ئەوەى بیست ساڵە لەباشوورى كوردستان روو دەدات، تەنها گەندەڵى و ناعەدالەتى و .......... نییە بەڵكو قەیرانى ئەخلاقە
Thursday, 03/11/2011, 12:00
ئەوەى بیست ساڵە لەم هەرێمە روو دەدات، مرۆڤ ناتوانێت بە نەزانین لە قەلًەمى بدات، هەروەها ناچێتە قاڵبى گەندەڵى و ناعەدالەتییەوە، بەڵكو دەچێتە قاڵبى نەبوونى مۆرال و بە قەیرانى ئەخلاق دەژمێردرێت، ئایا كەسانێك خاوەن رەوشت و ئەخلاق بن ئەم كارانە دەكەن:
ـــ بەرەڵا كردنى ئەو پێشمەرگە كەم ئەندامانەى كە لە پێناو بیروباوەرو ئازادى نەتەوەكەیاندا ئەندامێكى لەشیان لە دەست داوە وەك و چاو، گوێ، قاچ، دەست، كە بێ گومان ئەم كەسانە مافى خۆیان بوو موچەى باشیان هەبێت و خانویان بۆ بكرێت و ئۆتومبێل و شوفێرى ئۆتۆمبێلیان بۆ دابین بكرێت، كەچى لە جیاتى ئەمانە مقاوەلات دەدرێتە سەرۆك جاش و بەنزینخانەو لەو جۆرانەیان بۆ دەكرێتەوەو ئۆتۆمبیلیان دەدرێتێ و پاسەوان و شۆفێریان بۆ دابین دەكەن، دیوەخانانەو موچەیان دەدەنێ و لە موناسەبەو بێ موناسەبەدا چەك و دەمانجەش وەردەگرن، ئەمە بەرانبەر ئەوەى كەوتنە بەردەم سوپاى داگیركەر بۆ ئەنفال كردنى ژن و منداڵى كورد. لە هەموشى سەیرتر ئەوەیە دادوەرى عەرەب بریارى گرتنیان بۆ دەردەكات وكاكى بە ناو شۆرشگێرو كورپەروەر جێبەجێ ناكات.
ـــ لە كاتێكدا بەرپرس و كاربەدەستى ئەم وڵاتە موچەو ئیمتیازاتێكى هەیە ئەگەر بەراورد بكرێت لە گەڵ وڵاتە زل هێزەكانى دونیا زۆرەو لەوەدا هیچ قسوریان بۆ خۆیان نەكردووە، ئەمە بە رەچاو كردنى رەوشى ئابوورى باشوورى كوردستان و ئەو وڵاتانە، كەچى لە گەڵ ئەوەشدا بە دەیان ئامراز دەست بۆ بوجەى گشتى دەبەن و بەو مەچەو ئیمتیازاتانەى هەیە تێر ناخۆن، ئەمە جگە لەوەى بە هەزاران بەرپرس لەم وڵاتە كەس و كارى موچەى لە بودجەى گشتى هەیە بێ ئەوەى ئەركێكى بكەوێتە سەر.
ـــ لە باشوورى كوردستان كەم هاوڵاتى هەیە نەهامەتى بەرنەكەوتبێت لە ئەنفال و لە كۆرەو و برسێتى و ئابڵۆقەى ئابوورى و دەیان نەهامەتى دیكە كەچى دێتە سەر ئەرك و ماف، ئەرك بۆ هەمووانە و ماف بۆ كۆمەڵێك كەسە كە كوردستانەكەیان بۆ خۆیان بردوو نەمانەكەش بۆ خەڵكى.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست