دلشاد شهاب خۆی لەبیركردووە كێیە
Friday, 31/07/2009, 12:00
هەرچەندە دلشاد شهاب شایستەی ئەوە نیە لەم سایتە بەناوبانگە ناوی بێت وباس بكرێت بەڵام لەبەر ئەوەی ئەندامی لیستی كوردستانی دۆڕاوەیەو ئەم ماوەیە زۆر لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان بەدیار ئەكەوێت و خۆی وا پیشان ئەدات یەكێكە لە دوانزە سوارچاكەكەی قەڵای مەریوان و ئەگەر ئەوانەی پێشتر ئەو زاتە نەناسن و لە تەلەفزیۆن بیبینن دوور نیە وا تێبگەن ئەوە ئەم زاتەیە كە لە داهاتوێكی زۆر نزیكدا كەركوك بۆ كورد ئەگەڕێنێتەوە سەر كوردستان.
دلشاد لەبیر خۆی بردۆتەوە كە لەماوەی دە ساڵ زانكۆی سلاحەدینی كردە بارەگایەكی حزبی گەورە لەجۆری دەزگای ئەمن و مخابرات و لە خۆهەڵقورتاندن لەكارەباری زانكۆ لە بەعسیەكانیشی تێپەڕاندبوو. دلشاد شهاب كە دێیە سەر تەلەفزیۆن و قسەی زل زل ئەكەی ئەو هەموو تەزویراتەت لەبیرچوو كە بۆ ئەو خەڵكە ئەتكرد بە چوار سەد دۆلار ئەوانەی لە ئیران ئەگەڕانەوەو شەهادت بۆ چاك ئەكردن یان بۆ تێ ئەپڕاند؟ كێ هەیە وەكو جەنابت ئیستفادەی ناڕەوای لە حزبایەتی كردبێ؟ چەند جار بە قبول خاس كە س و كاری خۆت وەك ژنەكەت و برایەكانت لە ماجسترو دكتورا وەرگرت وە بە چ رێگەیەك شەهادەكەت بۆ وەرگرتن؟ رێگەت لە چەند كۆڕە هەژار گرت خوێندنیان تەواو بكەن؟ چەند جار لە كۆبوونەوەكانت لە ناوچە هەڕەشەت لە هەڤاڵانی حزبەكەت ئەكرد و چەند تۆڕی جاسوسیت بەسەر مامۆستاو قوتابیانی زانكۆی سلاحەدین درووست كردبو؟
دوێنی لەسەر تەلەفزیۆن ئەتوت ئەو ناڕەزاییانەی ئەكرێ لەسەر هەڵبژاردن گەیشتۆتە حەدی ئەوەی گومان پەیدا بكەین. ئەوە هەر هەمان ئەو قسەیە كە لە 2005 لەكاتی حەملەی دەستوری عیراق زۆر بەبی شەرمانە لەبەردەم سەدان مامۆستای زانكۆی سلاحەدین و بەهەڕەشەو گوڕەشەو نەڕاندن وتت ئەوەی بڵێ دەنگ نادەم بۆ ئەم دەستوورە دەستی بێگانەی لە پشتە. چونكە تۆ و كەسانی بی مواسەفاتی وەكو جەنابت خوتان بەم قسەیە گرتوەو پێتان وایە هەر كەس لەگەل رای ئێوە نەبێت سەر بە دەزگای سیخوڕی توركیاو ئیرانە. دەزانی ئەو كات بەم قسەیەت وات كرد ئەوەی لەوێ دانیشتبو كەس نەچێتە دەنگدانەكە ئەوەندە لێت تووڕە بون و هەستیان كرد وەكو مناڵ قسەیان لەگەڵ ئەكەیت و هەڕەشەیان لێ ئەكەی، بگرە هەندێ كەس هەر لەوێ گاڵتەیان بەخۆت و عەقڵ و مستەوای كلتوریت كرد.
لەبەرامبەر ویژدانی خۆت رات ئەگرم و تەحەدات ئەكەم ئەگەر نەك تەزویر روی نەدابی بەڵكو ئەگەر خودی خۆشت بەشداریت تیا نەكردبێ و رێكت نەخستنبێ نامەیەك بنووسە بۆ ئەم سایتە یان هەر سایتێكی تر تێدا بڵَی بەشەڕەف و بە ناموسم بەشداریم نەكردوە لە تەزویراتەكەی رۆژی 25/7، شەرتبێ شەرتی پیاوەتی منیش نامەیەك بۆ ئەم سایتە بنێرمەوە بڵیم ئەوە هەمووی قسەی ناحەق بوو كردم بەرامبەر ئەم بەڕێزە.
باش باشیش بزانە ئەو دۆڕاندنە گەورەی توشی حزبەكەت هات لە هەولێر، كە خودی خۆت دەست هەڵەی حزبەكەت ئەدا ئەت وت هەولێر سەدا نەوەدی بەلای كەمی هی خۆمانە، لەئەنجامی كەسانی وەكو جەنابت بو كە راست و چەپ بەرببونە گیانی خەڵكی بەشەڕەفی شاری هەولێر دڵنیاشین هەروەك چۆن ببویە نموونەی كادرێكی كەللەرەقی پارتی هەمان شت دەبیتە نمونەی پەرلەمانتارێكی كەللەڕەق و شەڕانگێزیش و ئەوەندی تر وێنەی حزبەكەت ئەشێوینێ و لە جەولەی داهاتوو بیست سی كورسی تریشی پێ لەدەست ئەدەیت.
دلشاد شهاب
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست