کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا نەوشێروان ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری جه‌لال و مه‌سعود که‌م ده‌کاته‌وه‌؟!

Friday, 01/05/2009, 12:00


بێ گومان سیاسەتى ڕاست و دروست ئەوەیە سیاسەت بۆ خزمەت كردن بكرێت و لەسیاسەتیشدا عەقڵ حەكەم بێت و ئاراستەى شتەكان بكات بەشێوەیەك خەڵكى عاقڵ و هۆشیار ئەو سیاسەتە قەبوڵ بكات كە دەكرێت، هەروەها ژیانى سیاسى نۆیى ئەمڕۆ ئەوەى سەپاندووە كە مەحاڵە دەسەڵاتێكى میرنشینى لە بابەت ئەوانەى كەنداو لە كوردستاندا فرە درێژە بكێشێت، بۆیە پێش هاتنى نەوشێروان خەڵكى ڕووى لەحزبە ئیسلامییەكان دەكرد، بەڵام پاش دەركەوتنى ئەو لە زۆر ناوچەدا باس باسى گۆڕانە، بە دەگمەن خەڵكێك دەبینیت بە خۆبەخش دیفاع لە حزبەكانى دەسەڵات بكات بەڵام بە دیان كەس دەبینیت خۆبەخشانە دیفاع لە گۆڕان دەكەن، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت ئەو سیاسەتەى یەكێتى پارتى پەیڕەوى دەكەن بە ڕازى كردنى ئاغاو دەرەبەگ و لەو جۆرانەو خڕكردنى خەڵكى لەدەورى خۆیان بە چەكداركردنیان لەسەر حسابى ئایندەى ئەم وڵاتە سیاسەتێكە لە چیرۆكى شرین و فەرهاد كۆنترە، ئەمڕۆ كۆمەڵگەى كوردەوارى ڕۆژنامەى ئەهلى و سایتەكانى ئەنتەرنێت ئاراستەى دەكات نەك ئاغاو دەرەبەگ و چەكدارى نەخوێندەوار، پێم وانییە گردنى سەرە دەزوەكانیش سوودى مابێت لەبەر ئەوەى سەرە دەزوو زۆر زۆر بووەو یەكێتى و پارتیش هەموو موڵك و ماڵى شەخسى خۆیان بفرۆشن بەشى ئەو سەرە دەزوانە ناكات، بۆیە باشترین شت سیاسەتى ڕا ست و دروست و عەقڵانى و شەفافیەتە، ئەمە جگە لەوەى گۆِران لە ژیاندە شتێكى زۆر سروشتتیە، تۆنى بلێر دەڵێت: كاتێك تۆ هیچ نازانێت و تەجروبەت نییە خەڵك هەڵتدەبژێرێت ، بەڵام كاتێك فێر دەبیت و دەبیتە خاوەن تەجروبە لات دەدەن، منیش دەڵیم روحێكى تازەى كەم شارەزاى دڵسۆز باشترە لە روحێكى گەندەڵى شارەزاى خۆپەرست:
بەهەر حاڵ ئەگەر نەوشێروان ئەو نەوشێروانە بێت كە هەندێك لەپارتییەكان باسى دەكەن و پێیان وایە نەوشێروان لەسەرەتاوە موئامەرەیەكە لە ئەوان ولە ئەنجامدا هەر بەو روحیەتە كار دەكات كە لەشێعرێكدا كاتى خۆى بۆ تاڵەبانى ناردووە لە دیمەشق و وەفادارى خۆى بۆ دوپات دەكاتەە، ئەوە لە ئەنجامدا بە هەدوو باڵەكەى تاڵەبانى و نەوشێروانەوە پارتى دەخۆن. ئەم ئەگەرە زەعیفە لەبەر ئەوەى چۆن لەوەتەى پارتى دروست بووە كەس ئەوەندەى تاڵەبانى گورزى لێنەداوە، ئاوەهاش لەوەتەى تاَلەبانى سیاسەت دەكات كەم كەس ئەوەندەى نەوشێروان خزمەتى كردووەو كەسیش ئەوندەى نەوشێروان زیانى پێ نەگەیاندووە.
بەڵام كاریگەرى نەوشێروان لەسەر تاڵەبانى زیاترە، پێم وایە ئەوەندە لەدەنگەكانى یەكێتى دەبات بەو ڕێژەیە لە دەنگى پارتى نابات، بۆیە هەندێك كەس ئەگەرى ئەوە دادەنەن حزبەكەى تاڵەبانى لە پلەى دووەم و سێیەمدا لە هەڵبژاردنەكاندا خۆى ببینێتەوەو لەگەڵ رۆژیشدا بەرەو خوارتریش بكشێت، ئەمەو ئایندەى سیاسى ئەم هەرێمە ئەوەمان پێدەڵێت هیچ حزبێك زەحمەتە ئەو زۆرینەیە بێنێت بەتەنها ئەم هەرێمە بەڕێوەبەرێت، بۆیە تەحالوفاتى سیاسى دەبێتە ناونیشانى ژیانى سیاسى لەم هەرێمە. بەهەر حاڵ ئەوەى گرنگە لاى چاودێرێكى وەك و ئێمە بەرژەوەندى باڵاى گەل و گەشەكردنى پرۆسەى دیموكراسییە، هیوادارین لایەنە سیاسیەكان و جەماوەریش بە هەست كردن بەبەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكاندا بكەن، لەپێناو كوردستانێكى ئازادو دیموكراسى و خۆشگوزەران نەك كوردستانێكى ژێردەستەو دكتاتۆرو گەندەڵ و فەوزا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە