نەوەكانى پێش ئێمە ئەنفالیان بۆ ئێمە جێهێشت، ئێمەش گوندى تەعریبكراو بۆ نەوەكانى داهاتوو جێدەهێڵین
Friday, 15/06/2012, 12:00
ئێمە پێمان وایە ئەنفال بریتییە لە پرۆسەیەكى مێژوویى، چەندە دوژمن لێى بەرپرسیارە نەوەكانى كورد كە پێش ئێمە هاتوون ئەوانیش لێى بەرپرسیارن كە نەیانتوانیوە وەك و زۆربەى دەوڵەتەكانى جیهان دەوڵەتى نەتەوەیى بە هێز دابمەزرێنن كە تواناى ئەوەى هەبێت بەرگرى لە خەڵكەكەى بكات.
كێشەكە لەوەدایە ئەم نەوەیەى ئێمەش دەرسمان لە رابردوو وەرنەگرتووەو تا ئێستا نەمانتوانیوە بناغەیەكى وا دەست پێبكەین كە ببێتە بنەمایەك بۆ نەوەكانى داهاتوو بۆ ئەوەى چیتر هیچ نەبێت ئەنفال نەكرێنەوە، ئەوەتا لە سایەى دەسەڵاتى كوردیدا گوند یان چۆڵ دەكرێت یان خاوەن زەویەكان خێزانى عەرەب لە سەر زەویەكانیان نیشتەجێ دەكەن و خۆیان لە شارەكاندا دەبنە كاكى بەكاربەر (مستهلك)، كە ئەمە بۆ خۆى كێشەیەكى گەورە لە ئایندەدا دروست دەكات، چونكە گوند لە لایەكەوە قوڵایى ئیستراتیجى شار پێك دەهێنێت، هەروەها گەند واتاى خەڵكى سەربەخۆ دەگەیەنێت لە رووى ئابووریەوە، بێ گومان ئێمە تاوانەكە ناخەینە سەر خەڵكى گوند نشین، دەسەڵات بەرپرسیارە لە دابین كردنى زەمینە بۆ ئەوەى خەڵك روو بكاتە گوند وتێیدا بمێنێتەوە، لە ساڵى(2003 ـــ 2012) تەنها دوو حزبە دەسەڵاتدارەكە پارەیەكى خەیاڵیان لە حزبایەتى تەسكدا خەرج كردووە، جگە لە ملیارەها دینار لە تەخشان و پەخشانى بێ مەعنا، كە دەكرا بەو پارە زۆرە كارەباو رێگاى قیر بگەشتایەتە هەموو گوندەكان، هەروەها قوتابخانەو نەخۆشخانە و تەنانەت دكتۆرى بیانى چى بۆ مرۆژەكان چى بۆ مەرو ماڵاتیان، هەروەها دەبوایە مانەوە لە گوند بۆ خۆى ئیمتیازێك بوایە بۆ ئەو خەڵكەى كە دەمێنێتەوە. بەڵام ئەمەى ئێمە باسى دەكەین ئیرادەى بەهێزو پیاوى ئایندەى دەوێت كە بەداخەوە لاى ئێمە نییە.
ئەم ماوەیە كەسێكم بینى تەنها خۆى لە ئەنفال رزگارى بوو بوو وتى((خۆزگە برا گەورەكەم كە ئەنفال كرا سەرۆك جاش بوایە، ئێستا حاڵم باشتر دەبوو))، من هەردەم ئەوەى دەسەڵاتى كوردى كردویەتى بۆ پاداشت كردنى كۆنە سەرۆك جاشەكان بە بێ ئەخلاقى وەسفم كردووە پێمیش وایە ئەو كارە لە بێ ئەخلاقى زیاتر هیچى تر نییە، پێمیش وانیە مرۆژى بێ ئەخلاق بتوانێ شتى گەورە بۆ ئایندە بكات، چونكە ئەمە رووخاندنى مرۆڤى كوردە كاتێك مرۆڤى كورد روخا ئیتر هەموو شتێك كۆتاى پێ دێت.
ئایە چى بۆ نەوەى داهاتوو بەجێ دەمێنێت، ئابوورى پتەو وبەهێز، چەكى مۆدرینى بەرهەمى كوردى، سوپایەكى یەگرتوو و پر چەك كە وەلائى بۆ نەتەوە هەبێت، دام و دەزگاى دەوڵەتى، دیموكراسى و ئازادى، ئەمانە تا ئێستا خەونن، هەرچەندە هەندێك لەو خەونانە لە رۆژگارى ئەمرۆدا دەكرێت بكرێتە واقع، بەڵام بەكەسانێك ناكرێت پاداشتى بكوژى رۆڵەكانیان بكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست