کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرۆک کێیە؟ بە چ پێوەرێک شەڕەفی سەرۆکی نەتەوەیی بەدەست دێت؟

Saturday, 17/03/2012, 12:00






هەر وڵاتێک بەبێ ئاڵا، نیشتیمان، فەرهەنگ، لەسەروی ئەوانەش سەرۆکی نەبێت، ناتوانێت شۆڕشی نەتەوەیی هەڵگیرسێنێت، هەر گەلێک دەبێت ناسنامەی هەبێت ئینجا خەبات بکات، سەرۆکیش ناسنامەی گەلە. بەڵام ئایا کێیە شەڕەفی ڕاستەقینەی سەرۆک بەدەست دێنێت؟
بێگومان لەوەڵامدا دەڵێین سەرۆک ئەو کەسەیە کە: خاوەن فکرەیەکی سیاسی، ئیداری، شۆڕشگێڕییە، شەڕەفی سەرۆکیش نابەخشرێت بەکەسێک کە خاوەنی خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی، ئەخلاقی، یان هەر ناپاکیەکی تربێت، بەڵکو دەبێت بەکردار بیسەلمێنێت، کە لەهەموو کەس زیاتر نەتەوەیی ترە، وەبەرژەوەندی خۆی و خێزانەکەی بخاتە ژێر پێ لەپێناو ئامانجی نەتەوەیی، وە بەرلەهەرکەسێک خۆی دەکات بەقوربانی خاک و شۆڕشی نەتەوەیی، دوای هەموو ئەوانەش کاتێک سەرۆک توانی زۆرینەی گەلەکەی بخاتە ژێر کاریگەری خۆی و خەڵک ئامادەی قوربانیدان بوون لەپێناو سەرۆک و سەرۆکیش ئامادەی فیداکردنی گیانی بوو لەپێناو گەلەکەیدا، هەنگێ دەسەلمێندرێت کە بەڵێ ئەو کەسە سەرۆکی شەرعی متمانە پێکراوی گەلەکەیەتی، بۆ نموونە سەرۆک پێشەوا قازی، کە گیانی خۆی کرد بە قوربانی خاک و گەلەکەی، وەک پێشەوا لەکاتی لەسێدارەدانیشیدا وتی (زۆر دڵم خۆشە چونکە لەکاتی لەسێدارەدانمدا پێڵاوم لەسەری دوژمنەکەم بەرزترە) هەروەها قازی وتیشی:ئەوانەی نەک فەرمانەکانمیان جێبەجێ نەکرد بەڵکو دژایەتیشیان کردین، لەبەر ئەوەی خۆمان بەخزمەتکاری خەڵکی خۆمان دەزانی، ئێستا ئەوان لەناو ماڵ و منداڵی خۆیان لەشیرینی خەودان، بەڵام ئێمە بەناوی خزمەتکردن بەمیللەت والەژێر داری سێدارەیین و خەریکم دوایین ساتەکانی ژیانم بەم وەسیەت نامەیە تەواو دەکەم، جائەگەر بەرپرسیارەتی گەورەم لەسەر شان نەبووایە ئێستا منیش وەک ئەوان لەناو خاوخێزانی خۆم لەشیرینی خەودا دەبووم. دیارە بەڕوونی پێشەوا لەگەڵ ئەو کەسەیەتی کەژێربەژێر پەیوەندی لەگەڵ شای ئێران هەبوو، ئێستاش کوڕ و نەوەکانی ملوانکەی شۆڕشی کوردیان کردووە بەبەری و بە سەرکردەی نەتەوەیی بەئێمەی دەفرۆشن.
سەرۆک ئاپۆش هاوشێوەی پێشەوا خۆی کرد بەقوربانی خاکو نەتەوەکەی، وە دەتوانم بڵێم ئەو ئینتیما بەرفراوانەی بۆ ئاپۆ هەیە، لەمێژووی کورددا نەبووە سەرۆکێک هێندە کاریگەر بێت لەهەر چوارپارچەی کوردستاندا خەڵک بخاتە ژێر کاریگەری فیکری سیاسی و شۆڕشگێڕی خۆی، لەسەروی هەمووی خۆکوشتن و خۆ سوتاندن لەپێناو سەرۆکدا، کەئەمە تەنها بۆ ئاپۆ کراون و دەکرێن، بۆیە بەبێ هیچ شکوگومانێک دەڵێین لە کۆچ کردوان پێشەوا قازی و لە زیندووانیشدا ئاپۆ، دەبێت وێنەیان وەک سەرۆکی نەتەوەیی لە ماڵەکانماندا هەڵبواسین. لەم بابەتەدا قسەم تەنها لەسەر کەسێک نییە کە لاشەکەی لەزیندانە و ئایدۆلۆژی و ڕۆحی لەناخی هەر کوردێکی ناسیۆنالیستدایە، بەڵکو بەراوردێک دەکەین لەنێوان سەرۆک و ئەوانەیش کە بەخۆیان دەڵێن سەرۆک! لەسەرەوە باسم لەوە کرد، کەبەچ پێوەرێک کەسێک شەڕەفی بەسەرۆک بوون بەدەست دێنێت، ئێستاش موقاڕەنە دەکەین و دواتر خوێنەری عەزیزم تەنها با ویژدانی خۆت حاکمت بێت، کەئایا کێ سەرۆکی نەتەوەییە؟
بەداخەوەم کە لەزۆربەی دامودەزگا حکومیەکاندا وێنەی کاک جەلال و مام مەسعود هەڵواسراوە، لەوەش بێویژدانی تر، ئەوەیە وێنەی مەلا مستەفا لەپەڕلەمانی کوردستاندا هەڵواسراوە! کە شەرعی ترین دامەزراوەی نیشتیمانییە، ئەگەر لەچەند دێڕێکدا بەڕێز مەلا مستەفا وەک خۆی بەبێ زیاد و کەم پێناسە بکەم، بزانین ئایا ئەمە بووە کە دەیڵێن؟ یان ئایا کەسێکی تر نییە لەئەو شیاوتر کە وێنەکەی لەپەڕلەمان هەڵبواسرێت؟ مەلا مستەفا خۆی هێندەی کەسایەتیەکی عەشائیر و سەرۆک هۆز بووە، هێندە کەسایەتیەکی سیاسی و خوێندەوار نەبووە، هیچ پێوەرێکی سەرۆک بونیش تێیدا بەرجەستە نەبووە، بەگوێرەی بەڵگە مێژووییەکانیش هیچ باوەڕی بەفرە حیزبی و دیموکڕاسی و دەسەڵاتی گەل نەبووە، بۆئەوەی نەڵێن قسە لەهەمبانەی خۆت دەردێنی، بۆپشتڕاست کردنەوەی قسەکانم، من دەگەڕێمەوە بۆ تازەترین بەڵگە، کە مێژوونوسی گەورە و متمانەداری کورد قانعی فەرد، کەلەڕێگای ڕۆژنامەنوسێکی فەڕەنسی کۆمەڵێک کاسێتی دەنگی مەلا مستەفای دەست کەوتووە، مەلا مستەفا لەم کاسێتە دەنگیانەدا دەڵێت: کام حیزب؟ حیزبی سیاسیی بوونی نییه، له کوردستان. حیزب بەس منم، کوردستان بەس منم!.. ئەوەی تۆ ناوی دەنێیت حیزب کێیە؟ جەلال تالەبانی یان ئیبرایم ئەحمەد؟ جا رۆشنبیر چیی لە سیاسەت دەزانێت؟ قانعی فەرد دەڵێت: ئەو قسانە 21 خاڵی گرنگی تێدایە, لەوانە
مەلا مستەفا بڕوای بەحیزب و کەسانی تری هاوبەش نەبووە لەحیزبدا.
ددان بەوەدا دەنێت، کەشۆڕشەکە ساواک دایناوە.
مەلا مستەفا بەهیچ شێوەیەک بڕوای بەشۆڕش نەبووە، ویستوویەتی وازی لێبێنێت و کوردستان جێبێڵێت.
خۆی بەموخلیس و سۆفی ئیسڕائیل دەزانێت.
ئەوانەی سەرەوە قسەی من نین، قانعی فەرد کورتەیەکی بڵاو کردۆتەوە و پوختەکەشی لەم نزیکانە بڵاو دەکاتەوە کەسیش ناتوانێ نکوڵی ئەم ڕاستیە بکات، چونکە بەڵگەی دەنگی هەیە، وە هەتا ئێستاش پارتی بنەماڵەی بارزانی وەڵامیان نییە، ئەوەش دەلیلی ئەوەیە کە شتەکان دروستن. هەروەها کەس ناتوانێت نکوڵی ئەوە بکات کە، مەلامستەفا سەرۆک هۆزێکی لۆکاڵی و خێڵەکی بووە، هەرگیز لەو ئاستەدا نەبووە کە قابیلی سەرۆکی نەتەوەیی بێت، بەڵام داخەکەم کۆمەڵگای کوردی لەئاستێکی زۆر نزمی هۆشیاری سیاسیدایە، کە ئینفیعالانە بەدروشم و هوتافی ناوەڕۆک خاڵی دەخەڵەتێن، دیارە بنەماڵەی بارزانیش ئەم هەلەیان قۆزتۆتەوە، و مەلامستەفایان تەنانەت وەک پەیامبەرێک نیشانی خەڵک داوە کەگوایە نورانییە و خودا بۆکوردی ناردووە!!! زانایەک دەڵێت: لەناو هەرکۆمەڵگایەکدا ئەگەر واستە هەبوو ئەوا شوانێک دەگات بە بەرزترین پلەوپایە. وتەیەکی تریش دەڵێت: هەندێک کەس کەگەورەنە بەو واتایە نییە کە شیاوی ئەو مەزنیەن بەڵکو دەوروبەریان بچوکن. ئاخر یائیلاهی لەکام وڵاتی ئەم جیهانەدا هەبووە کەسێکی نەخوێندەوار و سەرۆک خێڵێک، خۆی و شٶڕشەکەی بەفیکەی وڵاتانی تر چەک هەڵگرن یان شۆڕش ئاشبەتاڵ پێبکەن؟ ساڵی پاریش لەبەڵگەیەکی تری دەنگیدا ئاشکرا بوو کە مەلامستەفا لای بەریتانیەکان وتویەتی قازی محەمەد کەسێکی خوێڕییە!! وە من پشتی کۆمارەکەی ناگرم! کە هەرواش بوو، مەلامستەفا قوچاندی و پشتیوانی کۆماری مەهاباد نەبوو، پێشەوا قازیش خۆی کرد بەقوربانی کۆمار. ئەگەر لاپەڕەی مێژووی مەلامستەفا هەڵبدەینەوە، بابەتەکە تول دەکێشێت، وە من ڕێزم بۆی هەیە نامەوێت لەبایەخی کەم بکەمەوە، بەتایبەت ئەو چووەتە ڕەحمەتی خودا، خوا لێێ خۆش بێت ئینشاڵڵە، بەڵام تەنها ویستم کەمێک وەک خۆی باسی بکەم، بۆئەوەی نەوەکانی ئەو مێژوو نەشێوێنن.
بابەکورتی بێینە سەر مام مەسعود و کاک جەلال: وابزانم پیاوەکانی دەوروبەری خۆیانیش ددان بەوە نانێن کە ئەوان سەرۆک بن، بەس بەهەر هۆیەک بێت ئەمڕۆ پارە و هێزی میلیشیایان لەژێر دەستە، ئەوانەش کۆڵەکەی دەسەڵاتن، ئەگینا ئەگەر ئەو دوو کۆڵەکەیە لەژێریان دەربێنین، تەنها یەک خولەک تەمەنیان نابێت و دەکەون. سەرۆک ئاپۆ بەکورتی دەڵێت مەسعود بارزانی تەنها قابیلی ئەوەیە بیکەیت بە مدیر شارەوانیەک، و مام جەلالیش تەنها قابیلی ئەوەیە بکرێت بە مدیر ناحیە. شاعیری نەتەوەیی کوردیش عبدوڵا پەشێویش دەڵێت:
(هەموو گەلان سەرکردەکیان لێ بەڵایە ئێمە لەوەش دوانمان هەیە) نامەوێت باسی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی بکەم، لەبەرئەوەی مێژووی ڕەشی ئەوان پێمان دەڵێت، کە ئەوان تەنانەت ناتوانن بێنە ناو ململانێی ئەوەی کا ببنە سەرۆکی نەتەوەیی. ململانێکە زیاتر لەنێوان پێشەوا قازی و مەلامستەفا و ئۆجەلانە. بۆی بەداخەوەم بەڵام مێژووی مەلامستەفاش ئەوەمان پێناڵێت کە قابیلی سەرۆکی نەتەوەیی بێت، بەڵام هەرچی پێشەوا و ئاپۆیە هیچ کەس ناتوانێت هەڵەیەکیان بدۆزێتەوە.
بۆیە بەگوێرەی ئەو پێوەرانەی لەسەرەوە بەکورتی باسم کردن ئەنجامەکەی بەڕوونی ئەوەمان پێدەڵێن: مەلامستەفا شەڕەفی وێنە هەڵواسینی نییە وەک سەرۆکی نەتەوەیی.
وە دەبێت: پێشەوا قازی محەمەد و عبدوڵا ئۆجەلان وەک سەرۆک و سومبولی نەتەوەیی کورد وێنەکانیان لەپەڕلەمان و دامەزراوە حکومیەکان و ماڵەکانمانمان هەڵبواسرێن، خۆشم وێنەیەکم هەڵواسیوە، پێشەوا قازی لەناوەڕاست و ئاپۆ لەدەستی ڕاست و نەوشیروان مستەفا لەدەستی چەپی وێنەکەدایە.

نوسینی: ئاراز شاد فینلەندا
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە