کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا ئیسلامى سیاسى درۆ لە گەڵ دیموكراسى دەكات یان لەگەڵ ئاین یان هەردوكیان

Saturday, 17/03/2012, 12:00






ئەگەر تەماشاى زۆر لەو دەوڵەتانە بكەیت كە سیستەمى دیكتاتۆرى تێدا بووە یان سیستەمى تاكە حزبى وەك و دەوڵەتەكانى سۆڤێتى جاران، دەبینیت بە روخانى سیستەمە كۆنەكە سیستەمێكى دیموكراسى نوێ هاتە كایەوە كە باشترە لە سیستەمە كۆنەكە، بەڵام ئەوەى لە جیهانى ئیسلامیدا روودەدات بە پێچەوانەوەیە، كاتێك كۆمەڵێك خەڵكى ئازادیخواز روو دەكەنە گۆرەپانەكان بۆ رووخانى دیكتاتۆریەت داواى ئازادى دەكەن، ئیسلامى سیاسى گۆرەپانەكانیان لێ دەكاتە جێگاى سوجدە بردن، ئایا ئازادى و سوجدە بردن یەك دەگرنەوە؟. من پێم وایە ئەو دوو شتە دوو شتى زۆر جیاوازن.
دیموكراسى پێویست دەكات، ئاڵوگۆرى دەسەڵات لە نێوان تاكەكانى كۆمەڵ بكرێت، گروپى جۆراوجۆرى ئابنى و كەلتورى و ئابوورى و هونەرى و سیاسى هەبێت، ئازادى تاكەكەسى هەبێت لە بیركردنەوەو رادەربرین و هەموو ئەو شتانەى كە پەیوەستن بە ژیانى تاكە كەسیەوە وەك و لەبەركردنى جل و بەرگ و ..........
بەڵام ئاین كۆمەڵێك كۆت و بەندى لەبەردەم ئەم شتانەدا داناوە.
لە هەر زەمان و كات و ساتێكدا مرۆڤایەتى گەشە دەكات و كۆمەڵێك چەمكى نوێ دێتە كایەوە كە باشترە لە چەمكە كۆنەكان، بۆ نموونە یاساكانى جەنگ لە ئێستادا زۆر لە كاتى جەنگیز خان و محمد و ئەمەویەكان ... باشترە چونكە رێگا نادات ژن و مندال وەك و مەرو بزن وەك و غەنیمەى شەر دابەش بكرێت، هەروەها مەبەست لە سزا ئێستا چاكسازییە نەك تۆڵە كردنەوە(وەك و دەست برین و ــ العین و بالعین والسن و بالسن).
هەروەها چەمكى نوێ رێزگرتنە لە ئیردەى گەلان بۆ دیارى كردنى مافى چارەى خۆنوسین، نەك سەپاندنى بیرو رایەك بە زۆر بێ گوێدانە سنوورى دەوڵەتى دیكە و نەتەوەى دیكە. كە ئەمانە هەمووى لە ئایندا ئەركە بكرێت هەرچەندە ئێستا موسوڵمان زۆر دوا كەوتووەو تواناى ئەوەى نییە رووبەرووى دەوڵەتە مودرێنەكانى دونیا ببێتەوە نە لە بوارى ئابورى و سەربازى و تەكنەلۆجیاو ...............
بۆیە پێمان وایە ئیسلامى كورد دەتوانێت رۆڵێكى مەدەنى ئینسانى ببینێت بۆ چارەسەركردنى زۆر لە كێشەكانى كۆمەڵگە لە خۆشەویستى نیشتمان و گیانى هاوكارى و پاراستنى ژینگەو دژایەتى گەندەڵى و ... بێ ئەوەى ئاین بكرێتە كەرەستەیەك بۆ سیاسەت كە لە ئەنجامدا خۆى بۆ خۆى دەبێتە قەیران و رێگا لەبەردەم دیموكراسى و ئازادى و گەشەكردن دەگرێت. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە