کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا سەركردەكانى یەكێتى و پارتى بە عەقڵى سى و چلەكانى سەدەى رابردوو كار دەكەن یان كۆمەڵگەى كوردى عەشایەرو سەرەتاییە؟

Thursday, 24/11/2011, 12:00






لە سەرەتادا دەڵێم: خۆزگە كەناڵى (knn) لە جیاتى بەرنامەى ئاراستەى ئەم هەفتەیە(بەروارى 23/11/2011) فیلمى كارتۆنى تۆم و جیرى لێ دەدا:

یەكێك لەو شتانەى ژیانى شارو شارستانیەت لە لادێ جیادەكاتەوە تایبەتمەندبوونى شتەكانە، بۆ نموونە كەسێك بانگ ناكرێت دەربارەى پەیوەندى نیو دەوڵەتى قسە بكات تا بروانامەیەكى لەو بوارەدا نەبێت هەروەها دەربارەى مێژوو، سیاسەت، حزب، كاتێك لێرە بەرنامەیەك لە سەر حزب پێشكەش دەكرێت، باشتر وایە مامۆستایەكى زانكۆى پسپۆر لەو بوارەدا بانگ بكرێت یان هیچ نەبێت كەسێك توێژینەوەى بەرچاوى لەو بوارەدا هەبێت و شارەزا بێت لەو بوارەداو ئاگاى لە دونیاى دەرەوەش هەبێت لەو بوارەدا. میوانەكانى ئەو بەرنامەیە هەموو ئەو نەهامەتییانەى بەسەر كۆمەڵگەى كوردیدا هاتاووە لە رسوا كردنى چەمكى حزب و دام و دەزگاو دەوڵەتدارى هەمویان خستە ئەستۆى كۆمەڵگەى كوردەوارى و گوایە ئەم كۆمەڵگەیە عەشایەریەو هەر ئەم كۆمەڵگەیەشە ئەم جۆرە سیستەمانەى بەرهەم هێناوە. بێ ئەوەى ئاماژە بەم راستیانە بكەن:
ــ. ئەوەى شتى مەزنى لێ دەبێتەوە پیاوى مەزنە، ئەوەى دەوڵەتێكى گەورەى وەك و ئەمریكاى دروست كرد پیاوە مەزنەكان بوون وەكو جۆرج واشنتۆن و قازى مارشاڵ ئەوانى دیكە... ئێستاش كومەڵگەى ئەمریكا بە ملیۆنەها كەسى تێدایە هەر نازانێت سیاسەت چییە، ئەوەى ئەو دەوڵەتەى دروست كرد كۆمەڵێك خەڵكى لەخۆبردووى دووربین و خاوەن ستراتیژ بوون. بەڵام هەموو بەرنامەیەكى خەڵكى سیاسى لاى ئێمە هەڵپەكردنە بۆ كورسى دەسەڵات.
... لەكاتى خۆیدا پێش دۆزینەوەى نەوت و بەرهەم هێنانى، ئابوورى باشوورى كوردستان بە رادەى سەرەكى پشتى بە داهاتى كشت و كاڵ دەبەست، زەویش بە دەستى ئاغاو دەرەبەگەوە بوو، هەرچەندە ئاغاو دەرەبەگەكان زۆربەیان زۆر زاڵم بوون بەڵام خەڵك بە ناچارى و لەترسا بە قسەیانى دەكرد، كە ئەو كاتە هەر ئاغایەك پاش ئەوەى وەلائى خۆى بۆ ناوەند، ئەستەنبول یان بەغداد دوپات دەكردەوە ئیتر لە ناوچەكەى خۆیدا مەلایەكى لەژوورى دیوەخان دادەنا بۆ شەرعیەت دان بەكارەكانى و ئیتر ببرو بكوژ خۆى بوو. بەڵام پاش شۆرشى (عبد الكریم قاسم) هەر ئەو خەڵكە كە ئێستا هەندێ بەناو نوسەر بە عەشایەرى دادەنەن ئاغاكانیان بەردباران كردو بە دوایان كەوتن بە رسواكردنیان بە دروشمى جۆراوجۆر، هەروەها ئێستا لەباشوورى كوردستان هیچ زەمینەیەك نەماوەتەوە بۆ ئەوەى ئاغا یان بەگ رۆڵى هەبێت، زیاتر لە (90%)ى خەڵك پشت بە زەوى نابەستێت و لەشارەكان دادەنیشێت، ئێستا نزیكى خەڵك ئەوەندە لەسەر پێشەو ئارەزوو هاوشارییە ئەوەندە لەسەر پەیوەندى عەشایەرى نییە، بۆ نمونە رۆژانە خۆپیشاندانى پزیشكان، خۆێنكاران... ئەم شار ئەو گرەك دەكرێت، بەڵام بۆ جارێكیش نەمانبینى خۆپیشاندانى عەشیرەتێك بكرێت بۆ داواكاریەكى دیارى كراو چونكە لەبنەرەتدا هیچ زەمینەیەكى نەماوە.
... بەڵام بۆ عەشیرەت زندوو دەكرێتەوە؟:
یەكێك لە هەڵە هەرە گەورەكانى (موعەمەر قەزافى) زندوو كردنەوەى عەشیرەت بوو لە كاتێكدا لە لیبیاش وەك و باشوورى كوردستان خەڵك بووەتە شارى و پەیوەندى لەسەر بناغەى عەشیرەت زەمینەى نەماوە، ئەو سیاسەتەى قەزافى نە ئامانجى خۆى پێكا كە ئامانجى مانەوەى لەدەسەڵات بو بە راكێشانى ئەو سەرۆك عەشیرەتانە بۆ لاى خۆى پاش گردكردنەوەى خەڵك لە دەوریان، ئێستاش لیبیا بە دەستى چەكدارى عەشیرەتەوە گیرى خواردووە كە چل ساڵە كارى بۆ دەكرێت.
لەباشورى كوردستانیش سەركردەكانى یەكێتى و پارتى لە جیاتى ئەوەى بە پلان و سیستەماتیكانە كار بۆ ئایندەو دەوڵەتدارى بكەن سەرۆك عەشیرەتیان لە جێگاى وەزارەتى پلان دانان و وەزارتى داد و وەزارەتى شارەوانى.... دانا بۆ دامەزراندنى حاكم و بەرێوەبەرى گشتى و بە دەیان قایمقام وبەرێوەبەرى ناحیەو شتى دیكەى لەو بابەتە، ئەمە لە پێناو ئەوەى خەڵك لە دەور سەرۆك عەشیرەتەكان كۆبكەنەوە كە زۆریانیش سەرۆك جاش بوونە بۆ ئەوەى لە رێگەى ئەوانە درێژى بە دەسەڵاتى خۆیان بدەن، ئەوەى ئێستا دەبینرێت باس و خواستى عەشیرەت بازى تەنها لاى ئۆرگانەكانى یەكێتى پارتى هەیە، كاتێك كادرى لایەنێك لەشارى سلێمانى لە زانكۆ باسى عەشیرەتى كردبوو چەند قوتابیەك وتبویان ((وەڵا ئێمە هەر نازانین عەشیرەتمان چیە، مەگەر بچین لەماڵەوە پرسیار بكەین)).
ئەو سیاسەتەى سەركردەكانى یەكێتى و پارتى دەیكەن هەر وەك و سیاسەتەكەى قەزافى فەشەل دێنێت و عەشیرەت و دیوەخان ناتوانێت دەسەڵاتى ئەوان بپارێزێت.
... هەروەها لەو بەرنامەیەدا كە هەموو نەهامەتییەكان خرایە ئەستۆى كۆمەلًگەى كوردەوارى، كەس لە میوانەكان باسیان لەوە نەكرد ئایا عەقَڵى چى لادێیەك قەبوڵ دەكات حزب سەرەراى ئەوەى بودجەى خەیاڵى خۆى هەبێت موچەى كادرەكانیشى بخاتە سەر بودجەى گشتى، ئەمە لە هەرێمێكى روخاوى پێ رێگاو بان و پردو قوتابخانەو بێ ژێرخانى ئابوورى.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە