ئەو پەرلەمانەى كە خۆى هۆكارى دیاردەى سواڵكردنە دەیەوێت سواڵكردن قەدەغە بكات
Sunday, 13/11/2011, 12:00
لەوەتەى ئێمە لە ژێر دەسەڵاتى حكومەتى عەرەبى عێراق و پاشان حومەتى كوردى لە باشوورى كوردستان ژیاوین، شتێكمان نەبینیوە بە واتاى حكومەتى هاوڵاتى، دەكرێت بریار بەدەستانى ئەم حكومەتانە بە خەڵكى تاوانبارو چەتە وەسف بكرێن، لە كاتێكدا لە ژێر زەوى ئەم وڵاتەدا ئەو گەنجینە گەورەیە هەیە لە وزە، لە كاتێكدا وڵاتێك خاوەن ئاوى شرین و دەشتى بە پیت بێت، لە كاتێكدا خەڵكى بیانى بێت و ئەو نەوت و گازە بدۆزێتەوەو دەرى بێنێت، حكومەتیش تەنها رۆڵى كۆمپانیایەك ببینێت بۆ دابەش كردنى پارەى ئەو كانزایەى لە ژێر زەویدا هەیە، كەچى ئەو كۆمپانیایەى ناوى حكومەتە داهاتى ئەم وڵاتە یان لە لایەن كاربەدەستانەوە دەكرێتە موچەو ئیمتیازاتى زۆر یان دەدزرێت یان پیاوەتى پێوە دەكەن وەك ئاوى حەمام، یان دەیدەنە چەكدارى بێ شومارى خۆیان كە لە راستیدا خۆیان هۆكارن كە دیاردەى تیرۆر دروست دەبێت، ئەگەر خەڵك ژیانى ئاسودەو خۆش بێت چى داوە لە تیرۆر، ئەگەر ئەو كاتە هەبێتیش سنوردار دەبێت، پێویست ناكات كۆمەڵگە چەكدار بكرێت بۆ رووبەرووبوونەوەى تیرۆر. ئەگەر لە عیراق و باشوورى كوردستاندا حكومەتى هاوڵاتى و عەدالەت هەبێت كێ روو لە سواڵكەرى دەكات، بە هەزاران خێزان هەیە كەسێكى نییە بتوانێت كار بكات، ئەگەر پارەى چاودێرى كۆمەڵایەتیش بیگرێتەوە كە(150000) دینارە مانگانە كە پێشان لەوەش زۆر كەمتر بوو ئینجا بە ئەوپەرى كولە مەرگى دەژێت، ئایا مندالى ئەندام پەرلەمانێك یان وەزیرێك یان ........ بە ئەو پارەیە رازى دەبێت بۆ خەرجى رۆژانەى و پۆز لێدانى بەسەر خەڵكدا. ئایا دەكرێت یاسا بۆ قەدەغەكردنى سواڵ كردن دەربكرێت لە كاتێكدا:
ــ تا ئێستا لەم وڵاتەدا یارمەتى سۆشیال بە پێى پێویست نییەو گەرەنتى بۆ خەڵكى كاسبكارو ئەوانە نییە كە كارى ئازاد دەكەن، ئایا ژیانى كەم ئەندام و ئەو خێزانانەى كە كەسیان نییە كار بكات دابین كراوە كە بەشى ژیانى رۆژانەیان بكات، ئەمە لە كاتێكدا:
ــ ئەندام پەرلەمان و وەزیرو سەرجەم پلە تایبەتەكان موچەى خەیاڵى وەردەگرن و بە(80%) موچە خانەنشین دەكرێن.
ــ لە عێراقى برایانى شیعە كە باسى مەزلومیەت دەكەن و زۆربەیان بە واسیتەو نۆرە برى لە خەڵك لە وەرزى حەجدا پەرلەمان پەك دەخەن و بەرەو حەج دەكەونە رێ كەچى كەمترین موچەى ئەندامانى ئەنجومەنە كارتۆنیەكانى ناحیەو قەزاكان و پارێزگاكان زیاتر لە یەك ملیۆن نیو دینارە، چەندین جاریش موكافەئەى (1500000) پانزە ملیۆن دیناریان وەرگرتووە، هەشیانە خەڵكى ئەو ناحیەیە نییە یان خەڵكى ئەو قەزایە نییە، كارى تەنها ئەوەیە سەر مانگ دەچێت موچەكە وەردەگرێت، ئەم سوپایە لە ئەندام پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگاو قەزاو ناحیە هەر یەكەو بە موچەى زیاتر لە(1500000) یەك ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینارخانەنشین دەبن، جگە لەوەى بە هەزاران وەزیرو دادوەرو ئەندامى داواكارى گشتى و ............بە موچەى زیاتر لە پێنج ملیۆن دینار خانەنشین دەبن، هەروەها پارێزەرەكانیش ئەوانیش یاسایەكیان بۆ خانەنشینكردنى خۆیان خستوەتە بەردەم پەرلەمان و ئەوانیش داواى قەپى زلە دەكەن. ئایا ئەم دەسەڵاتە خۆى هۆكارى دیاردەى سواڵ كردن نییە؟. من بۆیە باسى عێراق و هەرێمى كوردستان پێكەوە دەكەم لەبەر ئەوەى بەرپرسانى باشوورى كوردستان لە عێراقیش بەرپرسن وەك و عەرەبەكان بۆ دارشتنى ئەم سیستەمە سەقەتە كە لەوەش ناكات بە ئاسانى چاك بكرێتەوەو سیستەمێك هەبێت لە خزمەتى هەموو هاوڵاتیاندا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست