ئایا بزوتنەوەى گۆران بەرەو پیربوون دەچێت؟:
Thursday, 05/01/2012, 12:00
ئەمرۆ زۆربەى خەڵكى بە تایبەت توێژە رۆشنبیرەكە وا تەماشاى گۆران دەكەن كە ئۆپۆزسیۆنێكە لە بەردەم دەسەڵاتێكى چەقبەستودا كە هەبوونى لە نەبوونى باشترە، ئەگینا گۆران وەك و حزبێكى سیاسى جیاوازییەكى زۆرى لە گەڵ یەكێتى و پارتى نییە، ئەوە واى كردووە خەڵك فرە حەماسى نەبێت بۆ كاركرن بۆ گۆران بەڵكو لەوەیە تەنها دەنگ بەو بزوتنەوەیە بدات بە هیواى ئەوەى بەڵكو ئەمان بتوانن شتێكى باشتر بكەن، هۆكارى ئەم ساردیە بەرانبەر گۆران دەگەرێتەوە بۆ؟:
ــ گۆران نەیتوانى مۆدێلێكى نۆێ لە حزبایەتى بێنێتە كایەوە، ئۆرگانەكانى ئەوانیش هەر لە ئۆرگانەكانى یەكێتى و پارتى دەچێت، هەروەها ئەوانیش لە جیاتى ئەوەى هەوڵ بدەن سەندیكاى سەربەخۆ هەبێت ئەوانیش شتى لەو بابەتانەیان بۆ خۆیان دروست كرد. بە لاى منەوە مۆدێلى حزبایەتى مۆدێرن ئەوەیە كادرى حزبى دەبێت ئەو كەسە بێت كە بتوانێت خۆى بژێنێت و بار نەبێت بەسەر بوجەى گشتییەوە، ئیتر پارێزەر بێت، فەرمانبەر بێت، كاسبى ئەهلى بێت.... دەكرێت حزب لە هەر شارێك بارەگایەكى هەبێت پارە تەنها بۆ خەڵكى ناحزبى سەرف بكرێت وەك و خەڵكى تەكنیكارو خزمەتگوزار، هەروەها سروشتى سیاسەتى ئەمرۆ واى كردووە حزب ئامرازێك بێت بۆ كاندید كردنى پاڵێوراو بۆ هەڵبژاردنە چۆراو جۆرەكان، هەر وەك و ئەوەى لە ئەمریكاو ئەوروپا هەیە، واتە دەكرێت حزب هەبێت و كاریگەریش بێت بێ ئەوەى سوپایەكى هەبێت لە سەركردەو ئۆرگان و كادرى موچەخۆر كە بە داخەوە ئەو نموونەى لە باشوورى كوردستان هەیە نموونەیەكى زۆر ناشرین و كەم وێنەیە لە دونیادا.
ـــ بەڵى گۆران رەخنە دەگرێت، بە لاى منەوە رەخنە گرتن لە دەسەڵات كارى سەرەكى ئۆپۆزسیۆنە، هەندێك لەو رەخنانەى گۆران گرتوویەتى ئەنجامى باشى هەبووە بۆ ئەو توێژە لە بیركراوانەى كۆمەڵ وەك و كەم ئەندامان و توێژە هەژارەكانى دیكە كە لەبیر كەسدا نەمابوون، بەڵام ئایا گۆران وەك و ئۆپۆزسیۆنێك بەرنامەیەكى زانستى و ستانداردى هەبووە بۆ رەخنەكانى یان بۆنى موزایەدەى لێ دێت؟:
هەندێك جار هەست دەكرێت گۆران لە رەخنەكانی و داواكاریەكانیدا ئەوەندە مەبەستى دەنگ كۆكردنەوەى توێژێكى دیاریكراو بووە ئەوەندە دووربین و زانستیانە بۆ شتەكان نەیانروانیوە، نموونەش لەم بارەیەوە زۆرە بەڵام من لێرەدا درێژەى پێ نادەم.
ئەوەى راستى بێت ئێمەى كورد تەجروبەمان كەمە لە حوكمرانى: گۆران دەبێتە خاوەن دەستكەوتێكى گەورە ئەگەر ئەم بنەمایە پەیرەو بكات((دەكرێت لێژنەى جۆراوجۆر پێك بهێنرێت لە خەڵكى شارەزا ،تەجروبەى ئەو دەوڵەتانە وەربگیرێت كە زیارترین مافیان داوە بە هاوڵاتى و لەبەرانبەردا كەمترین ئیمتیازاتیان داوەتە بەرپرس)) ئەگەر ئەم ریسایە پەیرەو بكرێت دەكرێت نەوەیەك بەرهەم بهێنرێت دەوڵەتى كوردى پێ دروست بكرێت، نەك وەك و ئێستا ئاغاو جوتیار هەیە، فرعەون و كۆیلە هەیە، من پێم وایە بە هاوڵاتى پلە دوو كە ئێستا زۆربەى خەڵكى كوردستانى لێ پێك دێت تواناى راگەیاندنى دەوڵەتى كوردى نییە، لەوەیە بە هەزان كەس بڵێن ئێمە گەمارۆو شەرو برسێتى لە پیناو چى تەحەمول بكەین، لە پێناو كۆمەڵێك وردە فرعەون؟.
ــ خاڵێكى دیكە لە خاڵە لاوازەكانى گۆران ، نوێنەرەكانى گۆران چى لە پەرلەمانى عێراق و چى لە پەرلەمانى كوردستان ئەوەندە لەسەر حەماسەتیان هەڵبژێردراون ئەوەندە لەسەر داناى و عاقڵیان هەڵنەبژێردراون، من پێم وایە هەڵچوون و داچوون هیچ لە هیچ ناگۆرێت سەلیقەى كاركردن و شارەزاى و دڵسۆزى دەتوانێت بەرهەمى باش بێنێتە كایەوە.
ــــ لە كۆتایشدا دەڵێم ئێمەى كورد زۆر دەڵێین و كەم دەكەین خەڵكێك هەیە دەڵێن ئێمە چاوەروانى ئەوە بووین لە بزوتنەوەى گۆران خۆیان قەبوڵ نەكەن ئەو موچە زۆرەى پەرلەمان وەرگرن كەچى ئەوانیش نەك هەر ئەو موچە زۆرە وەردەگرن هەندێكیانیش داواى ئیمتیازاتى زیاترى كردووە وەك و تەملیك كردنى شوقەكانى پەرلەمان یان زیادكردنى پاسەوان یان پارانەوە لە مەسعود بارزانى بۆ ئەوەى ئەو موچەیەى پەرلەمان بۆى داناوە كەمى نەكاتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست