ئایا چاكسازى و شكستەكانى بەرهەم ساڵح لە كابینەكەى نێچیرڤاندا چى بەسەر دێت
Tuesday, 31/01/2012, 12:00
ئەگەر هەڵسەنگاندنێكى بێ لایەنانە بۆ كابینەكەى بەرهەم ساڵح بكەین دەتوانین چەند خاڵێكى نێگەتیڤ و پۆزەتیڤى بخەینە روو:
هەندێك لە خاڵە نێگەتیڤەكانى:
1 ـ بەرهەم ساڵح نەیتوانى ئاگرە گەورەكە چارەسەر بكات كە ئەو ئاگرە هەرەشە لە پرۆسەى دیموكراسى و روح وگیانى رۆڵەى كورد دەكات لەم وڵاتە، كە ئەوەش بریتییە لە دەرهێنانى چەك لە دەستى حزب، ملیشیاتى حزبەكانى دەسەڵاتدار هەر وەك و خۆى ماوەتەوە.
2 ـ یەك نەخستنى هەردوو ئیدارەى هەولێرو سلێمانى.
3 ـ زۆر لە هەیكەلى ئیدارى هەر خەڵكە كۆنەكە دەیبەن بە رێوە، بەرێوەبەرى فەرمانگە هەیە چەندین گەندەڵى لەسەرە كەچى كراوەتە بەرێوەبەرى فەرمانگە. زۆریان هەیە پسپۆریان لە كارەكەى خۆیاندا نییە ،كەچى بە هەزاران كەس هەن بروانامەى دكتۆراو بەكەلۆریۆسیان هەیە بۆ پركردنەوەى ئەو جێگایانە، بەرێوەبەرى فەرمانگەش هەیە بروانامەى شەشى ئامادەیى نییە.
4 ـ گەندەڵى لە كابینەكەى بەرهەمدا هەر وەك و جاران مایەوە ، لەو ماوەیەدا كەس لەسەر گەندەڵى لێپرسینەوەى لە گەڵدا نەكرا.
5 ـ بەرهەم ساڵح نەیتوانى چارەسەرى دیاردەى موچە خۆرى بندیوار بكات كە زۆربەى ئەوانە خزمى بەرپرسەكانن، هەروەها بە كارهێنانى ئۆتۆمبێل و كەرەستەى ترى حكومەت لە لایەن هەندێك بەرێوەبەرو خەڵكى دیكەى سەر بە حكومەت.
6 ـ شەفافیەت لە دەهاتى نەوت، لە كاتێكدا حكومەت باسى دەستكەوتى گرێبەستە نەوتییەكان دەكات، لەو كاتەدا ئەگەر دوو رۆژ بەنزین و گاز لە حكومەتى ناوەندەوە نەیەت قەیران لە كوردستان دروست دەبێت.
7 ـ ناعەدالەتى زۆر لە نێوان موچەخۆرى ئاسایى و ئەندام پەرلەمان و وەزیرو دادوەرو ئەندامى داواكارى گشتى.... هەیە، بەرهەم ساڵح نەیتوانى ئەمە چارەسەر بكات، كە ئەم نەخۆشیە جگە لە بەرهەم ساڵج پەرلەمانیش لێى بەرپرسیارە بە ئەندام پەرلەمانەكانى ئۆپۆزسیۆنیشەوە، دەكرێت نامەكەى ئەم دوایەى نەوشێروان مستەفا بكرێتە بنەمایەك هیچ نەبێت ئۆپۆزسیۆن كارى لەسەر بكات.
8 ـ دیاردەیەكى زۆر نیگەتیڤ هەیە تەنانەت هەر باسیش ناكرێت لە كاتێكدا زۆر گرنگە ئەویش دوورخستنەوەى فەرمانبەرو كارمەندى حكومەتە لە شەریك بوونەوە لە قوتى كاسبكارى ئەهلى، زۆر فەرمانبەرو موچە خۆرى حكومەت هەیە دوكاندارن یان شۆفێر...... كە ئەمە لە هەموو دەوڵەتەكانى دونیا قەدەغەیە، ئەگەر ئەم خاڵە بە باشى جێبەجێ بكرێت بە هەزاران هەلى كار دروست دەبێت. هەروەها دەبێت سیستەمى سۆشیال و خانەنشینى كاسبى ئەهلیش لە كوردستاندا پەیرەو بكرێت.
ئەما هەندێك لە خاڵە پۆزەتیڤەكانى ئەمانەن:
1 ـ گەورەترین راستكردنەوە كە بەرهەم ساڵح كردى بریتییە لەوەى كە دامەزران جۆریك لە جۆرەكان سیستەماتیك كرا، كە پێش كابینەكەى بەرهەم ساڵح كەسێك تا دادەمەزرا دەبوایە سەد دەستى ماچ بكردایە كە ئەمە خۆى لە خۆیدا رسوا بوونى مرۆڤى كورد بوو. بەڵام لە گەڵ ئەمەشدا زۆر خەڵك بێ سیستەمى مونافسە بە گرێبەست دامەزراون، هەروەها سیستەماتیك كردنى دامەزراندن هەر فۆرم پر كردنەوە نییە بەڵكو دەبێت رێك ترو تۆكمەتر بێت.
2 ـ بەرنامەى توانا سازى كارێكى باشە چونكە ئێمەى كورد تەجروبەمان كەمە لە هەموو بوارەكاندا جگە لە شەرى ناوخۆ وگەندەڵى، بۆیە ئەو گەنجانەى دەچنە زانكۆكانى جیهان دەتوانن شتى تازەمان بۆ بهێننەوە لە هەموو بوارەكاندا.
3 ـ كەمكردنەوەى بوجەى حزبەكان و میدیاو رێكخراوى بێ مەعنا.
ئەما سولفەى هاوسەرگیرى و قەرزى خانووبەرەو ........ لە حەقیقەتدا ئەمانە كارى حكومەت نیین، ئەگەر ئێمە بتوانین قەناعەت بە مینەبەرى ئاینى بكەین دەستێوەردانى كاروبارى ئابوورى ناكەن ئەوە كەرتى تایبەت دەتوانێت بە شێوەیەكى زۆر باش ئەم كێشانە چارەسەر بكات هەر وەك و ئەوەى لە دەوڵەتە پێشكەوتوەكاندا هەیە، ئیتر بێ پۆز لێدان و موزایەدە بە سەر هاوڵاتیەوە.
ئینجا پرسیار دەكەین:
ئایا نێچیرڤان بەرزانى لەسەر سیاسەتى كلاسیكیانەى پارتى بەردەوام دەبێت، كە سیاسەت كردنیان بریتییە لە رازى كردنى كۆمەڵێك حزب و كەسایەتى و رۆژنامەوان و گۆرانیبێژو وەرزشوان نوسەران و ... بەو حسابەى رازى كردنى كۆمەڵێك سەرۆك عەشیرەت و كەسایەتى و.... وەزعەكە ئارام دەكاتەوەو دەمى خەڵكى لە یەك دەنێت، بێ گومان ئەمرۆ كەسێك نییە لە باشوورى كوردستان هەموو مندالەكانى خۆشى لە گەڵدا بێت، خەڵك هۆشیار بووەتەوەو بەرنامەى جوان و سیستەمى عەقڵانى و عەدالەتى كۆمەڵایەتى دەوێت، نایەوێت بەرپرسێك لەم وڵاتەدا هەبێت لە یەك جێگادا پەنجا خانوو بكرێت هەر وەك و ئەوەى رۆژنامەوانێك لە كەماڵ كەركوكى پرسى لە كاتێكدا مندالى كورد لەسەرما رەق ببێتەوە، لەبەر ئەوەى نێچیرڤان بارزانى زۆر جار نموونەى وەرزشى دەهێنێتەوە منیش ئەم نموونەیەى بۆ دەهێنمەوە، تیپەكانى بەرشلۆنەو ریاڵ مەدرید دەمى كەسیان چەور نەكردووە بە ئەدائى جوانیان ملیۆنەها هەوادارو لایەنگریان بۆ خۆیان پەیدا كردووە، كاتى ئەوە هاتووە لە كوردستاندا حزب بە ئەدائى جوان و راست و رەوان پێگەى خۆى بە هێز بكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست