کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بیست و یەك ساڵ لە حوكمى دیوەخان

Friday, 09/03/2012, 12:00






بیست و یەك ساڵە باشوورى كوردستان بووەتە خاوەن قەوارەیەكى سەربەخۆ، ئێمەو مانان ئاواتەخواز بووین ئەم هەرێمە ببێتە نموونەیەك بۆ حكومرانى تەندروست لە ناوچەكەدا، كەچى لە جیاتى حوكمى دامەزراوەیى و دام و دەزگا دیوەخان دامەزرێنرا:
بۆ دیوەخان/
وا دیارە لە حوكمى دیوەخاندا ئاغا حوكم دەكات، ئەبێت ئەو بریار بدات و رەعیەت جێبەجێى بكەن، لە حوكمى دیوەخاندا هێزو زەوى و ئاسمان و ئاو هەوا و نان هى ئاغایە، ئەوەى كۆیلایەتى بە نانە زگێ قەبوڵ دەكات دەبێت بمێنێت، ئەگەر نا ئەوە لە باشترین حاڵدا دەبێت گوند بە جێ بێلێت.
بیست و یەك ساڵە خەڵك لەباشوورى كوردستان بۆ دامەزراندن یان كارێك كە ئەوە حەقى هەر هاوڵاتییەكە دەبێت سەد قۆندەرە ماچ بكات یان بدات لە دەرگاى سەد كەس بۆ واسیتەو واسیتە كارى، ئەرێ ئەمە چۆن رزگار بوونێكە خەڵك بۆ دەستكەوتنى كارێك سەد قۆندەرە ماچ بكات؟(بێ گومان بەرهەم ساڵح كەمێك ئەم دیاردەیەى چارەسەر كرد، بەڵام هێشتان ماوە).
بیست و یەك ساڵە بەرپرسى ئەم وڵاتە پیاوەتى بە ئاوى حەمامەوە دەكەن، لە جیاتى ئەوەى بەرنامەى سۆشیال هەبێت بۆ خەڵكى كەم دەرامەت كەچى خەڵك كرایە سواڵكەرو ناچار دەكرێت بچێتە بەر دەرگاى لقەكان و مەڵبەندەكان یان وەزیرو پارێزگار بۆ ئەوەى خێرى پێ بكرێت، چونكە پارەى ئەم وڵاتە هەمووى خراوەتە ژێر دەست خاوەن دیوەخان و دارودەستەكەى.
بیست و یەك ساڵە خاوەن دیوەخان و دارودەستەكانیان فیرعەون ئاسا دەژین، ئایا ئەندامێكى مەكتەب سیاسى حزبێك یان پەرلەمانتارێك یان وەزیرێك یان دادوەرێك یان ئەندامى داواكارى گشتى لەم وڵاتە چى كردووە تا موچەكەى لە سەرۆكى چین یان سلۆڤینیا یان دادوەرى ئەمریكا زیاتر بێت؟ خۆ ئەگەر داهاتى نەوت نەبێت خەڵك لەبرسا دەمرێت چونكە دیوەخانەكە نەیتوانیوە هیچ پرۆژەیەكى كشت و كاڵى یان پیشەسازى.... لەم وڵاتە پەرە پێ بدات.
بیست و یەك ساڵە دیوەخانەكە نەیتوانیوە بەرەلایى لە دیوەخان چارەسەر بكات، لە چەكدارى بن دیوارو ئیستغلالى پۆست و بەكار هێنانى مۆڵك و سامانى گشتى بۆ كارى شەخسى و دەیان شتى دیكە.
ئەوەتا لە ئەمریكا كە ئەوەندەى هەموو بودجەى باشورى كوردستان پارە بۆ چارەسەركردنى نەخۆشى قەڵەوى سەرف دەكات، هەڵبژاردنى سەرەتایى كە تایبەتە بە حزبەكان لەبەر بێ شوێنى و بێ پارەیى لە كەنیسەكان و مزگەوتەكان دەكرێت كە ئەمریكا بە هێزترین هێزى سەربازى و ئابوورى ئەم جیهانەیە، كەچى ئەم هەرێمەى لە چوار لاوە دوژمن دەورەى داوەو كەس نازانێت سبەى چى دەبێت حزبەكان مۆڵكى گشتى و بە دەیان بینایەى وڵاتیان داگیر كردوە، سەرەرایى ئەو هەموو پارەیەى لە خەڵكى دەكەنەوە.
بیست و یەك ساڵە لەم هەرێمە شەق لە ئەخلاق دراوەو ئەنفالچى و كۆنە بەعسى موچەو دیوەخانانەى پێ دەدرێت و ژوورى دیوەخانیان گرتووە، بۆ پاداشت كردنیان بەرانبەر ئەنفال كردنى ژن و منداڵى كورد. ئاى لەم شەرمەزارییە، میلەتێك ئەمە قەبوڵ بكات نەك شایستەى دەوڵەت شایستەى حوكمى گوندێكیش نییە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە