کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کوردستانپۆست و قادر نادر، به‌خۆشه‌ویستیتان ناڕه‌حه‌تمان مه‌که‌ن

Monday, 19/11/2012, 12:00








به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نکوڵی له‌ دڵسۆزی کاک قادر نادر ناکه‌م، هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ئاسته‌م به‌ کاره‌ساته‌کانی گه‌لی کورد ئاشنان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر باش کۆردۆساید ده‌ناسن و تێیاندا ئه‌ویش وه‌ک چالاکوانێکی دیار ده‌بینن. ئه‌مه‌ موجامه‌له‌ نییه‌ به‌ڵکو حه‌قیقه‌ته‌. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆشم به‌یه‌کێک له‌و خه‌مخۆرانه‌ ده‌زانم و جاروبار، به‌ نوسین و هه‌ڵوێست و کۆڕو سیمینارو کۆبوونه‌وه‌و تاد، به‌شدار ده‌بم، تێده‌گه‌م که‌ ئه‌و له‌به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌کانیدا دووچاری چ گێچه‌ڵێکی ناحه‌زان و چ ناڕه‌حه‌تیه‌کی ڕۆژگارو چ خه‌مێکی ئینسانی بوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و کارانه‌ی ئه‌و ده‌یکات، ئه‌گه‌رچی هیچم لێی نه‌بیستووه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌شی کردبێت من هه‌ر پشت و په‌نای ئه‌و ده‌بم و له‌م بواره‌دا تا سه‌ر ئێسقان پستگیری ده‌که‌م.
به‌ڵام ئه‌و، هه‌ندێک جار، هه‌ندێک دێڕ فڕێ ده‌داته‌ نوسینه‌کانیه‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ دڵسۆزی ئه‌ودا ناگونجێن. من ده‌زانم و دڵنیام که‌ئه‌و هیچ مه‌به‌ستێکی له‌و ده‌ربڕینانه‌ نییه‌ به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی بۆ ده‌کرێت و بۆشاییه‌ک دروست ده‌بێت که‌ ئه‌م یان ئه‌و به‌د لێی حاڵی ببن.
یه‌ک له‌و دێڕانه‌ له‌م په‌ره‌گرافه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌بینین که‌ئه‌و له‌ کوردستان پۆست بڵاویکردوه‌ته‌وه‌ له‌ 2012/11/18
خوێنه‌ر ده‌توانێت له‌م لینکه‌وه‌ بابه‌ته‌که‌ بخوێنێته‌وه‌

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=79e60bb5
به‌ کورتی ئه‌و له‌م چه‌ند دێڕه‌دا نوسیوێتی:
سەرجەم ئەوکارو چالاکیانەی ئەنجام دراوە هەر لە ١٣/٠٣ /٢٠٠٦ ، دواتر لە ٢٢ ئۆکتۆبەری ٢٠٠٦ کە دەست بە کەمپین لەناو پەرلەمانتارانی سوید کرا، تا ڕۆژی ١٥/١١/٢٠١٢ چەندین سیمنار ، کۆنفرانس ، خۆپیشاندان، دیدار ، نامە ناردنی نارەزایەتی ، کەمپین .......... لەگەل دەیان کار و چالاکی تر بەتایبەتی لە سالیادەکانی ئەنفال و هەلەبجە لە ماوەی ٦ سالدا بەسەرپەرشتی کۆمیتەی سویدی جاک کراوە ، کۆی هەموو ئەو خەرجیانە نەگەیشتۆتە ٦٠ هەزار کرۆن کە دەکاتە نزیک بە ٨٠٠٠ دۆلار ، خەرجی ئەو پارەیەش لە هەڵدانی زیاتر لە هەزار بالۆن ، فرۆکە سورانەوە بۆ ماوەی یەک کاتژمێر بەلافیتەکەی گەورە (ئەنفال و هەلەبجە هەرگیز لەیاد ناکەین) بەخشینی دە دیاری بۆ دە کەسایەتی سویدی .... بووە کۆی ئەم خەرجیەش لە کۆکردنەوەی کۆمەک ، گیرفانی ئەندامانی چاک سوید بووە ، هاوکات لە سوێد تا من لەو چەند ساڵەی سەرپەرشتیم کردوە یەک دۆلارمان لە هیچ شوینێک وەرنەگرتوە تەنانەت لە ڕیکخراوە مرۆڤدۆستەکانی سوید یان دارایی چاک گشتیش، بەپێجەوانەوە 500 دۆلارمان دا بەئەندامێکی سەرپەرشتیاری چاک بۆ خەرجی سەفەری کوردستانی . کەچی دەسەلاتی کوردی سێ کۆنفرانس وەزارەتی شەهیدان و کە ئەوەی بە ئێمە گوترا تەنیا لەکۆنفرانسی 2007 ،  400هەزار دۆلاری بودجەی ئەو کۆنفرانسە تەنیا ئەو کۆنفرابنسەی بووە، بێ ئەوەی هێچ کاریگەری و بەروبومێکی هه‌بووبێت و یان بتوانێ ده‌ستکه‌وتێکی بە دەست هێنابێت.
لێره‌دا نوسینه‌که‌ی کاک قادر نادر ته‌واو بوو، مه‌به‌ستمه‌ بڵێم که‌ ئاماژه‌دانی ئه‌و بۆ خه‌رجکردنی پاره‌ی زه‌به‌نده‌ بۆ کۆمه‌ڵێک کۆنفرانس، که‌ ته‌نها یه‌کێکیان نزیکه‌ی 400هه‌زار دۆلاری تێچووه‌، به‌بێ ئاماژه‌دان بۆ کامه‌ کۆنفرانس و له‌ کامه‌ وڵات، به‌سه‌رپه‌رشتی کێ کراو چۆن کراو کێ به‌شداری تێدا کرد، منی ناڕه‌حه‌ت کردو ڕه‌نگه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش ناڕه‌حه‌ت بکات که‌له‌ناو ڕێکخراوی کۆردۆسایددا نین و وه‌ک من به‌شداریان له‌ کۆبوونه‌وه‌و کۆنفرانسه‌کاندا کردووه‌ به‌ڵام له‌و پاره‌ خه‌یاڵییه‌ی ئه‌و باسی کردووه‌ عانه‌یه‌کی کوردی و عه‌ره‌بی و ئه‌وروپیمان نه‌دیوه‌.
من ده‌زانم که‌ کاک قادر نادر هیچ مه‌به‌ستێکی له‌م شێوه‌ ده‌ربڕینه‌ نه‌بووه‌ که‌ به‌ خه‌یاڵی هه‌ندێکدا هاتووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ناتوانین بێ مه‌به‌ستیه‌که‌ی ئه‌و بکه‌ینه‌ وه‌ڵام بۆ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی پرسیارمان لێ ده‌که‌ن، به‌م شێوه‌یه‌ش ئه‌و ئێمه‌ی ئیحراج کردووه‌، ده‌کرا کاک قادر نادر یان کۆردۆساید ئه‌هوه‌نتر بابه‌ته‌که‌یان داڕشتایه‌.
بۆیه‌ به‌ ڕاشکاوانه‌ به‌ هه‌موو کوردێک و هه‌موو ئینسانێک ده‌ڵێم و ده‌نوسم، من وه‌ک مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی، هه‌ر له‌ ساڵی1992 به‌ دواوه‌ تا ئێستا له‌کۆتایی ڕۆژه‌کانی ساڵی 2012داین، که‌ له‌ ته‌واوی یاده‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ تایبه‌تی و ئه‌نفال به‌گشتی به‌شداریم کردووه‌، دوورو نزیک چالاکیم نواندووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێکی ئاسایی لیژنه‌کان یان ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵا یان سه‌رۆکی لیژنه‌ یان وه‌ک به‌شداربوویه‌کی ئاسایی بووبێتم، سه‌رباری ئه‌وه‌ی که‌ پاره‌ی خۆمم خه‌رج کردووه‌، تا ئێستا به‌ هیچ جۆرێک، به‌ هیچ شێوازێک، له‌ژێر سێبه‌ری هیچ پاساوو بیانویه‌کدا، یه‌ک دینار، یه‌ک کرۆن، یه‌ک سه‌نت، یه‌ک عانه‌ی کوردی و عه‌ره‌بی و ئه‌وروپی و جیهانی، به‌ من نه‌دراوه‌و وه‌رم نه‌گرتووه‌و ئاگام له‌ هیچیش پاره‌ وه‌رگرتنێکیش نه‌بووه‌و ئێستاش ئاگام لێی نییه‌، نه‌ له‌ ئه‌وروپاو نه‌ له‌ کوردستان. هه‌موو ئه‌و باسوخواسانه‌شی ده‌رباره‌ی کۆمه‌ڵێک چالاکی و کۆبوونه‌وه‌ی من کرابێت وه‌ک که‌سێک له‌ کۆنفرانسه‌کاندا به‌شداریم کردبێت، هه‌رهه‌مووی، جارێکی تر ده‌یڵێمه‌وه‌ سه‌رتاپای کاره‌کان، له‌سه‌ر باخه‌ڵی خۆم و خۆبه‌خشانه‌ بووه‌. له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر ئه‌گه‌رچی ته‌واوی خه‌رجیه‌کانم به‌پسوڵه‌و به‌به‌ڵگه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام له‌لای خۆم ئه‌رشیف کراوه‌و هه‌تا ئێستا نه‌مداوه‌ته‌ هیچ که‌س و لایه‌ن و فه‌رمانگه‌و ڕێکخراوێک، تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت داوای یه‌ک دینارو یه‌ک کرۆن و یه‌ک سه‌نتم نه‌کردووه‌ نه‌ له‌ ئه‌وروپاو نه‌ له‌ کوردستانیش. هه‌رکه‌سێکیش که‌مترین و بچووکترین گومانی له‌مه‌ هه‌یه‌ بێ منه‌ت بێت و بیخاته‌ ڕوو. (ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ کاک په‌رویزی سه‌لیمیش ده‌گرێته‌وه‌ که‌ له‌وڵاتی نه‌رویج پێکه‌وه‌ چالاکیمان کردووه‌)
سه‌رباری ئه‌و ناڕه‌حه‌تیه‌ی نوسینه‌که‌ی ئه‌و بۆ ئێمه‌ی دروست کرد، ده‌ستخۆشی له‌و سه‌رکه‌وتنه‌ مه‌زنه‌ی لێ ده‌که‌ین، ئه‌و کاره‌ی ئه‌وو هاوڕێکانی ئه‌نجامیان داوه‌و ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، یه‌کێکه‌ له‌ خه‌ونه‌ دێرینه‌کانی ئێمه‌، ئه‌مڕۆ یه‌کێک له‌و سه‌روه‌ریه‌ گه‌ورانه‌ له‌ ئه‌رشیفمدا تۆمار ده‌که‌م که‌ ساڵه‌هایه‌ کاری بۆ ده‌که‌م و ئیره‌ییان پێ ده‌به‌م که‌ منیان له‌گه‌ڵ نه‌بوو. ئه‌م کاره‌ ده‌روازه‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌ من ده‌کاته‌وه‌ که‌ به‌شێوه‌یه‌کی تر بڕوانمه‌ جۆرێتی و چۆنێتی کارو چالاکیه‌کانم له‌ ئاینده‌دا. به‌ناوی خۆم و که‌سوکاری کۆمه‌ڵێکی زۆر له‌ شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال سوپاستان ده‌که‌ین و ده‌ستی خۆشه‌ویستی و ماندوبوونتان ده‌گوشین، هیوادارین کاره‌کانتان به‌رده‌وام بێت تا وڵاتی سوید وه‌ک ده‌وڵه‌ت به‌ ڕه‌سمی ئه‌و جینۆسایده‌ بناسێنێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە