كامانە بوون گۆڕانخوازانى گەرمیان و كفرى, خاوەنەكانى پرۆژەى لەم جۆرە؟

Friday, 27/08/2010, 12:00


كامانە بوون گۆڕانخوازانى گەرمیان و كفرى, خاوەنەكانى پرۆژەى لەم جۆرە؟ یان پاڵەوانەكانى گیرفان(تەرزێ لە باڵى ڕیفۆرم)؟!! بۆچى باڵى ڕیفۆرم نەوشێروانیان كردۆتە مۆتەكە لەدژى ئەو گەنجانەى بەباوەڕەوە ویستیان وڵات بگۆڕن.
تێبینى: ئەم نامەیە شێوەیەكە لە لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنى بارودۆخى دواى هەڵبژاردنى 25/ 7 نێردراوە بۆ بەڕێز نەوشێروان مستەفا كە داواى كردبوو لە ئۆفێسى شارەكان, بەڵام خاوەنەكانى ئەم ڕاپۆرتە بەهۆى پەیدابونى گروپە كۆنەكەى ناو یەكێتى و ئیستغلالكردنى گۆڕان بۆ خۆیان و تایەفەكانى دەوروبەریان و ملكەچكردنى ستراتیژیەتى بزوتنەوەكە بۆ هەندێ شتى تایبەتى لەبەرامبەر یەكێتى و پارتى دا, پاشەكشەیانكردو هەڵوێستى ئۆپۆزسێۆنى ڕاستەقینەیان هەڵبژارد, ئێستا زۆرینەى ئۆفێسەكانى گۆڕان لەگەرمیاندا خەڵكانى گۆڕانخوازى خاوەن فیكرو پرۆژەى تیانەماوەتەوە, بەڵكو پرَ كراوە لەوانەى كە تەنیا كاریان باسكردنى (موچە كەى دێ, چۆن زەوى وەربگرین, خۆتان بەخەبەر مەكەنەوە لە یەكێتى و پارتى و دەزگاكانیان و حەقتتان نەبێ و ڕەخنە مەگرن, كەى دەمانگەڕێننەوەو دەمانكەن بە مودیرەكەى جاران, من جاران بەرپرسى ئەم شارەبووم و هەمووشتێ بەدەست خۆم بوو, كاك فڵان واى فەرموو فڵان بكرێتە ئەندامى ناوچە و قەزا لە گۆڕان, پەرلەمانتارەكانمان ڕەخنە دەگرن و بۆ ئایندەى گۆڕان باش نیە و بودجەمان نادەنێ, ئەمە چیە ئەم ڕۆژنامەنوس و كەى ئێن ئێن هەر خەریكى ڕەخنەیە قوڕ دەكەن بەسەرمانا, نەپاڵیۆریم بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو موفاجەئە دەكەم, یان هەندێكێان ڕەخنەیان قەبوڵ نەبوو پێیانوابوو حەرامە و مەڵبەندو كۆمێتەكەى جارانە و دەیانگوت موفاجەئە دەكەین , واتا دەگەڕێنەوە بۆ ماڵە گەرورەكە!!! و كۆمەڵێ شتى تر....ئەم تایەفانە وەزیرە ڕیفۆرمخوازەكەى پێشووى ناوخۆ بەهاوكارى عادل شكور سەرۆكیانە و دەیانەوێ ئاوەەها سیستەممان بۆ بگۆڕن!!!!!)

براى بەڕێزمان كاك نەوشێروان مستەفا
سڵاوێكى زۆرگەرم
بەپێویستمان زانى, دواى تەواوبونى پرۆسەى هەڵبژاردنى 25/7/2009,ئەم ڕاپۆرتە شیكارییە بۆ بەڕێزت بنێرین كە چەند تەوەرێكى لەخۆگرتوە, بە ئومێدین توانیبێتمان لە ئاست شیكردنەوەى لایەنەكانى ڕاپۆرتەكە و بەشێ مەیدانى باسەكەمان ڕاستگۆیانە خستبێتە ڕوو, بەباشمانزانى بە چەند پۆستێكى ئەلیكترۆنى تایبەتدا بۆتى بنَیرێن.


لیستى گۆڕان لە ئاستى قەزاى كفرى دا -(ڕابردوى نزیك, ئێستاى نادیار, ئایندەى دوور و نزیك)(لە ڕاپۆرتێكى شیكارى تایبەت دا)

كاتێ لیستى گۆڕان بەفەرمى خۆى بەشدار كرد لە هەڵبژاردنى پەرلەمان دا, ژمارەیە زۆر لەخەڵكى كوردستان بە ئاگابوون ئەم لیستە كۆمەڵێ كەس لە پشتیەوەن كە پێشتر سیمبۆل و كەسایەتى ناو حیزبێكى دەسەڵات بووون و دواى وازهێنانیان لە پلە و پایەى حزبى, كۆمپانیاى وشەیان دامەزراندوە و بۆ ماوەى نزیكەى دوو ساڵە ئەو كۆمپانیایە بەدەر لە كارى ئیعلامى بە ئاشكرا دیار نەبووە خاوەن چ جۆرە ئاراستەیەكى سیاسیە,بەڵام خاوەنى ڕۆژنامە و وێب سایت و بەمدوایانەش تەلەفزیۆَنێكى ئاسمانیە, واتا مەرجەعى ئاگاداربون لەبەشێ هەنگاوەكانى كۆمپانیاى وشە لەلایەن خەڵكى كوردستانەوە دەگەڕێتەوە بۆ دواى دامەزراندنى تەلەفزیۆنى ئاسمانى(knn ) , بەڵام بەتەنیا ئەو خاڵەش بەس نەبو هەموو خەڵك تێیبگا كۆمپانیاى وشە چیە؟ بۆ دامەزراوە؟ مەبەستى چییە؟ دەیەوێ بەچ ئسلۆبێ سیاسى كاربكات لە ئایندەدا؟ یان هەندێ جار لە ڕاگەیاندنەكانى حزبى سەر بەدەسەڵات هێرش دەكرایە سەر كەسایەتى و هەیكەلى كۆمپانیاكە, وایدەكرد جۆرە بەدبینیەك لاى خەڵك دروستبێت بە تایبەتى ئەوانەى جۆرە هۆشیارییەكى كۆمەڵایەتى سنورداریان هەیە, ئەمە وایكرد كاتێ كۆمپانیاى وشە لیستێكى ڕاگەیاند موفاجەئەیە تەنانەت لاى ئەوانەى سەردانى كۆمپانیاى وشەیاندەكرد و ئاگاداربون لە بەشێ بەرنامەكانى, لە ئاستى خەڵكدا بەگشتى ئەو لیستە نەیتوانى لەماوەى بەڕەسمى بانگەشەكردنیدا بەتەواوى كار لە زیهنیەتى تاكى كوردى بكا یان وەڵامى زۆرێ لە پرسیارەكان بداتەوە, جگە لەوانەى لەناو یەكێتیدا بون و هەوداران بوون بەهەر ڕێگایەك بە كەسایەتیەكانى ناو كۆمپانیاى وشە و چاوەڕوان بون بەهەركارێ هەستێ پشتیوانى لێبكەن, ئەمانەش لەكاتى ڕاگەیاندنى لیستەكەدا هەندێكیان لە ژێر گوشارى خۆ ساغكردنەوەدا دەركران و ژمارەیەكیشیان وازیان هێنا و كۆمەلێ دیكەشیان نەیتوانى درێژە بە بیروباوەڕى خۆیان بدەن و ملیاندا بۆ پارە و ئیمتازاتى حزبى, و ژمارەیە كەمیان لە ژێر ڕێینماییەكانى سەركردەكانى باڵى ڕێفۆرم دا مانەوە, با بزانین بۆچى لیستى گۆڕان موفاجەئە بوو, لە ئاست قەزاى كفرى بەتایبەتى و كوردستان بەگشتى:.
1_وەك لە سەرەوە ئاماژەمانپێكرد ژمارەیە كەم نەبێت لە دۆست و دڵسۆزانى كەسایەتیەكانى ناو كۆمپانیاى وشە دەیانزانى بەشێ لە بەرنامەى ئەو كۆمپانیایە چیە, بەنیسبەت خەڵكی عەوامەوە نەیاندەزانى كۆمپانیا هەنگاى گەورەى لەپێشە لە ئاست هەوڵدان بۆ گۆڕینى نەخشەى سیاسى, ژمارەیەكیش كەم نەبون تا ڕاگەیاندنى لیستەكە وایدەزانى ئەم لیستە دەرهاوێشتەى كۆمەڵێ كێشەى ناو یەكێتیە و دوبارە كردنەوەى هەڵبژاردنەكانى پێشووە, لە ئاست قەزاى كفرى دا, حزبەكانى سەر بەدەسەڵات سودیان لەو خاڵە وەرگرت بۆ ئەوەى خەڵكى واتێبگەیەنن بەتایبەتى مەڵبەندەكانى یەكێتى.
2_یەكێتى و پارتى توانیویانە وا خەڵك تێبگەیەنن یان پیشانبدەن پرۆسەى هەڵبژاردن لە كوردستاندا هیچ نیە جگە لە موعادەلەیەكى نەگۆڕ و گۆڕینى كۆمەڵێ دەموچاو, عەدنان بە عومەر و نێچیر بە بەرهەم و بەختیار بە ئازاد.......هتد, ئەم خاڵە توانیویانە لەڕێگەى ڕاگەیاندنەكان و شۆێنە حزبیەكانیانەوە لەمێشكى تاكى كوردى دا بچەسپێنن, هەر كەسێ لەخەڵكى كوردستان دەست ببا بۆ گۆڕینى ئەو موعادەلەیە ئەوا بەر سزا و غەزەبى ئەوان دەكەوێ, ئازاردانى لایەنگرانى گۆڕان و نانبڕینى هەندێ لە فەرمانبەران و ترساندنى ئەوانى تر, ئێمە بۆ ئەو هۆكارە دەیگەڕێنینەوە, لیستى گۆڕان لە ئاست قەزاى كفرى دا توانى ژمارەیە لە خەڵكى قەناعەت پێبكا بەڵێ ئەو لیستە بۆ گۆڕینى موعادەلەكەیە و فریاد ڕەسە بۆ ئەوانەى بڕیاریانداوە بیگۆڕن بەڵام قەلەقن یا دەترسن.هەندێ خاڵى تر ماوە باسى بكەین بەڵام لەبەر ئەوەى گشتیى یە جێیدەهێڵین بۆ خەڵكانى پسپۆڕ و شارەزاتر قسەى لەبارەوە بكا.

لێرەوە پێمان باشە بگەڕێنەوە بۆلاى لیستى گۆڕان لە ئاستى قەزاى كفرى دا, چۆن دروستبوە؟چۆن كارى كردوە بەچ شێوازێ؟ ئیجابیات و سلبیاتەكانى ئیشكردنى؟ چاوەڕێ چى دەكرد لە ئەنجامى هەڵبژاردنەكان؟ بۆچى دوەم دەنگى بەدەستهێنا؟ بەڵام لە كاتى وەڵام دانەوەى ئەو پرسیارنەدا لەهەندێ شوێندا ناچار بگەڕێنەوە بۆ چەند خاڵێكى گشتى كە كاریگەرى لەسەر كۆى پرۆسەكە داناوە و لەهەموو شارو شارۆچكەكاندا بەدەر لە ژێر دەسەڵاتى بنەماڵەى بارزانیدا لەهەوڵیر و دهۆك ئەگینا عامیلە گشتیەكان ڕۆڵیان هەبوە, بەدەر لەهەندێ ناوچەى تایبەت بۆ نمونە هەندێ قەزا و ناحیە و گوند هەیە لەگەرمیاندا خاسیەتى تایبەتیان هەیە و گۆڕانیان زەحمەتە, ئەگەرچى گۆڕان هەنگاوى باشى لەو بارەیەوە نا.
وەك هەموو شوێنەكانى ترى كوردستان ئۆفێسى كفرى, لەلایەن كۆمەڵێ مامۆستا و گەنج و ڕۆشنبیرەوە دامەزرا, دیارترین بەشەكانى ئۆفیسى كفرى بریتى بوو لەبەشەكانى: ڕاگەیاندن, كارگێڕى, ڕێكخستن, مامۆستایان و خوێندكاران, كۆمەڵایەتى, لیژنەكانى گەڕان, لەگەڵ كەسانى تر بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەو خۆ پەیوەندیان بەو ئۆفێسەوە دەكرد.
كارەكانى:
1_هەوڵدان بۆ ناسینى ئۆفێسەكە بە خەڵكى قەزاكە .
2_بەشداریكردن لە هەڵمەتەكانى هەڵبژاردن(بڵاو كردنەوەى پۆستەر, شیكردنەوەى بەرنامە و پرۆگرامى لیستەكە, بەگەڕخستنى لیژنەكانى گەڕەك, بۆ دوجار گەڕانى شوێنەگشتیان بە سەماعە و داوەتكردنى خەڵك بۆ تێگەیشتن لەبەرنامەى لیستەكە.
3_دیاریكردنى چاودێرەكانى سەرسندوق و سەرپەرشتى كردنیان.
4_پێشوازى كردن لە هەموو جۆرە خەڵكێ و ڕێكخستنى كاروبارەكانى بەرپرسانى باڵاى لیستەكە.
لیستى گۆڕان چاوەڕێ چى دەكرد لەهەڵبژاردنەكەدا؟ بۆچى یەكەم دەنگى بەدەست نەهێنا؟ هۆكارەكانى چى بوون؟

ئێمە بەوردى تێبینى بارودۆخەكەمان دەكرد و پێمانوابو زۆرینەى خەڵكى, لەسەدا زیاتر لە هەشتاو پێنج لەخەڵكى بەشدارى دەكا, بەڵام ڕێژەكە وادەرنەچوو, هەروەها پێشبینى بردنەوەمان دەكرد بەڵام دووەم دەنگ بوین, پێمانوایە لەبەر ئەم هۆكارانەیە:

گشتیەكان:
1_ ترساندنى خەڵكى, وەك بڕینى موچە, لێسەندنەوەى پۆستە حكومى و حزبیەكان, دانەمەزراندن, دەرككردن و گواستنەوەى فەرمانبەر.پیشاندانى هێزى سەربازى و گردبونەوەى چەكدار.
2_ترس لە ئایندەى گۆڕان و دوبارەبونەوەى هەمان نەزمى كۆنى حزبى.
3_ بایەخ نەدان بە قەزاى كفرى لەڕووى ڕاگەیاندنەوە و غیابى كەى ئێن ئێن, بەپێچەوانەى شارەكانى ترەوە.
4_سەردانى نەكردنى بەڕێزتان بۆ شار و قەزاكان, چونكە خۆشەویستیەكتان لاى خەڵكى هەیە و ئەوانەش حەزیانكردوە لەنزیكەوە بەسەریان بكەیتەوە, ئەمە ڕەنگە عاملێكى بێئۆمێدكەر نەبێ چونكە بەشێ زۆر لەخەڵكى دەزانن ئاسایش لەم وڵاتەدا بەدەست حزبەكانى دەسەڵاتەوەیە, هەر كاتێ ویستیان تێكى دەدەن.

هۆكارە تایبەتیەكان:
1_زۆربەى دانیشتوانى قەزاكە موچە خۆرن و ترسیان زۆر هەبوو.
2_ كەوتنەوەى ڕوداوى دڵتەزێن و كوشتن لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانى پێشووى یەكێتیدا, وایكرد خەڵك یا بەشدارى نەكا, یا نەتوانێ لایەنگرى ڕكابەرى لیستى دەسەڵات بكا.
3_دژایەتیكردنى زۆرى بەرپرسى مەڵبەند و كۆمەڵێ كەسى ئیدارى لە ئاستى باڵاى گەرمیاندا, كەپێشتر خۆیان بە باڵى ڕیفۆرم بەخەڵك ناساندبوو و بونە خاوەن پۆستى باڵا, لەكاتى بانگەشەدا ئەو جۆرە كەسانە دژایەتى ئاشكرا و توندى گۆڕانخوازەكانیان دەكرد.
4_بەخشینى پارە و ئیمتیازات و خۆراك و كۆمپیۆتەر و دەمانچە و سەیارە, لەلایەن مەڵبەند و بەرپرسە حیزبیەكانەوە بۆ خەڵكى .
5_بونى چەند یەكەیەكى سەربازیی بە ئاشكرا لایەنى گرتەى لیستى دەسەڵات بوون.
6_ بونى تێبینى و ڕەخنە لەلایەن خەڵكیەوە لە هەندێ كەسى ستافى ئۆفێسەكە.
7_نەهاتنى فەرهاد سەنگاوى بۆ كفرى كاریگەرى تاڕادەیەك هەبوو .

ئایندەى گۆڕان
چەند بۆچونێك هەیە لەناو چینى ڕۆشنبیر و خەڵكى دا بەگشتى, جیاواز و دوورن لەیەكترەوە, هەندێ پێیانوایە واباشترە لیستى گۆڕان بچێتەوە ناو یەكێتى لەبەر ئەم خاڵانە:.
1_ ئەوانەى پشتگیرى ئەو لیستەیان كردوە ژمارەیەكیان خەڵكانى لایەنگر و بەرپرس و مونتمەمین بەو حیزبەوە و حەزناكەن بیرەوەرى و سەروەرییەكانیان واز لێبینن, هەندێكیان خاوەن شەهیدى سەربەرزن لە پێناو ئەو حزبەدا گیانیان بەختكردوە و دەڵیێن ناتوانین دەستبەردارى ڕێبازى شەهیدەكەمان بین, ڕەنگە ئەمانە ژمارەیە تایبەت بن.

2_ژمارەیە تر لە لایەنگرانى گۆڕان, حەز دەكەن مینبەر لەناو یەكێَیتیدا دروستبێت و لیستى گۆڕان بتوانێ قورساییەكى هەبێت و خاوەن بڕیارى سیادى و سیاسى و ستراتیژى گرنگ بێت ئەگەر شتى وا موستەحیل نەبوو لە ئایندەدا ئەم بۆچونەش هەیە و بەڵام خەڵكێكى كەم وابیردەكەنەوە .

هەندێكى تر لەو چینانەى باسمانكرد لەسەرەوە(خەڵكى و ڕۆشنبیرو گەنجانى بێلایەن) ئارەزوو دەكەن, گۆڕان ببێتە ڕێكخراویكى سیاسى سەردەم, لەبەر ئەم هۆیانە:
1_ حزبایەتى لە كوردستاندا وەك فۆرم و ستراتیژییەت ماهیەت و گرنگى خۆى لەدەستداوە و پێویستى بە گۆڕین نەك ڕیفۆرم هەیە, بۆیە زۆرینەى پشتگیرى دروستكردنى حزبێكى سیاسى دەكەن لەسەر بنەماى سۆشیال دیموكرات وەك وڵاتانى ئەسكەندەنافیا, بكرێتە بەدیلیكى تازە بۆ حزبایەتیكردن لە كوردستاندا و بەمەش بتوانى بیسەلمێنى حزبایەتى وەك ئەوانەى چل ساڵ پێش ئێستا نیە و حزبایەتى وەسیلەیە بۆ ڕێكخستنى ژیان نەك مۆتەكە.
2_ زۆرینەى ئەوانەى مەیدانى كاریان لەگەڵ لیستى گۆڕاندا كردوە, پلە و موچەى حزبیان لەدەستداوە, بۆ كۆكردنەوەیان و هەروەها گەڕانەوەى سەرچاوەى ژیانیان كە پێشتر تەنیا بە موچەیەكى حزبى ماڵو مناڵیان بەخێو دەكرد(بەڵام بۆچونى ئامادەكارانى ئەم ڕاپۆرتە بەم شێوەیەیە: ئەگەر گۆڕان بوە حزبێكى سیاسى لەسەر یەكێ لەو بنەمایانەى سەرەوە, پێویستە ئەوانەى ناتوانن كارى مەیدانى بكەن بەهۆى گۆڕانى وەسیلە و كارى حزبیەوە و پێشتر بۆ پشتیوانیكردنى لیستى گۆڕان پلە و موچەى حزبیان لەدەستداوە, جگە لە وزە گەنجەكان و ئەوانەى تواناى گۆڕینى شێوازى كاركردنیان هەیە, باشتر وایە لیستى گۆڕان لە ڕێگە پەرلەمانى داهاتوەوە هەوڵبدات یاساى خانەنشینكردنیان بۆ دەربكات, بەجۆرێ پێداویستیەكانى ژیان و ماڵ و مناڵیان بۆ دابین بكرێ.)



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە