گۆڤاری مانگانه‌ی فه‌ره‌نسی GEO، ستایشی تێکۆشانی گه‌لی کورد ده‌کات
Sunday, 08/02/2009, 12:00
گۆڤاری مانگانه‌ی ژێئۆ، که یه‌کێکه له گۆڤاره‌کانی گرینگ و به‌ناوبانگی وڵاتی فه‌رانسه، له تازه‌ترین ژماره‌یدا، ڕه‌وشی باکور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی خستووه‌ته به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه. گۆڤاری ژێئۆ، وێڕای باس کردن له خه‌باتی ئازادیخوازهنی گه‌لی کورد، گه‌لێک نووسراوه و وێنه‌ی به‌نرخی له باره‌ی ڕه‌وشی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کوردان، بڵاو کردووه‌ته‌وه. گوڤاره‌که تشک ده‌خاته سه‌ر خه‌باتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پژاک و ڕاده‌گه‌یه‌نێت که تاکه هێزی خه‌باتکاره که له به‌رامبه‌ر ڕژیمی ئێران دا تێکۆشان به‌ڕێوه ده‌بات.
گۆڤاری ژێئۆ، چاپی وڵاتی فه‌رانسه، له نوێترین ژماره دا، بابه‌ته‌کانی خۆی به باکوری کوردستان و به‌شداری خاوه‌ن شکۆی خه‌ڵکی شاری ئامه‌د له ڕێ و ڕه‌سمی جه‌ژنی نه‌ورۆز ده‌ست پێ ده‌کات. گۆڤاره‌که شاری ئامه‌د وه‌ک پایه‌ته‌ختی پازده ملوێن کورد له باکور کوردستان ناوزه‌د ده‌کات.
گۆڤاره‌که، باسی له قه‌ده‌غه بوونی زمانی کوردی کردووه . هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به ئاستی فیداکاری و جه‌ساره‌تی تاکه پارتی یاسایی کوردان، پارتی کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتیک، ده‌ته‌په داوه و باس له‌وه ده‌کات که چۆن ئه‌ندامانی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه به درووشمی دیاربه‌کر به‌رخۆدان بکه دیاربه‌کر، هه‌زاران کوردی وڵاتپارێزیان هێناوه‌ته سه‌ر شه‌قام و له پێناو ئازادی گه‌لی کورددا تێکۆشان به‌ڕیوه ده‌به‌ن.
له به‌شێکی دیکه‌ی گۆڤاری ژێئۆ دا، وێرای ڕاکێشانی سه‌رنجی خوێنه‌ران بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی شاره‌داری که بڕیاڕه له 29ی مانگی مارسی 2009 دا له تورکیه و باکوری کوردستان به‌ڕێوه بچێت، باسی له سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک وه‌زیری ده‌وڵه‌تی تورک ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان، بۆ شاری ئامه‌د کردووه و داخستنی سێ رۆژه‌ی ده‌رگای دووکانه‌کان له لایه‌ن خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌ی وه‌ک نیشانه‌یه‌کی به‌رفراوانی ناڕه‌زایه‌تی مه‌ده‌نی کوردان له دژی ده‌سهه‌ڵاتدارانی ده‌وڵه‌تی تورک، خستووه‌ته به‌ر چاو.
له ناو بابه‌ته‌کانی ئه‌و گۆڤاره دا، پیلانه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورک له پێناو تواندنه‌وه‌ی کولتور، زمان و ناسنامه‌ی گه‌لی کورد،باسی له سه‌ر کراوه و هاوکات مێژووی خه‌بات و تێکۆشانی پارتی کرێکارانی کوردستان پ ک ک،
،لێکۆڵینه‌وه‌ی له سه‌ر کراوه.
ژێئۆ باس له‌وه ده‌کات که تێکۆشانی دێمۆکراتیکی کوردان به پێشه‌نگایه‌تی ده‌ته‌په، له پێناو گه‌یشتن به کوردستانێکی ئۆتۆنۆمیک و ئازاده له چوارچێوه‌ی تورکیایه‌کی دێمۆکراتیک دا.
له ناو بابه‌ته‌کانی ئه‌و گۆڤاره دا سوتاندن و وێران کردنی زیادتر له 4200 گوندی باکوری کوردستان،که له نێوان ساله‌کانی 1992 تا ساڵی 1998 به ده‌ستی ئه‌رته‌شی تورکیا له ناو چوون، هاوڕی له گه‌ڵ هه‌ژاری و برسیه‌تی له راده‌به‌ده‌ری زیاتر له نیوه‌ی هه‌ژماری کوردان له باکوری کوردستان، ئاماژه‌یان پێ کراوه.
نووسه‌رانی ئه‌و گۆڤاره هه‌وڵه‌کانی ئاکه‌په له پێناو وه‌ده‌ستخستنی ده‌نگی کوردان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی شاره‌داری ده‌خاته به‌ر باس و ده‌نوسێت که ئاکه‌په هه‌وڵ ده‌دات به ڕێگای بڵاو کردنه‌وه‌ی پوڵ و خۆراک، ده‌نگی کوردان بکڕێته‌وه، به‌ڵام کوردان لایه‌نگری پ ک ک ن و ته‌نیا هێزی گه‌ریلا وه‌ک گه‌ره‌نتی ئازادی و داهاتووی خۆیان ده‌بینن. ئه‌وان به توندی له دژی چه‌ک دانانی گه‌ریلان و هه‌موو کوردێکیش به‌ئه‌وینی کاناڵی ڕۆژ تی وی، له سه‌ر سه‌ربانی ماڵه‌کانی خۆیان سێڵی ماهواره‌یان دامه‌زراندووه.
گۆڤاری ژێئۆ جیا له باکوری کوردستان، ئاستی خه‌بات و تێکۆشانی کوردانی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش هه‌ڵسه‌نگاندووه. ئه‌و گۆڤاره هه‌ر له سه‌رده‌می ساز بوونی کۆماری کوردستان له شاری مه‌هاباد، تا ڕۆژی ئه‌مڕۆکه و خه‌باتی به‌رفراوانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، په‌ژاک، سه‌ره‌نجی خوێنه‌رانی بۆ سه‌ر سیاسه‌ته‌کانی سه‌رکوتگه‌رانه و تێڕۆڕیستی ڕژیمی ئێران له دژی کوردانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ڕاکێشاوه.
له‌و بواره‌شدا به‌و شیوه‌یه‌ی نوسیوه: پارته‌کانی پێشووی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له وێنه‌ی حزبی دێمۆکرات و کۆمه‌ڵه، شێوازێکی پاسیڤیان گرتووه‌ته پێش. گۆڤاره‌که له هه‌مان کاتیش دا به‌م جۆره باس له په‌ژاک ده‌کات، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، تاکه هێزی چه‌کداری خه‌باتکاره که له به‌رامبه‌ر ڕژیمی ئێران دا تێکۆشان به‌ڕێوه ده‌بات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست