ئەگەر ئەنجومەنى دادوەرى دادوەرى حزبى قەبوڵ بكات هەبوونى شتێكى زیادەیە
Thursday, 28/06/2012, 12:00
لە سەرەتادا رێزم هەیە بۆ هەندێك لە دادوەرە دەسترۆیشتووەكانى ناو ئەنجومەنى دادوەرى كە پیشەیانە كارى خۆیان دەكەن و جێگاى رێزو تەقدیرن، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەو كەم و كورتیانەى لە دەسەڵاتى جێبەجێكردندا هەیە لە ئەنجومەنى دادوەریش هەیە، كە ئەمە پەیامێكە پێمان دەڵێت كێشەكانى ئەم وڵاتە لە خودى بونیادى كۆمەڵگەى كوردیدا خۆى دەبینێتەوە لەم قۆناغەدا، چونكە شێوازى كاركردن لە دام و دەزگا حكومى و حزبیەكاندا هەمووى تا رادەیەك لەیەك دەچن، ئەگەر شتێكى جیاواز هەبێت هەوڵى تاكە كەسیە، كە ئەو هەوڵانەش كەم و دەگمەنن.
لەم ماوەیەدا دەنگ هەیە چەند دادوەرێك لە رێگاى حزبەوە دابمەزرێن كە ئەم دەنگ و هەواڵە لە چەند سایتیكى ئەلكترونى بڵاوكرایەوە، بێ گومان دیارە چەند كەسێك دەیانەوێت لە رێگاى حزبەوە ببنە دادوەر، بەڵام ئەوەى گرنگە ئەوەیە ئەنجومەنى دادوەرى رێگا بەم كارە نەدات و ئەگەر دادوەر یان ئەندامى داواكارى گشتى پێویستە ئەوە لە رێگاى ریكلام كردن و تاقیكردنەوە دەستنیشان بكرێن، هەل بۆ هەموو ئەو كەسانە برەخسێت كە مەرجیان تێدایە، چونكە هەمویان لە كۆتایدا خەڵكى ئەم وڵاتەن
هەروەها پێویستە بۆ ئەو قانونیانەى كە ئەم ماوەیە تاقینەوەیان ئەنجام دا لە یەكەم وەجبەى پەیمانگەى دادوەرى نمرەكانیان لە سایتى ئەنجومەنى دادوەرى ئیعلان بكرێت و هەروەها مافى ئیعترازیشیان هەبێت تا ئەوانەى دەبنە دادوەر یان ئەندامى داواكارى گشتى هەست بكەن بە تواناى خۆیان ئەو پۆستەیان وەرگرتووەو خەڵكیش زیاتر متمانەى بە دادوەرەكان دەبێت. هیوادارم ئەنجومەنى دادوەرى بە ئەركى مێژووى خۆى هەڵسێت بۆ بونیادنانى سیستەمێكى دادوەرى كە هەمومان شانازى پێوە بكەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست