بۆ هەردوو علوجەكەى دوكان و پیرەمەگروون (قایمقام و مدیر ناحیە)
Thursday, 04/06/2009, 12:00
هەواڵى تڕۆكردنەكەى عیماد ئەحمەد لەلایەن دانیشتوانى ناحیەى پیرەمەگرونەوە لەڕۆژنامەى ڕۆژنامەدا بڵاوكرایەوە و گوایە پێشتریش لە ئینتەرنێتدا بڵاوكراوەتەوە ,تائێرە زۆر ئاساییە, بەڵام ئەوەى كەمنى تووشى شۆك كرد ئەوەیە كەلەژمارەى ڕۆژى 2/6/2009 ى كوردستانى نوێ ئەم هەواڵە لەلایەن قایمقامى دوكان و مدیر ناحیەى پیرەمەگرونەوە بەدرۆ خراوەتەوە.
بەڕاستى سەیرە كە مرۆڤ ئەوەندە ڕووقایم بێت بتوانێت درۆى ئاوا گەورە بكات!!! من كە خۆم یەكێك بووم لەئامادەبوانى كۆبوونەوەكە و بەچاوى خۆم ئەو ڕووداوەم بینى كە چۆن خەڵكى پیرەمەگرون لەڕق و بێزاریاندا نەیانهێشت عیماد ئەحمەد كۆبوونەوەكە تەواوبكا و بەپەلەپەل لەترسى جەماوەر بۆى دەرچوو بەڵام جەنابى قایمقام و مدیر ناحیە ئەو خەڵكە ئەوەندە بەسادە و ساویلكە بزانن و بڵێن شتى وا ڕووینەداوە!!!
من كارم بەسەر تەكەتولاتى حیزبى و ئەو هەراو زەنایەوە نیە كە ئەمڕۆ لەئارادایە بەڵام بەڕاستیی ئەوە سووكایەتیە بەرامبەر بەهاووڵاتیانى ئەم ناحیەیە كە درۆى ئاوا گەورە لەلایەن بەرپرسەكانیانەوە بكرێت چونكە بەلاى منەوە درۆكردن جگە لەوەى خاوەنى درۆكە بێ اعتبار و رسوا دەكات لەهەمان كاتدا سوكایەتى كردنە بۆ هەموو ئەوانەش كە درۆكەیان بۆ دەكەن و بەكەم عەقڵ سەیریان دەكەن.
من لەجەنابى قایمقام و مدیر ناحیە دەپرسم هەر بەڕاستى مانەوە لەپۆست و پلەوپایەدا و پێكەوەنانى سەروەت و سامان لەسەر حسابى خەڵكى ڕە شو ڕووت ئەوە دەهێنێ كە ئاوا بەئاشكرا درۆبكەن و حورمەت و كەرامەتى خۆتان بخەنەژێر پێتانەوە ؟ ئاخر خۆ ئەگەر كەسانێك ئاگایان لەم ڕووداوە نەبووە بەهەرحاڵ لەوانەیە باوەڕ بەقسەكانتان بكات (هەرچەندە واى لێهاتوە خەڵك باوەڕ بەڕاستیەكانیشتان ناكات) بەڵام لانى كەم ئەوانەى كە ئامادەى كۆبونەوەكە بون بەئاشكرا ئەم درۆ گەورەیەى ئێوە هەست پێدەكەن و هیچ متمانەیەكتان نامێنێ لەلایان (هەرچەندە نیتانە!!) ئاخر ئێوە نوێنەرى ئەم حكومەتەبوون بۆیە ڕۆژمان بەم ڕۆژە گەیشت!
دیسان لەجەنابى قایمقام و مدیر ناحیە دەپرسم :ئەرێ پێم ناڵێن ئەم هەموو پەتپەتێنەتان لەچیە؟؟؟ ڕۆژیّك لەمەڵبەند و ڕۆژێكى تر لەگردەكە و .....هتد ئەرێ پێم ناڵێن ئێوە چیتان بۆ خەڵكى خێر لەخۆ نەدیوى ئەم ناوچەیە كردوە؟ یەكێتى داواى خۆساغكردنەوە لەئەندامانى خۆى دەكات بەڵام ئێمەش وەك هاووڵاتیانى پیرەمەگرون داواى خۆساغكردنەوە لەئێوە دەكەین چونكە بەڕاستى ئەگەر ساغبوونەوەتان بەلاى باڵى ریفۆرمدابێت ئەوەا ئێمە یەك دەرزەن ریفۆرم بەفلسێك ناكڕین.
هەربەڕاستى جەنابى مدیر ناحیە تۆ چاوت ئەو هەموو كەموكوڕیەى پیرەمەگرون نابینێت؟ كە ئاوا مێشت میوان نیە و هەرخەریكى پەتپەتێن و ژیانى تایبەتیی خۆتى؟ پێم ناڵێی چیت بۆ ئەم خەڵكە ڕەش و ڕووتە كردوە ؟ كاتێكیش ڕق و بێزاریی خۆیان دەردەبڕن ئەم درۆ گەورەیە دەكەیت و دەڵێیت وانیە؟؟!!
دیسان لەجەنابى قایمقام دەپرسم : تۆ كەهێشتا تەپوتۆزى ئیسلامى سیاسى و سەلەفیەتت لەخۆت نەتەكاندوەو تائێسستا ئەگەر شڕواڵەكەت یەك بست لەسەر ئەژنۆتەوە نەبێت بە بیدعەى دەزانیت !!! دەكرێ پێم بڵێی كە لەماوەى ئەم چەند ساڵەدا چیت بۆ ناوچەكە كردوە؟
تامدیر ناحیەى پیرەمەگرون بویت خەریكى خوێندن بویت ولەسەر حسابى پۆستەكەت خوێندنت تەواوكرد و ئێستاش ئەوەى من بیستومە خاوەنى ڕیزێك سەیارەیت و عەرزەى 15 دەفتەریی دەكڕیت و باخى تایبەتت دروستكردوە!!!! ئەرێ بەڕاست پێم ناڵێی (ئەمەت لەكوێ بو) ؟؟ ئەى ئەمەیان بیدعە نیە؟؟
خەڵك گلەیی لەحكومەت دەكەن و دەڵێن بودجەكەمان دیار نیە ,ئەرێ جەنابى قایمقام دەكرێت تۆ باسى بودجەى ئەم ناوچەیەمان بۆ بكەیت و پێمان بڵێیت پارەى ئەو چەند پرۆژە نیوەناچڵانەى ناوچەكە و پارەى ووشكەساڵى چۆن سەرف كراوە؟؟؟؟!!!!!
بەڵێ لەپاداشتى ئەو دەست كراوەییەتاندا بۆ حەپەلوشكردنى داهات و سەروەت و سامانى خەڵك ئەمڕۆ دێن درۆ بۆ ئاغاكانتان دەكەن و دەتانەوێ نانەكەتان حەڵاڵ كەن؟؟؟؟!!!!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست