کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ كاك سەردار پشتدەرى: ئەم نوسینەتیش دیسانەوە نالۆژیكە

Wednesday, 24/08/2011, 12:00




لەسەرەتادا دەلًێم خۆزگە لەم وڵاتەى ئێمە رەخنە وەك و رەخنە وەردەگیرا نەك وەك دوژمنایەتى، ئەگەر رەخنە لە هەربیروبۆچونێك دەگیرێت، ئیتر رەخنەگر ناحاڵیەو خەوتووەو ئاگاى لە دونیا نییە، ئەمە نەخۆشیەكە لە جیهانى سێیەمدا، تەنانەت ئەو كەسانەش خۆیان بە بیرمەند دەزانن رەخنە بە دوژمنایەتى دەزانن:
ـ من دەیان نووسینم بۆ كوردستان پۆست و سایتەكانى دیكەو رۆژنامەكان نووسیوە، با كەسێك بابەتێكى من بێنێت تێیدا ئاماژەم بەوە كردبێت كە تەنها سمێل زەردو سمێڵ سەوز مافى پێشرەویان هەیە، من لە كوێدا ئەوەم وتوە تا تۆ ئەو تۆمەتە دەدەیتە پاڵى من، شەرعیەت بۆ ئەو لایەن و كەسەیە كە بەهەڵبژاردنى پاك و لە كەش و هەوایەكى تەندروستدا دەنگى خەلًك بەدەست دێنێت. كە بەداخەوە ئەو زەمینەیە تا ئێستا لەباشورى كوردستان نییە.
ـ لەساڵى(1992) تەنها من دەنگم بە یەكێتى و پارتى نەداوە، ئەوە قۆناغێك بوو زۆربەى گەلى كورد لەباشوورى كوردستان دەنگیان بۆ ئەو دوو حزبە دا، بەڵام من لە ساڵى (1994) ەوە پاش ئەوەى شەرى ناخۆ دەستى پێكردو حكومەت لە جیاتى ئەوەى ببێتە حكومەتى خەڵكى خاوەن شەهید و ئەنفال بووە حكومەتى كۆنە سەرۆك جاش و......... بۆیە لەو كاتەوە من نەدەنگم بەم دەسەڵاتە داوەو نە شەرعیەتم بە كارە هەڵەكانیاندا داوە، خۆزگە زۆربەى خەڵكى كوردستان وەك ئێمەو مانان زوو لە شتەكان تێدەگەیشتن ئەوجا كار بە ئەمرۆ نەدەگەشت.
ـ دیسانەوە پێت دەڵێم ئەو بوچونەت نالۆژیكە كە دەڵێیت((لەوێدا دەبینێ کە مێژوی ئەو نامەی ئەنتۆن کیلەر لە پێش هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ دابوو، بەمانای ئەنتۆن کیلەر پێش هەڵبژاردنەکە ئەو پێشنیارەی کردوە، کاکی خۆم ئەنتۆن کیلەرو دارودەستەکەی دەیانزانی ئەگەر دەنگدان بێتە پێشەوە خەڵک دەنگ بۆ دەسەڵاتدار دەدات، کاک مەسعودو مام جەلالیش وەک دوو دەسەڵاتدار، دەنگی جەماوەر بەکار دەهێنن بۆ تازەکردنەوەی دەسەڵات و تازە کردنەوەی پەیمانی لۆزان و بەدەنگی جەماوەرەوە دەڵێن ئێمە عێراقین و سەربەخۆییمان ناوێ، ئەنتۆن کیلەر دەیویست لەو سەردەمەدا کە عێراق بەرەو هەڵوەشان دەچوو، رێگا لە بەکارهێنانی دەنگی جەماوەر بگرێ بۆ دروست کردنەوەو بەهێز بوونەوەی عێراق، ئەگەر پێشنیارەکە پەسند بکرابایە پێویستی بە هەڵبژاردن نەدەکردو پڕۆژەی ویلایەتی موسڵ بەرەو پێش دەچوو و عێراق هەڵدەوشا، هەڵبژادنەکە بۆ دەستبەسەراگرتنی دەسەڵات و فرۆشتنی دەنگی جەماوەر بوو لەلایەن بارزانی و تاڵەبانی، نەک بۆ بەدیهێنانی دوا رۆژێکی روناک بۆ کورد.))
كاكە كاتێك راپەرین كرا لە باشوورى كوردستان چەند هێزێكى سیاسى هەبوون، لە ناو ئەو هێزانەدا یەكێتى و پارتى لە هەمووى بەهێزتر بوون، ئیتر بۆ بەرێوەبردنى ئەم هەرێمە چەند بوچونێك هەبوو، بەڵام لە هەمووى باشترو شارستانیتر ئەوە بوو هەڵبژاردن بكرێت و حزبەكان كێشى خۆیان بزانن و پاشان حكومەت بێتە كایەوە كە ئیتر ئەو كاتە یەكێتىو پارتى پەنجا بە پەنجا حكومەتیان پێك هێنا، باشە من پرسیار لە تۆ دەكەم: ئایا لە هەموو دونیا هەڵبژاردن ناكرێت، ئایا باشترین رێگا نییە بۆ یەكلایكردنەوەى ملاملانێ لە نێوان لایەنەكاندا، ئایا زۆربەى دەوڵەتەكانى ئەوروپاى رۆژهەڵات پاش روخانى سۆڤیەت هەمان رێگایان نەگرتە بەر، ئەى لە عێراق پاش رووخانى سەدام وا نەبوو؟. ئەى ئێستا لە میسرو تونس و لیبیا هەر ئەو رێگایە ناگیرێتەبەر، ئەى ئەمە داواكارى كۆمەڵگەى نیودەوڵەتى نییە لە هەموو ئەو وڵاتانە، من سەرم سوڕ دەمێنێت كاتێك تۆ بەدەمى خەڵكى دیكەوە بە پێچەوانەى ئەمەوە قسە دەكەیت، ئەما هەڵبژاردن و دیموكراسى لەم وڵاتەدا بە لارێدا براوە ئەوە خەتاى یەكێتى و پارتى و هەموو حزبەكان و سەرجەم كۆمەڵگەشە.
لە بەرژەوەندى كوردو كێشە رەواكەى بوو سیستەمێكى دیموكاسى وا لەباشوورى كوردستان هەبوایە كە ببوایەتە جێگاى رێزلێنانى كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى. ئەمە راى زۆربەى خەڵكە بیرمەندەكەو سیاسەتمەدارانى باشوورى كوردستانە، ئەو بۆچونەى تۆ لەوەیە تاكە راى جیاواز بێت دەربارەى ئەم بابەتە.
ـ من داواى لێ بوردن دەكەم نەمتوانى ئەو لینكە بخوێنمەوە كە تۆ داتبەزاندووە لەبەر ئەوەى خەتى ئەنتەرنێت لاى ئێمە قورسە، دەستخۆشیى لە هەموو كەسێك دەكەم ئەگەر هەوڵ بدات لە گەڵ كۆمەڵگەى نیو دەوڵەتیدا بۆ بە دەست هێنانى پشتگیرى لە دروست كردنى دەوڵەتى كوردى، بێ گومان هەوڵ دان بۆ ئەوە بەلاى منەوە وەك و نوێژو رۆژوو وایە. من بروا ناكەم بە چاویلكەى رەش تەماشاى كۆمەڵگەى نێو دەوڵەتیم كردبێت، بە داخەوە واقعەكە خۆى وایە، ئێمەى كورد بەشى زۆرى كێشەكە لە خۆمانە، من بە كەسێكى پلەدارى ئەمریكیم وت((ئێوە لەناوچەكەدا تەنها دەتوانن دۆستایەتى كورد بەدەست بێنن بۆ پشتگیرى ناكەن بۆ بەدەوڵەت بوون)) وتى ((ئێوەى كورد لە گەڵ فارس و عەرب و توركدا یەك كەلتورتان هەیە، ئەگەر دەوڵەتى كوردى دابمەزرێت لە ئایندەیەكى دووردا هەمان تێروانینى ئەوانتان دەبێت بەرانبەر رۆژئاواو كێشەكانى ناوچەكە)). من پێم وایە ئەم تێروانینەى رۆژئاوا بۆ كورد وا دەكات ئامادە نەبن قوربانى بە بەرژەوەندى خۆیان لە گەڵ توركیاو ئێران و دەوڵەتە عەرەبیەكان بدەن لە پێناو كوردا.

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە