‌مو شتێك سه‌رنج ڕاکێشتره‌ قه‌ڵه‌م فرۆشه‌کانی هه‌ندێك له‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌ی لقی 6 وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاشبه‌تاڵیان لێکردبێت له‌ ڕۆژانی پێش کۆنگره‌وه‌ نه‌ ده‌نگیان ماوه‌ و نه‌ ڕه‌نگ. ئه‌مانه‌ یان نه‌براون و له‌ خه‌فه‌تا له‌ 2 ی کانونی دوهه‌می ئه‌مساڵه‌وه‌ قه‌ڵمیان بۆ پارتی نه‌خستۆته‌ سه‌ر کاغه‌ز، به‌ڵام جورئه‌تی یه‌ك ووشه‌ ناڕه‌زاییان نییه‌، بۆیه‌ ته‌نها بێده‌نگی و خۆ خیش کردنیان هه‌ڵبژاردووه. واپێده‌چێت له‌و به‌رواره‌وه‌ تاکو ئێستا ته‌نانه‌ت تاقه‌ هه‌واڵ یان وتارێکیشیان یان هه‌ر هیچ نه‌بێت نوکته‌یه‌کیشیان له‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌ی لقی 6 دا دا‌نه‌به‌زاندووه. خوا بکات ماڵپه‌ڕه‌که‌ی سڵێمان پشده‌ری و هوشیار قادر عه‌بدول و شێخ بزێنی، ماهیر عه‌لی،فاخیر به‌رواری و ئه‌حمه‌د ده‌شتی ئاشبه‌تاڵیان لێ کردبێت‌. ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌‌ له‌م دواییه‌دا وه‌حی بۆ مه‌سعود بارزانی هێنایه‌ خواره‌وه‌ و ناوی نا پێغه‌مبه‌ری کورد.

سلیمان پشده‌ری به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی لقی 6 پێش کۆنفرانسه‌که‌ به‌ هیوای چونی بۆ کۆنفرانس و خۆ بردنه‌ پێشه‌وه‌ له‌ لای بنه‌ماڵه‌ و ده‌ست ڕاگوشینیان،چه‌ند مانگێك پێش ده‌سپێکردنی کۆنگره‌که‌ به‌ ده‌نگێکی نێر چه‌ندین ووتاری له‌ ماڵپه‌ڕه‌کانی پارتیدا نوسی به‌ ناوه‌کانی (ووره‌ده‌کاری سه‌باره‌ت کۆنفرانس و کۆنگره‌ ته‌نها مافی ئه‌و حیزبه‌یه‌ که‌ گرێی ده‌دات نه‌ک خه‌ڵکانێک و ڕۆژنامه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌) (کۆنگره‌ی سێزده‌ و وه‌رچه‌رخانێکی مێژوویی له‌ ڕووی کوردستان و پارتیدا)، و چه‌ندین ووتاری حه‌ماسی تر. هه‌موو ناڕه‌زاییه‌که‌ی بریتی بوو له‌ داخستنی ده‌ڕابه‌که‌ی ماڵپه‌ری لقی 6 ، تا ئێستا جورئه‌تی ووشه‌یه‌کی ناڕه‌زایی نه‌کردووه‌. به‌ ڕاستی سلیمان پشده‌ریه‌کان ڕه‌نج به‌ خه‌سار بون و قازانج سه‌ری مایه‌ی خوارد. هیوادارم ئه‌و ئه‌ندام وکادرانه‌ کاردانه‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌رزانه‌ نیشان بده‌ن که‌ من له‌ ووته‌ و سه‌رنجه‌کانم په‌شیمان ببمه‌وه‌ و داوای لێبوردنیان لێبکه‌م.

من به‌ش به‌ حاڵی خۆم له‌ چه‌ند ساڵی پێش کۆنگره‌وه ‌وازم له‌ ته‌واوی کارکردن و به‌رپرسیاریه‌ك هێنابو، له‌ ناو عه‌شیره‌ت و عه‌شیره‌ت گه‌ریشدا که‌س منی له‌ یادا نه‌ده‌بو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ووته‌کانم ڕاسته‌وخۆ بون، له‌ هیچ وتار و نوسینێکیشدا به‌ شان و باڵی بنه‌ماڵه‌م دا هه‌ڵنه‌داوه‌، ڕێگری گه‌نده‌ڵیه‌کانی به‌لجیکاش بوم، حه‌ساسیه‌تێکی وه‌راسیشم به‌ چه‌پڵه‌لێیان و له‌به‌ر هه‌ستان هه‌بووه‌، هێشتا نازانم بۆکێ به‌ڕێز و بۆ کێ ڕێزدار به‌ کاردێت! سه‌رباری ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ زه‌ره‌رمه‌ندانه‌ش هه‌میشه‌ش زیاتر دیموکرات بوم له‌وه‌ی پارتی بم، ئه‌مه‌ش پڕ به‌ پێستی خۆم ئێسك گرانی کردبوم لایان، هه‌ربۆیه‌‌ هه‌رگیز بیرم له‌ چون بۆ کۆنگره‌ نه‌کردۆته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌ندامانی تر که‌ چه‌قۆیان لێ بدرێت خوێنی زه‌ردیان لێ دێت، ناپرسن ئه‌ڕی کوا مافه‌کانی ئێمه‌؟

ناپرسن ئه‌رێ کاکه‌ محه‌مه‌د مه‌عروف جێگری جه‌نابی ڕێزداری ...هتد دڵشاد به‌رزانی، تۆ که‌ به‌ هیوای ئه‌ندامێتی لیژنه‌ی ناوه‌ندی تێتان ته‌قاند و ئۆخه‌ی ئۆخه‌ی هه‌رکه‌س بۆ خۆی، خۆت گه‌یانده‌ کۆنگره‌که‌ و هه‌ڵبژاردنی دیموکراتیانه‌شتان هه‌ر له‌ فرۆکه‌خانه‌ی دوسلدۆرفه‌وه‌ خسته‌ ته‌نه‌که‌ی خۆڵه‌که‌‌وه‌. له‌و سه‌ریشه‌وه‌ به‌ دۆڕاوی گه‌ڕایته‌وه‌ و ده‌نگی خۆت و ئه‌وانه‌ی ته‌سکیه‌تان بۆ کردن دایه‌وه‌ به‌ منداڵه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و ئه‌وا‌ نیشتان به‌سه‌ر خۆتان و پارتیدا سه‌پانده‌‌وه‌ و کۆمه‌ڵێ که‌ڵه‌گای نوێتان به‌رز کرده‌وه‌، نوێنه‌رایه‌تی کێت ده‌کرد و کێ ئه‌و مافه‌ی پێدابوی؟.

ئه‌نجام نه‌دانی هه‌ڵبژاردن له‌ ناو ئه‌و پارته‌دا که‌ دیموکراتیه‌تی کردووه‌ به‌ قسه‌ی شه‌و و ڕۆژی مه‌سه‌له‌یه‌که‌ و ناوه‌رۆکی هه‌ڵبژاردنه‌کانیشیان مه‌سه‌له‌یه‌کی تر. به‌ جۆرێك که‌ هه‌بێت و نه‌بێت جیاوازیه‌کی وای نیه‌ شایانی باس بێت. به‌ڵام ته‌نها بۆ که‌مترین نرخ به‌ خۆدان با ئه‌ندامانی پارتی له‌ چه‌ق و ناوه‌ندی دیموکراتیه‌تی دونیادا هیمه‌ت و جورئه‌تی ئه‌وه‌ بده‌نه‌ خۆیان و ده‌م بکه‌نه‌وه‌ و پرسیار له‌ مافه‌کانی خۆیان بکه‌ن.

نازانم پارتی چ ده‌رمانێکی به‌کارهێناوه‌ که‌ ئه‌ندامانی به‌ ڕاده‌یه‌ك خه‌ساندووه‌ ڕسته‌و فۆرموله‌ی پرسیاریان له‌ بیر چۆته‌وه‌ و ته‌نها وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌ یان ته‌نها ڕسته‌ی خه‌به‌ری ده‌رده‌په‌ڕێنن!

ئێستا که‌ جورئه‌تی ئه‌و پرسیارانه‌تان نیه‌ هیچ نه‌بێ بپرسن، ئه‌رێ برایان بلیتی کۆنگره‌ به‌ چه‌ند بوو؟ یان له‌ بازاری ڕه‌شا گه‌یشته‌ چه‌ند؟ بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بن له‌وه‌ی نرخه‌که‌یتان پێ هه‌ڵده‌سوڕدرا یان نا؟ تاکو بۆ کۆنگره‌ی داهاتو پاشه‌که‌وتی بۆبکه‌ن، به‌شکو به‌ قازانجه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه!



[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە