هەموومان بوین، لەسەر زمانی نەوشیروان قسەمان ئەکرد
Monday, 06/08/2012, 12:00
ئەوەڵەن من لەو سیاسەتەی نەوشیروان مستەفا تێناگەم، بۆچی هێندە بەکەمی دەردەکەوێ؟ بۆچی خەڵکی بەتەواوی تامەزرۆی بینینی خۆی ئەکات ئینجا خۆی نیشان ئەدات؟ لەوانەیە درکی بەوڕاستیە کردبێت، ئێواران شاشەی تی ڤی داگیر نەکات، بەڕادەی لێبێزاربون، هاوشێوەی سەرکردەی حیزبە شمولیەکان، لەبری ئەمە دێت لەکەمترین دەرفەتدا بەهێزترین و گەورەترین پەیام دەوەشێنێ.
ئەوە نەوشیروان مستەفا نەبوو قسەی دەکرد، بەڵکو ئێمە هەموومان بوین، لەسەر زمانی ئەو قسەمان دەکرد، ڕوونتر بیڵێم، کاک نەوشیروان قسەی دڵی هەموومانی کرد، بەیەکێتیەکانیشەوە. ئەمەی ئەو وتی پەیامی قوڵایی ناخی هەریەکێکمان بوو، بەڵام تەنها ئەو دەرفەتی وتنی هەبوو.
ئەمە نیشانەی ڕێبەری ڕاستگۆیە لەگەڵ گەلە بەشمەینەتەکەی، چونکە بەباشی هەست بەناعەداڵەتی کۆمەڵایەتی، ئابوری و سیاسی دەکات، ئەو گەشتی کردووە بۆ ناو ناخی هەریەکێک لەئێمە، ئەو ئاوازی ناخی خەڵک ئەبیستێ، بۆیە کاتێک قسەی دەکرد، واتئەزانی، هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەوەکالەت ئەویان ڕاسپاردووە بۆ وتنی قسەکانیان، یاخود وەک ئەوە دەهاتە پێش چاوم خۆپیشاندانێکی ملیۆنی، ناوەڕۆکی یاداشتەکەیان داوە بەکاک نەوشیروان بۆ وتن.
سەیر نییە، کەخەڵک لەبینین و گوێگرتن لە سەرکردەی حیزبەکانی تر حەوسەڵەیان نەماوە، لەتەک ئەمەش زۆر بەموشتاقیەوە گوێ لەقسەکانی کاک نەوشیروان دەگرن. بەڵام جێگای سەرنج ڕاکێشانە کە دوای جیابونەوەی برادەرانی گۆڕان لەیەکێتی، بۆیەکەمین جارە جەماوەرو لایەنگرانی یەکێتی پشتیوانی وتەکانی کاک نەوشیروانیان کرد، بەڕادەیەک هەندێک ناوەندی ڕاگەیاندنی نزیک لەیەکێتی و پەیجەکانیان ڕاشکاوانە تەئیدی قسەکانیان کرد، بەوەش نەوەستا هەندێک لەکادیرانیان لەئاستی باڵای ناویەکێتی، غەیرە موباشەڕ هاوڕایی خۆیان دەربڕی بۆ وتەکانی نەوشیروان مستەفا.
ئەو پشتیوانیەی یەکێتیەکان ئاگادارکردنەوەی "مام جەلال" بوو. چونکە ئەوان ئەزانن سکرتێرەکەیان، هەشت ساڵە گڵۆپی سەوزی بۆ پارتی پێکردووە، بۆدەستگرتن بەسەر هەموو جومگە سەرەکیەکانی حەیاتی کۆمەڵگا و دروست بونی حوکمێکی بنەماڵەیی دیکتاتۆری.
هەرچەند کاک نەوشیروانیش زۆر جەریئانە هەموو ئەو باسانەی وروژاند کە بۆپارتی "بڤەن" بەڵام ئەو وتی "سەرکردایەتی پارتی لەبیست ساڵی ڕابردودا ستراتیجێکیان هەبووە، بۆئەوەی حوکمی بنەماڵە لەکوردستاندا بچەسپێنن" بەڵام لەواقیعدا حوکمی بنەماڵە بەتەواوی چەسپاوە و ڕەگوڕیشەی داکوتاوە. دەسەڵاتی تەشریعی، تەنفیزی و قەزایی هیچ وجودیان نییە ! بنەماڵەیەک لەدەرەوەی دەستورو هەموو یاسایەکدا، لەتاریکی و بەبێ ئاگایی ڕای گشتی، دوور لەچاوەندێری هەردووک حوکمەتی ناوەند وئەقلیم، بەویستی خۆی مامەڵە بەگشت سامانە سروشتیەکانەوە دەکات، بەتایبەتی نەوت و غاز. هێزی چەکداری میلیشیایی هەیە کەتەنها لەبەرژەوەندی خۆیدا فیشەک ئەتەقێنێ. بازرگانی بەگیان وژیانی خەڵکی ڕەشوڕوتەوە ئەکات، دەستی گرتووە بەسەر خێروبێری وڵاتدا!! ئەمانە سادەترین بەڵگەی دیکتاتۆرێکی چەسپاون، نەک هەوڵی چەسپاندنی ئەدات.
نیچە ئەڵێت: هەرکەسێک نەتوانێت بڵێ "نەخێر" هێشتا گەورە نەبووە.
نەوشیروان مستەفا خاوەن کەسێتیەکی هێندە بوێرە، لەبەرانبەر هەرناعەداڵەتیەکدا پەشێو وتەنی چەکی (نا)ی لەسەر پێیە. مرۆڤ کەڕێبازو شۆڕشێکی سیاسی دەسپێکرد، ئەبێت بەجورئەت بێت، نابێت بچێتە ژێر باڵی هیچ فشارێکی دوژمن. پەندێک دەڵێ: ترس ڕێگری ناکات لەمردن، بەڵکو ڕێگری دەکات لەژیان! ئێمەش بۆئەوەی بژین، لەپێناو نرخی ژیاندا، ئەبێت جەریئانە بەگژ جەللادەکەمان بێینەوە. ئەو هەڵوێستە بوێرانەی کاک نەوشیروانیش ئیرادە و هێزو مەعنەوی سیاسی ئەبەخشێتەوە، والەخەڵک ئەکات بەگیانێکی شۆڕشگێڕانە و بوێرانە بڵێن "نەخێر" هەروەک لە٢٥/٠٧/٢٠٠٩دا لەکۆمەڵگایەکی بچکۆڵەدا نیو ملیۆن کەس بەڕێبەرایەتی نەوشیروان مستەفا. یەک دەنگ و یەک هەڵوێست، هەستانە سەرپێ، وتیان "نەخێر" ئیدی بەسە! لێرە بەدواوە لەگەڵتان نین! ئیدی کاتی هات بەڕەش بڵێین ڕەش و بەسپی، سپی!
بەڕای من هەرچەند کۆمەڵگا هۆشیاری سیاسی بەرز بێت. ئەگەر ڕێبەرێکی کاریزما نەبێت، هەموو دەنگە یاخی بووەکان بخرۆشێنێ و کۆیانبکاتەوە، دەنگە بوێرەکان بەپەرتی دەمێنن. دەسەڵاتیش درکی بەحەکیمێکی وەک نەوشیروان مستەفا کردووە، بۆیە کەوتۆتە پەلەقاژێی مەرگی سیاسی خۆی.
مەگەر: هیتلەر، چەرچڵ، ستالین، غاندی و دەیانی تر بتوانن وتارێکی هێندە کاریگەر بدەن کە هاوکێشەی سیاسی و شەقام، بەرەوە جوڵە وگۆڕانکاری پەلکێش بکەن. کاک نەوشیروان بیستو یەک خولەک قسەی کرد "پارتی" توشی بەرزبونەوەی زەخت و شەکرە کرد. جارێ من لەوە تێناگەم پارتی بۆ بەڕەخنە لێدانی دڵی خێرا دەبێت و نێوچەوانی کڕونچک دروست ئەکات؟ بۆیە ئەو قسەیە ئەکەم، کاتێک شیکاری بۆ وەڵامەکەی پارتی دەکەم، ڕێک شەڕی ناوخۆم دێنێتە بەرچاو، کەبەزمانێکی سەرشەقامی دەڵێن لێتان قبوڵ ناکەین! ئەمە زمانی دیبلۆماسی نییە، بەڵکو جنێوێکی سیاسییە. ئێستا لەدونیای ئیعلامی کوردیدا بووە بەنوکتەی سیاسی، کەپارتی دەڵێت "لێتان قبوڵ ناکەین"!! ئەوان هەمیشە خەنجەریان لەکالان هێناوەتە دەرەوە، لای ئەوان حوکمڕانی وسیاسەت بەم تەریقەیەیە.
وتەیەک دەڵێت: (مێژوو ئاوێنەی تەواوی ژیانی مرۆڤە) پارتی ئەگەر هەموو جار لەکاتی ئینفیعالەکانیدا سەیرێکی ئاوێنەی مێژووی خۆی بکات، وەڵامەکانی زۆر لۆژیکی تر ئەبن. هێندەش قەڵس نابێ، کەمن دڵنیام دوای بەرنامەکەی کاک نەوشیروان زۆربەی سەرکردایەتی پارتی. توشی ستڕەیس بون و ئەو شەوە هەتا پارشێو نەخەوتون، دواتریش خەوێکی ناخۆش، کەگومانم لەوە نییە زۆربەیان نەوشیروانیان هاتۆتە خەو! لەدوا وتەمدا دەڵێم
"باڵ بۆ باڵندە چەندە پێویستە، بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆ باشوری کوردستان هێندە پێویستە".
ئاراز شاد/فینلەند
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست