ئەمرو هاشمى و موتڵەگ سبەینێش مەسعودو جەلال
Wednesday, 21/12/2011, 12:00
لەبەر ئەوەى ئێمەى كورد لە هەموو لایەكەوە بە دوژمن گەمارۆ دراوین گەشەكردنى دیموكراسى راستەقینە پێش هەموو كەسێك لە قازانجى ئێمەیە، لە عێراقدا بە هۆى فرە نەتەوەیى و ئاینى و ئاینزاییەوە كەشەكە لەبارە بۆ چەسپاندنى دیموكراسیەت، ئەمە ئەگەر گەشبینیانە شتەكان هەڵسەنگێنین، هەرچەندە رووداوەكان و بارودۆخە پێمان دەڵێت ئەمرۆ بێت یان سبەى جەنگێكى تایەفەگەرى گەورەو خوێناوى لە عێراقدا بە رێوەیە. بە هەر حاڵ ئێمە ئەم وتارە لەبەر ئەو گڵۆبە دەنووسین كە ناوى گەشبینییە:
ئەوە زیاتر لە دوو ساڵە هەڵبژاردن لە عێراقدا كراوە و مالكى بووەتە سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران، تا ئێستا بە دەستێكى پۆلاین دەستى بەسەر هەموو جومگە گرنگەكانى دەوڵەتدا گرتووە بە تایبەت ئەوەى پەیوەندى بە بوارى سەربازى و ئەمنیەوە هەبێت، هەر پاش كشانەوەى هێزەكانى ئەمریكاش لە عێراق ئەوەتا كەوتووەتە راوەدونانى نەیارە سونەكانى، بەڵێ نەیارە سونەكانى مالكى خەڵكى شۆڤینین و دژ زۆر لە مافەكانى كوردن، بەڵام مانەوەى سونە وەك و هێزێك لە عێراقدا لە بەرانبەر شیعەكان ئەویش پێویستە بۆ راگرتنى هاوكێشى سیاسى و رێگا نەدان بە شیعە بە تایبەت حزبێك و كەسێك كە دەست بەسەر هەموو عێراقدا بگرێت و دیكتاتۆرێتێكى نوێ بێتە كایەوە. جا بۆیە پێویستە لەسەر حزبە دەسەڵاتدارەكانى باشوورى كوردستان وئۆپۆزسیۆنیش هەوڵى جدى بخەنە گر بۆ ئەوەى:
ـــ هێچ كەسێك لە عێراقدا بۆ پۆستى سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمارو هەندێك پۆستى دیكەى گرنگ بۆ زیاتر لە (8) ساڵ زیاتر تازە نەكرێتەوە.
ـــــ جگە لەو خاڵەى سەرەوەش زۆر پێویستە سەرۆك وەزیران لە نێوان حزبەكاندا ئاڵوگۆرى پێ بكرێت و نەبێتە موڵكى تەنها حزبێك كە ئێستا حزبى دەعوەى ئیسلامییە، بە تایبەت حزبى دەعوە یان هەر حزبێكى دیكە بە تەنها ناتوانێت حكومەت پێكەوە بنات.
ــــ كورد باشتر وایە لە گەڵ پێكەوەنانى هەرێمەكانى دیكە بێت لە عێراق، ئەگەر ئەو هەرێمانە بەڵێن بدەن ئامادەن بۆ چارەسەركردنى كێشەكان لە ناوچە داگیركرەوەكان و دان بە دەستوردا بنەن سەبارەت بەو ماددانەى پەیوەندییان بەو ناوچانەوە هەیە، چونكە دروستبوونى ئەو هەرێمانە وا دەكات ناوەند تەنها كێشەى لە گەڵ باشوورى كوردستان نەبێت بەڵكو لە گەڵ ئەو هەرێمانەش كۆمەڵێك كێشە دروست دەبێت.
لە كۆتایشدا دەڵێم مانەوەى مالیكى و دەعوە لە حوكم بە بەردەوامى ئەگەرى ئەوەى هەیە پاش پاكتاوكردنى سونەكان كە ئەمە كارێكە ئاسان نییە ئینجا بێتە سەر كورد كە ئەمە كارێكى ئاسانترە لەبەر ئەوەى كورد سونەى عێراق نییە، ئەوان هێزێكى بەشەرى و ماددى زەبەلاح لە پشتیانەوەیە بەڵام ئێمەى كورد تا ئەم دەقەیەش تەنها چیاكانمان هەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست