کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ئاخۆ ئه‌و ڕۆژه‌که‌ی بێت نا موباره‌که‌کانی ئێمه‌و عه‌لا و جه‌ماله‌کانیان دادگایی بکرێن ؟

Wednesday, 03/08/2011, 12:00





ئه‌گه‌ر چی سه‌رانی ده‌سه‌ڵات و مشه‌خۆره‌کانی ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێمی کوردوستان دا له‌و باوه‌ڕه‌دان که‌ڕوداوه‌کانی جیهانی عه‌ره‌بی به‌تایبه‌تی ڕاپه‌ڕین و شۆڕشه‌کانی ئه‌مساڵ که‌ناوی به‌هاری عه‌ره‌بیان لێ نرا کاریگه‌ریان له‌سه‌ر هه‌رێمه‌که‌مان نیه‌و ناکرێت له‌و هه‌رێمه‌دا دوباره‌ببنه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و تێڕوانینه‌ شتێك نیه‌جگه‌له‌په‌نابردنی لافاوبردویه‌ك بۆ چڵه‌پوشێك. خۆشیان باوه‌ڕیان به‌ ووته‌کانی خۆیان ‌نیه‌یان مه‌گه‌ر زۆر ده‌به‌نگ بن و له‌ ئه‌لف و بای مێژووی گه‌لانی ناوچه‌که‌بێئاگابن .
هه‌میشه‌بزوتنه‌وه‌و شۆڕش و ڕوداوه‌‌کانی گه‌لانی ناوچه‌که‌کاریگه‌ریان له‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان هه‌بووه‌و تین و هێزیان به‌بزوتنه‌وه‌کانی کوردستان به‌خشیوه‌.
پاش بنیاتنانی (ئیتیحاد وه‌ ته‌ره‌قی جه‌معیه‌تی) له‌ 1899 دا، جه‌ممعیه‌تی ته‌عالی و ته‌ره‌قی کورد له‌ 1908 دا له‌دایك بوو، له‌1909 یان 1910 جه‌معیه‌تی نه‌شری مه‌عاریفی کوردی دامه‌زرا، له‌1912 دا جه‌معیه‌تی موحیبانی کوردی که‌وته‌کار و چالاکیه‌وه‌.
پاش ئه‌مانه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د خواجه‌له‌یاداشته‌کانیدا باسی ده‌کات چه‌ندین ڕێکخراوی کوردی له‌کوردستانی باشور سه‌ریان هه‌ڵدا.
هه‌ر کاتێك خۆری ڕزگاری و ئازادی به‌سه‌ر وڵاتێکی عه‌ره‌بی و ئیسلامیدا هه‌ڵی کردبێت تیشکی بۆ کوردستان هاویشتووه‌.
هه‌ر کاتێك هه‌وڵی ڕزگاری گه‌لانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی ناوچه‌که‌ له‌کۆڵۆنیالیزم و داگیرکه‌ر و رژێمه‌کۆنه‌په‌رست و وابه‌سته‌کان به‌ئیمپریالیزمیه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی و ڕۆژئاواییه‌کانه‌وه‌ و رژێمه‌سه‌ربازی و دکتاتۆریه‌کان سه‌ریان هه‌ڵدابێت یان به‌ئه‌نجام گه‌یشتبن تین و تاوی داوه‌ته‌شۆڕش و خه‌بات له‌کوردستان دا.
ئه‌مڕۆش له‌و هاوکێشه‌یه‌به‌دور نیه‌و ڕاپه‌ڕینه‌پیرۆزه‌که‌ی 17ی شوبات ئه‌و ڕاستیه‌ی سه‌لمانده‌وه‌.
له‌گه‌ڵ هه‌ر ڕوداوێکی نوێ و ده‌سکه‌وتێکی نوێی گه‌لانی ئیسلامی و ناوچه‌که‌هیوایه‌کی نوێ ده‌به‌خشرێته‌وه‌به‌خه‌ڵکی کوردستان بۆ ڕزگاربون له‌ده‌سه‌ڵاتی ناڕه‌واو گه‌نده‌ڵ و خوێنڕێژی هه‌رێمه‌که‌مان.

نوێترین ڕوداو دادگایی کردنی حوسنی موباره‌کی سه‌رۆکی له‌کارخراوی میسر و دو کوڕه‌که‌ی بوو، ئه‌گه‌ر ته‌نها به‌ڕق و کینه‌ی ڕوته‌وه‌له‌دکتاتۆره‌کان نه‌دوێن و که‌میك به‌رگری له‌شه‌یتان بکه‌ین ده‌توانین بڵێین حوسنی موباره‌ك به‌به‌رواورد له‌گه‌ڵ سه‌رانی وه‌کو بارزانی و تاڵه‌بانی به‌سه‌د ئاو شۆردرابۆ‌وه‌.
حوسنی موباره‌ك که‌سێك بوو که‌له‌ئه‌فسه‌ریه‌وه‌گه‌یشته‌پله‌ی جه‌نه‌راڵ و پاشان جێگری وه‌زیری جه‌نگ و جێگری سه‌رکۆمار و سه‌رکۆمار. له‌چه‌ندین جه‌نگ و نه‌به‌ردی دا به‌شداری کردووه‌و ڕۆڵی له‌جه‌نگه‌کانی دژ به‌ئیسرائیل و به‌رگری له‌وڵاته‌که‌یدا هه‌بووه‌. له‌کاتێکدا سه‌رانی هه‌رێمه‌که‌ی ئێمه‌هیچ کاتێك خۆیان و منداڵه‌کانیان نه‌خستۆته‌مه‌ترسیه‌وه‌، ئه‌و که‌سه‌نزیکانه‌شیان که‌له‌ناوچون له‌باوه‌شی ڕژێم دا بون و سزای خیانه‌تی خۆیزان وه‌رگرتوه‌.
به‌شداری ژماره‌ی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی حوسنی موباره‌ك له‌گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات و تاوانی کوشتن له‌په‌نجه‌کانی ده‌ست تێناپه‌ڕن. له‌کاتێکدا ئه‌وه‌ی به‌بۆن به‌بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی بگاته‌وه‌ئه‌گه‌ر به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌خۆی به‌کوشتن و دزی و گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌کار هێنانی ده‌سه‌ڵات و چاوبڕینه‌ ناموسی خه‌ڵکی و ده‌سدرێژی بۆ که‌رامه‌تی خه‌ڵکی کوردستان تاوانبار نه‌کردبێت، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌به‌ناڕه‌وا پۆستێکی به‌رزی وه‌رگرتووه‌و چاره‌نوسی هه‌رێمه‌که‌مان به‌ره‌و دوا ڕۆژێکی نادیار و تاریك ده‌بات. نزیکترین نمونه‌فه‌ریکه‌تاڵه‌بانی و به‌رزانیه‌کانی وه‌کو مه‌سرو و مه‌نسور و قوباد و پاڤڵن.
مه‌سرور و پاڤڵ ته‌واوکه‌ری یه‌کترن و ئاسایشی هه‌رێمه‌که‌له‌ژێر ویست و میهره‌بانی ئه‌واندایه‌، ئه‌وانیش وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نوس سات محه‌مه‌د به‌هه‌ق ناوی لێ ناون شتێك نین جگه‌له‌شێری ماڵه‌وه‌و رێوی ده‌ره‌وه‌. قوبادیش که‌له‌سه‌رده‌می پێش ڕاپه‌ڕین دا ناوی له‌کوله‌که‌ی وشکا نه‌بوو ئه‌مڕۆ نوێنه‌رایه‌تیمان ده‌کات له‌گرنگترین وڵاتی دونیا. مه‌نسوریش هێنده‌ی ئه‌ستێره‌به‌سه‌رشانه‌وه‌یه‌ئه‌گه‌ر له‌سکی دایکیشیدا بوبێته‌ئه‌فسه‌ر و ساڵ و ئه‌ستێره‌یه‌كی وه‌رگرتبێت هێشتا مشتێك ئه‌ستێره‌ی ئه‌فسه‌ری لێ ده‌مێنێته‌وه‌.
به‌کورتی حوسنی موباره‌ك ته‌نها خۆی و هاوسه‌ره‌که‌ی و جه‌مال و علاو بونه‌ته‌ماڵ به‌سه‌ریه‌وه‌و دراونه‌ته‌ دادگا. له‌کاتێکدا بۆ دیاریکردنی دز و جه‌رده‌و تاوانباره‌خوێنڕێژ و و گه‌نده‌ڵ و ‌ته‌نانه‌ت بێڕه‌وشته‌کانی ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ئینستیتوت یان ده‌زگایه‌کی لێکۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌تی بۆ ده‌سنیشانکردن و بژاردنیان پێویسته‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌له‌شکریه‌که‌ی خۆیان و تاوانه‌کانیان به‌که‌سانی ئاسایی و ڕۆژنامه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌کان دیاری ناکرێت.

نامه‌وێت ئه‌و ڕاستیه‌بشارمه‌وه‌که‌زیاتر خۆشحاڵ بووم به‌دادگایی کردنی حوسنی موباره‌ك به‌به‌راورد به‌دادگایی کردنی سه‌دام حوسێن. ئه‌وه‌ش ته‌نها له‌به‌ر یه‌ك هۆکار؛ سه‌دام حوسێن له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌ره‌کیدا له‌سه‌ر کار لابراو درایه‌دادگا و به‌سزای به‌هه‌قی خۆی گه‌یشت. به‌ڵام حوسنی موباره‌ك و به‌چکه‌کانی له‌ژێر گوشاری جه‌ماوه‌ر و به‌هۆی شۆڕشێکی جه‌ماوه‌ریه‌وه‌درانه‌دادگا و یه‌که‌مین ڕوداوی له‌و جۆره‌ی مێژوویی بوو له‌خه‌باتی گه‌لانی ناوچه‌که‌بۆ ئازادی و دیموکراتی و دادپه‌روه‌ریدا. ئه‌و ڕوداوه‌ش هیوای شۆڕشگێڕانی گه‌لانی ناوچه‌که‌به‌هێزتر ده‌کات و چاوه‌ڕوانی دوباره‌بونه‌وه‌و چه‌ند باره‌بونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌دادگایی کردنانه‌ده‌که‌ن له‌وڵاته‌کانی خۆیان دا.
زوو یان دره‌نگ به‌دڵنیاییه‌وه‌تاوانبارانی هه‌رێمه‌که‌شمان له‌قه‌فه‌زی تاوان دا ده‌بینین، ئه‌گه‌ر زووتر له‌بری سعودیه‌ له‌تاران و دیمه‌شق و ئه‌نقه‌ره‌دا میوانداری نه‌کرێن و له‌وێ موچه‌ی خانه‌نشینی خزمه‌تی ده‌یان ساڵه‌یان به‌و وڵاتانه‌وه‌رنه‌گرن .


له‌یادی هاوڕێیانم شه‌هید ئاراسی وه‌ستا ئه‌حمه‌د، شه‌هید ئه‌حمه‌دی پۆلیس و شه‌هید نزار مسته‌فا
له‌یادی ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ تێکۆشه‌رانه‌م دا که‌ له ڕۆژانی سه‌خت و پڕ مه‌ترسی خه‌بات و تێکۆشان دا، له‌باسی ڕزگاری و ئازادی کوردستان و چینه‌چه‌وساوه‌کانی گه‌له‌که‌مان و دادپه‌روه‌ری دا به‌گه‌شبینیه‌کی شۆڕشگێڕانه‌‌و به‌زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی پڕ باوه‌ڕه‌وه‌ له‌چاوه‌ڕوانی ئاینده‌یه‌کی گه‌ش و له‌چاوه‌ڕوانی هێنانه‌دی خه‌ونه‌کانماندا ده‌مانوت: " ئاخۆ ئه‌و ڕۆژه‌که‌ی بێت؟".




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە