زیاتر لە(90)% ى عێراقییەكان بەرۆژوون، عێراقیش دووەم دەوڵەتى گەندەڵە لە جیهاندا پاش سۆمال.
Friday, 13/08/2010, 12:00
ئەوەى ئێمە رۆژانە دەیبینین چى لەباشوورى كوردستان چى لە عێراقدا شتێك نییە ناوى مۆراڵ بێت و بڤە بێت جگە لە سەربەستى تاكەكان بە تایبەت گەنجەكان كە مەحروم كراون لە پڕكردنەوەى ئەو ئارەزووانەى كە خوا بە خۆرسكێ بە مرۆڤى داوە، گەنجى لاى ئێمە تەنها بەلاشە گەنجە ئەگینا لە ناوەرۆكدا هیچ جیاوازییەكى لە گەڵ پەككەوتەیەكى هەشتا ساڵاندا نییە، ئەوە ئافرەت دەبێت خۆى مۆمیا بكات ئەگینا حەیاى عەشیرەتێك دەبات.
جان جاك رۆسۆ كاتى خۆى پرسیارى ئەوەى وروژاند كاتێك مومارەسەى سیكس دەكرێت لە نێوان پیاو ژندا هیچ جیاوازى لە نیوانیاندا نییە، چونكە یەك پاڵنەر پاڵیان پێوە دەنێت بۆ ئەو كارە، ئەویش هەمان غەریزەیە، كەواتە بۆ پێاو دەچێت لە كۆمەڵگەدا بە تەوزەوە باسى دەكات كەچى بۆ ژنیش عەیب و عارەو ئابرو چوونە، بێ گومان كە پیاو ئەگەر سەربەستى بۆ ژن بە عەیب بزانێت ئەوە خۆیشى مۆمیا دەكات چونكە ئەو كاتە كێى دەست دەكەوێت هاوبەشى بێت لە ئارەزووەكانیدا. بێ گومان ئێمە باسى سەربەستى مرۆڤەكان دەكەین نەك ئیباحیەت یان لەشفرۆشى بۆ پارە كە بێ گومان هەردەم داواى ئەوە دەكەین نابێت كەس ئەوەندە دەست كورت بێت تا كارێك بكات بۆ پارە كە خۆى ئارەزووى لێ نییە.
بەهەر حاڵ جگە لەوەى لەسەرەوە باسمان كرد ئیتر ئەوەى ناوى مۆراڵە هەبوونى نییە، ئەوەى خیانەتى لە نیشتمان كردووە هەر کوێخاكەى جارانە و دەچیتە هەر كوێ ژوورى دیوەخانى لێگرتووە، هەروا ههر دز و تەزویرچییە حوكمى وڵات دەكات یان بە قسەى ئەو حوكمى وڵات دەكرێت، ئەوەى خۆى لە ناو كریكار و ئەو پیر و پەككەوتانەدا دەتەقێنێتەوە، كە دەچن هەژارانە وەردەگرن موجاهیدە، ئەوەى منداڵەكەى نەخۆشە و دراوسێكەى هەژارە و لە كرێچیدایە بە پارەى ناشەرعى و بە واسیتە نۆرە بڕ لە خەڵكى تر دەكات و چل وەرەقە لە سعودیە سەرف دەكات و دەبێتە حاجى عیار (24).
وڵات تەنها حەوشە و گیرفانى كەسەكانەو لە دەرگەى حەوشە بەو لاوە هى كەس نییە و ئیتر دەدزرێت بە تاڵان دەبرێت كەس خاوەنى نییە، ئیتر نوێژ و رۆژوو تەنها عادەتە و بێ ناوەرۆك ماوەتەوە، ئەگەر وا نییە ئەوە ژمارەكانن دەڵێن عێراق پاش سۆمال گەندەڵترین دەوڵەتى جیهانە.
بۆیە كاتى ئەوە هاتووە كۆمەڵگەى كوردى بیر لە پێناسەیەكى نوێ بكاتەوە بۆ مۆراڵ كە رێزى مرۆڤەكان و خۆشەویستى وڵات و ئاسوودەى مرۆڤ بنەما بن نەك ئەو مۆراڵە ساختەو زائیفانەى كە ئەمرۆ زاڵن بەسەرماندا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست