بەشار ئەسەد دوو رێگاى لەبەردەمە یان هەڵهاتن یان حوكمرانى بە ئاگرو ئاسن
Friday, 29/07/2011, 12:00
ئەگەر تەماشاى حوكمرانە دیكتاتۆرییەكانى ناوچەكە بكەیت بۆت دەردەكەوێت رەوشى بەشار ئەسەد لە هەموو ئەوەكانى دیكە خراپترە، زۆر زەحمەتە حزبى بەعس و بەشار ئەسەد بتوانن بە شێوەیەكى ئاسایى حوكمى سوریا بكەن، سوریا دەوڵەتێكە زۆربەى عەرەبى موسوڵمانى سونە مەزهەبە، كەچى بەشار ئەسەد عەلەویەو كە عەلەویەكانیش بەشێكن لە شیعەو ژمارەیان تە نها(10%)ى دانیشتوانى سوریا پێك دێنن، ئەمە لە كاتێكدا ئیسلامى سیاسى لەسەر بنەماى تایەفەگەرى لە ناوچەكە گەشەى كردووەو هەر ئەو بناغەیەشە واى كردووە ئێران و حزب اللە پشتگیرى لە حكومەتەكەى بەشار ئەسەد بكەن، من پێم وانییە چاكسازیش دادى بەشار ئەسەد بدات، چونكە جەنگەكەى ئەو لە گەڵ زۆربەى خەڵكى سوریادا جەنگێكى تایفییە، ئەمە جگە لەوەى كە كێشەى نەتەوەیى لەو وڵاتەدا هەیەو ژمارەیەكى زۆریش لە كوردەكان چەندین ساڵە دەچەوسێنەوە بە دەست ئەو رژێمەوە كە دانى بە سادەترین مافەكانى كوردەكانى رۆژئاوادا نەناوە. بەڵام ئەوەى جێگاى سەرنج راكێشانە بێ دەنگى ئەمریكاو ئەوروپایە بەرانبەر ئەو كوشتن و برینەى ئەو رژێمە دەیكات بەرانبەر بە دانیشتوانى خەڵكى سوریا، ئەم بێدەنگیە لەوەیە بگەرێتەوە بۆ هەندێك هۆكار لەوانە:
ـ رژێمەكەى بەشار ئەسەد لەم چەند ساڵەى دواییدا هەندێك نەرمى نواندووە بەرانبەر ئەمریكا.
ـ ئەمریكا پاش تێوەگلانى لە جەنگى عێراق و ئەفغانستان نایەوێت خۆى توشى قەیرانێكى دیكە بكات.
ـ لەوەیە ئەمریكا لە سوریادا دەسەڵاتێكى واى پێ باشتر بێت لە دەسەڵاتێك بنكەى جەماوەرى فراوانترى هەبێت كە بتوانێت گوشارى زیاتر بخاتە سەر ئیسرائیل. هەروەها مانەوەى قەڵاى شیعە بەرانبەر بە قەڵاى سونە وەك و ئێستا بۆ راگرتنى هاوكێشى لە ناوچەكە.
ـ هەروەها روخانى ئەم رژێمە دەبێتە هۆى دروستبوونى سیناریۆیەكى هاوشێوەى ئەوەى لە عێراقدا رووى دا پاش روخانى سەدام حسین بە تایبەت ئەو توندو تیژیانەى دژى مەسیحیەكان و.... ئەنجام درا لە لایەن گروپە سونییە تونرەوەكانەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست