کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فه‌زیحه‌یه‌کی بێده‌نگ له‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان‌

Friday, 02/11/2012, 12:00








ده‌کرا زووتر ئه‌م بابه‌ته‌م بڵاوبکردایه‌ته‌وه‌، هۆکاری دواکه‌وتنیشی بۆ ئه‌و تروسکه‌ هیوایه‌ ده‌گه‌ڕێه‌وه‌ که‌ئێستاش له‌ناخمدا هه‌ر بڵێسه‌ی هه‌یه‌. هه‌ندێک هه‌ڵه‌ ڕووده‌ده‌ن، ده‌خوازرێت له‌کاتی خۆیدا بیاندرکێنین، تا هه‌رچی زووتره‌ چاره‌سه‌ر بکرێن، یاخود به‌رپرسه‌کان ڕووبه‌ڕووی لێپێچینه‌وه‌ بکرێنه‌وه‌. ئه‌م کاره‌ساته‌ش که‌ئێستا لێی ده‌دوێم پێموایه‌ فه‌زیحه‌یه‌و هه‌رچی زووتره‌ بڵاوبکرێته‌وه‌ چاکتره‌ تاله‌پاشه‌ڕۆژیشدا به‌رپرسیارێتیه‌که‌ی له‌ئه‌ستۆ نه‌گرم، خۆ ئه‌گه‌ر نه‌شیدرکێنم ئه‌وه‌ خیانه‌تێکی نیشتمانیم کردووه‌. دوای چه‌ندین ساڵی پڕ له‌چالاکی په‌نابه‌ره‌ کورده‌کانی ئه‌روپا، بۆ به‌جینۆسایدناساندنی هه‌ردوو کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال، کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی پارته‌ سیاسیه‌کانی نه‌رویج ئاماده‌بن به‌فه‌رمی دانبنێت به‌هه‌ردوو کاره‌ساته‌که‌ وه‌ک دوو ڕووداوی جینۆساید له‌مێژووی مرۆڤایه‌تیدا. گه‌ر ئه‌مه‌ سه‌ربگرێت ده‌بێته‌ یه‌که‌مین ده‌وڵه‌تێک ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ به‌فه‌رمی له‌ئه‌ستۆ بگرێت، ده‌وڵه‌تێک که‌چه‌ندین ساڵه‌ له‌پراکتیکردنی پرۆسه‌ی دیموکراتیدا یه‌که‌می جیهانه‌و کاریگه‌ری سیاسی‌و مرۆیی به‌سه‌ر ته‌واوی ده‌وڵه‌ت‌و نه‌ته‌وه‌و کۆمه‌ڵگا دیموکراتی‌و ئازادیخوازه‌کانی جیهانه‌وه‌ هه‌یه‌.

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ئیجابیه‌ له‌خۆوه‌ نه‌هاتۆته‌دی، چه‌ندین ساڵه‌ کۆڕو سیمینارو کۆنفرانس‌و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ پارت‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کاندا سازکراوه‌، گفتوگۆی چڕوپڕیان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامدراوه‌، به‌هه‌موو تواناو دڵسۆزیه‌که‌وه‌ کاری زۆر کراوه‌ تا گه‌یشتووه‌ به‌م ئاسته‌. ئێستاش که‌پارته‌کانی ئه‌م وڵاته‌ ئاماده‌ن به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی ئه‌مه‌ به‌جیهاندا ڕاگه‌یه‌نێت، به‌دوو قۆناغی دیکه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت: یه‌که‌م: دروستکردنی لیژنه‌یه‌ک له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌وه‌ بۆ گه‌ڵاڵه‌کردنی پرۆژه‌که‌و ئاماده‌کردنی ڕه‌شنوسێک بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دواتر پێشکه‌شکردنی پرۆژه‌که‌ به‌سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان. دووهه‌م: خستنه‌ڕیزی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌به‌رنامه‌کانی په‌رله‌مانداو گفتوگۆکردن له‌سه‌ری، تا دواتر بڕیار له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی بده‌ن‌و بیکه‌نه‌ یاسایه‌کی نوێ.

ئه‌و ئاماده‌کارییه‌ ده‌روونی‌و فکریانه‌ی که‌هه‌لومه‌جێکی وه‌های هێنایه‌دی، ئه‌گه‌ر له‌وه‌وپێش ئه‌رکی دڵسۆزان‌و ڕێکخراوه‌ مرۆیی‌و ڕوونابیره‌کان بوبێت، لێره‌ به‌دواوه‌ ئه‌رکه‌که‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی کوردستان‌و لێره‌ به‌دواوه‌ نۆره‌ی به‌گه‌ڕخستنی تواناو ئاماده‌کاریه‌کانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و په‌رله‌مانی کوردستانه‌.

ئێمه‌ی کوردانی نه‌رویج، پاش چه‌ندین په‌یوه‌ندی‌و ڕاگۆڕینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان، وه‌زاره‌تی شه‌هیدانمان وه‌ک ده‌روازه‌یه‌کی سه‌ره‌کی هه‌ڵبژاردو په‌یوه‌ندیمان به‌وه‌زیره‌که‌یه‌وه‌ کرد، به‌نامه‌یه‌کی ڕه‌سمی وه‌زاره‌تمان ئاگادار کرده‌وه‌ که‌وه‌فدێکی حزبی‌و په‌رله‌مانی ئاماده‌یه‌ سه‌ردانی کوردستان بکات، ژماره‌و ئه‌ندامانی ئه‌م وه‌فده‌ بریتیه‌ له‌چوارده‌ که‌سایه‌تی، نوێنه‌رایه‌تی زوربه‌ی پارت‌و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی ده‌وڵه‌تی نه‌رویجی تێدایه‌ چ وه‌ک ئه‌ندام په‌رله‌مان‌و چ وه‌ک نوێنه‌ری پارته‌که‌یان له‌و وه‌فده‌دا ئه‌رکیان پێ سپێردراوه‌. هه‌روه‌ها هه‌ندێک پسپۆڕ له‌بواری کۆمه‌ڵناسی، کشتوکاڵ‌و ئاودێری، منداڵان، مافی مرۆڤ..تاد، له‌وه‌فده‌که‌دا هه‌یه‌.

١- وه‌زیر داوای ئه‌وه‌ی کرد ده‌بێت نامه‌یه‌کی ڕه‌سمی له‌لایه‌ن ئه‌و وه‌فده‌وه‌ بنوسرێت که‌ده‌یانه‌وێت سه‌ردانی کوردستان بکه‌ن تا میوانداریان بکه‌ین.

ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ سه‌خت بوو چونکه‌ ئه‌مه‌ له‌عورفی سه‌ردانه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کاندا نییه‌و داهێنانێکی کوردییه‌. له‌جیهاندا نه‌بووه‌ پێویستیمان به‌هه‌ڵوێست‌و هاوکاری کۆمه‌ڵێک هه‌بێت‌و بمانه‌وێت میوانداری بکه‌ین، به‌ڵام پێیان بڵێین ئێوه‌ داوا له‌ئێمه‌ بکه‌ن تا میوانداریتان بکه‌ین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاوڕێیانم چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌یان کردو نامه‌که‌مان گه‌یانده‌ وه‌زیر.

٢- وه‌زیر داوای کرد که‌سێڤێی ئه‌و به‌ڕێزانه‌یان بۆ بنێرین.

ئه‌مه‌ ئاسان بوو، هه‌ر یه‌ک له‌و که‌سایه‌تیانه‌ له‌لایه‌ن ماڵپه‌ڕه‌ فه‌رمیه‌کانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ سێ ڤێیان بۆ نوسراوه‌و به‌وێنه‌ی خۆیانه‌وه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌. له‌ماوه‌ی یه‌ک شه‌ودا ئاماده‌کراو نێردرا بۆ وه‌زاره‌ت.

٣- وه‌زیر داوای کرد که‌ئه‌و ژماره‌یه‌ (چوارده‌ که‌س) زۆره‌و که‌می بکه‌نه‌وه‌.

ئه‌مه‌ش داهێنانێکی دیکه‌ی نوێی کوردی بوو، لۆژیکی نییه‌ وه‌فدێک ئاماده‌ بکرێت بۆ پرسی نه‌ته‌وه‌یه‌ک که‌چی وه‌زیر هه‌ڵوێستگیری له‌سه‌ر ژماره‌که‌ی بکات!؟ بۆ ئه‌و ڕه‌واتر بوو که‌به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌کادیمی بیزانیبایه‌ هه‌ریه‌ک له‌و وه‌فده‌ کارو تایبه‌تمه‌ندێتی خۆی هه‌یه‌.!؟ به‌هه‌رحاڵ، پاش هێنانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک پاساوی درۆی دروستکراو، وامان کرد وه‌فده‌که‌ ببێته‌ ده‌ که‌س.‌و ناوه‌کانمان دیاری کردو ناردمان.

٤- وه‌زیر داوای کرد که‌ده‌یه‌وێت سه‌رۆک‌و جێگرو نوێنه‌ره‌کان ده‌ستنیشان بکرێت‌و بیانناسێت.

ئێمه‌ش پێشتر ئه‌و کاره‌مان کردبوو، به‌ڵام جارێکی ترو به‌ڕوونی لیستێکمان بۆ ساز کردو هه‌ر له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ دواهه‌مین ئه‌ندام ئه‌رکی یه‌که‌ به‌یه‌که‌مان دیاری کردو لیسته‌که‌مان بۆ نارد.

٥- وه‌زیر پێی ڕاگه‌یاندین ده‌ که‌س زۆره‌، چیان لێ بکه‌م، من ده‌توانم میوانداری ته‌نها سێ که‌س بکه‌م.

ئێمه‌ نازانین وه‌زیر چۆن بیری له‌م که‌یسه‌ کردۆته‌وه‌، ئه‌و به‌شێوه‌یه‌ک بیری لێکردۆته‌وه‌ که‌ده‌توانێت گه‌مه‌ به‌ بڕیارو هه‌ڵوێست‌و ژماره‌ی وه‌فد بکات.! له‌ڕاستیدا نه‌مانده‌زانی چۆن ئه‌و شه‌رمه‌زاریه‌مان بشارینه‌وه‌ که‌وه‌زیر بۆی دروست کردبوین.!! ئێمه‌ نه‌مانتوانی بچینه‌ ژێرباری ئه‌م داواکاریه‌، خۆشم نازانم چۆن هاوڕێیانم توانیان‌ ژماره‌ی وه‌فده‌که‌ که‌م بکه‌نه‌وه‌ بۆ شه‌ش که‌س.

٦- ئاگادارکراین که‌ وه‌زیرو وه‌زاره‌ت له‌ڕۆژی ٥/٨/٢٠١٢ ئاماده‌ن پێشوازی له‌ وه‌فده‌که‌ بکه‌ن‌و بۆ ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌ میوانی کوردستان بن، ئێمه‌ش به‌ڕه‌سمی وه‌فده‌که‌مان ئاگادار کرده‌وه‌، ئه‌وانیش ڕازیبوون‌و سه‌فاره‌تی خۆیان له‌به‌غداو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویجی‌و سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ت‌و په‌رله‌مانی نه‌رویجیان ئاگادارکرده‌وه‌و هه‌موو لایه‌ک ئاماده‌ی سه‌فه‌ره‌که‌ بوو. قایمقامی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیدو چه‌ند په‌رله‌مانتارێکی ده‌ڤه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌و مه‌زاری شه‌هیدان‌و سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی که‌سوکاری شه‌هیدانی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیدمان له‌هه‌موو پێشهاته‌کان ئاگادار کرده‌وه‌، ئاماده‌کاریه‌کی باشیش کرابوو تا به‌جوانترین شێواز پێشوازی له‌وه‌فده‌که‌ بکه‌ن.

٧- پاش ده‌ ڕۆژ نوسینگه‌ی وه‌زیر ئاگاداریان کردینه‌وه‌ که‌سه‌فه‌ره‌که‌ دوا خرا.

من بڕوام به‌م کاره‌ی وه‌زیر نه‌کرد، بۆ دڵنیاییم ته‌له‌فۆنێکم له‌گه‌ڵ وه‌زیردا به‌ست‌و داوای ڕوونکردنه‌وه‌م لێ کرد، ئه‌ویش وتی هیچ کێشه‌یه‌ک نییه‌ ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه‌ که‌ئه‌و به‌رواره‌ ده‌که‌وێته‌ مانگی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌و باشتره‌ که‌دوا بخرێت. ئێمه‌ش زۆر ڕاشکاوانه‌ وه‌زیرمان ئاگادارکرده‌وه‌ ئێمه‌ توانای ئه‌و کاره‌مان نییه‌و داوای لێده‌که‌ین خۆی ئه‌و ئه‌رکه‌ بکێشێت‌و به‌ته‌له‌فۆن قسه‌ له‌گه‌ڵ وه‌فده‌که‌ بکات. وه‌زیریش به‌پێشنیاره‌که‌مان ڕازی بوو، قسه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فده‌که‌ کردو ڕێکه‌وتن که‌سه‌فه‌ره‌که‌ بکه‌وێته‌ ٢٥/٨/٢٠١٢

٨- یه‌ک هه‌فته‌ی مابوو بۆ واده‌ی سه‌فه‌ره‌که‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ ئاگادار کراینه‌وه‌ که‌به‌داوای لێبووردنه‌وه‌ ناتوانن میوانداری ئه‌و وه‌فده‌ بکه‌ن چونکه‌ کاته‌که‌یان گونجاو نییه‌و قاسه‌که‌یان پاره‌ی تێدا نییه‌.

به‌م شێوه‌ ساده‌و ساکاره‌ وه‌زیر وه‌ڵامی ئێمه‌و وه‌فده‌که‌ی کرد، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ستی به‌رپرسیارێتی کاک ئارام له‌م وه‌ڵامکردنه‌دا بدۆزینه‌وه‌، ناچار بوین هه‌ندێک پرسیار له‌ کۆمه‌ڵێک بیریار، ڕوناکبیر، سیاسی، ئه‌دیب‌و که‌سانی به‌ ئه‌زموونی فه‌رمانگه‌کان بکه‌ین تا پاساوی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و بدۆزینه‌وه‌ که‌ چۆن ئه‌م بڕیاره‌ی داو به‌چ ئاگاییه‌که‌وه‌ ئیمزای له‌سه‌رکرد، که‌چی چنگێک پاساومان چنگ نه‌که‌وت.!! ئیتر وازمان له‌و هێناو به‌ناو نوسراوه‌که‌دا گه‌ڕاین تا مشتێک هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی‌و نیشتیمانپه‌روه‌ری له‌نێوان دێڕه‌کانی ئه‌م وه‌زیره‌دا بدۆزینه‌وه‌ که‌چی له‌ویشدا هه‌ر سه‌رکه‌وتوو نه‌بوین.!!! بۆیه‌ ته‌له‌فۆنم بۆکرده‌وه‌، که‌چی ئه‌و زۆر به‌خوێن ساردیه‌وه‌ دڵنیای کردمه‌وه‌ که‌ نه(‌کات)یان هه‌یه‌و نه‌پاره‌. قایمقامی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید په‌یوه‌ندیه‌کی له‌گه‌ڵ وه‌زیردا سازداو ئه‌ویش دڵنیابووه‌وه‌ که‌جگه‌ له‌ کات‌و پاره‌ هیچ کێشه‌یه‌کی تریان نییه‌. که‌واته‌ حکومه‌تی کوردستان، که‌وه‌زیری شه‌هیدان نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات، کات‌و پاره‌ی بۆ به‌جینۆسایدناساندنی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال نییه‌.

وه‌زاره‌تێک ملیاره‌ها دینار بودجه‌ی بێت‌، وه‌زیره‌که‌ی کات‌و پاره‌ی بۆ خۆی‌و وه‌فدی هاوڕێی هه‌بێت تا سه‌فه‌ری ئه‌وروپا بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها نۆ خوله‌ک وتار بخوێنێته‌وه‌، به‌ڵام بۆ هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال نه‌کاتی هه‌بێت‌و نه‌پاره‌، هه‌ر ئه‌م وه‌زیره‌ ئاگای له‌ عورفی میوانداری وه‌فده‌ ڕه‌سمیه‌کان نه‌بێت‌و نه‌زانێت ژماره‌ی وه‌فدێک چ مه‌به‌ست‌و ئامانجێکی هه‌یه‌، ئه‌مڕۆ بڕیارێک بدات‌و سبه‌ی هه‌ڵیوه‌شێنێته‌وه‌، دڵسۆزی په‌نابه‌ره‌ کورده‌کان به‌کار ببات، یاری به‌ چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بکات، با ده‌ست له‌کار بکێشێته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر ده‌ست له‌کار نه‌کێشێته‌وه‌ ده‌بێت که‌سوکاری شه‌هیدان‌و ئه‌نفالکراوان هه‌ڵوێستان هه‌بێت، خۆپێشاندان بکه‌ن، به‌تایبه‌تی که‌سوکاری قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید که‌ئاگای وردو درشتی ئه‌م چیرۆکه‌یه‌و هه‌رگیز سوکایه‌تیان قبوڵ نه‌کردووه‌.! ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌که‌ن ده‌بێت سه‌رۆکی ڕێکخراوه‌که‌یان واز له‌کاره‌که‌ی بهێنێت‌. ده‌خوازرێت‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بێهه‌ڵوێست نه‌بێت، ئه‌گه‌ر بۆ یه‌کجاریش بێت لیژنه‌یه‌کی لێکۆڵینه‌وه‌ بۆ یه‌کێک له‌وه‌زیره‌کانی له‌سه‌ر ئه‌م فه‌زیحه‌یه‌ نیشتیمانیه‌ دروست بکات.! دڵنیای ده‌که‌م که‌ حکومه‌ته‌که‌ی ناڕوخێت، ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی حکومه‌تیش له‌پێناو دڵڕاگرتنی یه‌کێتی نیشتیمانیدا، لێپرسینه‌وه‌یه‌کی ئه‌نجام نه‌دا، هیوامان وایه‌ خودی یه‌کێتی ئه‌م سوکایه‌تیه‌ به‌خۆی قبوڵ نه‌کات.




تێبینی:

ئه‌م نوسینه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش به‌رواری ٢٥/١٠/٢٠١٢و له‌م به‌رواره‌دا کۆنفرانسێک له‌په‌رله‌مانی نه‌رویج به‌ڕیوه‌چوو، خودی وه‌زیر تێیدا ئاماده‌بوو، ئه‌گه‌ر باسی ئه‌و کۆنفرانسه‌ش بکه‌یت ئه‌وه‌ باسی ڕۆژێکی شوومی دیکه‌ ده‌که‌ین که‌وه‌زیر تێیدا به‌شێک له‌به‌رپرسیاریه‌ته‌که‌ی هه‌ڵده‌گرێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە