ئایا نەوشێروان دەبێتە غاندى یان سەدام حسین؟.
Thursday, 04/03/2010, 12:00
سەرنج و راى جیاواز هەیە دەربارەى نەوشێروان و بزوتنەوە جەماوەرییەكەى هەندێك دەڵێن نەوشێروان ماڵى دیموكراسى و كەش و هەواى ئازاد نییەو دەیەوێت ببێتە حاكمى ڕەها، كە (كەریم ئەحمەد) سكرتێرى كۆنى حزبى شوعى یەكێكە لە خاوەن ئەم ڕایانە، خەلًكیش هەیە نەوشێروان بە غاندى وەسف دەكات و بزوتنەوەكەى بە كەشتى نوح ناو دەبات.
بێ گومان ئەو جەماوەرە بەرفراوانەى ئێستا بەدواى نەوشێروان كەوتووە هەر ئەو خەڵكەن دژى سەدام و هاوشێوەكانى سەدام ڕاپەڕین و ئەو جۆرە سیستەمەیان ڕەتكردوەتەوە، ئەوەى تا ئێستا تێبینیمان كردووە لە لیستى گۆڕان و سەركردەكەى نەچوونەتە ژێر بیروڕاى توندڕەوو وخەڵكى ناكامڵەوە، كە بەردەوام داوایان لە نەوشێروان و سەركردەكانى دیكەى گۆڕان دەكرد توندو تیژ بن لە هەلًوێستەكانیاندا كەچى كەناڵەكانى بزوتنەوەى گۆڕان بە هەموو خەڵك دەڵێت نا بۆ چەك بە دەستى حزبەوە، نا بۆ ملیشیاتى حزبى، نا بۆ دۆشینى ملەت، بێ گومان ئەمرۆ كەناڵەكانى بزوتنەوەى گۆڕان ڕۆڵێكى ئیجابى دەبینن لە هۆشیاركردنەوەى دیموكراسى لە كوردستاندا، بە خەڵك دەڵێن تەنها ڕێگاتان سندوقەكانى دەنگدان و كارى پەڕلەمانییە......... ئەگەر بزاڤێكى سیاسى چەك و ملیشیاتى نەبێ چۆن دەبێتە دكتاتۆر، كورد ئەمڕۆ لە هەموو گەلانى دیكە زیاتر پێویستى بە غاندییە، پێویستى بە سەركردەى زاهدو لەخۆبردووە، بەغاندى بوون بۆ نەوشێروان سەركردەكانى دیكەى گۆڕان هاتووەتە بەردەم ماڵیان، هیوادارین ئەو فرسەتە لەدەست نەدەن، غاندى تا لە ژیانیدا مابوو كەسێكى خۆبەخش و لەخۆبردوو بوو، تەنانەت پاش مردنیشى خەڵك بە هەڵبژاردن نەوەكانى غاندى هەڵبژاردووە، ئەوەیە ڕێگاى ڕاست، خۆشەویستى خەڵكى باشترین دەستكەوتە بۆ هەر سەركردەیەك، كە ئەوەش بە كارى باش دێتە بەرهەم نەك بە چاوسووركردنەوەو تۆقاندن و فرت و فێڵ لە ملەت كە ئەنجامەكەى بۆ ئەو سەركردنەو نەوەكانیان هەر وەك و ئانجامى سەدام حسین و چاوشسكۆ و شاى ئێران دەبێت. دەبێت خەڵكیش هۆشیار بێت بۆ ئەوەى كورد غاندى تیا هەڵكەوێت نەك سەدام حسێن، من وەك و لایەنگرێكى گۆڕان هەردەم بێ دەنگ نابم لەسەر كەم و كورتییەكانى ئەم بزوتنەوەیەو سەركردەكەى بۆ ئەوەى ببێتە ئەو بزاڤەى كە جەماوەر دەیەوێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست