لە عێراق لە ئایندەدا شەڕى خوێناوى لە نێوان شیعەو سونەدا ڕوو دەدات.
Saturday, 16/01/2010, 12:00
واقع بینین ڕەشبینى ناگەیەنێت، هەروەها دیموكراسى ئەو نیعمەتەیە دەستى هەموو گروپێك لە كۆمەڵگەى مرۆڤایەتیدا بە ئاسانى ناكەوێت. كاتێك دەتەوێت هەورماڵێك(بورج) دروست بكەیت كەرەستەى خۆیى دەوێت بە بەردو خشتى ڕزیوو كۆن ناكرێت، جا بۆیە دیموكراسى لە عێراقدا بەو عەقڵییەتەى ئێستا هەیە كە رۆژ بە رۆژ گەشە دەكات ئەنجامێكى ئەوتۆى لێ نابێتەوە، ئەو شڕە دیموكراسییەى ئێستا هەیە لە گەڵ تەپ و تۆزى زنجیرى تانك و زریپۆشى ئەمریكییەكاندا هاتووەتە عێراقەوە، شتێكى دروستكراوە زیاتر لەوەى شتێكى خۆڕسكێ بێت و بەرهەمى پێشكەوتنى كۆمەڵانى خەڵكى عێراق بێت، هەروەها ئەگەر تەماشاى سەدەى ڕابردووى عێراق و سوریاو هەندێك دەوڵەتى دیكە بكەیت، هەمان تەجروبە دووبارە بووەتەوە، لە گەڵ داگیركەرانى بەریتانیاو فەرنساو.... جۆرە دیمەكراسییەك هاتووەتە كایەوە بەڵام بە دكتاتۆرى وەك و سەدام و حافز ئەسەد كۆتایى پێ هاتووە. زاڵ بوونى ئایین تا ڕادەى ڕەها و ڕەنگدانەوەى لە ژیانى كۆمەڵگەداو بە كار هێنانى وەك و كاڵایەكى سیاسى لە عێراقدا، هەروەها بونیادنانى عەقڵى نەوەى نوێ لەسەر دژایەتى ڕێچكەیى(مەزهەبى) كە زۆر بە ڕوونى لە مزگەوتەكان و حوسەینییەكان و چایخانەكان و كوچەو كۆڵانەكان هەستى پێ دەكرێت نوێ كردنەوەى مێژووى نێوان حسینى كوڕى عەلى و یەزیدو ئەمەوییەكانە، هەروەها هاتنە سەر خەتى ئێران و دەوڵەتانى كەنداو دەوڵەتانى دیكە ناوچەكە كە لە بناغەدا ملاملانێ لە نێوانیاندا هەیە لە یەمەن و لوبنان و هەندێك جێگاى دیكە، ئەمانە هەمووى ئاماژەن بۆ دروستبوونى نەویەك و ڕەوشێك لە عێراقدا بە هیچ شێوەیەك یەكتر قەبوڵ نەكەن و تەنها چەك كێشەكانى نێوانیان یەكلا بكاتەوە. شیعەكان كێشەى كورد بە كێشەیەكى نەزۆك دادەنەن بۆیە دەیانەوێت بە هەندێك ڕازى كردنى كورد سودى لێ وەربگرن و سونە لەچوارچێوە بدەن، سونەكانیش بۆ پێگەى خۆیان ناتوانن دەستەبردارى نەوتى كەركوك بن بۆ ئەوەى لە ئایندەدا شەڕى شیعەى پێ بكەن، كەلە ڕەقى سوونەكان و زۆرینەى شیعە لە عێراقدا كوردى ناچار كردووە ببێتە بەشێك لە سیاسەتى شیعەكان كە بێ گومان ئەگەر كۆنترۆڵى عێراق بكەن گەورەترین نەهامەتى دەبێت بۆ كورد چونكە ئەو كاتە لە گەڵ ئێراندا دەست تێكەڵ دەكەن و شیعەى عێراقیش هەمان ئەو مافانە بە كورد دەدات كە ئایاتەكانى ئێران پێان داوە، بەڵام دەوڵەتە عەرەبییە سونییەكان ناهێڵن شیعەى عێراق ئەم پارووە گەورەیە بە ئاسانى قووت بدات و لە ئەنجامدا دەگاتە شەڕێكى خوێناوى، ئەمەو چەندە شەڕ لە نێوان شیعەو سونە لە ئارادایە بە قەد ئەوەندەش شەڕ لە نێوان لایەنەكانى شیعەكان خۆیان و سونەكان خۆشیاندا هەیە. بەڵام بە داخەوە دەسەڵاتى سیاسى لە كوردستاندا هیچ سیاسەتێك و ژێرخانێكى ئابوورى بە هێزى لە كوردستاندا بونیاد نەناوەو كاریشى بۆ ناكات تا كورد لە باشوورى كوردستان بتوانێت لە حاڵەتى لەو جۆرەى باسمان كرد بەشێوەیەكى ئاسایى بژێت، جگە لەوەش لە حاڵەتى وادا بەدور نازانرێت لە كوردستانیش پاكتاو كردنى سیاسى و تەسفیەى حیسابات دەستپێبكاتەو وهەر لایەنێكیش ببێتە بەشێك لەو شەڕەى كە لەوەیە لە عێراقدا ڕوو بدات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست