Wednesday, 13/01/2010, 12:00
هەر لە سەرەتای دامەزراندنی (ی ن ك) بە ئایدیایەكی تێكەڵ و پێكەڵەوە دەستی بە تێكۆشان كرد لە سەر هیچ ئایدیۆلۆژیا و فەلسەفەیەك خۆیان ساغ نەكردبووە،بەگوێرەی هەل ومەرجی ڕۆژگار بانگەشەیان دەكرد و سیاسەتیان بەڕێوەدەبرد ،زیاتر گرنگیان بە دروشمی قەبە و بریقەدار دەدا،ئەو دروشمانەی كاریگەری دەخستە سەر گەنجان و خوێنكاران سەرنجی ڕادەكێشان، ئەوەی كە ڕۆڵی سەرەكی لەم پڕۆسەیەدا بینیوە سەركردایەتی ئەو ڕێكخراوە بووە،جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ڕۆڵێكی سەرەكیان بینیوە ،بەهۆی ئەم بێسەرەو بەرەییەوە(ی ن ك)دووچاری قەیرانێكی زۆری ڕێكخستنی سیاسی و ئیداری بووە ،بەڵام بەهۆی دەستێوەردانی نێودەوڵەتیەوە ئەم قەیرانە خۆی خستە ژێر پەردەی سیاسەتی دەوڵەتان لە هەرێمی كوردستاندا،لەلایەكەوە ئەم دەستێوەردانە بوو بە خێرو بەرەكەت بۆ شاردنەوەی ئەم قەیرانانە،لە لایەكی تریشەوە دەوڵەتان توانیان سوود لەم كەم و كوڕیانە ببینن و ئەو هێزانە بخەنە خزمەتی سیاسەتەكانی خۆیان.
لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991وە هەرێمی كوردستان لەناو گەندەڵیەكی بێ وێنەدا دەژی و هەتا ئێستاش ئەو گەندەڵیە نەك چارەسەر نەكراوە بەڵكو قوڵتر بووەتەوە،گەندەڵیەكە هەموو لایەنەكانی كاركردن و بە ڕێوەبردن و ئابوری و سیاسی گرتووەتەوە،هەرچەندە لەلایەن جەماوەرەوە ڕەخنەیەكی زۆر گیراوە هەوڵدراوە بەڵام چارەسەر نەكراوە چونكە ئەو ڕەخنانە بە هەند وەر نەگیراوە لە لایەن دەسەڵاتەوە،ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ناڕەزایی و بێزاری خەڵكی ئەم هەرێمە لە زیادبووندا بووە. حیزبە دەسەڵاتدارەكانی ئەم هەرێمەش بۆ ئەوەی بتوانن خەڵكی بێدەنگ بكەن و سیاسەتی خۆیان بسەپێنن كەتوونەتە سیاسەتی چەواشەكاریانە و فشار هێنان بۆ جەماوەر، بێگومان لەم قەیران و نەهامەتیەدا هەموو دە سەڵاتدارە حیزبیەكان ڕۆڵی سەرەكیان هەیە،گەندەڵیەكە هەر لە سەرەتای ساڵی 1991وە دەستی پێكردووە نەوەكو لە دوای ساڵی 2008وە كە ناكۆكی لە نێوان تاڵەبانی نەوشیرواندا دەستی پێكرد،شەڕی ناوخۆ دەرەنجامی ئەو عەقڵیەتە لاوازو سیاسەتە چەواشەكارییە بوو،بە بۆنەی شەڕی ناوخۆی ئەم هەرێمەوە دەوڵەتە هەرێمیەكان توانیان بە ئارەزوی خۆیان دەستبخەنە ناوهەرێمی كوردستانەوە و ئەوەندەی تر كێشەكەی ئاڵۆز بكەن، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنی ساڵی 2005وە خەڵكی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر سیاسەتی چەواشەدا لە ساڵانی پێشووتر هۆشیارانەترو بە ئاگاتربوون،دەوڵەتەهەرێمیەكانیش بە پێشكەوتن و هۆشیاری جەماوەری هەرێمی كوردستان زۆر ناڕەحەت و تەنگاوبوون و بە دوای ئەلتەرناتیفێكی تردا دەگەڕان خۆ ئەگەر لەدەرەوەی ئیرادەی ئەوان ڕەوشی هەرێمی كوردستان بەرەو ئاڵۆزی بچێت وەكو ئەوە وایە هەنگوینیان لە كونە داردا دۆزیبێتەوە.
ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی لیستی گۆڕان و (ی ن ك)كەزیاتر لە دوای هەڵبژاردنی 25/7/2009 ی هەرێمی كوردستان دەركەوت،بەدوای ئەوە (ی ن ك)پلینێۆمی بەست و جەلال تاڵەبانی ڕەخنەیەكی زۆری لە خودی نەوشیروان مستەفا گرتووە زۆربەی كەم وكوڕی و قەیرانەكانی خستووەتە ئەستۆی نەوشیروان مستەفا،ئەمیش لە وەڵامدا ئەو تاوانانە ڕەتدەكاتەوە و ڕەخنەیەكی دوورو درێژ لە خودی جەلال تاڵەبانی دەگرێت ،بەگوێرەی ئەو ڕەخنانەی هەردوولا ئەم ناكۆكی و كەم و كوڕیانە دیارە مێژوویەكی درێژی 20 تا 30ساڵەی هەیە بەڵام ئەم دوو كەسە لە نێوان خۆیاندا دیزە بە دەرخۆنەیان كردووە ،یان ئەوەتا ئەم شەڕو ناكۆكیە سینارێۆیەكە بۆ فریودان و لە خشتە بردنی خەڵكی كوردستانە،یان ئەم ناكۆكی و كەم وكوڕیانە لە دوو لایەنی دژبەرو دووئایدیا جیاواز هیچی كەمتر نییە ،ئەوەی سەرنجی منی ڕاكێشا لەم هەراو هوریایەدا ئەگەر دوو ساڵ لەمەو پێش هەركەسێك ئەو ڕەخنانەی ئەوان لە یەكتری دەگرن ئەگەر لەوانیان بگرتایە یەك لەسەر یەكتر وورگی كەسی سێیەمیان دەدڕی،ئەگەر یەكێك نەوشیروان مستەفا نەناسێ ئەڵێ بە درێژایی ئەم 20 ،30ساڵە هەردوژمنی یەكتری بوون تەنانەت بۆ تەنها ساتێكیش بە یەكەوە نەژیاون ،نەوەكو 40 ساڵ لەناو یەك ڕێكخستندا بە یەكەوە كاریان كردبێ،سەرەڕای ئەوەی كە ئەو دووكەسە لە ئاستێكی بەرزی سیاسی كاریان كردووە سەركردایەتی حیزب و خە ڵكیان كردووە،ئەو هەڵە كەم و كوڕیانەی ئەوان دەیخەنە پاڵ یەكتر هەروا كارێكی ئاسان نییە زۆر جار سیاسەتكردن بە هەڵەیەكی بچووك خەسارەتێكی گەورە ئەدرێ و ڕەنگە هەڵدێرو نوچدانیش بەدوادا بێت نەوەكو ئەم هەموو كەم و كوڕی خیانەتە كە ئەمانە بە هیچ پێوەرێك نابێ سەركردەیەكی سیاسی ئەنجامی بدات ،دەرئەنجامەكانیش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن نەوەكو ئەمە تاوانێك بێت و هەڵبەسترابێ، بەڵكو لە ڕاستیدا هەبووە و ڕوی داوە ،خاوەندارێتی كردن لە ماف و ژیانی جەماوەر ئەركێكی پیرۆزە بەڵام نەوەكو تەنها بە ووتن بەڵكو بە پێكهێنان لە بواری كرداریدا،دەبێ ڕنگدانەوەی هەبێ لە ژیان و بە ڕێوەبردندا،خۆ دیكتاتۆرەكانیش بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە لە هەموو كەس زیاتر داكۆكی لە ماف و پێداویستیەكانی خەڵك دەكەن و بە تەنگ خەڵكەوە دێن،خۆ ئەگەر بە بانگەشە و پڕوپاگەندە بوایە كەس زوڵمی لە كەس نەدەكرد،شۆڕشكردن لە كوردستاندا هەروا كارێكی ئاسان نیە تەنها بە كۆمەڵێ بانگەشە و دروشمی بریقەدار ئەنجام بدرێ داكۆكی كردن لە مافی كورد ڕووبە ڕووی فشاری هەرێمی و نێودەوڵەتی دەبێتەوە جا ئەگەر بزوتنەوەیەك خاوەنی ئیرادەیەكی پۆڵاینی سەربەخۆ نەبێ ناتوانێ داكۆكی لە مافی گەلی كورد بكات، دوژمنانی كوردیش ئەوەیان دەوێ دووكورد نەتوانن بە یەكەوە تە بابن و ڕێكبن،لەم قۆناغەشدا كە دەوڵەتەداگیركەرەكانی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدان كە ئەو ناكۆكیانە قوڵ بكەنەوە،ئەمەریكاش بێ ڕۆڵ نەبووە لە كێشە و ئاژاوەنانەوە لەناوكورداندا ،خۆ ئەگەر كێشەیەك لە قازانجی خۆیدا نەبێت ئەتوانێت زۆر بە ئاسانی كپی كاتەوە،دیارە هەموو دەوڵەتان هەست بەوە دەكەن گەلی كورد هەوڵی یەكێتی و نزیك بوونەوەیان هەیە،ئەم یەكێتی و نزیك بوونەوەشیان بە قازانجی ئەوان تەواو نابێ هەتا بۆیان بكرێ بە ئاشكراو بە نهێنی دەست وەرئەدەنە ئەم مەسەلەیە زیاتر ئاڵۆزی دەكەن لەم كات و ساتەدا كە پێویستە لایەنەسیاسیەكانی كوردستان لە هەركاتێك زیاتر ئاگاداری دەستێوەردانی دەرەكی بن و سیاسەتێكی نەتەوەییان هە بێت،بۆ ناوخۆش دەبێ پڕۆسەی دیموكراتی پێش بخەن بەرژەوەندی گەل بە بنەما بگرن نەوەكو لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی بازرگانی بە مەسەلە چارەنوس سازەكانەوە بكەن لە ژێر هەندێ بیانوودا،سیاسەتی ئەو دوو لایەنە پڕە لە كەم و كوڕی لاوازی دەبێ ڕای گشتی شەقامی كوردی بەهەند وەربگرن نەوەكو بڕیارو پڕۆژەی دەوڵەتان كاتی ئەوە هاتووە هەڵوێستیان بەرامبەر بە دەرەوە توند كەنەوە و واز لە سازش و ئەو سینارێۆیانە بێنن كە پاكانە بۆ دەستدرێژی دەوڵەتان دەكات و بەڵام لە بەرامبەر بچوكترین ناڕەزای جەماوەری گەلی كورد خۆش نابن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست