دروستبوونى هەرێمى تایبەت بە سونەكان لە عێراقدا شتێكى حەتمییە.
Monday, 04/07/2011, 12:00
بێ گومان كاتێك باسى دروستبوونى هەرێمێك بۆ سونەكان دەكەین مەبەستمان سونەى عەرەبە لە عێراقدا، هەروەها ئەم باسە كاتێك دێتە كایەوە ئەگەر سیستەمى دیموكراتى لەم وڵاتەدا بچەسپێت كە ئەمەش شتێكى هەروەها ئاسان نییە، لەوەیە وەڵامى ئەم گومانەمان پاش كشانەوەى هێزەكانى ئەمریكا لە عێراق دەست بكەوێت، وەك و ئاشكرایە ئێستا چەندین ملیشیاتى ئاشكراو نەهێنى لە عێراقدا هەیە، هەروەها سۆپاى عێراق حاڵى حاڵ گەلى عێراق دابەش بووە لەسەر بنەماى ئاینزایى(تایفى) و نەتەوەیى و هەروەها حزبى و ناوچەییش، كە ئەمە خۆى لە خۆیدا وا دەكات مەترسى لەشەرى ناوخۆیى و دابەش بوون لە عێراقدا روو بدات كە ئەمەش رەنگدانەوەى لەسەر هەرێمى باشوورى كوردستان دەبێت و كێشەى جدیش لە سەر كەركوك دروست دەبێت، كە بێ گومان لە حاڵەتى وادا دەوڵەتە عەرەبیە سونەكان و توركیاش ئەو كاتە هەوڵى ئەوە دەدەن كەركوك تەسلیمى سونەكان بكەن بۆ ئەوەى بتوانێت بەرانبەر شیعەى زۆرینە لە عێراقدا خۆى رابگرێت.
بە هەر حاڵ ئەگەر دیموكراسى لە عێراقدا بە رێرەوى سروشتى خۆیدا رۆیشت ئەو كاتە سونەى عەرەبى عێراق وەك و كەمینەیەك ناچار دەبێت بیر لە هەرێمێكى فیدرالى تایبەت بە خۆیەوە بكاتەوە، هەرچەندە لە سەرەتاى كەوتنى حكومەتى عەرەبى سونە لە عێراقدا كە سەدام حسین بە ئاگرو ئاسن دیبرد بەرێوە باسى لەو جۆرە كوفر بوو بە ئومێدى ئەوەى بۆ جارێكى تر بتوانن وەك و جاران دەسەڵات بگرنە دەست لە هەموو عێراقدا ، بەڵام ئەمە لەسەر ئەرزى واقع لە عێراقدا وەك و موستەحیل وایە، سەرئەنجام سونەى عەرەب لە پەراوێزدا دەمێننەوەو دەبێت بۆ بوژاندنەوەى ناوچەكانیان لە دەسەڵاتى شیعە ببپارێنەوە، كە ئەمەش وا دەكات لە واقع وەك و خۆى تێبگەن و سەرئەنجام بیر لە هەرێمى فیدرالى تایبەت بە خۆیان بكەنەوە كە ئێستاكە پیاوە عاقڵەكانیان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە، ئەم بیرۆكەیە لە ئایندەدا دەبێتە داواكارى شەقامى سونەى عەرەب.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست