کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


با هەر ژنێکیش چوار مێردی هەبێت

Sunday, 08/03/2015, 12:00


هاوسەرگیریی گرێبەستێکی ڕۆحی و کۆمەڵایەتیی نێوان دوو مرۆڤە. دەسپێکێکی نوێیە لە ژیانیانداو دۆزینەوەی خودی مرۆڤە، لەڕەگەزی بەرامبەرداو هەڵگرتنی لێپرسراوێتی نوێیە و هۆکاری مانەوە و بەردەوام بونی کۆمەڵگایە.
لەناو گەلاندا هاوسەرگیریی چەند جۆرێکی هەیە، لەوانە: هاوسەرگیریی فەرمی، هاوسەرگیریی "نافەرمی" مەدەنی. هەروەها فرەهاوسەریی، کە لەوڵاتانی ئیسلامییدا هەیە.
زەمەنێکە، ئەم بابەتە بووە بە گۆڕەپانی بەریەککەوتنی هەردووک جەمسەری لیبڕالیزم و کۆنەپەرست. پیاوانی ئایینیش چەندین پاساوی سادەو بێبنەما دەهێننەوە بۆ ئیدامەدان بە فرەژنی. بەڵام لەڕاستیدا گرێدانی چوار ژن بۆ ئەبەد بە یەک پیاوەوە، بەهیچ پاساوێک لۆژیک نییە. بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایەش دەبێت هەموو ڕێگەیەک بگیرێتەبەر.
بۆیە پێمباشە فرە پیاویش وەکو ئیقتڕاح بدرێت بە گوێی پیاوانی ئایینیی. واتا هەرژنێک مافی ئەوەی هەبێت لەیەککاتدا چوار مێردی هەبێت!
دیارە هەندێک، بەم بۆچونەم قەڵس دەبن. بەڵام منیش بەهەمانشێوە سەرسوڕمانی دام ئەگرێت کە ئەوان ڕەوایەتی بە فرە ژنی ئەدەن! بێگومان هەردووک بۆچونەکان جێگای ئەوەن کە لەکۆتایی ڕستەکەیا نیشانەی سەرسوڕمان " ! " دابنرێت.
لەڕاستیدا من باوەڕی موتڵەقم بە یەکسانی ژن و پیاو هەیە، هەر لەم سۆنگەیەوە ڕاموایە کە فرەهاوسەریی، دەبێت هاوشێوەی یەکتر، بۆ هەردووکیان قەدەغە یان حەڵاڵ بێت.
ئەوانەی دژی ئەم بۆچونەن، لای ئەوان ژن، مرۆڤێکی ناکامڵ و ناتەواوە، بەڵام ئەمڕۆ زانست و ئەزمونی ژیانی مرۆڤ، لەمێژوودا، پێمانئەڵێت: کە لەهەموو بوارێکدا ژن و پیاو هاوتان. بۆیە یان بافرەپیاویش بە یاسایی بکرێت. یان فرەژنیش بە یەکجاری بنبڕبکرێت. ئەمەش ئەرکی سەرشانی ڕێبەرانی ئیسلامە. پێویستە خۆیان ئەم یاساییە هەمواربکەنەوە.
ئایینەکان بە گوێرەی بەرژەوەندی پیاوانی ئایینی خۆیان و میزاجی خەلیفەکانیان ئەم یاسایەیان داناوە! بەڵام لەسەربنەمای عەقڵ و زانست نا. لەم سەردەمەدا زانست بۆمان ئەسەلمێنێت: کە لەڕووی عەقڵ، هەست و نەستەوە، ژن و پیاو هاوتان. تەنها جیاوازی لەڕووی توانایی جەستەییەوەیە؛ کەواتە مادام عیلم دوور لەسیاسەت و ئایدۆلۆژی، لەخزمەتی مرۆڤایەتیی ڕێنوێنیمان دەکات، عەقڵانیەت ئەوەیە، کە باوەڕ بە عیلم بکەین، نەک ئەوەی سەرکردەو خەلیفەیەک لەپێناو شەهوەتی پیاوە موجاهیدەکانیدا چوار ژن حەڵاڵ دەکات بۆ یەک پیاو.
"شاملۆ" دەڵێت:
"ئه‌وانه‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌ هاوڕێیه‌تی ژن به‌ ئاگری دۆزه‌خ ده‌ترسێنن.
خۆیان نوێژه‌كانیان به‌هیوای جوتبوون لەگه‌ڵ حۆرییه‌كانی به‌هه‌شت ده‌خوێنن!"
درک بەوەئەکەم، کە ئێستا زۆرێک لە خەڵکی وەکو پرسیارێکی تەقلیدی و کۆن و نالۆژیک ئەپرسن: ئایا ئەوانەی لەدژی فرەژنی، باسی فرەپیاوی دەکەن، بۆ ژنەکانی خۆشیان قەبوڵی وەهایاسایەک دەکەن؟
لێرەدا ئەڵێم: ئەوەڵەن ئەمە بابەتێکی فیکریی، ئایینی و کۆمەڵایەتییە. پێویستە، بە شێوەیەکی گشگیر مناقەشەی فیکریی لەسەربکەین، نەک بابەتێکی هێندە حەساس بچوکبکەیتەوە لەسەر چەند کەسێک. هەروەها، ئێمەمانان کە دەڵێین با ژنێک چوارمێردی هەبێت، لەناوەڕۆکدا باوەڕمان پێینییە. تەنانەت بە سوکایەتیشی دەزانین بۆژن. ئەم نوسینەشم، وتارێکی فیکری "تەنزئامێزە" نەک پڕەنسیپم بێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەرپیاوێک، کە چوار ژن بۆخۆی بەڕەوا ببینێت، دەبێت، خیانەتی زەوجی ژنەکەیشی پێڕەوابێت. چونکە فرەهاوسەریی، هاوشێوەی خیانەتی زەوجییە.
ئەمەش باوەڕی هەرپیاوێکی عەلمانی ڕاستەقینەیە. کەمافی ژن و پیاو وەکو یەک ئەبینێت.
پاساوێکیتر کە ئیسلامییەکان بەردەوام وەکو قسەیەکی کۆن و سوواو، دەیڵێنەوە. ئەوەیە کە: ئەگەر چنگێک گەنم لەزەوییەکدا بجێنیت. دواتر نازانیت کام گوڵەگەنمە، لەکام دنکە گەنمەوە، بەرهەمهاتووە! واتا ژن بە زەوی دەشوبهێنن و تۆوی پیاو بە دنکە گەنم. دیسانەوە ئەمەش پاساوێکی نازانستییە. چونکە. زەوی و جەستەی مرۆڤ لەڕووی پێکهاتە، ماددە، چۆنێتی و توخمەوە زۆر جیاوازن. بۆیە ژن و زەوی بە هیچ پێوەرێک بە یەکتر ناشوبهێندرێن. هەروەها ژنانێکی زۆر مناڵیان نابێت. ئەی ئەوانچی؟
ئەم پاساوە زادەی ئەم حەدیسەیە کە دەڵێت: جەستەی ژن، کێڵگەی پیاوە! پیاو دەتوانێت هەرچۆنێک بییەوێت بیکێڵێت! کە لێرەشدا ئیهانەیە بە ژن دەکرێت.
پاساوێکیتر، کە بەهۆیەوە تاڕادەیەکی زۆر قەناعەتیان بە خەڵکە عەوامەکە هێناوە، کە دەڵێن: کاتێک ڕێژەی ژن زۆرتربوو، لە هی پیاو، ئەوا فرەژنی باشترین حەلە. جارێ هیچ ڕاپرسییەک نەکراوە، تابزانین کام توێژە زیاترە. یاخود ئێمەش دەپرسین: ئەی لەوشوێنانەی کەتێیدا ژن لەپیاو زۆرترە، بۆ حەلی بۆدانەندراوە؟ بۆنمونە: لەیەکێک لەشارەکانی ئۆکڕانیا، ڕێژەی ژن %٨٠یـە.
دیارە وەکو "حەز" زۆربەی پیاوان، پێیانخۆشە چوار ژنیان هەبێت. بەڵام وەکو مەبدەو.
ئەوانەی باوەڕیان پێیەتی، توشی داڕمانی ئەخلاق و ویژدان هاتوون.
واتا بابەتی فرەژنی، لەنێوان حەز و ویژداندایە. هەیە تەسلیمی حەز بووە، هەشە هی ویژدان.
سەبارەت بەم سوکایەتیانەش کە بەردەوام بە توێژی ژن دەکرێت لەکوردستان، مەلاکان و حیزبە بەناوعەلمانییەکان تاوانباری ئەوەڵن. گەورەترین کێشەش ئەوەیە کە هیچ حیزبێکی عیلمانی ڕاستەقینەو جەریئمان نییە. ئەگینا لەسایەی سیستەمی عیلمانیدا، کەڕامەتی ژن هاوشانی پیاو پارێزراوە. بۆئەوەی قسەکەم بسەلمێنم سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ ئەم یاسایانەی باری کەسێتی. دیقەتبدەن! چۆن مافه‌کانی ژنان له‌ هه‌ناوی یاسایەکانه‌وه‌ خراونەتە گۆڕەوە.
لەیاسای‌ باری‌ که‌سێتیدا، ‌‌بڕگه‌ی‌ ژماره‌ ٨ که‌ رێگه‌ به‌ فرەژنیی ده‌دات.
دەڵێت: پیاو ده‌بێ ره‌زامه‌ندیی ژنی یه‌که‌م وه‌ربگرێ بۆ هێنانی ژنی دووه‌م ئه‌مه‌ش ژنان توشی فشاری جۆراوجۆری وەک: توندتیژیی کۆمه‌ڵایه‌تیی ‌و فیزیکیی ‌و ده‌روونیی دەکاتەوە. تا ڕازیبن به ‌ژنهێنانی دووه‌م. تەنانەت زۆرێک لەژنان، بە هەڕەشەی تەڵاق ناچاری ڕازیکردن دەبن. کەواتە، خۆی یاسایەکی مەتاتییەو مەجالی حیلە شەرعی زۆری تێدایە. هەر بەپێی هەمان یاسا ژن ده‌توانێ له‌ کاتی گرێبه‌ستی هاوسەرگیرییدا مه‌رج دابنێ که‌ پیاو نەتوانێ له‌ ته‌مه‌نی‌ هاوسه‌رگیرییاندا ژنی دووه‌م بێنێت. بەڵام زۆر کەمن ئەو ژنانەی کە ئاگاداری ئەم بڕگەیەبنو لەگرێبەستەکانیاندا بیچەسپێنن. ئینجا ئه‌م یاسایە بارودۆخی ئەوژنانەی لەبەرچاونەگرتووە. کەپێشتر هاوسەرییانکردووە.
ناحەقیەکیتر کە لەژن کراوە، ئەوەیە: پیاوی موسوڵمان ده‌توانێ هاوسەرگیریی لەگەڵ ژنێکدا بکات ئەگەر موسوڵمانیش نەبێت. که‌چی ژنی موسوڵمان ناتوانێ هاوسەرگیریی له‌گه‌ڵ پیاوی ناموسوڵماندا بکا.
بۆیە لەبەرئەم هۆکارانە، لەئێستادا پێویستە هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان، ئازادیخواز، ڕۆشنبیران، ڕێکخراوانی کۆمەڵی مەدەنی و بەتایبەت ژنان خۆیان، بە هەموو جۆرەکانی خەباتی مەدەنیو ململانێی فیکری ڕوبەڕوی ئەم نابەرامبەرییانە ببینەوە. کە ئەم یاسایانە لەمیمبەری مزگەوتەکانەوە هەڵقوڵاون. پێویستە یاسای مەدەنی، جێ بەم یاسایانەی ئەشکەوت لێژبکا. لەبەرئەوەی ئەم یاسایە هەڵقوڵاوی سروشتی کۆمەڵگای کوردی نییە. یاخود ئەگەر هیچ نەکرا با ژنیش مافی چوار مێردی هەبێت.

ئارازی حاجی مستەفا/ فینلەند
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە