کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕان کلتوری پاشکۆیەتی لەتابوتنا، یەکێتی سەرت بەرزبکە..!!

Sunday, 20/04/2014, 12:00





یەکێتی! تەنها یەک ووڵاتی دونیام پێبڵێ کە، بەبێ ڕێککەوتنی لایەنە سیاسیەکان حکومەت تەشکیل کرابێت! ئایا شک دەبەن? لەهەموو دونیادا نەبووەو نییەو نابێت کابینەی حکومەتێک تەشکیل بکرێت و ڕێککەوتنێک لەنێوان حیزبەکان ئیمزا نەکرێت.
لام سەیرنییە کە، برادەرانی یەکێتی بەشپرزەییەوە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێدەخەن و مەکینەیەکی ناپڕۆفیشناڵیان بەسینگێکی پڕ لەدووژمنایەتی و عوقدەوە لەدژی گۆڕان خستۆتە کار ! بەڵام بەڕاستی لام سەیرە کە، ئێوەمانان ئەزمونی دەیان ساڵتان هەیە لەڕێککەتنی بەناو ستراتیجی و ژێربەژێر، کەچی جیاوازی نێوان ڕێککەوتنی ستراتیجی بۆبەشکردنی سەروەتی گەل و ڕێککەوتنی تەشکیلاتی کابینەی نوێ ناکەن..!
ئینجا لەوەسەیرتر ئەوەیە کە، خۆتان تەجروبەیەکی تاڵی تولانیتان هەیە لەپاشکۆیەتی کەچی ئێستا پێش ئەحداسەکان دەکەون و بزوتنەوەی گۆڕان تۆمەتبار دەکەن بەپاشکۆیەتی کردنی پارتی !
ئەمە لەکاتێکدایە کە، هێشتا بۆیەک ڕۆژیش حوکمی بزوتنەوەی گۆڕانمان نەبینیوە، گۆڕانیش بەگوێرەی ئیستیحقاقی ئەنجامی هەڵبژاردن پۆستەکانی وەرگرتووە و پارتی خێری پێنەکردووە و ئەو پۆستانەش لەبەرانبەر هیچ چاوپۆشییەکی سیاسی بەدەست نەهاتوون. بەڵکو بەقەبارەی خۆی، مافی خۆی بەدەسهێناوە.
زۆرنا بەڵام، ئەگەر کەمێک بۆ مێژووی دوورو نزیکی ئێوە بگەڕێینەوە، بەڕوونی دەبینین کە، چۆن ببون بەپاشکۆی پارتی و لەپێناو دەستکەوتی ماددی بۆچەند سەرکردەیەکی موستەفید هەموو جۆرەکانی تەنازول و برا بچوکیتان قبوڵ بووە.
ئێوە نەک ڕێککەوتنی تەشکیلاتی کابینەی حکومەت، بەڵکو ڕێککەوتننامەی بەناو ستراتیجیتان لەگەڵ پارتی هەیە، بەڵام بچوکترین بەژداریتان نەبوو لەبڕیاری سیاسی و ئابوری! ئێوە بوون بەشەڕە بۆکس و بەبێ بەرانبەر دوو ساڵی نایاساییتان بە بارزانی بەخشییەوە! ئێوە شەریکی حکومەت بوون بەس ئاگاداری هیچ ڕێککەوتنێکی نەوت نەبوون! ئێوە سەرۆک وەزیرانتان هەبوو کەچی نێچیروان بارزانی بەبێ ئەوەی هیچ پۆستێکی حکومی هەبێت، بەسەرۆکاتی وەفد دەچوو بۆئێران و تورکیا و ڕێککەوتنی فرۆشتنی نەوتی ئیمزادەکرد!
ئێوە جێگری سەرۆکی هەرێمتان هەبوو کە خودی خۆیان لەدێگەڵە گێڕایەوە و تەنانەت دەسەڵاتی چەند کارمەندێکی ئاساییشی پارتی نەبوو! ئێوە لەپێناو پۆستێکی سەرۆک کۆماری تەشریفاتیدا هەموو جومگە سیاسی و ئابوری کوردستانتان خستە ناو چنگی پارتی! ئیتر ئەمانە سادەترین نمونەی سەلماندنی پاشکۆیەتی ئێوە بوون، ئەرێ پێمناڵێن ئەم ڕوویە قایمەتان لەکوێ هێناوە کە ئێستا لەبەرانبەر گۆڕاندا باسی پاشکۆیەتی دەکەن؟! ئاخر ئێوە لەئێمە باشتر دەزانن کە، نەوشیروان مستەفا چل ساڵە مونافیسی سیاسی سەرسەختی پارتییە و هەرگیز لەپێناو پۆست و پارەدا تەنازول ناکات، بەس هیچ کارتێکی سیاسیتان بەدەستەوە نەماوە کە، بۆهەڵبژاردن ئیشی لەسەر بکەن، ئیتر نابەرپرسانە و ناپڕۆفیشناڵانە ڕووی دەمی سەدان ناوەندی ڕاگەیاندنتان خستۆتە سەر گۆڕان، بەڕادەیەک شڵەژاون کە، گۆڕانتان خستۆتە ناو سێرەی تفەنگەکانتانەوە!
ئەرێ گەلۆ خۆ ڕێککەوتنی کابینەی نوێ لەنێوان پارتی و سێ لایەنی سیاسی تر ئیمزاکراوە، ئەی بۆچی ئێوە بەس یەخەی گۆڕانتان گرتووە؟ ئەی بۆباسی یەکگرتوو و کۆمەڵ ناکەن؟ ئەی باشە ئێستا گۆڕان دەستبەکار نەبووە، ئێوە لەسەر چ بنەمایەک و بەچ دەلیلێک دەڵێن گۆڕان بووە بەپاشکۆی پارتی؟ دەی ئێمەش باوەڕمان وایە کە، گۆڕان نەک نابێت بەپاشکۆ، بەڵکو کلتوری پاشکۆییەتی خستە تابوتەوە و یەکێتیش لەپاشکۆیەتی دەپارێزێت.
یەکێتی خۆی باش دەزانێت کە، ئەم ڕێککەوتنە بۆ پێکهێنانی حکومەت بووە و ناوەڕۆکەکەی دیارە. بۆیە لێرەدا لۆژیکی نییە، بڵێی گۆڕان بووە بەپاشکۆ و چۆکی داداوە، نەخێر بەڵکو گۆڕان دەستکەوتی باشی بەدەستهێناوە.
ئیتر یەکێتی پێویستە بچێتەوە قالبی ڕاستەقینەی خۆی سەیری ڕێژەی کورسیەکانی بکات لەپەڕلەمان و بەگوێرەی ئەو کورسیانە دەنگی بەرزبکاتەوە. کورد ووتەنی بەقەد بەڕەکەت پێت ڕابکێشیت.
ئینجا ئەی هەموو شەقامی کوردستان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی هاواریان لێهەڵسابوو کە، بۆچی تەشکیل کردنی حکومەت تاخیر بووە و هەر بۆهەمان مەبەست ماوەیەک بەر لەئێستا ئەندام پەڕلەمانەکانی یەکێتی بۆموزایەدەی سیاسی ئیمزایان کۆدەکردەوە بۆخێرا پێکهێنانی حکومەت.
کە، گوایە یەکێتی پەلەیەتی لەپێکهێنانی کابینەی نوێ و دەسپێشخەری سەرەکی بەخۆیەتی.
بەڵام ئێستا هاواری لێهەستاوە، ئەگەرچی زۆریش زیاتر لە ئیستیحقاقی خۆی پۆستەکانی پێدراوە.
بەڵام، هەموومان دەزانین و بەڕوونی دیارە کە، بڕیاری سیاسی یەکێتی لەلایەن سولێیمانی ژەنەڕاڵی سوپای قودسی ئێرانەوە دەردەچێت، ئێستاش بەڕوونی دیارە کە، ئێران بەم تەشکیلکردنەی حکومەتی کوردستان ڕازی نییە!
ئیتر یەکێتیەک ئیرادەی سەربەخۆیی بڕیاری ناو حیزبەکەی خۆی نەبێت دەبێت چی لێچاوەڕێ بکرێت؟
من پرسیارێکی تر دەکەم، ئێوە ٢٣ ساڵە خاوەنی فەشەلترین و شەرمەزارترین حوکمڕانی بوون، دەی باشە ئێستا هێزێکی نوێ هەیە، جوانترین دروشمی بەرزکردۆتەوە کە، "گۆڕان"ە دەی با ئەمەش ئەزمون بکەین و حوکمی ئەویش ببینین، ئەمە هیچ عەقڵانیەت نییە تۆ پێش ڕووداوەکان بکەویت و بەر لەئەزمونکردن بڵێیت ئەمە پاشکۆیە یان سەرکەوتوونابێت.
مەبەستی یەکێتی ئەوەیە یاری بەسۆزو عەتفی لایەنگرانی خۆی بکات و خۆڵ بکاتە چاویانەوە، بەجۆرێک یەکێتی وەکو مەزڵوم نیشانی شەقامی سەوز دەدات و خەڵکی خۆی فریودەدا کە، گوایە گەلەکۆمەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەدژی یەکێتی لەئارادایە! ئەوەڵەن یەکێتی زۆر لەوە بچوکتر بۆتەوە هەتاکو گەلەکۆمەی لێبکرێت، دووەم ئەو سەرکردە دەستڕۆیشت و بەرژەوەندیخوازانەی کە، یەکێتیان بەم حاڵە شپرزەیی و دۆڕاویەدا بردووە، دەیانەوێت شکستەکانی خۆیان دابپۆشن و ئاراستەی تووڕەیی لایەنگرانی یەکێتی لەخۆیان لادەن و ڕووی ئەو توڕەییە بکەنە پارتی و گۆڕان بەدەرەجەی یەک.
ئەمەش ترسناکترین گەمەیە، چونکە هەندێک خەڵک هەیە لەناو یەکێتیدا لەئاستی خوارەوە هەتا سەری سەرەوە کە، بەرژەوەندیان لەگەڵ خوێنڕشتنی کورد و شەڕی ناوخۆییە!
مەبەستێکی تری یەکێتی ئەوەیە ئەو ماوەیەی هەڵمەتی هەڵبژاردن چونکە هیچ دەستکەوتێکی لەمێژووی دوورو نزیکیدا شک نابات هەتا بۆ ئەم هەڵمەتە بەکاری بێنێت، ناچار ڕووی حەقیقەتی ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت هەڵدەگێڕێتەوە و بەرگێکی ڕەشی دزێوی ناشیرینی بەبەردادەکا. ئەمەش تەنها بۆگێڕانەوەی چەند دەنگێکی گۆڕانە بۆلای یەکێتی، کەدڵنیام بەم تەریقەیە تاکە دەنگێک ناگێڕنەوە
تەریقەیەکی تر کەیەکێتی لەم هەڵمەتەدا بەکاری دێنێت. ئەوەیە کە، ماوەیەکە، دەستیان کردووە، بە هەڵبەستنی لێدوانی ناڕاست بەناوی کەسایەتیە سیاسی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتیەکان. یانی ئەمە ئەوپەڕی فەشەلی سیاسی و دەلالەتی نەبوونی هیچ کارتێکی سیاسییە کە بەناچاری پەنا بۆ لەکەدار کردنی کەسایەتیەکان دەبەن و هەوادارانی خۆشیان دەگەوجێنن. ئەگەر دوو دێڕ بنوسیت و لۆژیکیەن ڕەخنەیەکی کاریگەر بگریت چێترە لەوەی هەزاران لاپەڕە بە ئیدیعای نادروست پڕبکەیتەوە. بەڵێ سیاسەت دەکەیت، بەڵێ هەڵمەتی هەڵبژاردنە بەس لەمانەشدا نابێت مۆڕاڵ و ویژدان غایب ببێت.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە