ئامێد سلێمان لە بەرنامەى بە بوێرى (nrt) دەتوانێت ئەم پرسیارە بكات: ئایا نوسترا دامۆس پێغەمبەر(پەیامبەر) بووە؟
Monday, 21/11/2011, 12:00
بێ گومان دیالۆگى دروست بوونى ئەم گەردوونە زۆر كۆنەو دوو بوچونى سەرەكى هەیە بۆ هەبوونى خالق بۆ ئەم گەردوونە:
یەكێكیان پێى وایە خالقێك هەیە ئەم كەونەى دروست كردبێت، ئەوەى دیكەیان پێى وایە ئەم گەردوونە وەك و ماددە پێش مرۆڤ هەبووە، كاتێك مرۆڤ هاتووەتە كایەوە پاش ئەوەى بە رۆیشتنى كات عەقڵى گەشەى كردووە بە هۆى بیركردنەوەى لە چۆنێتى دروست بوونى ئەم كەونە گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەكەى كە دەبێت ئەم كەونە خالقێكى هەبێت، بێگومان ئەمەش لە زۆر جێگاى ئەم تۆپى زەوییە رەنگى داوەتەوە نەك تەنها لە رۆژهەڵاتى ناوەراست، واتە بە پێى ئەم بۆچوونە خالقى كەون دروستكراوى مرۆڤەكانە، مرۆڤەكان خالقیان بۆ كەون دۆزیوەتەوە.
ژیان لە خەیاڵداو قەبوڵ كردنى شتى خەیاڵاوى بەشێكە لە عەقَڵى مرۆڤ:
ئەوانەى لە ئاینى ئیسلامدا رووداوەكان و شتە زانستییەكان لە گەڵ قورعاندا دەگونجێنن، زیاتر خەیاڵى خۆیانە تا ئەوەى راستى و حەقیقەت بێت، هەر وەك و ئەوانەى رووداوەكان لە گەڵ چوارینەكانى نوسترا دامۆس دەگونجێنن، چوارینەكانى نۆسترا دامۆس كە زیاتر لە (500) ساڵە نوسراونەتەوە تەم و مژاویین و روون نیین، كە تێیدا پێشبینى ئایندەى كردووە، بە هەزاران كەس لە جیهاندا تا ئێستاش رووداوەكانى جیهان لە گەڵ ئەو چوارینانەدا دەگونجێنن، هەروەك و ئەوەى لە (11) سیبتەمبەردا رووى دا لە ئەمریكا. كە خەڵكێكى زۆر پێیان وا بوو نوسترا دامۆس باسى ئەو رووداوەى كردووە.
هەروەها هەندێك شت دەدرێتە پال شارستانیەتى مایا كە ئەو شارستانیەتە نزیكەى (1000) ساڵ پێش لە دایك بوون مەسیح لە ئەمریكاى ناوەراست دروست بووە وەك و ئەوەى لە پیوانى نێوان عەرزو مانگدا چەند چركەیەك هەڵەیان كردووە.
هەروەها كاتێك لەم چەند ساڵەى دواییدا باسى ئەستێرەى(نیبیرۆ) هاتە كایەوە، لاى هەندێك لە موسوڵمانان گفتوگۆى چروپر دەكرا گوایە باسى ئەم ئەستێرەیە لە قورئاندا هاتووەو لە قورئاندا باسى ئەم رووداوە كراوە، لە سایتەكانى ئەنتەرنێت چەندین پیاوى ئاینى چەندین ئایەتى قورئانیان دەهێنایەوە كە لە ساڵى(2012) كۆتایى بە مرۆڤ دێت و خۆر لە رۆژئاواوە دەردەكەوێت، لە رووى زانستیەوە ئەمە دەشێت رووبدات بەڵام لەوەیە كاتێك رووبدات مرۆڤ لەسەر زەمین نەمێنێت و نەیبینێت، چونكە مرۆڤ گیاندارە بە گۆرانى كەش و هەوا و سەردى و گەرمى لەوەیە لە ناو بچێت.
ئەمەو زانایان دەڵێن ئەستێرەى نیبیرۆ بەو شێوەیەى باس دەكرێت تەنها وەهمەو هیچى تر نییە.
سەیر نییە ئەگەر هەندێك شت لە قورئاندا هاتووە لە گەڵ رووداوەكانى ئەمرۆدا بگونجێت:
هەروەها باسى زۆر شتیش كراوە لە مێژودا كە ئەو كاتە تەكنەلۆجیا وەك و ئێستا نەبووە بێ ئەوەى ئەوانەى ئەو شتانەیان وتوە بانگەشەى پەیامبەر بوونیان كردبێت وەك و ئەوەى مانگ خرەو زەوى بە دەور خۆردا دەخولێتەوە كە ئەم باس و خواستە زیاتر لە(500) ساڵ پێش ئێستا باس كراوە، كە لەسەر ئەمە غالیلۆ دادگایى كرا. یان ئەگەر تەماشاى دروستكردنى ئەهرامەكانى میسر بكەیت یان دروستكردنى غشڵى ئاڵتون لە لایەن میسریە كۆنەكانەوە دەردەكەوێت كە ئەو كاتەش مرۆڤ لە قۆناغێكدا بووە بیركردنەوە تا رادەیەكى زۆر گەشەى كردووە، ئەهراماتەكان تا ئێستاش جێگاى سەرسورمانن، ئیتر بۆ بەلامانەوە سەیر بێت ئەگەر شتێكیش لە قورئاندا هاتبێت لە گەلِ رووداوەكانى ئەمرۆدا بگونجێت كە قورئان بە ماوەیەكى زۆر پاش شارستانیەتى میسریەكان سۆمەریەكان هاتووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست