بۆ سەردار پشتدەرى: بەچى پێوەرێك حكومەتى سێ قۆڵى لە گەڵ مەسعودو جەلالدا پێك دێنیت:
Saturday, 20/08/2011, 12:00
ئەوەى راستى بێت لە رۆژنامەكان و سایتەكانى باشوورى كوردستاندا زۆر بابەتى سەرسورهێنەر دەخوێنیتەوە، لە ئەنجامدا زۆر جار دەبینیت شتەكان لۆژیكیان تێدا نییەو لەبەر ئەوەى خەڵكى لاى ئێمە ئەوەندە قسە دەكەن ئەوەندە گوێ ناگرن، ئەوەندەش دەنوسن ئەوەندە ناخوێننەوە، بۆیە بیروباوەرە نالۆژیكەكان بێ دیالۆك دێپەر دەبن و لە ئەنجامیشدا زنجیرەى شتە نالۆژیكەكان زاڵ دەبن، حكومەتى نالۆژێك، ئیدارەى نالۆژیك، ئابوورى نالۆژێك، رۆژنامەگەرى نالۆژیك..........
سەردار پشدەرى لە بابەتەكەیدا بۆ كوردستان پۆست دەڵێت((ئەنتۆن كیلەر بە ناوى هاوپەیمانانەوە لە سەروبەندى هەڵبژاردنەكانى ساڵى(1992) دا داواى لە مام جەلال و كاك مەسعود كردووە حكومەتى سێ قۆڵى لە گەڵ سەردار پشدەرى پێك بهێنن)).
لەو هەڵبژاردنەدا یەكێتى و پارتى ئەو كاتە بە دەنگى خەڵك زیاتر لە (90%) دەنگەكانیان هێنا، ئەو كەسانەش وەك ئێمەو مانان كە ئێستا لە بەرەى ئۆپۆزسیۆنین ئەو كاتە دەنگمان بەوان دا، ئەو كاتە ئەوان حكومەتى پەنجا بە پەنجایان پێك هێنا، ئیتر من نازانم لەسەر چى پێوەرێك و هەڵبژاردنێك و دەنگدانێك ئەو حكومەتە لە جیاتى پەنجا بە پەنجا بكرایەتە سێ بەشەوە لە نێوان جەلال و مەسعودو سەردار پشتەریدا، ئەگەر داوا بكرایە سەردار بكرێت بە وەزیر یان بەرێوەبەرى گشتى ئەوە رێى تێ دەچێت، بەڵام داوا بكرێت بەشێك بۆ ئەو و دوو بەشەكەى ترى بۆ جەلال و مەسعود ئەمەیان جێگاى پرسیارە.
هەروەها دەڵێت گوایە نیاز هەبووە ئەم هەرێمە بكرێتە كیانێكى سەربەخۆ، كە ئەم قسانە لێرەو لەوێ باس دەكرێت بە شێوەى جیاواز، ئەوە دەبێت پێش هەموو شتێك ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین:
ـ ئایا كۆمەڵگەى نێو دەوڵەتى چى كرد كاتێك هەڵەبجە كیمیاباران كرا، كاتێك ئەنفال كرا، كاتێك بەرزانیەكان سەرنوقم كران، یان ئێستا كە كورد تۆپباران دەكرێت و ئاوارە دەبێت، بێ گومان هیچ.
تا ئێستا ئەمریكاو ئەوروپاو تەماشاى كێشەى كورد وەك و كارتێكى فشار دەكەن، هەر كاتێك پێویستیان پێى هەبێت بەكارى دێنن، تا ئێستاش بە فەرمى ئەوانە هیچ ئەجیندایەكى ستراتیژیان بۆ چارەسەركردنى كێشەى كورد نیە، لەم رۆژانە لە كەناڵى(ن. ر. ت) هەواڵێك بڵاو كرایەوە گوایە حكومەتى بەریتانیا ئیمزا كۆ دەكاتەوە بۆ پشتگیرى لە دەولًەتى كوردى، كە من بەگومانەوە ئەو هەواڵەم وەرگرت، دوو رۆژى نەبرد بەریتانیا بە فەرمى ئەوەى رەت كردوەو وتى ئەوە ئێمە نەمانكردووە. ئەما بۆچى ئەو دەوڵەتانە پلانى ستراتیژیان بۆ كورد نییە ئەوە هۆكارى زۆرە ناكرێت لێرەدا باس بكرێت.
ئەما بە نسبەت ئەوەى ئەو كەسە داواى لە مەسعود كردووە واز بێنێت، ئەوە من بروام وایە دیموكراسى و چاكسازى هیچ واتایەك ناگەیەنێت ئەگەر بەردەوام حزبەكان و كەسەكان و ئاڵوگۆر بە دەسەڵات نەكەن لە نێوان خۆیاندا كە ئەو ئاڵوگۆرە دەبێت هەموو سەركردەكان و كەسەكان بگرێتەوە نەك تەنها ئاڵوگۆر كەسەكانى خوارەوە بگرێتەوە، ئەمە نەك تەنها بەنسبەت حكومەتەوە بەڵكو دەبێت لە حزبیشدا ئاڵوگۆر هەموو كەسەكان بگرێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست