کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


پارتی له‌ زاخۆ نه‌ك جارێك چوارجار تاوانباره

Friday, 09/12/2011, 12:00


‌ ‌‌‌‌



وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕه‌وتی ڕوداوه‌کان و ده‌ربڕین و هه‌ڵوێسته‌کان نیشان ده‌ده‌ن پشێویه‌کانی شاری زاخۆ و پاشان شارۆچکه‌کانی تر سیناریۆیه‌کی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوی له‌ده‌ست ده‌رچوی پارتی بن.
چه‌ندین که‌س په‌نجه‌ی بۆ ئه‌و ڕاستیه‌ ڕاکێشاوه‌ و له‌و باوه‌ڕه‌دان سیناریۆی په‌لامار و سوتاندنی ئه‌و شوێنانانه‌ به‌ کۆمه‌ڵێ مه‌به‌ست ئه‌نجام دراون. که‌ به‌ کورتی گرنگترینیان بریتین له‌وه‌ی که‌ به‌هۆی سه‌رکوتکردنه‌وه‌ی ئازادیه‌کانی ڕاده‌ربڕین و ڕاونان و کوشتن و زیندان کردنی ده‌نگه‌ ئازاده‌کان و ڕۆژنامه‌نوسان و سه‌رکوتکردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌کان به‌ شێوازێکی ناشارستانیانه‌ و عه‌سکه‌رتاریانه، پارتی له‌ ناوخۆ و له‌ نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان دا ڕوبه‌ڕوی ڕسوا بونێکی ترسناک بۆته‌وه‌. بۆ قه‌ره‌بوی ئه‌م باره‌ پارتی به‌ چاولێکه‌ری ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌ تۆتالیتێره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند و وڵاتانی تری جیهانی ئیسلامی ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگای سیناریۆیه‌که‌وه‌ ئه‌و په‌یامه‌ به‌ وڵاتانی ڕۆژئاوایی بگه‌یه‌نێت که‌ ئه‌مان زه‌مانه‌تی ڕێگرین له‌ توندڕه‌وی ئیسلامین له‌ هه‌رێمی کوردستان دا.
له‌ هه‌مان کاتدا پارتی ئه‌م سیناریۆیه‌ ده‌که‌نه‌ هۆکارێك بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی نه‌یاره‌کانیان به‌بێ جیاوازی له‌ بیر و ئایدۆلۆژی عیلمانیه‌ت یان ئایینیان. به‌ تایبه‌تی که‌ ده‌بینن وا خه‌ریکه‌ قه‌ڵای چه‌ند ساڵه‌ی نفوز و ده‌سه‌ڵاتیان له‌ مه‌ترسی له‌ده‌ستچوندایه‌. لاوازی پارتی هه‌ر له‌ ناو جه‌ماوه‌ری بادینان دا ڕه‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌ندامانی بنکه‌یی و لایه‌نگرانیشیان ئه‌نجامی بێهیواییان به‌ پارتی و ئه‌نجامی ڕه‌فتاری نابه‌رپرسانه‌ و که‌ڵه‌گایه‌تی به‌رپرسانی پارتی و ناڕه‌واییه‌کانیان و پشتگیری عه‌شیره‌ت و تیره‌یه‌ك دژ به‌ عه‌شیره‌ت و تیره‌ی تر به‌ شێوازێکی له‌به‌رچاو به‌ ئاراسته‌ی ئیسلامگه‌رایی و پارته‌ ئیسلامیه‌کان دا ده‌چن و وه‌کو به‌دیلێكی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌کاری ده‌هێنن دژ به‌و دیاردانه‌ی پارتی زه‌مینه‌ی بۆ خۆش کردون یان ڕاسته‌وخۆ هێناویه‌ته‌ کایه‌وه‌.

به‌ چاوپۆشین له‌وه‌ی که‌ ڕوداوه‌کانی بادینان سیناریۆی پارتی بون و و به‌ مه‌به‌ستی سیاسی و وه‌کو ته‌کتیکی کورتبین و لاواز به‌رنامه‌ی بۆ داڕێژراوه‌ به‌ڵام ناکرێت بوترێت که‌ ئه‌و گردبونه‌وه‌ و ئاشوبه‌ گه‌وره‌یه‌ ته‌نها به‌ ده‌ستی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پارتی ئه‌نجام دراوه‌ به‌تایبه‌تی سوتاندنی شوێنه‌ گشتیه‌کان.
به‌ڵام به‌شداری که‌سان و لایه‌نی تر له‌و پشێوی و ڕوداوه‌ ناشارستانیانه‌ هه‌رگیز و به‌ هیچ شێوازێك پارتی و سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی سه‌رۆکه‌ دوو ڕووه‌که‌ی له‌و تاوانه‌ ناشواته‌وه‌ .
گریمان پارتی هێنده‌ی که‌سێکی بێلایه‌نی دووره‌ وڵات بێئاگا بوبێت له‌و پشێویانه‌، هه‌میشه‌ به‌رپرسی یه‌که‌م دوایین هه‌ر پارتیه‌ ، به‌و مانایه‌ی پارتی ده‌سه‌ڵاتداره‌ له‌ ناوچه‌که‌دا و به‌ پێی پێویست ڕێگری نه‌کردووه‌ له‌ ڕودانی ئه‌و خراپکاریانه‌.
پارتی له‌ بری ئه‌وه‌ی له‌ شه‌رمه‌زاری کورتهێنانی دا له‌ به‌رقه‌رار کردنی ئاسایش له‌و شاره‌دا، ئه‌و په‌ڕی توانا بخاته‌ گه‌ڕ بۆ ڕوسپی کردنه‌وه‌ی خۆی به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ له‌ ڕێگای ئارام کردنه‌وه‌ی پشێویه‌که‌ و ده‌ست له ‌کار کێشانه‌وه‌ی به‌رپرسیارانی پۆلیس و ئاسایشی شاره‌که‌، گلۆپی سه‌وزیان بۆ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانیان داگیرسان که‌ باره‌گاکانی یه‌کگرتوی ئیسلامی بسوتێنن. به‌مه‌ش پارتی خۆی ده‌خاته‌ تاوانی دوهه‌مه‌وه‌ و دوباره‌ و چه‌ند باره‌ پێشانی ده‌داته‌وه‌ که‌ له‌ هه‌مو کات و شوێنێکدا ئاماده‌ی لاقه‌ کردنی دیموکراسیه‌ت و ڕێگری کردنه‌ له‌ به‌یه‌که‌وه‌ ژیانی بیره‌ جیاوازه‌کان‌.
تاوانی سێهه‌می پارتی هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ناوه‌رۆکی ڕوداوه‌کانه‌ به‌ ئاراسته‌ی ئه‌وه‌ی گوایه‌ توندوتیژی به‌رامبه‌ر برا مه‌سیحیه‌کان و یه‌زیدیه‌کان کراوه‌ و ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا دروستکردنی زه‌مینه‌ی ئاژاوه‌یه‌کی له‌و جۆره‌یه‌. پارتی و سه‌رۆکه‌که‌ی و ده‌زگا پاراستنه‌ تێرۆریستیه‌که‌ی ده‌یانه‌وێت پێکهاته‌کانی هه‌رێمه‌که‌مان به‌یه‌کدا بده‌ن و خۆیان ووته‌نی شه‌ری بۆ بکه‌ن . به‌و مه‌به‌سته‌ی له‌ دوو سه‌ره‌وه‌ سوود مه‌ند بن، یه‌که‌میان به‌هانه‌یه‌كیان بێته‌ ده‌ست تاکو شه‌ڕ دژ به‌ نه‌یاره‌ سیاسیه‌کانیان هه‌ڵگیرسێنن و له‌ناویان به‌رن یان لاوازیان بکه‌ن دوهه‌م له‌و ڕێگایه‌وه‌ نیشانی وڵاتانی ڕۆژئاوای بده‌ن که‌ ته‌نها ئه‌وان زه‌مانه‌تی به‌یه‌که‌وه‌ ژیانی ئایین و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌کانن له‌ هه‌رێمه‌که‌مان دا. له‌ کاتێکدا بۆ هه‌موان ئاشکرایه‌ که‌ له‌ مێژوی گه‌له‌که‌مان دا هه‌رگیز زه‌بر و زه‌نگ به‌رامبه‌ر به‌ ئایین و که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کانی تر که‌ له‌ نێوانمان دا ده‌ژین به‌کار نه‌هێنراوه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌میشه‌ باوه‌شی دۆستانه‌یان بۆ کراوه‌ته‌وه‌ و ڕاکێشراونه‌ته‌ ناو بڕیارده‌رانه‌وه‌ و ڕاوێژیان پێ کراوه‌. کاك ئه‌حه‌مه‌دی شێخ چه‌ندین گوزشته‌ی لێ ده‌گێڕنه‌وه‌ که‌ په‌یوه‌ندی زۆر دۆستانه‌ی به‌ جووه‌کانی سلیمانیه‌وه‌ هه‌بووه‌ و ڕێزی له‌ خۆیان و ئایینه‌که‌یان گرتووه‌. شێخ مه‌حمودی نه‌مر له‌ 1912 دا خوالێخۆش بوو عه‌بدولکه‌ریمی عه‌له‌که‌ی کریستیانی کرده‌ وه‌زیری دارایی مه‌مله‌که‌ته‌که‌ی.
تاوانی چواره‌می پارتی له‌م ڕوداوانه‌دا مه‌سه‌له‌ی کاته‌ و بریتیه‌ له‌ مانۆڤه‌ر و یاری کردن به‌ کات و هه‌ست و که‌رامه‌تی خه‌ڵکی له‌ ڕێگای دروست کردنی لیژنه‌ و لیژنه‌کاریه‌کانی سه‌رۆکه‌ دیماگۆگه‌که‌یه‌وه‌. به‌مه‌به‌ستی کۆن کردنی مه‌سه‌له‌که‌ و پاراستن و ده‌ربازکردنی تاوانباران له‌ سزای یاسایی و ڕاده‌ستکردنی دادگا وه‌ك ته‌واوی ئه‌و بڕیارانه‌ی تری مه‌سعود بارزانی له‌ مه‌سه‌له‌ی ڕاده‌سکردنی تاوانبارانی باره‌گای لقی 4 به‌رامبه‌ر گه‌نجانی به‌ردهاوێژی شاره‌که‌مان. ئه‌و گه‌نجانه‌ی به‌فه‌رمانی سه‌رانی پارتی له‌ بی که‌ی سی نه‌رم تر و شارستانی تریان به‌ بیردا نه‌هات بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خۆیان و داواکاری و به‌رده‌کانیان.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە