حدک و حدکا له‌نێوان لایه‌نگرو دین و دونیادا.*
Sunday, 17/07/2011, 12:00
هه‌رگیز پێم‌خۆش نه‌بووه له‌سه‌ر ته‌نگه‌ژه‌ی سیاسی و کێشمه‌کانی گوتاری ئایدۆلۆژی لێدوان بده‌م و ده‌خاله‌ت له ناکۆکییه‌کانی ناوخۆی پارته‌کان بکه‌م، له‌ڕاستیدا به‌کاری خۆمم نه‌زانیوه‌و وازم لێهێناوه بۆ پسپۆڕانی خۆی، ئه‌وه‌شم به‌کارێکی کوشنده زانیوه که‌جگه له‌پسپۆڕانی خۆی هه‌رکه‌س ئاره‌زووی کرد له‌م باره‌یه‌وه بێ لێکۆڵینه‌وه‌ی دروست په‌یام بدات. مه‌سه‌له‌کان هه‌رئه‌وه نین که به نوسینێک یان لێدوانێکی سیاسی یاخود ڕاگه‌یاندنێک کۆتایی پێ بێت به‌ڵکو ململانێ له‌سه‌ر ناکۆکییه‌کان له ئاست و بارودۆخی تایبه‌تیی کوردستان هه‌روا به سانای و لاوه‌کی تێپه‌ڕ نابن به‌ڵکو په‌یوه‌ندییه‌کی توندوتۆڵیان به‌مێژووی خه‌بات، په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی، گوتاری نه‌ته‌وه‌یی، سیاسه‌تی حزب له‌ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی و ده‌ره‌کیه‌وه هه‌یه، ئه‌مانه‌ش گرنگی خۆیان هه‌یه‌و نابێت سه‌رپێیانه لێیان بدوێین. سه‌رباری ئه‌وه‌ی که من له بوارێک‌دا ده‌نوسم و ده‌کۆڵمه‌وه که‌په‌یوه‌ندی به‌گوتاری سیاسییه‌وه نییه.
به‌ڵام له‌ئاست نوسینێک که پاش که‌مێکی دی ده‌یخوێنینه‌وه، نه‌متوانی خۆمی لێ بێده‌نگ بکه‌م، نوسینێک که نوسه‌ره‌که‌ی لایه‌نگری حدکایهو هه‌وڵی داوه ڕه‌خنه له حدک و ئاغای نوریزاده بگرێت به‌گوتارێکی سیاسییانه به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌و ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی پڕ کردووه‌و له‌و دێڕانه‌ی که زیاتر له هه‌ڵچونێکی ده‌روونیه‌وه نزیکن و به‌ده‌ربڕینێکی دینیانه باڵاپۆشی کردوه به دوژمنایه‌تی و گیانی ته‌فره‌قه‌و یه‌کتر کوشتن تا سه‌ر ئێسقان، ئه‌مه‌ش تۆوی دووبه‌ره‌کی و دوورکه‌وتنه‌وه له‌هێزی چێنراوی نه‌ته‌وه‌یی له‌ناو خودی تاکه‌کاندا دروست ده‌کات و زه‌ره‌رێکی زۆر ده‌دات له‌پرۆسه‌ی خه‌بات. با بزانین چۆن.!
که‌س ناتوانێت نکوڵی له‌وه بکات که ته‌نگه‌ژه‌یه‌ک له نێوان حزبی دیموکراتی کوردستان، حدک و حزبی دیموکراتی کوردستان/ئێران حدکا دا هه‌یه. ئه‌م ته‌نگه‌ژه‌یه که‌ی سه‌ریهه‌ڵداوه‌و چه‌ند جار بووه‌و بۆچی بووه‌و ئامانج چی بووه‌و به‌کوێ گه‌یشتووه‌و سوودو زیانه‌کانی چی بوون کاری ئه‌م نوسینه‌مان نییه، نامه‌وێت لهتهوهرێک بدوێم که‌له‌م کاته‌دا سوود به‌ئامانجمان نه‌گه‌یه‌نێت. لێدوان له‌م هۆو هۆکارانه وه‌ک کێشه‌کانی نێوان سوننه‌و شیعه‌مان لێ ده‌که‌ن که‌تا ئێستاش له‌سه‌ر حهققایهتی ئه‌بوبه‌کر یان عه‌لی بۆ بوونی به‌یه‌که‌م خه‌لیفه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلام ململانێیانه بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بکه‌نه‌وه که هه‌ر کامیان به خه‌لافه‌ت حهققتر بوبن تازه تێپه‌ڕیوه‌و ناتوانین ئاڵوگۆڕی تێدا بکه‌ین و به‌خواستی خۆمان یاری به‌چاره‌نوسی داهاتوو له‌سه‌ر مێژووی حه‌تمی بکه‌ین، جا هه‌رچه‌ند ململانێکه‌یان په‌ره پستێنێت و ته‌نانه‌ت گۆمی خوێنیشی لێ‌دروست ببێت هیچ گۆڕانکارییه‌ک بۆ ئه‌مڕۆی ئێمه دروست ناکات. ڕووداوه‌کانی جیابوونه‌وه‌ی ئه‌م دوو لایه‌نه‌ش، حدک و حدکا، ڕویانداوه‌و که‌س ناتوانێت بیانگێڕێته‌وه بۆ دواوه، ئه‌گه‌ر نیاز ئه‌وه‌یه ئه‌م دوو لایه‌نه ببنه‌وه به‌یه‌ک، له‌ژێر هه‌ر ناوێک‌دا بێت، یه‌کگرتن، یه‌کگرتنه‌وه، به‌خۆداچوونه‌وه، دروستبوونه‌وه، نوێبوونه‌وه، پێوه‌رێکی دیکه‌ی بۆ خوێندنه‌وه هه‌یه‌و بابه‌تێکی تر، ده‌نا زانینی ئه‌وه‌ی که کامیان هه‌ق و کامیان ناهه‌ق، کامیان قوربانی کامیان جه‌للاد هیچ سوودێکی به‌ئێستای ئێمه ناگه‌یه‌نێت.
ئه‌مه‌ش له‌و گرنگییه که‌م ناکاته‌وه که ئاماژه به هه‌وڵی کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی نیشتیمانپه‌روه‌ر بده‌ین له‌هه‌وڵی نزیکخستنهوهو یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو لایهنهکهدان. هه‌ندێکی دیکه‌ش به نوسینێک یان به لێدوان هه‌ڵوێستی نیشتیمانپه‌روه‌رانه‌ی خۆیان بڵاوده‌که‌نه‌وه. به‌نده له شاری یۆتۆبۆری له وڵاتی سوید به‌شداری کۆبوونه‌وه‌یه‌کی هاوئامانجم کرد کهبرایانی که‌مپین به‌سه‌رپه‌رشتیاری به‌ڕێز (بابا عه‌لی) سازیان دابوو، له‌و کۆنفرانسه‌دا که‌م و زۆر هه‌ندێک ڕاستی بۆ منی بێلایه‌ن ده‌رکه‌وت که‌ئێستا جێی لێدوان نین و به نوسین هه‌ڵمگرتوون بۆ مێژووی خۆی.
به‌ڕێکه‌وت و له‌ڕێی له‌ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆی کوردستانه‌وه که لینکه‌که‌یم له خواره‌وه داناوه، بابه‌تی بهڕێزێکم خوێنده‌وه که چوار شه‌ممه ٦ی مانگی حه‌وتی ئه‌مساڵ به‌ناوی کاک ئاسۆ له سوید بڵاوکراوه‌ته‌وه به‌ناونیشانی (ئاغای نووری زاده تکایه هه‌ڵه‌که‌ت راست که‌ره‌وه)
که بابه‌ته‌که‌م خوێنده‌وه تێگه‌یشتم که‌ئه‌و ناوه (ئاسۆ) ناوێکی وه‌همیه‌و نه‌ناسراوه، زمان و شێوازی لێدوان و سایکۆلۆژییه‌تی ده‌ربڕینه‌که له‌وه ناکات لایه‌نگرێکی ئاسایی حدکا نوسیبێتی، خۆ ئه‌گه‌ر لایه‌نگرێکی ئاسایی نوسیبێتی خراپتر. بۆیه به‌باشی ده‌زانم پێش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م نوسینه سه‌ره‌تا خوێنه‌ر بگه‌ڕێته‌وه بۆ بابه‌ته‌که‌ی کاک ئاسۆ ئینجا ئه‌م تێبینیانه‌ی ئێمه به‌سه‌ر بکاته‌وه.
(کاک ئاسۆ) له‌بابه‌ته‌که‌یدا ئاغای نووری زاده، وه‌ک دۆستێکی له‌مێژینه‌ی حدکا به‌ئێمه ده‌ناسێنێت و ده‌ڵێت له‌هه‌موو قسه‌و باسه‌کانیدا ئۆگری بێ سنووری خۆی سه‌باره‌ت به‌کوردو خه‌باته‌که‌ی هه‌یه، ئیرادهتمهندی ناوبراو به ڕێبه‌رانی ئه‌و حیزبه به‌تایبه‌ت دوکتۆر قاسملۆ دهردهبڕێو خۆشه‌ویستی ئه‌و بۆ کورد بۆ به‌رێزیان جێگای شانازیه‌و قسه‌ی تێدا نیه.
به‌ڵام له‌هه‌مان نوسین و به‌پێنوسی هه‌مان نوسه‌ر دوای چه‌ند دێڕێکی که‌م ئه‌م ئاغا دۆست و نزیکه به‌کورده ده‌بێته تاوانبارێک که ئه‌سته‌مه خه‌ڵکی کوردستان لێی خۆش ببن چونکه ئه‌م دۆسته‌ی گه‌لی کورده، له‌په‌یامێکیدا که‌بۆ کۆنگره‌ی /حدک/ی ناردووه، داکۆکی لە سەر پێویستی یه‌کبوونی هێزه‌کانی کوردستان به گشتی کردووه‌و هیوای خواستووه که حدک و حدکا یەکبگرنەوە، سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه زۆری پێ ناخۆشه که‌ده‌بینێت یه‌کێک له‌سه‌رۆکه جیابووه‌وه‌کانی ئه‌و جاره‌ی حدکا که ئێستا له‌به‌ره‌ی حدکه باوکی رێبه‌رانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه.
من ئاغای نووری زاده ناناسم و له‌سه‌ر شاشه‌ی تیڤیدا نه‌بێت نه‌مدیوه، له‌و په‌یامه‌یدا که‌کاک ئاسۆ بۆخۆی هێناوێتی، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی گوتووه که‌ئێستا پێکه‌وه خوێندمانه‌وه. هه‌ر که‌سێکیش ئه‌و په‌یامه‌ی ناوبراو بخوێنێته‌وه، هه‌ر گوتارێکی سیاسی و هه‌ر باگراوندێکی مه‌عریفی هه‌بێت تێده‌گات که‌ڕۆحی په‌یامه‌که‌ی چ ئاستێکی بێلایه‌نانه‌ی نیشتیمانیی بۆ هه‌ردوولا تێدایه. به‌پێی ئه‌و دوو دێڕه‌ی که ئاغای نووری زاده نوسیوێتی و ئێستا خوێندمانه‌وه ئه‌وه تێده‌گه‌م لێی که له پارته‌کانی ئێران نزیکه، په‌یوه‌ندداره، به‌ئاگایه له‌و دیارده کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیانه‌ی که‌کۆمه‌ڵگای کوردی به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت، له‌ئه‌نجامی ته‌فسیرکردنی کێشه‌کانی حدک و حدکا ویستوویه‌تی بڵێت گه‌یشتن به ئامانج و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌باتی هه‌ردووکیان بهیهکگرتوویان دێته‌دی و خۆزگه‌ی خواستووه ئه‌مه بێته‌دی، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی ڕێزی له‌که‌سێک ناوه پێش مردنی چه‌پکێک گوڵ بکات بهیهخهیهوه.
به‌ڵام به‌لای کاک ئاسۆوه ئه‌مانه وا نین، ئه‌م (کاک ئاسۆ) سه‌باره‌ت به حدک ده‌ڵێت: گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌لا عه‌بدوڵاو هاوبیره‌کانی له‌و تاقمه یان ئه‌و جه‌معه جیابوه‌وه بۆ سه‌ر رێگای ڕاست شتێکی باشه‌و ده‌بێت پیرانیی به‌ته‌دبیر وه‌ئاگا بهێنرێنه‌وه که‌چ تاوانێکیان کردوه، مه‌لا عه‌بدوڵڵا نه‌ک باوکی رێبه‌رانی رۆژهه‌ڵات نه‌بوه‌و نابێ، به‌ڵکو یه‌کێک له (...). هه‌روا که‌وانه‌یه‌کی کردووه‌ته‌وه‌و هیچی تێدا نه‌نوسیوه. سه‌باره‌ت به بهئاغای نووری زاده‌ش نوسیوێتی که نوسینه‌که‌ی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه‌و تاوانباره چونکه به‌م هه‌ڵوێسته‌ی که‌داوای یه‌کگرتنه‌وه‌ی حدک و حدکای کردووه تاوانی کردووه.! ئاغای نوریزاده به‌م په‌یامه‌ی تووشی هه‌ڵه‌و تاوانێکی زۆر هاتوه. که‌س ئه‌و مافه‌ی به نوریزاده نه‌داوه په‌یامی وا ڕابگه‌یه‌نێت، بۆیه بۆته‌هۆی ناره‌زایه‌تی زۆر له‌نێو ئهندامو لایه‌نگرانی حدکا‌و خه‌ڵکی کوردستان، بۆیه خه‌ڵکی کوردستانی ئێران بهگشتییو ئه‌ندام و لایه‌نگری حیزبی دێموکرات به‌تایبه‌تی به‌تووره‌یه‌وه روو له‌نووری زاده ده‌که‌ن.
جارێکی دی به داخه‌وه ئه‌م نه‌رێته به‌ده له‌م شێوه نوسین و شێوازه داڕشتنه که‌له‌ناو ڕاگه‌یاندن و که‌سایه‌تیه سیاسی و ته‌نانه‌ت سهرکردهکانیشماندا هه‌یه ئه‌وه‌یه که کتومت په‌یوه‌ندی به ڕابردووی کولتور‌و فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌وه هه‌یه نه‌ک زانستی سیاسی، خه‌سڵه‌تێکه به‌هۆی نه‌ک په‌روه‌رده‌ی سیاسی به‌ڵکو به‌هۆی په‌روه‌رده‌ی دینییه‌وه بووه‌ته به‌شێک له‌ئه‌خلاقی که‌سێتی سیاسی.! به‌لای ئه‌م بیرمه‌ندانه‌وه هه‌ر شتێک له‌لایه‌ن به‌رامبه‌ره‌وه ده‌رچێت ڕه‌فزه‌و ئه‌و جۆره ڕهفزانه له‌کۆمه‌ڵگا دینی و تۆتالیتاریتهکاندا ڕۆژانه به‌رهه‌مهاتووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌مه‌ڕ ئێمه هه‌یه په‌یوه‌ندی بهڕهگوڕیشهی ته‌نها گوتاره دینییه‌که‌وه هه‌یه‌و ئیتر ته‌واو.
من په‌یوه‌ندیم به‌به‌ڕێز مه‌لا عه‌بدوڵڵاو هه‌وادارانی نییه‌و تا ڕاده‌یه‌کیش بێئاگام له‌پێشینه‌و پاشینه‌ی کێشه‌کانی نێوان سه‌رکرده‌کان و حدک و حدکا، ڕێزم بۆ هه‌موویان هه‌یه، هه‌ر له ساده‌ترین لایه‌نگری حدک و حدکاوه تا ده‌گاته دوا پله‌ی سه‌روه‌رییان که شه‌هیده‌کانن، هیوادارم ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی خواره‌وه‌م لێکدانه‌وه‌ی سیاسی بۆ نه‌کرێت نه‌بمه لایه‌نگیر. به‌ڵام با بێین به‌راوردکارییه‌ک له‌نێوان گوتاره‌که‌ی کاک ئاسۆ‌و گوتاری ئاییندا بکه‌ین، ئیسلامیش به‌نموونه ده‌هێنینه‌وه چونکه له‌نزیکترین دینه به کۆمه‌ڵگای ئێمه.
له‌ئاینی ئیسلامدا موسڵمان بۆی نییه له موسڵمانێتی خۆی پاشگه‌ز ببێته‌وه یان ڕه‌خنه‌ی لێ بگرێت یان توڕه ببێت و زویر ببێت.! ده‌رچوون له دین ده‌رچوونه له‌خودا په‌رستی و سه‌ختتره له ماناکانی کوفر، کوفرکردن لای کافرهوهیهو کافر هه‌ر له بنه‌مادا بڕوای به ئیسلام نه‌هێناوه، ده‌کرێت کوفره‌که‌ی به‌هه‌ڵه دابنرێت. به‌ڵام کاتێک موسڵمان له موسڵمانێتی خۆی پاشه‌کشه ده‌کات به هه‌ڵگه‌ڕاوه له دین داده‌نرێت. جیاوازی نێوانیان ئه‌وه‌یه که بۆی هه‌یه موسڵمانان له کوفره‌کانی کافر خۆش ببن به‌ڵام هه‌رگیزاو هه‌رگیز لهکوفری هه‌ڵگه‌ڕاوه‌کان خۆش نابن چونکه هه‌ڵگه‌ڕاوه له بنه‌مادا موسڵمان بووه‌و له‌یاساو ڕێساکانی دین به‌ئاگا بووه که‌چی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته بۆیه مایه‌ی لێخۆشبوو‌ن نییه به‌ڵکو هه‌ڵگری توندترین سزایه..!!
به‌هه‌ر شێوه‌یه‌کیش بێت کافر بێت یان هه‌ڵگه‌ڕاوه، یان تۆبه‌ی مه‌رگ، که‌کۆمه‌ڵێک له‌شاره‌زایانی دین گفتوگۆی له‌سه‌ر بکه‌ن و ڕێگه‌یه‌ک بدۆزنه‌وه که تۆبه‌و په‌شیمانییه‌که‌ی لێ قبوڵ بکرێت ده‌نا تۆبهکهشی به‌هیچ ده‌رده‌چێت و هه‌رده‌بێت سزا بچێژێت، ئه‌وه‌تا له سوره‌تی ئه‌نفالدا ئایهتی١٢ نوسراوه:
ئێوه بێ باوه‌ڕه‌کان له‌سه‌روى گه‌ردنه‌وه سه‌ر ببڕن، ئینجا سه‌رى پهنجهكانیانیشیان بقرتێنن.
یاخود له سزایه‌کی تردا له‌سوره‌تی مائیده ئایهتی٣٣ نوسراوه
ده‌بێت بكوژرێن، له مێخ بدرێن و هه‌ڵواسرێن (له خاچدان) یان ده‌ست و قاچیان ببڕدرێته‌وه به پێچه‌وانه‌ى یه‌كتر (واته سه‌ره‌تا ده‌ستى راست و قاچى چه‌پی ببڕنه‌وه دواتر ده‌ستى چه‌پ و قاچى ڕاستی ببڕنه‌وه)..تاد.
له‌لای کاک ئاسۆ ئه‌وه‌ی حدکایه پێشمه‌رگه‌یه، خه‌باتگێڕه، چالاکوانه‌و سیاسییه‌و ڕێگای ڕاست و دروستی هه‌ڵبژاردووه، حدکا کۆمه‌ڵێک سیاسه‌توانی به‌ئه‌زموون کاری تێدا ده‌که‌ن. به‌ڵام له‌کاتێکدا ڕووده‌کاته لایه‌نه‌که‌ی دی پێیان ناڵێت حدک به‌ڵکو ناویان ده‌بات به تاقم و جه‌مع، به تاقمێکی سهرلێشێواوو لاده‌ر که له ڕێگه‌ی ڕاست لایانداوه‌و سه‌رکرده‌کانیان به پیلانچی ناوده‌با، دواتر ده‌نوسێت: ئه‌وانه تاوانیان کردووه‌و پێویسته به‌ئاگا بهێنرێنه‌وه کهتاوانهکانیان چه‌ند گه‌وره‌یه‌و ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕیگای ڕاست. مه‌لا عه‌بدوڵڵا نه‌ک باوکی رێبه‌رانی رۆژهه‌ڵات نه‌بوه‌و نابێ، به‌ڵکو یه‌کێکه له (...). ئه‌مانه تاوانبارن و خه‌ڵکی کوردستان لێیان خۆش نابێت.
چه‌مکی قبوڵنه‌کردنی به‌رامبه‌ر، یاخود جیابوونه‌وه‌ی که‌سێک له کۆمه‌ڵ و په‌یوه‌ستبوونی به کۆمه‌ڵێکی تر له‌کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا هه‌ر له مێژه‌وه وه‌ک ئه‌م ڕه‌وشه ئه‌خلاقه دینیه به‌رگێکی ئایینی پۆشیوه‌و له‌ناو ئێمه‌دا بووه به باو. هه‌ر که‌سێک لهڕێکخراوێک یان له حزبێک جیا ده‌بێته‌وه وه‌ک ئه‌و کافره یان وه‌ک ئه‌و مورته‌ده (هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یه) ته‌ماشا ده‌کرێت که له‌خوا تۆراون، بۆیه ئه‌و ڕه‌فتارو ده‌رئه‌نجامه‌ی لێ قبوڵ ناکرێت، ئه‌گه‌ر تۆبه‌ی مه‌رگیشی هه‌بێت هه‌ر ده‌بێت سزا بچێژێت. نموونه‌یه‌کی مێژوویمان هه‌یه‌و هه‌موومان لێی به‌ئاگاین: له‌ساڵی ١٩٦٤ی زاینی که‌بۆ یه‌که‌مجار کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی سیاسی به‌سه‌رکردایه‌تی ئیبراهیم ئهحمهدو مام جه‌لال له‌مه‌کته‌بی سیاسی پارتی جیابوونه‌وه له‌لای سه‌رکردایه‌تی پارتی ئه‌مه قابیلی قبوڵ نه‌بوو بۆیه بڕیاری کوشتنی هه‌موویانی ده‌رکرد بێ ئه‌وه‌ی لهکهسیان خۆش ببێت، ئه‌و کاته کوشتنی هه‌موویانی به‌باشترین چاره‌سه‌ر زانی. له‌دوای ئه‌و کاره‌ساته‌وه تا ئێستا هه‌رچی کێشه‌ی نێوان پارتی و یه‌کێتی ڕوویدابێت په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به‌و ڕۆژگارو ڕوداوه‌وه هه‌یه‌و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت پارتییه‌کان پێیان وایه یه‌کێتیه‌کان له‌بنه‌مادا پارتی بوون و له‌حزبی باوک هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه، مورته‌دن. وه‌ک ئه‌وه وایه که موسڵمان بووبن و له‌ئایینی خۆیان و باو‌و باپیریان هه‌ڵگه‌ڕابنه‌وه بۆیه مورته‌دن و سزای ئه‌وانه بریتیه له کوشتن. به‌جۆرێک ئه‌م مانیشێتهی ساڵانی شه‌سته‌کان له‌ده‌روونی پارتییه‌کاندا ڕه‌گی داکوتا گه‌یشته ئه‌وه‌ی که سه‌رۆکی پارتی بڵێت ده‌ستی خۆم ده‌بڕم و ته‌وقه له‌گه‌ڵ مام جه‌لالدا ناکه‌م.
کاک ئاسۆش هیچی بۆ مه‌لا عه‌بدوڵلا له‌نێو که‌وانه‌که‌دا نه‌نوسیوه که‌مانای وایه نێوانی ئه‌و که‌وانه‌یه وشه‌یه‌که له‌بێ به‌هاییدا شیاوی نوسین نییه تا بخوێندرێته‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌وپه‌ڕی بێڕێزی به مه‌لا عه‌بدوڵلا ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌ر ئه‌وه‌نده تێده‌گه‌ین به‌هه‌مان شکڵی دین داوا ده‌کات حدک تۆبه بکات ده‌نا (...).ئه‌وه‌نده توندڕه‌وانه ده‌ڕوانێته مه‌سه‌له‌کان وای لێ هاتووه له نوسینه‌کانیدا ئه‌وه‌ی له‌بیرچوبێته‌وه که هه‌موو ئه‌مانه گه‌مه‌ی سیاسی ڕۆژگاره‌کانی هه‌موو کۆمه‌ڵ و کۆمه‌ڵگایه‌کن و وێنه‌یه‌کی له‌و جوڵه به‌رده‌وامانه‌ی که‌هه‌ر ده‌بێت ڕوو بده‌ن. ئه‌و وای نابینێت و دێت زۆر په‌ڕگیرانه ده‌که‌وێته گیانی نوریزادهو ده‌یکاته دوژمنی خه‌ڵکی کوردستان.!
ئه‌وه‌تا کاک ئاسۆ نوسیوێتی: ئه‌وه‌ی ئه‌و نوسیوێتی نوسینێکی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه‌و تاوانباره چونکه داوای یه‌کگرتنه‌وه‌ی حدک و حدکای کردووه.! ئاغای نوریزاده به‌م په‌یامه‌ی تووشی هه‌ڵه‌و تاوانێکی زۆر هاتوه. که‌س ئه‌و مافه‌ی به نوریزاده نه‌داوه په‌یامی وا ڕابگه‌یه‌نێت، بۆیه بۆته‌هۆی ناره‌زایه‌تی زۆر له‌نێو ئهندامو لایه‌نگرانی حدکا‌و خه‌ڵکی کوردستان، بۆیه خه‌ڵکی کوردستانی ئێران بهگشتییو ئه‌ندام و لایه‌نگری حیزبی دێموکرات به‌تایبه‌تی به‌تووره‌یه‌وه روو له‌نووری زاده ده‌که‌ن.
کاتێک که مه‌لاکان و موسڵمانه په‌ڕگیره‌کان قسه ده‌که‌ن به‌ناوی ته‌واوی موسڵمانانه‌وه قسه ده‌که‌ن و بۆ ئیسلام قسه ده‌که‌ن نه‌ک بۆ گه‌ل و ئینسانییه‌ت، گوتار‌و شێوه داڕشتنی نوسینه‌که‌ی کاک ئاسۆش وه‌ک ئه‌وه وایه که مه‌لایه‌ک نوسیبێتی نه‌ک که‌سێک که‌به‌شوێن ڕزگاری ئینسانیه‌ت و گه‌له‌که‌یه‌وه بێت. بۆ نموونه گه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌ک ئاراسته‌ی ئیسلام بکه‌یت یان پێشنیارێکیان بۆ بکه‌یت یه‌کسه‌ر موسڵمانانت لێ هان ده‌ده‌ن و توڕه ده‌بن و ده‌ڵێن تۆ سوکایه‌تیت به موسڵمانان کردووه‌و موسڵمانان ئه‌مه‌یان قبوڵ نیه‌و لێت خۆش نابن.
ئه‌و پرسیاره‌ی که‌کاتی خۆی لهنوسینهکانماندا لهموسڵمانه پهڕگیرهکانمان کردووه ئێستاش له کاک ئاسۆی ده‌که‌ین و ده‌پرسین: به چ پێودانگێک به‌ناوی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه قسه ده‌کات.! که‌ی و له چ ساڵ و کاتێکدا بوو خه‌ڵکی کوردستان کۆبوونه‌وه‌و ئه‌و مافه‌یان دا به‌کاک ئاسۆ که‌به‌و شیوه‌یه به‌ناوی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه په‌یام بدات.!؟ چییه وا که‌سایه‌تییه سیاسی و حزب و ڕێکخراوه‌کانمان ئه‌و مافه به خۆیان ده‌ده‌ن زوو زوو به ناوی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه قسه بکه‌ن.؟؟ به‌کام سه‌رژمێری و به‌کام ئامار پێیان وایه خه‌ڵکی کوردستان شوێنکه‌وته‌ی بۆچوونه‌کانی ئه‌وانه.؟؟ ڕه‌نگه‌و ده‌کرێت به‌ناوی حدکاوه ئه‌م جۆره لێدوانانه بڵاوبکرێنه‌وه، به‌ڵام به‌ناوی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه غه‌درێکه له‌خۆمان و مێژووی دێرین و داهاتوشمانی ده‌که‌ین. من گومانم هه‌یه که‌ئه‌م نوسینه هه‌ڵوێستی ڕه‌سمی حدکا بێت به‌ڵام گومانم له‌وه نییه که‌له‌ناو سه‌رکردایه‌تییانه له‌م جۆره زمان و بیرکردنه‌وانه هه‌بن، باشتر وایه چاوه‌ڕێی هه‌ڵوێستی ڕه‌سمی حدکا بکه‌ین که هیوا ده‌خوازم ئه‌م شێوه لێدوانانه هه‌ڵوێستی ڕاسته‌قینه‌یان نه‌بێت، ئێستا باش تێهگهیشتم که‌بۆچی سوکایه‌تی به‌هه‌ڵ و ماندووبونی کۆمه‌ڵێک که‌س ده‌کرێت که‌ده‌یانه‌وێت به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت ئه‌م دوو به‌ره‌یه بکه‌ونه سه‌ر مێزی گفتوگۆ ده‌نا ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ده‌گوزه‌رێت باوی ئه‌وه نه‌ماوه ڕۆژنامه‌نوسێکی ئه‌وروپی یان ئه‌مریکی به پیاده‌و سواریی، به شاخ و دێهاته‌کاندا، بگه‌ڕیت و مێژوومان بۆ بنوسێته‌وه‌و دواتر هه‌روا وه‌ک نوسینێکی ساده‌و ساکار به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕ بکات به‌ڵکو ئێمه خۆمان ده‌یکه‌ینه نوسین و ده‌یکه‌ینه به‌ڵگه‌نامه، دواتر ده‌چێته لاپه‌ره‌کانی ئهرشیفمانهوهو له ئاینده‌دا ده‌بێته مێژووی ڕاسته‌قینه‌مان.
کاک مسته‌فای هیجری، له لاپه‌ڕه تایبه‌تییه‌که‌ی خۆیدا به‌ناونیشانی كوشتاری كورد به ده‌ستی كورد، نێوه‌رۆكی سیاسه‌تی چه‌كداركردنی خه‌ڵك له لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه، بابه‌تێکی بڵاوکردووه‌ته‌وه، له دێڕێکیدا نوسیوێتی:
یه‌كێك له هه‌ده‌فه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران مه‌سه‌له‌ی پێكهێنانی ته‌فره‌قه‌و دووبهرهكێیهو چاندنی تۆوی رق‌و كینه‌یه له نێوان تاكه‌كانی گه‌لی كورد.
جا ئایا کاک ئاسۆ ئه‌مه‌ی خوێندۆته‌وه یان به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی که کاک موسته‌فا نوسیوێتی ته‌نها پاگه‌نده‌یه‌کی سیاسییه‌و ئه‌وه‌ی کاک ئاسۆ نوسیوێتی ئه‌و ڕاستییه حاشاهه‌ڵنه‌گره‌یه که‌له‌نێو لایه‌نگرانی حدکادا دێت و ده‌چێ.؟ هه‌رکامیان بن من گومانم لێیان هه‌یه چونکه له‌هیچ شوێنێکی راگه‌یاندنه‌کاندا به‌رچاوم نه‌که‌وت حدکا ئه‌م نوسینه‌ی کاک ئاسۆ به‌په‌یامی ڕه‌سمی خۆی نه‌زانێت.
له‌م نوسینه‌مدا من نامه‌وێت مه‌سه‌له‌ی یه‌کگرتنه‌وه بخه‌مه‌وه سه‌ر خوانی حدک و حدکا، ڕه‌نگه له‌هه‌موو کاته‌کان زیاتر به‌باشی بزانم که‌له‌م ساته وه‌خته‌دا ئه‌م دوو لایه‌نه سه‌رقاڵی یه‌کگرتنه‌وه نه‌بن باشتره به‌ڵکو له شێوه‌ی به‌ره‌یه‌کی کوردستانی مه‌رکه‌زێکی گشتگیری بۆ خۆیان پێکبهێنن تا هه‌ر لایه‌نێک به‌جیا به‌ڵام به‌کۆکراوه‌یی به‌تواناکانی خۆیه‌وه کار بکات، هه‌موو ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌موومانه‌وه ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی که‌بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕست هاتۆته پێش بقۆزینه‌وه‌و کێشه‌ی سیاسیی کورد به‌ئاقارێکدا ببه‌ین که‌سوود بگه‌یه‌نێت به‌به‌رژه‌وه‌ندی ئینسانی و نه‌ته‌وه‌یی نه‌ک خۆسه‌رقاڵکردن به چه‌مکی یه‌کگرتنه‌وه که هیچ ئاماده‌کارییه‌کی له‌ناو ویژدان و ئه‌خلاق و ڕه‌هه‌نده‌کانی بیرکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵێکی زۆر نییه. ده‌خوازم له‌م بارودۆخه‌دا قورسایی خۆیان وه‌ک حزب نیشان بده‌ن و توانایی خۆیان وه‌ک بزوتنه‌وه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی، یان سیاسی یاخود هه‌ر بوارێکی دی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌ربخه‌ن تا ئه‌م هه‌له گه‌وره‌یه له‌ده‌ست نه‌ده‌ین که‌خه‌ریکه ڕوبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌ی حدک و حدکا له‌کاری تاوان جیاده‌کاته‌وه‌و له‌سه‌ر ڕێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌که دایانده‌نێت، ئه‌وه‌ی حدک و حدکا ده‌کاته پارتێکی جه‌ماوه‌ری و سیاسی، به‌شداربوونی چالاکانه‌ی ئه‌وانه له‌و رووداوانه که ده‌رکه‌وتنیان ته‌واو ته‌واو نزیک بۆته‌وه.
هه‌رکه‌س له‌کێشه‌کانی پێشینه‌ی ئه‌م دوو لایه‌نه لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد بکات و بڕوانێته ئه‌م نوسینه‌ی کاک ئاسۆ جگه له‌گاڵته‌جاڕی بههیواکانی تاکی کورد ئه‌وه‌شی بۆ ده‌رده‌که‌وێت هه‌ندێک که‌س خۆیان له‌وه دڵنیا کردوه‌ته‌وه که کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان بێ‌ئاگان له‌دونیای سیاسه‌ت و بێ ئاگان له زانست و زانیاری و بێ ئاگان لهمهعریفهو بێ ئاگان به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی.
گه‌ر هه‌موو کاتێک جێی ئه‌وه بووبێت ئه‌م نوسینه‌ی کاک ئاسۆ بڵاو بکرایه‌ته‌وه ئه‌وه له‌م ساته وه‌خته‌دا کاتی نه‌بوو. به داخه‌وه که زۆر‌و بۆری له بڵاوکراوه‌کاندا، چ ڕۆژنامه‌و گۆڤار‌و تی ڤیه‌کان بێت چ ماڵپه‌ڕه ئه‌لکترۆنییه‌کان، ڕێزێکی ئه‌وتۆیان بۆ نوسینی جددی و زانستی نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌و هه‌رکه‌س هه‌ڵده‌سێت به‌ناوی خۆیه‌وه به‌ڵام بابه‌تێکی بێ پێزی پڕ له‌سوکایه‌تی و بێ به‌ڵگه یاخود به‌ناوێکی وه‌همه‌وه به‌ڵام بابه‌تێکی دوور له‌هه‌موو بنه‌مایه‌کی ئه‌کادیمی و دروست بڵاوده‌کاته‌وه که‌تا ئێستا نه‌توانراوه به‌پێی پێوه‌رێک به‌ری پێ بگیرێت، دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵانێکی زۆر له‌ئه‌زموونی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی و شارستانی تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت که‌سایه‌تیه سیاسییه‌کانمان، پارت و ڕێکخراوه پیشه‌یی و دیموکراتییه‌کانمان، ڕاگه‌یاندن و بزوتنهوهکانمان شه‌رمی سیاسی‌یان نییه له‌فه‌رهه‌نگ و قه‌ڵه‌م، به‌ساده‌ییه‌وه ده‌ڕواننه ڕووداوه‌کان و به تیلهچاوهوه ده‌ڕواننه بابه‌ته‌کان. ئه‌وه‌ی له‌هه‌گبه‌ی خۆیاندا نه‌بێت گرنگی پێناده‌ن، ئه‌و کولتوره‌ی که (ته‌نها هه‌ر خۆم حه‌قیقه‌تم، ڕزگاربوون ته‌نها له‌ڕه‌هه‌نده‌کانی بیرکردنه‌وه‌ی مندایه‌و ئه‌وه‌ی لێم هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه هه‌ر ده‌بێت سزا بدرێت) بووه به‌به‌شێک لهپراکتیزهکردنهکانی ئه‌خلاقی سیاسیی کوردی. کاتێک که هه‌ندێک بابه‌تی وه‌ک ئه‌مه‌ی کاک ئاسۆ ده‌خوێنمه‌وه ترس دامده‌گرێت، ترس له خۆم و له ئاینده‌م و له چاره‌نوسی گه‌له‌که‌شم. ڕه‌نگه ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌م هه‌موو پارت و هه‌موو جۆره ڕێکخراوه‌کانیش بگرێته‌وه، له‌سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه حدک و حدکا و کۆمه‌ڵه‌و ڕیکخراوه‌کانی دی که‌ئه‌مڕۆ له‌هه‌ر چوار پارچه‌که‌ی کوردستانه‌وه چاویان تێبڕاوهو ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات چاوه‌ڕێی ههنگاوێکی جددیان لێ ده‌که‌ن، به‌هیوایه‌کی زۆره‌وه لییان ده‌ڕوانن و هیوای گه‌وره‌و ئامانجی سه‌ره‌کییان ئه‌م ڕیکخراوانهیه که‌چۆن ئه‌م فرسه‌ته ده‌قۆزنه‌وه که‌ئێستا له‌ناوچه‌که‌دا سه‌ریهه‌ڵداوه، که‌چی ئه‌م ڕێکخراوانه له ئائێستادا له‌لاوازترین پێگه‌ی سیاسیی مێژووی خۆیان و له په‌راوێزخراوترین پارتن له‌هه‌رچوار پارچه‌که‌ی کوردستان، له‌هه‌موو پارت و ڕێکخراوه‌کانی تر زیاتر سه‌رقاڵی کێشه‌ی سیاسی نێو خۆیانن، هه‌ر ڕۆژه‌و پارچه‌یه‌ک له‌له‌شیان جیا ده‌بێته‌وه‌و زمانی ئاگرو بیرکردنه‌وه‌ی خوێناوی بوه‌ته به‌شێک له‌ژیانی ڕۆژانه‌یان، مه‌سه‌له‌ی خه‌بات و چاره‌نوسی سیاسی بوه‌ته به‌شێک له خه‌ونه ئاڵۆز‌و دووره‌کانی میلله‌ته‌که‌ی ئێمه، گه‌ر وا نیه کامه به‌ڵگه.؟
سروشتی مرۆڤایه‌تی وایه که باوه‌ڕ به‌وه نه‌که‌ین یاخود ڕاستتر بڵێم تا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ورد له‌سه‌ر خه‌سڵه‌ته ڕه‌سه‌نه‌کان نه‌که‌ین ناکرێت و ناگونجێت کاریگه‌ری بڕیار‌و سیاسه‌تی لێدوان له‌سه‌ر شتێک دابنێین که‌به‌شێوه‌یه‌کی زانستی له‌ئه‌نجام نزیکمان نه‌خاته‌وه. به داخه‌وه که ده‌ڵێم بیریاره سیاسییه‌کانی کورد‌و په‌روه‌رده‌ی کۆمه‌ڵگا ئایینیه‌کانی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر هه‌مان شێوازی پێشینه‌کان و پیاوه ئایینی و دێرینه‌کانمان ڕێ ده‌که‌ن، به‌ئاسته‌م نه‌بێت ناتوانین جیاوازییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی نێوانیان بدۆزینه‌وه. سه‌رجه‌میان ده‌یانه‌وێت له‌ڕێی هه‌ڵچونه ده‌رونیه‌کان و شێوازی ڕه‌فتاره سایکۆلۆژییه‌کانی ده‌وروبه‌ریانه‌وه بڕیار بده‌ن، بڕیارێک که‌له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقی دهروبهرو کاریگه‌رییه‌کانی ژینگه‌یاندا بێته‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌سته‌مه ببێته به‌شێک له‌سیاسه‌تی ڕاسته‌قینه.
تێبینی یه‌که‌م: له‌و ماڵپه‌ڕه به‌ڕێزه‌ی که بابه‌ته‌که‌ی تێدا بڵاوکراوه‌ته‌وه، له‌به‌شی خواره‌وه‌ی بابه‌ته‌که نوسراوه که ماڵپه‌ڕی "هه‌ڵۆی كوردستان" له به‌رامبه‌ر نێوه‌ڕۆكی ئه‌م بابه‌ته به‌رپرسیار نیه‌و نووسه‌ری بابه‌ت به‌رپرسه له‌به‌رامبه‌ر بابه‌تی خۆیدا.
جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ژێر هه‌موو بابه‌تێکدا ئه‌م ڕونکردنه‌وه‌یه نوسراوه ئه‌وه تێده‌گه‌م که ڕونکردنه‌وه‌که په‌یوه‌سته به ماڵپهڕهکهوهو هیچ په‌یوه‌ندی به حدکاوه نیه.
تێبینی دووهه‌م: ئه‌مه لینکی بابه‌ته‌که‌یه‌و خوێنه‌ر ده‌توانێت چاوی لێ بکات.
http://www.heloykurdistan.com/ku/index.php?option=com_content&view=article&id=35:2011-07-06-15-42-12&catid=2:syaset&Itemid=7
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست