کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەو موزایەدە سیاسیەى لیستى گۆران و كوردستانى بەسەر یەكترەوە دەیكەن هەرێم دەكاتە گەورەترین بازار بۆ ئێران و توركیا

Sunday, 10/07/2011, 12:00




من قەناعەتم وایە یەكێك لە نەهامەتییەكانى باشوورى كوردستان ئەوە بووە لاى زۆربەى خەڵكى یەك رەنگ هەبووە یان رەش یان سپى یان لاەنگرى لایەنێك بە یان دژى، تێروانین بۆ شتەكان لە چوارچێوەى هەڵسەنگاندنا نەبوون، بۆیە زۆر پێویستە كۆمەڵێك نووسەر بێ سۆزو عاتیفە بە چاوى رەخنەو لە دیاردە نەگەتیڤانەكان بروانن لە هەر لایەنێكەوە بێت.
من لێرەدا باسى لایەنە ئیسلامیەكانم نەكردووە لەبەر ئەوەى بروام بەو پەندە عەرەبیە هەیە كە دەڵێت(اسأل المجرب ولا تسال الحكیم)، سیستەمى ئایینى بۆ زەمەنێك گونجاو بووە كە ژیان سەرەتایى بووە بەڵام پەیرەو كردنى بۆ ئەمرۆ دەوڵەتى نامۆى وەك و ئەفغانستان و ئێران و سۆمالى لێ دەكەوێتەوە، ئەگەر باسى توركیاش دەكرێت ئەوە توركیا تا ئێستا دەوڵەتێكى عەلمانیە بەڵام حزبێكى بەناو ئیسلامى حوكمى دەكات. تەماشا بكەن ئێران سەراى ئەوەى دەوڵەتێكى دەوڵەمەندە لە سەرچاوەى سروشتى كەچى دەیەمین دەوڵەتى دواكەوتووى دونیایە لە رووى ئابووریەوە.
بە هەر حاڵ ئەوەى پەیوەندى بە بابەتەكەمانەوە هەبێت ئەو سیاسەتەیە كە ئەمرۆ لە باشوورى كوردستان روو دەدات:
ـ لە پاش راپەرین لە كاتێكدا دەبوایە دەسەڵاتى كوردى ئاسەوارى ئەنفالى بسریبایەتەوە كەچى ئەنفال چەسپێنرا، ئەوەش لە رێگاى دروستكردنى خانوو بۆ كەس و كارى ئەنفال لە ناو ئەو كۆمەڵگایانەى كە بەعس دروستى كردبوو، كە ئەم جێگایانە بەسەدان میل لە عەرزو ئاوى ئەوانەوە دوورە، كە ئەڵتەرناتیڤى ئەمە ئەوە بوو گوندەكان ئاوەدان بكرێنەوە، بەڵام پێش هەموو شتێك گەیاندنى رێگاى قیر بەو گوندانە هەروەها كارەباو لە ناوەراستى چەند گوندێكیشدا خستەخانەى باش و هەروەها نەخۆشخانەى ئاژەڵان(بەیتەرە) بۆ ئەوەى هەر چەند گوندێك بە زوترین كات بتوانن سوود لە خزمەتگوزارى تەندروستى ببینن، ئەمە جگە لە قوتابخانە كە دەكرا بۆ ئەو گوندانەى ژمارەیان كەمە سوود لە قوتابخانەى گەرۆك ببینرێت هەر وەك و ئەوەى لە هەندێك ناوچەى كەنەدا هەیە. ئەوەى ئێستا لەو كۆمەڵگە زۆرە ملیەیانە هەیە لەجیاتى ئەوەى بەرهەم هێنەر بن وەك و شارەكانى دیكە هەمووى تەنها بەكاربەرە.
ـ لەباشوورى كوردستان سیاسەتێكى سەیر پەیرەو دەكرێت، ئەوەش بە ساربازگەكردنى كۆمەڵگا، لە لایەكەوە دەبینیت بە هەزاران خوێندەوار هەیە بە دواى هەلى كاردا دەگەرێت كەچى ئەوانەى نەخوێندەوارن بە زوترین كات و بە ئاسانى دەتوانن ببن بە پێشمەرگە یان ئاسایش یان پۆلیس، دەبینێت لە شارۆچكەیەكدا لەوەیە (100) پۆلیس بۆى بەس بێت كەچى (2000) پۆلیس و ئاسایشى هەیە. تا ئێستاش سەربازو پۆلیس و ئاسایش و ئەو بابەتانە بە شێوازى دامەزراوەیى دانامەزرێن وەك و ئیعلان كردن و دامەزران بە مونافەسە. كە ئەم سوپا زەبەلاحە لە سەربازو پۆلیس و ئاسایش دەكرێت سوپاى ئاوەدانكردنەوەى وڵات بن و بەرهەم هێنەر بن نەك وەك و ئەوەى ئێستا هەیە تەنها بەكاربەر بن، ئێمە ناڵێن دەوڵەت پیویستى بەو شتانە نییە، بەڵام دەبێت هێزى لەو جۆرانە زۆرو بۆر نەبێت، دەبێت بە گوێرەى پێویست بێت و تۆكمە بێت.
ـ لەبەرانبەر ئەو سیاسەتە هەڵەیەى دەسەڵات لە چەند ساڵى رابردوودا لیستى گۆران دێت و گۆمەكە قوڵتر دەكاتەوە بە هەڵكردنى ئەو دروشمەى كە دەڵێت(دەبێت وەك بەغداد بین) من ئاواتەخواز بووم گۆران داوا بكات وە(سوید، نەرویج، دەنیمارك) بین، ئاخر چى شتێك لە عێراق و بەغداد پۆزەتیڤە تا چاوى لێبكرێت، بودجەى عێراق (95) % ى پشتى بە داهاتى نەوت بەستووە، جگە لەوەش ئەو سیاسەتەى لە عێراق پەیرەو دەكرێت لە رووى ئابووریەوە زۆر ناتەندروستە.
جگە لەمانەش ئەگەر لە رووى زانستیەوە بروانرێتە شتەكان دەبێت عێراق دابەش بكرێت بۆ چەند ناوچەیەكى ترسناكى جیاواز و لەسەر ئەو بنەمایەش دەرماڵەى مەترسى بۆ سەربازو پۆلیس و ئاسایش و دادوەر و .......... دابنرێت، بۆ نموونە تا ئێستا لە عێراق (147) دادوەر كوژراون، هەشە خۆى نقل كردووە بۆ باشوورى كوردستان هەرچەندە زانیویەتى موچەكەى لێرە نزیكەى یەك ملیۆن كەمترە(كە ئێستا وەك یەكى لێ هاتووە)، بە هەر حاڵ دەمانەوێت بڵێین دەبێت لە هەرێم سیستەمى ئابوورى باشتر پەیرەو بكرێت و سیستەمێكى موچەى تایبەت بە خۆمانمان هەبێت كە رەچاوى عەدالەتى كۆمەلایەتى زیاترى تێدا بكرێت و هانەر بێت بۆ ئەوەى خەڵك روو لە كەرتى تایبەت بكات و خەڵكێكى بەرهەم هێنەرمان هەبێت نەك بەكاربەر، باشە ئەو موچە زیادكرنەى كە دەكرێت بۆ چەك هەڵگرەكان(پۆلیس، ئاسایش، سەرباز) كە وەك و وتمان بەهەزارانن و زیادن لە پێویست چەندە كار دەكاتە سەر هەڵاوسانى ئابوورى ئەو هەڵاوسانەش چەند كار دەكاتە سەر خاوەن پیشە بجوكەكان كە زۆربەیان رۆژانە داهاتیان لە نێوان(5000 ـ 20000) دینارە، هەروەها بە هەزاران فەرمانبەرى پلە خوارەكان، هەروەها بە هەزارن لەو كەسانەى كە كارێكى ئەوتۆیان نییە یان ئەو پارە كەمەى تۆرى كۆمەڵایەتى وەردەگرن. ئەگەر موچەى پۆلیس بكرێتە یەك ملیۆن دینار هەر وەك و گۆرانخوازەكان داواى دەكەن كە زۆربەیان شەهادەى سێى ناوەندیان نییە ئەو كاتە دەكاتە موچەى ئەوەندەو نیوى موچەى دەرچووى كۆلێژەكان یان كەمێك زیاتر، بێ گومان ئێمە دەمانەوێت شتەكان مەنتقى و عەقڵانى بن، چەك بە دەستەكان بە هەموو جۆرەكانیانەوە حەقى خۆیانە بژێوى ژیانیان چاك بكرێت و وەك و فەرمانبەر دەرماڵەى ژن و منداڵ و خزمەتیان بۆ سەرف بكرێت، بەڵا دەبێت رەچاوى لایەنە جۆراوجۆرەكان بكرێت و لە چوارچێوەى سیاسەتێكى سیاسى و ئابوورى عەقڵانیدا بێت ............ هیوادارم چیتر دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە هەوڵى ئەوەدا بن سیستەمێكى ئابوورى تایبەت بە هەرێمى كوردستان دابنەن و چیتر نەڵێن وەك(بەغداد بین).


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە