کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


مام و برازا له‌نێوان هه‌کاری و شه‌رنا‌خ دا

Monday, 02/01/2012, 12:00



 




نه‌به‌ردیه‌که‌ی هه‌کاری 19/10/2011 هێرشی شۆڕشگێران بوو‌بۆ سه‌ر سه‌ربازگه‌یه‌کی سوپای تورکی و 24 سه‌ربازی داگیرکه‌ریان له‌خاکی کوردستانی داگیرکراوی باکوردا کوشت و تۆمارکردنی لاپه‌ڕه‌یه‌کی نوێ بوو له‌ مێژووی به‌رگری خاك و نه‌ته‌وه‌دا.

کوشتاره‌ناڕه‌واکه‌ی شه‌رناخ له‌29/12/ 2011 دا تاوانێکی تری نوێی حکومه‌ت و سوپای داگیرکه‌ری تورکیا بوو که‌به‌پێی ئاماری فه‌رمیی خۆیان 35 کوردی سیڤیل له‌خاکی داگیرکراویان دا ناڕه‌وا شه‌هید کران و چه‌ندین که‌سیش بریندار کران که ته‌مه‌نیان له‌نێوان 12 تا 20 ساڵدا بوو.

نه‌به‌ردیه‌که‌ی هه‌کاری ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ده‌سته‌یه‌کی چه‌کدار بوو به‌رامبه‌ر هێزێکی تری چه‌کدار، که‌له‌ڕووی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی تاقیکردنه‌وه‌و ته‌کنیکی سه‌ربازی و هه‌واڵگیری و ئیمکانیاته‌کانه‌وه‌هه‌رگیز به‌یه‌کتری به‌راورد ناکرێن. بۆیه‌ئه‌و ده‌ستوه‌شاندنه‌ی گریلا ده‌کرێت جێگای شانازی هه‌موو کوردێکی دژ به‌داگیر که‌ربێت و وه‌کو نه‌به‌ردیه‌کی سه‌ربه‌رز و قاره‌مانانه‌تێی بڕوانرێت.
کوشتاره‌که‌ی شه‌رناخ ڕوبه‌ڕونه‌وه‌ی وێرانکه‌ر ترین هێزی سه‌ربازی بوو که‌هێزی ئاسمانیه‌و له‌ڕێگای ئاڵوۆزترین و هه‌ستیارترین و باڵاترین چه‌کی جه‌نگی که‌فرۆکه‌کانیF16 ی دروستکراوی به‌هێزترین وڵاتی ئه‌م گه‌ردوونه‌بوو‌به‌رامبه‌ر کاروانێکی منداڵ و لاوی سیڤیلی دێیه‌ك که‌له‌ڕێگای ئه‌و کاسبیه‌وه‌گوزه‌ران و نانی ڕۆژانه‌یان به‌ده‌ست ده‌هێنا.
بۆیه‌ده‌کرێت ئه‌م هێرشه‌ی سوپا دڕنده‌که‌ی تورکیا " ئه‌گه‌ر که‌مترین هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیشمان تیا نه‌بێت و له‌هاو زمانی و هاوخوێنیش بێئاگا بین" ده‌بێت به‌ یه‌کێك له‌ترسنۆك ترین تاوانه‌کان دژ به‌مرۆڤایه‌تی تێی بڕوانین.

ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕاستیانه‌له‌هیچ که‌سێك ناشاردرێته‌وه‌که‌سانێك که‌ نه‌ك که‌مترین شانازی نه‌ته‌وایه‌تیان تیا نه‌بێت به‌ڵکو که‌سانێکیش که‌که‌مترین هه‌ستی مرۆیی تیادا نه‌بێت .
‌به‌ڵام ئه‌و شێوازه‌ی که‌مام و برازا (مه‌سعود و نێچیر) چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌به‌ردیه‌که‌ی هه‌کاری و تاوانه‌که‌ی شه‌رنه‌خدا کرد، بۆ سه‌رجه‌م کوردێکی خاوه‌ن شه‌ره‌ف و که‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤایه‌تی جێگای شه‌رمه‌زاری و ڕسواکردن و مه‌حکوم کردن و نه‌فره‌ته‌.

له‌یه‌که‌م ڕۆژی نه‌به‌ردیه‌که‌ی هه‌کاری دا مام و برازا به‌بێ چاوه‌ڕوانی و بیرلێکردنه‌وه‌و ڕاوێژ به‌ناوی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌، (بمانه‌وێت یان نا به‌ناوی ته‌واوی دانیشتوانی هه‌رێمی کوردستانه‌وه)‌ڕاگه‌یاندراوێکیان بڵاوکرده‌وه‌و تیایدا ئه‌و نه‌به‌ردیه‌ی ناونا تاوان و به‌توندی ئیدانه‌یان کرد. (1)

هێشتا مه‌ره‌که‌بی سه‌ر کاغه‌زی ئیدانه‌ی توند و به‌تاوان ناساندنی نه‌به‌ردیه‌که‌ووشك نه‌بوبۆوه‌، هه‌ر هه‌مان ڕۆژ برازا به‌ڕاکردن به‌نوێنه‌رایه‌تی مامی خۆی گه‌یانده‌ ئه‌نقه‌ره‌و له‌20/10/2011 لێدوانێکی مێژوویی له‌دبلۆماسی سه‌رشۆڕی هه‌رێمه‌که‌ماندا تۆمارکرد و ووتی : " هه‌روه‌کو دوێنێ جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی به‌ته‌له‌فۆن قسه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران جه‌نابی ئۆردوغان کردویه‌تی. ئێمه‌زۆر به‌توندی ئه‌م کرده‌وه‌یه‌مه‌حکوم ده‌که‌ین، هاوده‌ردی خۆمان بۆ گه‌لی تورکیا ڕاده‌گه‌یه‌نین به‌ناوی هه‌رێمی کوردستان، ... ئێمه‌که‌به‌م په‌له‌یه‌هاتین بۆ تورکیا ده‌مانه‌وێت ئه‌و په‌یامه‌بگه‌یه‌نینه‌حکومه‌تی تورکیا و گه‌لی تورکیا که‌ئێمه‌له‌گه‌ڵ ئێوه‌ین... هتد ."
هه‌ر له‌و دوانه مێژووییه‌‌ پڕ شه‌رمه‌زاریه‌دا‌ ته‌واوی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی پشت ڕاست کرده‌وه‌و دانی به‌وه‌دا نا که‌ئاماده‌ی سه‌رجه‌م هاوکاریه‌کی ده‌زگا هه‌واڵنێری و جاسوسیه‌کانی تورکیان دژ به‌گریلاکانی پێ کا کا. وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت: " ئێمه‌ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ جه‌نابی وه‌زیر هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی که‌ پێویستن، پێویستن بۆ کاری هاوبه‌شی پێکه‌وه‌ له‌هه‌موو ڕویه‌که‌وه‌، ئێمه‌ئه‌مڕۆ له‌کۆبونه‌وه‌که‌باسی هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌مان کردووه‌... من دیسانه‌وه‌ده‌ڵێم ئێمه‌ئه‌م کرده‌وه‌یه‌به‌توندی مه‌حکوم ده‌که‌ین... هتد" (2)

جێگه‌ی شه‌رمه‌زاری هه‌میشه‌ییه‌بۆ مام و برازاو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و سه‌رانی هه‌رێمه‌که‌که‌له‌یه‌که‌م ڕۆژی کوشتاره‌که‌ی شه‌رنا‌خدا سه‌رباری دڕندایه‌تی تاوانه‌که‌دژ به‌خه‌ڵکی سیڤیل، سه‌رباری ئیدانه‌کردنی له‌لایه‌ن شه‌قامی کوردیه‌وه‌و ڕسواکردنی له‌لایه‌ن سه‌دان که‌سایه‌تی و ماڵ په‌ڕ و ڕۆژنامه‌ی کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌نوسه‌ر و پێشکه‌و‌تن خوازانی تورکه‌وه‌، مام و برازا و کۆیله‌کانی پارته‌که‌یان نقه‌یه‌کیان لێوه‌نه‌هات.
ڕۆژی دوهه‌می ڕوداوه‌که‌ناڕه‌زایی و توڕه‌یی جه‌ماوه‌ر گه‌یشته‌خۆپێشاندان و سوتانی ئاڵای تورکیا و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر سه‌رشۆڕی و بێهه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمه‌که‌. به‌ڵام هێشتا که‌ڵه‌پیاوه‌کانی هه‌زارمێردی بارزانی نه‌گه‌یشتبونه‌ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ئه‌م تاوانه‌شایانی‌باس و لێدوان بێت، نه‌خوازه‌ڵا ئیدانه‌کردن.

ڕۆژی سێهه‌م غیره‌ت گرتنی یان دوور نیه‌پاش پرس و ڕایان له‌ براگه‌وره‌کانیان له‌تورکیا که‌ڵه‌پیاوه‌کانی بارزان دوو به‌یانیان بڵاوکرده‌وه‌.

به‌یانه‌کان له‌هه‌مان ڕۆژدا بڵاوکرانه‌وه‌و به‌رواری 31/12/2011 له‌سه‌ره‌، ئه‌مه‌ش وا نیشان ده‌دات که‌جۆره‌ڕاوێژێکی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له‌نێوانیان دا هه‌بووه‌.(3)

هه‌ردوو به‌یانه‌که له‌ نه‌رمی و بێهه‌ڵوێستیان گه‌یاندبووه‌ئه‌و ئاسته‌ی له‌کورد بونی خۆمان شه‌رمه‌زار بین، مام "دلگرانیا خوه‌لهه‌بمه‌ر وێ بویه‌را دلته‌زین ڕاده‌گه‌یه‌نێت و له‌وێ هه‌لكه‌تنا دلته‌زین" ده‌دوێت، برازش ته‌نها هاوخه‌می خۆی ده‌ربڕیوه‌.
هه‌ردو به‌یانه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمه‌که‌مان و کاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران" به‌مه‌رجی هه‌رێمی بێ کێشه‌" ته‌نها له‌ڕوداو یان به‌بادینی له‌(بویه‌ر و هه‌ڵکه‌تنا) ده‌دوێن و جورئه‌تیان نه‌کردووه‌جگه‌له‌جویینه‌وه‌ی هه‌مان ده‌ربڕینی حسێن چلیك جێگری سه‌رۆک وه‌زیران یه‌ك ووشه‌ی توندتر پێ ڕابکێشن‌، له‌کاتێکدا ته‌نانه‌ت نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌تورکیه‌کان له‌‌کوشت و بڕ ، ڕه‌شه‌کوژی و خوێنڕێژی ده‌دوێن، عه‌لی تۆپۆزی تورك له‌ڕۆژنامه‌ی ڕادیکاڵی تورکی دا هه‌زار جار له‌مام و برازا زیاتر هه‌ڵوێست و سه‌ربه‌رزی بۆ خۆی تۆمار کردووه‌که‌نوسیویه‌تی:
" دوای ئه‌م کوشت وبڕه‌هیچ که‌س بڕوا به‌ئیدیعاگه‌لی مافه‌وانی ده‌وڵه‌تی تورکیا ناکات، ئه‌م ڕه‌شه‌کوژییه‌له‌چ جێگایه‌کی زانستی حقوقی دا جێده‌بێته‌وه‌‌؟ حسێن چلیک جێگری سه‌رۆک وه‌زیران باس له‌ڕووداو ده‌کات. ڕووداو؟ کوشت و بڕی 35 گه‌نج ده‌توانێ ڕووداو بێت؟" (4)
هه‌ردوبه‌یانه‌که‌ی مام و برازا ته‌نها و ته‌نها له‌سه‌رخۆشی نامه‌یه‌کی مجامه‌له‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌چێت که‌له‌ترسی توڕه‌یی شه‌قامی کوردی ناچار به‌بڵاوکردنه‌وه‌ی بوون ئه‌میان پیرێژن ئاسا ده‌ستی بۆ ئاسمان به‌رزکردۆته‌وه‌و ده‌ڵێت: " ژ‌خودێ مه‌زن ژی داخوازكارین جهێ قوربانیا به‌هه‌شتا فره‌ه ب" ئه‌ویان هیواداره‌" گیانی ئه‌وانه‌ش به‌به‌هه‌شت شاد بێت"
ئه‌مانه‌ن سه‌رانی هه‌رێمه‌که‌مان که ئاماده‌ی هه‌موو کارێکی هاوبه‌شیین له‌گه‌ڵ دوژمنانمان دا به‌ڵام تۆڵه‌ی تاوانی شه‌هیدکردنی ناڕه‌وا و دڕندانه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌هیوای به‌هه‌شتی به‌رین ده‌سێننه‌وه‌. هێشتا ئه‌وانیش له‌ووته‌و کۆمێنتاری پڕ به‌پێستیان له‌لایه‌ن ئێمه‌مانانه‌وه‌به‌داخن و چاومان لێ سوور ده‌که‌نه‌وه‌و ده‌یانه‌وێت ده‌م مردومان بکه‌ن و وه‌کو خۆیان له‌ئاستی تاوان و خیانه‌ت و سه‌رشۆڕیه‌کانیاندا بێده‌نگ و بێ هه‌ڵوێستمان بکه‌ن.
 
(1)
http://www.krg.org/articles/detail.asp?lngnr=13&smap=01010200&rnr=26&anr=41936
(2)
http://www.youtube.com/watch?v=U2Barq8eRsI
(3)
http://www.xebat.net/detail_articals.php?id=12568&z=1&l=1
http://www.xebat.net/detail_articals.php?id=12571&z=2&l=1
(4)
http://www.hawlati.co/babetekan/11190
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە