کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خەڵك بۆ دەنگ بە یەكێتى نادات؟

Friday, 16/04/2010, 12:00


لەم ڕۆژانەدا یەكێتى فۆرمى بەسەر خەلًكدا دابەش كردووە، بۆ ئەوەى ئەو هۆكارانە دیارى بكەن كە بۆچى خەڵك دەنگیان پێ نادات:
لێرەدا چەند هۆكارێك دەخەینە ڕوو كە بەهۆى سەرەكى دەزانین بۆ دووركەوتنەوەى خەڵك لەیەكێتى:
1ـ یەكێتى لە چین و توێژەكەى خۆى دووركەوتەوە.
یەكێتى هەرچى بووبێت و نەبووبێت جەماوەرەكەى ئەو خەڵكە ڕەش و ڕووت و ئەنفالكراوو لێقەوماوە بوون كە بەهەزارەها ئەنفال و شەهیدى داوە، كەچى ئەو حزبە پاش ڕاپەڕین لە جیاتى ڕووكردنە ئەو خەڵكە، لەجیاتى كەمكردنەوەى موعاناتى ئەو خەڵكە دیوەخانانەى بۆ ئاغاو دەرەبەگ خەرج دەكرد بۆ ئەوانەش كە خائن و جاش بوون و دەستیان لە ئەنفال و تاڵان كردنى گوندەكاندا هەبوو، هەروەها پاش ڕووخانى سەدام حسین تاڵەبانى بێ گوێگردن لە شعورو هەستى ئەو خەڵكە ڕەش ڕووتە، لێدوانى نابەجێى دەدا بۆ ڕازى كردنى سونەكان كە لە حەقیقەتدا لەمەیانا ئاسنى سارد دەكوتێت، لە بیرەوەریەكانى خۆیدا ئاماژە بەوە دەكات كە داواى لە ساجدەى ژنى سەدام كردووە بێتە كوردستان كە تاڵەبانى جێگاى بۆ دابین دەكات و ژیانیان دەپارێزێت. ئەگەر سەركردەى هەر گەلێك ئەمە بكات ملەتەكەى لێى خۆش نابێت. ئەو خەڵكە بەردو دار نییە كۆمەڵێك گۆشت و خوێن و هەست و عاتیفەیە.
2 ـ ناعەدالەتى بێ وێنە:
لێرەدا یەك نموونە دەهێنمەوە: كەسێكى یاساناس كە خانوى كاتى بەعس ڕوخاوەو چەندین كەسى ئەنفالكراوە وچەندین كتێبى لە بوارى یاساو زانستە ڕامیارییەكاندا داناوەو هەموو مەرجێكى یاسایى تێدایە داواى كردووە داى بمەزرێنن وەك و ئەندامى داواكارى گشتى بۆى نەكراوە، كەچى كورى بەگێك بێ هەبوونى مەرجى یاسایى فەرمانى دامەزراندنەكەى چووەتە ماڵى و ئێستا وەزعى دارایى ئەو دوانە وەك و ئاسمان و ڕێسمان جیاوازییان هەیە.
3 ـ عەنتەریات و سەروەرى نەبوونى یاسا:
ئەگەر تەماشاى ئەو كەسانە بكەى كە ڕێز لە یاسا ناگرن و سوكایەتى بە دام و دەزگاكانى حكومەت دەكەن هەر ئەو كەسانەن كە سەر بە یەكێتى و حزبى دەسەڵاتن، هەیانە پێشمەگەى دێرینە، هەشە هیچ ماندوو نەبووە بۆ كوردایەتى وتەنها وەك و نەریتێكى خراپ ئەو ڕەوشتەى بۆ ماوەتەوە لەو كەسانەوە كە لەشاخەوە هاتنە شارو لە واتاى دام ودەزگابوون ناگەن و فێریش نابن. بێ گومان نەبوونى پلانێكى عادیلانە بۆ ڕازى كردنى پێشمەرگە دێرینەكان و جیاوازى زۆر لە نێوانیاندا لە گەڵ قەناعەتى هەندێك لەوانە كە رێزو پێگە دەبێت بە زۆر بسەپێنرێت هۆكارى سەرەكین بۆ ڕێزنەگرتن لەیاسا.
3ـ بێ پلانى لە كارى بەڕێوەبردن:
دام و دەزگاكانى هەرێمى كوردستان لاوازن و سەرەڕایى موچەخۆرى زۆر كەچى كاروبارى هاوڵاتیان بە باشى بەڕێوە ناچێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونى ئیعلان كردن و مونافەسە لە دامەزراندنا، بۆ نموونە ئەگەر تەماشاى پۆلیس بكەى لە هەرێمى كوردستان هەر ناوى پۆلیسە، زۆر لە دام و دەزگاكانى دیكە هەر وان، لەبەر ئەوەى دامەزراندن لەبەر خاترى ئەم و ئەوە نەوەك تواناو لێهاتووى كەسەكە.
لە كاتێكدا هەموو باشوورى كوردستان لە كۆمپیوتەرێكدا جێگاى دەبێتەوەو دەكرێت زانیارى لەسەر هەر خێزانێك بە وردى بزانرێت كەچى ڕۆژانە فەرمانگەكانى دادنووس جمەى دێت لە خەڵكى، ئەم بەڵێنانە پڕ دەكاتەوە كە موچەى دیكەى نییە، ئەو بەڵێننامە پڕ دەكاتەوە كە زەوى وەرنەگردووە، ئایا مەعقولە حكومەتێك پاش بیست ساڵ نەزانێت چەند موچەخۆرى هەیەو كێن؟ یان نەزانێت بە چەند كەس خانوو یان زەوى داوە، كە ئەو كەمتەرخەمیەش بووەتە هۆى ئەوەى خەڵك هەبێت شەش جار زەوى وەربگرێت و خەڵكیش هەبێت زەویەكى بەر نەكەوێت.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە