ئەرێ ئێوە پێكەنینتان بەم دەعبایە نایە كە ناوى یەكێتییە؟؟؟.
Friday, 12/02/2010, 12:00
ئەگەر بتوانین ناوى یەكێتى بەحزب ببەین لەوەیە هەڵە بێ، بەڵام لەوەیە بێ یەك و دوو بتوانین بڵێین ئیدارەى ناوچەكانى یەكێتى لەهەر شتێك بچێت لە حكومەت ناچێت، بێ گومان حكومەت دەبێت پلانى پێش وەختەى هەبێت بۆ هەموو شتەكان كە كارى دەوڵەت هەمووى بەیەكەوە گرێدراوەو هەر شتێك یان هەنگاوێك دەیان ئاسەوارى ئابوورى و سیاسى و كۆمەڵایەتى و دەروونى لێ دەبێتە وە، بەڵام لاى مامەو گروپەكەى حكومەتەكە لە دوكانى لادێ دەكات، لە دوكانى لادێدا (أختێاێ) نییە، بچیتە هەر دوكانێك هەرچیت بوێت هەیە لە گۆشتى قوتوكراو ، پاراستۆڵ ، كارتى مۆبایل، ترپ و دۆمەڵان ، پلایس و گڵۆپ... كەچى خاوەن دوكان هیچ فرى بەدەرمان سازى یان كارەبایى یان هیچ پیشەیەكەوە نییە، لاى یەكێتیش تاڵەبانى لەبەغداد دەگەڕێتەوەو بیرى ئیرتوازى لە رانیەو گەرمیان لێ دەدات، وەزیرى ئەوقاف كاروبارى رۆشنبیرى بەڕێوە دەبات، هیرۆ كە بەرپرسى مەڵبەندى سلێمانییە باز بەسەر مەڵبەندەكانى گەرمیاندا دەدات و پرۆژە لەكەلار دەكات، هێزى سەربازى كە دەبێت بێ لایەن بێت لافیتەى هەڵبژاردن هەڵدەواسێت، جەلال جەوهەرو (ئێستا لە گۆِرانە) تاڵەبانى بە نایاسایى دادوەر دادەمەزرێنن وجەنابى وەزیرى داد دواكەس دەبێت پێى دەزانێت (ئەمە لە ڕابردوودا ڕووى داوە بەڵام ئێستا دامەزراندنى دادوەر پەیوەندى بە وەزیرى دادەوە نییە)، ئەنجومەنى دادوەرى سەربەخۆو یەكگرتووەو بودجەى خۆى هەیە كەچى عیماد ئەحمەد تەنها ئۆتۆمبێل دەداتە دادوەرەكانى ناوچەكانى خۆیان بۆ ئەوەى بیانكرێت. زۆربەى كادرەكانى ڕاگەیاندنەكانیان بە كاغەزى سەركردە سەربازییەكان دامەزراون، بۆیە ئەوە حاڵى ڕاگەیاندنەكەیانە. وەزیرى سەرچاوە ئاوییەكانیان لە بەغدا مەرقەد ئاوەداندەكاتەوەو ئەندامى مەكتەب سیاسى خەستەخانە دروست دەكات، لەم هەڵبژاردنەش مەلا بەختیار پاش ئەوەى وەرزشى لە ناوچەى سلێمانى گەیاندە ژێر شفر و تا ئێستا نەیهێشتووە هەردوو یەكێتى مافپەروەران یەك بگرێتەوە ، لەوە دەچێت لەم هەڵیژاردنەدا شار بەشار بگەڕێت و وەعدى درۆیان پێ بدات كە كارگەى دۆشاوى تەماتەیان بۆ دەكاتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست