داواى گۆرانكارى دلسۆزیەو بە دەنگەوە هاتنیشى ئازایەتیە !
Saturday, 02/11/2013, 12:00
زۆرن ئەو نمونانەى كە بە درێژایی مێژووى حیزبى شیوعى عێراق و حیزبى شیوعى كوردستان كە دەكرێ پەندیان لى وەرگیرێ چ لەلایەن سەركردایەتى حیزب یاخود لەلایەن ئەوانەى داواى گۆرانكارى یان پێداچومەوە بە سیاسەتەكانى حیزب دەكەن كە هۆكارى لاوازبوون و دووركەوتنەوەى جەماوەرن لە حیزب , كاتیك داواى گۆرانكارى و داخوازیەكان لەلایەن دەسترۆیشتوانى حیزب پشتگوێ دەخرێ و خودى ئەوانەش كە داواكاریان هەیە لە حیزب پەراوێز دەخرێن و دەكەونە بەر ڕق و قینەى ئەوانەى دەیان ساڵە لە پشت مێزو كورسیەكانیان و تەنها لەسەر كاغەز ڕووداوەكان دەبینن و خوێندنەوەیان بۆى هەیە بێ ئەوەى بێنە ناو خەڵكو جەماوەرى خۆیان بڕیارى نا دروست دەدەن , سەرئەنجام هەر تەنها حیزبە زیانى بەر دەكەوێ جا چ بە هۆى ئەوەى ووزەو توانایەكى زۆرى ئەو حیزبە لەدەست دەچن ئەویش بە لەدەستدانى باشترین و دڵسۆزترین كادیرانى یاخود لە هەڵبژاردنەكان گورزى گەورەمان بەردەكەوێ كاتیك نەك هەر جەماوەر بەڵكو خودى ئەندامانى ئەو حیزبە بەرەو سندوقى دەنگدان ناچن كە ئەوەش كاریگەریەكى زۆر ترسناكی هەیە چونكە جەماوەر ئامادەنیە دەنگ بداتە حیزبیك كە كادیرو ئەندامانى خۆى دەنگى بۆ نادەن !
زۆر بەداخەوە سەركردایەتى حیزب لە هەردوو هەلبژاردنى 25-7-2009 و 7-3-2010 ئاگادارى ئەو كارەساتەبو وەلە راپۆرتى لێژنەى ریكخستنى ناوەندى حیزب (لتم) ئاماژەیەكى زۆر رونى بۆكرا , كەئەوە یەكەمجارە ئەندامانى حیزب بەو شێوازە مامەڵە لەگەڵ حیزب دەكەن كە پێم وایە ئەو شێوازە وەڵامێكى قاعیدەى حیزب بوو بۆ سەركردایەتیەكەى كە ئیوە سیاسەتێكى هەڵەو ئالیەتیكى كاركردنى هەڵە پەیڕەو دەكەن و ئامادەش نین چاكى بكەنەوە كەواتا ئێمە دەنگ بەو سیاسەتە نادەین !
سەیر لەوەیە پاش ئەو كارەساتەى هەردوو هەڵبژاردن نەك هەربەو سیاسەتە دۆراوەى خۆیان دا نەچونەوە بەڵكو ئەوجارە وەك بلیى لە دژى ئەو داواكاریانەى دلسۆزانى حیزب زیاتر پەرەیان بەو سیاسەتەداو ڕویەكى ناشیرین تریان پێشكەش كردو بوینە كەوا سورەى پێش لەشكر , نەك هەر لەدژى هەڵەو كەم وكورى و گەندەڵیەكان نەوەستاینەوە بەڵكو پینەو پەرۆشمان بۆ دەكردو بەرگریشمان لێ دەكرد لەلایەن ووتە بیژوو راویژكارەكەمان لە حكومەت !؟ لەلایەكى تر ڕێكخراوەكان و ئەندام و كادیرانى حیزب لە ئەنجامى نەبونى پەیامێكى ڕوون لەو ماوەیە لە حالەتى سڕبون یا ئەوپەڕى سستى خۆیان گوزەریان دەكردو قیادەش هەر لە ژوورەكانى خۆیان لەپشت مێزو كورسیە نایابەكانیان دوور بە دوورى سەیرى ئەو كارەساتەیان دەكرد بێ ئەوەى هەنگاو بهاوێژن بۆ چارەسەركردنیان ! قاعیدەى حیزب و جەماوەرەكەى دەبێ بە بەردەوامى لەمەشقدابن و پەیامێكى روون و ئازاو بوێرانەیان لەپشت بێت , هەروەها سەركردایەتیەكەشى ببێتە نمونەیەكى جوان و ڕابەرێكى جەماوەرى, ئایا لەدواى هەدوو شكستى 2009 و 2010 چیمانكرد بۆ ئەوەى لە هەڵبژاردنى 21-9-2013 هەمان كارەسات دووبارە نەبیتەوە , وەڵامەكەى دیارەو لەبەر چاوە لە 2009 كۆمەڵك كادیرو دڵسۆزى حیزب وەدەرنران و هەرەشە لە كۆمەڵێكى تر كران و رێكخراوەكانى حیزب لە شونى خۆیان چەقیبون و بێ بوونى پەیامێكى ئازاو بوێرانەى حیزب سەرئەنجام هەمان كارەسات دووبارە بوەوەو دیسان كۆمەلێ لە كادیرو دلسۆزانى حیزب دەنگى نارەزایەتییان لى بەرزبۆوە , دووبارە لەبرى ئەوەى داخوازیەكانیان گوێى لێ بگیرێ و دیراسەبكرێ ,بەهەمان عەقلیەتى جاران كەوتنەوە بانكردنەوەى ئەوانەى لەپشت ئەو داواكاریانەن و هەرەشەیان لیكراوە بە سزادان و نانبرین !! ئیستا زۆربەى ریكخراوەكانى حیزب لەهەمووجۆرە چالاكیەك وەستاون تەنها چالاكى كە بوونى هەبیت هەندێ دەستەى حیزبیە بۆ لێكۆڵینەوەو بانگكردنى دلسۆزانى حیزب , واتا خولانەوەیەكى بێ سوود لەناو بازنەیەك سەرەتاو كۆتایى دیارنیەو تەنها بە هەدەردانى ووزەو تواناى حیزبە ئەویش ئەگەر یەكێك لێى بەرپرس بیت ئەوە بێ هیچ گومانێك ئەوچەند كەسە دەسترۆیشتوەى سەركردایەتى حیزبە كە سالەهاى سالە لە سایەى هەڵس و كەوت و شێوازى كاركردنیان ئەو ئەنجامانەى لێ كەوتەوە كە بینیمان , تۆ بڵى نهێنى چى بێت ئەوانە ئەوەندە بە گۆرانكارى قەڵسن !!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست