لەحیکمەتەکانی شاهۆ سەعید و درۆیەکانی هێمن هەورامی
Wednesday, 09/05/2012, 12:00
وتەیەک دەبێژێت گوێگرتن و گفتوگۆ لەگەڵ دووژمنەکەشت کارێکی ژیرانەیە، چونکە پەی بە ئاستی نەیاریەکەی دەبەی. ئەگەرچی ئاستی نەیاری پارتی ڕوونە، لێ بۆئەوەی هەنێک هێمن هەورامی ئیحراج بکەم، چوم بۆ سیمینارەکەی.
هێمن هەورامی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیە، د.شاهۆ سەعید وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕانە، ماوەیەک بەر لەئێستا لەدوو کاتی جیاوازدا سەردانی فینلەندایان کرد و دوای ئەوەی لەگەڵ کادیرو لایەنگرانی خۆیان کۆبونەوە، هەریەک بەجیا سیمینارێکی کراوەشیان سازدا کەخەڵکێکی فرە ئایدیا بەژداری سیمینارەکانیان کردن. کەمنیش یەکێک بوم لەبەژداربوان و بەتەرکیزەوە گوێم بۆهەردوکیان گرت. دوای ئەوە دەمەوێ، بەراوردێک بکەم لەنێوان کەسێتی و شەخسیەت و ئاستی سەقافەی سیاسی هێمن هەورامی و د.شاهۆ سەعید، ئەگەرچی هیچ گومانم لەوە نییە، کە ئاستی سەقافەی سیاسی شاهۆ سەعید یەکسانە بەهەموو عەقڵیەتی سەرکردایەتی پارتی.
ئەوەڵەن زۆر سەرسامم بەکەسێتی و هەم بەتێگەیشتنی شاهۆ سەعید، لەولاشەوە زۆریش سەرسامم بەلایەنگرانی پارتی کە لەژێر کاریگەری عەقڵیەتی هێمن وهاوشێوەکاننی!! ئاخر من زۆرم پێسەیرە ئەم عەقڵیەتە کۆنەی سەرکردایەتی پارتی چۆن توانیویەتی، بەشی ٢٩ کورسی جەماوەر لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە! یان جەماوەرەکەش هاوشێوەی سەرکردایەتی نەفام و جاهیلە، و توێژی هەرە نەخوێنەواری کۆمەڵگا بەبەشی پارتی بڕاوە؟ یان کورد ووتەنی ئاشی نەزانە خوا دەیگێڕێ؟ کە بەبڕوای من دووەمیان دروستە، وەک ماوەی ڕابردو پەڕلەمانتارێکی یەکێتی وتی (پارتی حیزبێکی ئاقڵ نییە) هێمن هەورامی قوتابیەکەی قوتابخانەی بارزانییە، کەئەم پێناسەی بەسە بۆ نەفامی و درۆزنی.
هێمن هەورامی لەسیمینارەکەیدا وەک پیشەی هەمیشەییان، لەبری ئەوەی دوو قسەی مەعریفی و مەنتیقی بکات گشت کاتەکەی خەرچ کرد، بەپیاهەڵدان بە بەژن وباڵای پارتی وهێرش کردنە سەر ئۆپۆزیسیۆن و بەدیاریکراویش بزوتنەوەی گۆڕان. کاک شاهۆ تەنانەت کەلەگەڵ هەڵسوڕاوانیشدا کۆبویەوە زۆر بەکەمی باسی گۆڕانی ئەکرد، زیاتر ئامۆژگاری دەکردین، کە ئەم دەرفەتەی ژیانی ئەوروپامان بۆ ڕەخساوە تێیدا خۆمان پێبگێنین لەبوارە جیاجیاکاندا، وەلەسیمینارەکەیدا بەیەک وشەش بێت باسی بزوتنەوەی گۆڕانی نەکرد، چونکە ئەو باش دەیزانی ئەم خەڵکە نەهاتووە گوێبیستی پیاهەڵدانی حیزبی بێت، وە کۆبونەوەی حیزبی جیاوازە لە سیمینارێکی کراوەی فرە ئایدیای سیاسی. بەڵام، هێمن هەورامی شوکور بۆخوا شعوری بەمە نەکرد! یان بەقەولی خۆیان دەیویست خەڵک بگەوجێنێ. من تێناگەم هێمن کۆڕسی فێربونی درۆی لەکوێ کردووە؟ یان ئەمە حیزبەکەیەتی کە کارخانەی گەورەی درۆی لەژێر دەستە بۆ شاردنەوەی ڕووی دێوەزمەی خۆیان؟ خوێنەری عەزیزم بۆئەوەی نەڵێیت قسە لە گیرفانی خۆت دەردێنی، من تەنها چەند درۆیەکی هێمن دەخەمە ڕوو. هێمن هەورامی سەبارەت بە حەڤەی شوبات وتی: سەرەتا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە تەقە لەلقی چوار کراوەو شوێنی ٦٨ فیشەک بەدیوارەکانی (لق)ەوە دیارە!! ئەرێ لەم درۆیە زەقترو شاخدارتر چییە؟ من ئەمەم وەک تێبینی لای خۆمەوە نوسیبوو بەس کەکاتی قسە کردنم هات چونکە قسەکانی من کوشندە بوون بۆ ڕۆحی پارتی بۆیە کاتێکی زۆر کەمیان پێدام و فریا نەکەوتم هەموو قسەکانم بکەم، بەس لێرەوە بە هێمن و هێمنەکان دەڵێم هەتا بیست ساڵی تریش ئەگەر یەک بەڵگەی ڤیدیۆیی هێنا کەخۆپیشاندەران سەرەتا یان دواتر یەک فیشەکیان بە لق وەنابێت، من وەعد ئەدەم یەکەم کەسم لەسەنگەری دژایەتی پارتی بێمە دەرەوە، بەڵام هێمن، نازانم بۆچی دەیەوێت چاوی خۆی کوێر بکات لەم هەموو کورد کوژانەی سەر لقی چوار؟ ئایا بۆچی بەسەدان بەڵگەی ڤیدیۆیی هەیە کە جەللادەکانی پارتی مناڵانی شار خەڵتانی خوێن دەکەن بەڵام بۆچی کە ٦٨ فیشەک بە لق وەندراوە یەک بەڵگەی ڤیدیۆیی نییە بیسەلمێنێت؟ تکایە بەمن مەڵێن بێڕێزی دەکەیت وتەیەک دەڵێت: (ڕێز لەکەسانی ڕاستگۆ بگرن، چونکە ئەوان زۆر سیفاتی تری جوانیان هەیە) بۆیە بەدەلیلی ئەم وتەیە هێمن هەورامی قابیلی ڕێز نییە، چونکە ئەو سنورەکانی ڕاستگۆیی بەزاند. ئاخر با سیاسیانە قسە بکات بەڵام نەمان وت ئەم درۆیە زەبەلاحانە! هەندێک قسەی دەکرد هەتا کادیرەکانی خۆیشیان بەگاڵتەجاریەوە پێی پێدەکەنین. مرۆڤی سەرکەوتوو کاتێک درۆش دەکات بەشێوازێک دەیکات کەلانی کەم لەسەدا پەنجای گوێگر باوەڕی پێبکات، وەک وتەیەکی تر دەڵێت (وتەی جوان وەک سیحر وایە، ئەگەر ڕاستیش نەبێت لەسەر ناخ کاریگەر دەبێت)
لەسیمینارەکەی هێمندا نزیکەی چل کەس لەبەژداربوان قسەیان کرد کەتەنها چەند کاسەلێسێکی کەم نەبێت ئەگینا زۆرترین کەس ڕەخنەی توندیان گرت، بەڕادەیەک برادەرانی پارتی توش هاتبون ئەگینا دڵنیام حەزیان دەکرد سیمینارەکە ڕابگرن. کاتێک ناو دەنوسران بۆ مداخەلە ناوی من (ئاراز شاد) یەکەم ناو بوو، بەڵام دواتر بەقودرەتی قادر ناوی من بوو بەدواهەمین ناو.
کاتێک ناوم خوێندرایەوە چومە سەر میکڕۆفۆن و وتم: ئەمڕۆ دوو ساڵ تێدەپەڕی بەسەر شەهید بوونی سەردەشتی ڕۆژنامەنوس، کەلە بیەستو سێهەمین بەهاری تەمەنیدا شەمشەمەکوێرەکان شەهیدیان کرد، کاک هێمن سەردەشت وتی: هەتا ئەو شوێنەی کەماوین دەبێت قسە بکەین، لەوشوێنەش کەتەمەنمان کۆتایی هات با هاوڕێکەم خاڵێکم بۆ دابنێ و بێتە سەر دێڕێکی نوێ و سەرلەنوێ دەست پێبکاتەوە، بەڵام ئەوە من و هەزارانی وەک من نەخاڵمان بۆدانا و نەفاریزە، لەسەرهەمان کۆتا دێڕی سەردەشتدا دەستمان پێکردووەو بەردەوام دەبین لەسەر هەمان ڕێبازو ڕێڕەوی سەردەشت، بۆ کردنەوەی دەلاقە داخراوەکان و دەست بردن بۆ شتە موستەحیلەکان وبڤەکان. وە کاک هێمن بیرت دێنمەوە، ئەگەر لەمناڵێکی شەش ساڵان بپرسی، دەزانێت لەسەر چی؟ کێ سەردەشتی کوشت.
ئەمەی سەرەوە بەشێک بوو لەقسەکانم وەک خۆی، وە چەند قسەیەکی جەرگ بڕترم کرد. ئەگەر شەرم بکات تەواو ئیحراجم کرد، بەڵام وەک شێخ ڕەزا دەبێژێت
چـەرمـی ڕووی هـێـنـدە قـایـمـە، شـمـشـێـری مـیسـڕی نـایـبـڕێ،
گـــەر بـــەکـــەوشــی کـــەی دەمــێــنـێ تــاقـــیـامـــەت نــــادڕێ
من لەکاتی نۆبەی قسە کردنمدا، ئەم دەرفەتە کەمەم قۆستەوەو تەنها دوو درۆم لێ سپی کردەوە. هێمن هەورامی وتی: نەوشیروان مستەفا سەرەتا خۆپیشاندەرانی بەگێرەشێوێن وەسف کرد، من وەڵامم دایەوە و وتم نەخێر کاتێک، کاک نەوشیروان ئەم قسەیەی کرد هێشتا فیشەکێک نەتەقی بوو، هێشتا مناڵانی کورد خەڵتانی خوێن نەکرابوون. بەڵام دوای ئەوەی تەقە دەستی پێکردو خوێنی هاوڵاتیان ڕژا، کاک نەوشیروان پەیامێکی تەواو پێچەوانەی دا بەگوێی پارتی. درۆی دووەم، هێمن هەورامی وتی دوو پۆلیسی ئێمە بەدەستی خۆپیشاندەران کوژراون و بکوژەکانیش دادگایی نەکراون!!! ئەم دیمەنەم باش لەبیرە لەگەڵ وتی ئەم قسەیەیدا خەڵکێکی زۆر بەدەنگی بەرزپێکەنین. من وەڵامم دایەوە و وتم: کاک هێمن دوو پۆلیس نەبوون یەک بوو، وە پۆلیسی ئێوە نەبوو هی یەکێتی بوو، وە بکوژەکەی سزای هەتاهەتایی درا. بەڵام بکوژەکانی ئێوە کە لەلقی چوارەوە خەڵکێکی زۆریان خەڵتانی خوێن کرد نەک سزا نەدران بەڵکو تەنانەت ئامادە نین بچنە بەردەم دادگاش.
کاک هێمن بەوشێوەیە دەوڵەتی کوردی ڕادەگەیەنن؟ کەرەستەی دەوڵەت کامەیە؟ لەسەر ئەم درۆ زەبەلاحانە دەوڵەت دروست دەکەن؟ بامن مزگێنیت پێ بدەم ئێمەی خەڵکی کوردیستان تەجروبەیەکی هێندە تاڵمان هەیە لەگەڵ ئەم حوکمە بنەماڵەیی، تاکڕەوی و لەلوتکە بونی دیکتاتۆری بنەماڵەی بارزانی، کەهەرگیز پشتگیری دەوڵەتێک ناکەین پڕۆژەکەی لەلایەن بنەماڵەی بارزانیەوە بەرز بکرێتەوە، چونکە چۆن ئێستا بەپاساوی بونی شەڕەفی شۆڕشگێڕی شاخەوە، بیست ویەک ساڵە لەگەل یەکێتی دەستتان گرتووە بەسەر خێروبێر و دەسەڵات و هەموو جومگەکانی ژیان. بۆیە حاشا باهەر نەبێت ئەم دەوڵەتە نەک بۆ یەک سەدەی تریش ملکەچی بنەماڵەی بارزانی ببینەوە. ئێمە جارێ دەبێت کوردیستان ئازاد بکەین لەدەستی ئێوەی خۆسەپێنەر، هێشتا ئازادی بوونی نیە، بۆئازادیش، من باوەڕم بەوەیە کە ئازادی بۆ مرۆڤ ناهێتە خوارەوە بەڵکو دەبێت مرۆڤ بۆی بچێتە سەرەوە.
دیارە دوای ئەوەی سیمینارەکە تەواو بوو، هێمن هەورامی هات بەخێرهاتنی هەنێک کەسی کرد. وەک سیاسەتێکی تەقلیدی و ڕوکەشی، هاتە لای منیش بەخەندەو ڕووێکی خۆشەوە وتی کاکی هەڵسوڕاوی گۆڕان بەخێر بێیت! لەوکاتەیا وتم خۆزگە ناخیشت و عەمەلیشت وەک ڕوخسارت دەبوو.
بائینجا بێمە سەر د.شاهۆ سەعید. دیارە بەهیچ پێوەرێک، هیچ لێکچونێک نابینرێت لەنێوان هێمن هەورامی و شاهۆ سەعیددا. بەڵام مەڵێن ماستاو بۆ کاک شاهۆ دەکەی، چونکە، مەگەر کاک نەوشیروان بەقەد من ڕقی لەمرۆڤی ماستاوچی بێت، ئەگینا کەسێک نییە، بۆیە کاتێک باسی د.شاهۆ دەکەم باکەس نەڵێت پیاهەڵدانە. من ئەوەی دەینوسم لەقوڵایی باوەڕمەوەیە، وەک وتەیەک دەبێژێ (ڕەنگە نەتوانم هەموو کاتێک هەموو ئەو شتانە ڕابگەیەنم کەبڕوام پێیانە. بەڵام مەحاڵە شتێک بنوسم کە بڕوام پێی نەبێت) من شاهۆ سەعید وەک کەسایەتییەکی سیاسی و بەرزو دیبلۆماتکارێکی سەرکەوتوی دەبینم، ئەم پیاوە کەسێکی سادە ومیهرەبانە، لەو چەند ڕۆژەی بینیم و قسەم لەگەڵی کرد، زۆر سەرسام بوم بەکەسێتی ئەم پیاوە، تەنها بەسڵاوێک و سەیرکردنێک کەسی بەرانبەری پەلکێشی ژێر کاریگەری خۆی دەکرد. کاتێکیش سیمینارەکەی کرد، بەتەرکیزەوە گوێم بۆی گرت هەتاکو شتێکی لێوەفێربم.
کاک شاهۆ نەک هاوشێوەی هێمن، ناڕاستی بەسەر زمانیدا بێت بەڵکو تەنها یەک وشەم لەم کابرایە نەبیست کە کامڵ و لۆژیک نەبێت، چەندین کەسیش کەپێشتر سەحی باشیان کرد بوو ئینجا هاتن پرسیاری ئامادەکراویان بەبێ هیچ سانسۆڕێک ئاراستە کرد، بەڵام کاک شاهۆ بەبێ ئەوەی خۆی لەپرسیارەکان بدۆزێتەوە، وەڵامی مەنتیقی یەک بەیەکی هەموو پرسیارەکانی دایەوە، نەهیچ کەسی بریندار کرد، نەهێرشی کردە سەر نەیارەکانی، بەڵکو دەتوانم بڵێم هێندە شەخسیەتێکی نەرم و میهرەبانی نیشاندا وهەموو بابەتەکانی زانستیانە شیدەکردەوە، بۆیە تەواوی ئامادەبوان، بەبایەخەوە گوێیان بۆ هەڵخستبوو.
بۆیە بەڕاستی خەڵک شانازی دەکات کە ڕێبەرێکی ئاوهای هەبێت، مرۆڤ ناترسێت کەبەهەر فیداکاریەک بێت خزمەت بەم بزوتنەوەیە بکات، چونکە کەسەیری سەرکردەیەکی ئاوا دەکات ئومێد لەڕوخسارو وتەکانی دەچۆڕێت. زۆریش گەشبینین بەسەرکەوتنی ئەم بزوتنەوەیە، چونکە بەسەدان سەرکردەی هاوشێوەی هەیە. دوا پەیڤم بۆ شاهۆ سەعید، کەبەتەنها ئەمە بەسە بۆ پێناسەکەی، هاوڕێیەکم وتی: خۆزگە هەتا هەشت ساڵ وەک گوێگرێک لەگەڵ کاک شاهۆ دەبوم، لەکاتی مفاوەزات و کۆڕو کۆبونەوە سیاسیەکاندا، بۆئەوەی لێیەوە فێربم، لەولاوە یەکێکی تر هەڵیدایێ و وتی وەللە دوو ساڵت بەسە.
دوا سەرنج لەسەر هەردوک سیمینارەکە، ئەوە بوو کە، لەسیمیناری د.شاهۆدا تەنها کە کۆتایی هات یەک جار چەپڵە لێدرا، بەڵام لە سیمینارەکەی هێمندا، هەر ئەتوت سەردەشت عوسمان زیندو بۆتەوەو کچی سەرۆکی بۆ خوازبێنی کراوە، هێندە چەپڵەڕێزان بوو، کەئەم کولتوری چەپڵەش، لە حوکمی دیکتاتۆرەکانەوە هاتووەو دەست بەدەست بۆ مەسعود ماوەتەوە. کاک هێمن ئەم دوو پەندەی خوارەوە بۆ خۆت سێ جار بخوێنەوە ئینجا بۆسەرۆک خێڵی بارزانی بخوێنەوە.
(هەندێک کەس، لەبەرئەوە گەورەن، چونکە دەوروبەریان بچوکن).
(لەهەموو کەس زاڵمتر ئەو کەسەیە، کە سەردادەنەوێنێ وچەپڵە لێدەدا بۆ زاڵمێکی تر)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست