جه‌نگی شکسته‌کانی یه‌کییه‌تی له‌ ده‌لاقه‌کانی دیکه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد

Thursday, 10/09/2009, 12:00


دوای ئه‌وه‌ی، که‌ له‌ 25ی ته‌موزی ئه‌مساڵ، رێکخستنه‌کانی ی.ن.ک نه‌یانتوانی زۆرینه‌ی ده‌نگی جه‌ماوه‌ر له‌ هه‌راهه‌م بکه‌ن‌ و ده‌نگه‌ تۆراوه‌کان بگێڕنه‌وه‌ باخه‌ڵیان، ئه‌م حیزبه‌ بۆ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌له‌ هه‌موو ئه‌و کادرانه‌ی که‌ له‌ ئۆرگانه‌کانیان دابڕابوون، چه‌ند ڕێگه‌یه‌کی گرته‌به‌ر، که‌ له‌ فه‌رهه‌نگی هیچ حیزبێکی سۆشیال دیموکراتدا ئه‌م ئه‌خلاقه‌ سیاسییه‌ نییه‌، چونکه‌ ئه‌م شێوازه‌ی مامه‌ڵه‌ کردن دووره‌ له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌کییه‌تی و هه‌موو ئه‌و حیزبانه‌ی که‌ فه‌لسه‌فه‌ی سۆشیال دیموکراتیا کردووه‌ته‌ ڕێباز.
پێش هه‌ڵبژاردنه‌کان یه‌کییه‌تی نانبڕینی کردبووه‌ به‌هێزترین چه‌ک، بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕێی هه‌ڵاتنی خۆری گۆڕان بوون، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ی، که‌ نا بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یان له‌ قورگدا قه‌تیس مابوو. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گۆڕان پێویستییه‌کی حه‌تمی به‌رده‌وامی ژیانه‌ و که‌ژاوه‌ی نوێ بوونه‌وه‌یه‌، نه‌یان توانی مه‌رامی سیاسی خۆیانیان پێ بپێکن. بۆیه‌ له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانیش ئه‌م جه‌نگه‌ سارده‌ بوونی هه‌یه‌ و به‌رده‌وام به‌ دوای گورزێک ده‌که‌ویت، که‌ مه‌شخه‌ڵ هه‌ڵگرانی گۆڕانی پێبخاته‌ سه‌ر گۆماوی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌. به‌ نمونه‌ له‌ ئیستادا هه‌موو ڕاگه‌یاندنه‌کانی یه‌کییه‌تی له‌ خزماه‌تی ناشیرین کردنی ئه‌ندامانی گرده‌که‌ دان. گه‌مه‌ پڕخه‌نده‌که‌ لێره‌دایه‌، هه‌ر ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی که‌ دوێنی (جه‌مال عبدالله‌) به‌رگری لێده‌کردن و ده‌یگوت ئه‌مانه‌ ئه‌مانه‌ عومه‌ری کوری خه‌تابن له‌ ئاست پۆسته‌ سیادی و ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆیاندا، خه‌ڵک درۆ ده‌کات که‌ ده‌ڵێن حکومه‌ت گه‌نده‌ڵه‌، ئه‌مڕۆ به‌ ڕه‌نگێکی دیکه‌وه‌ هاتووه‌ به‌رپه‌چی‌ قسه‌کانی خۆی ده‌داته‌وه‌"دار هه‌ڵبڕه‌، سه‌گی دز دیاره‌". لێره‌وه‌ ده‌زانین که‌ تۆپه‌که‌ جه‌ماله‌ و له‌ یاریگای ده‌سه‌ڵاتتدا بۆ هه‌موو لاکان ئاڕاسته‌ ده‌کرێت.
یه‌کییه‌تی نیشتیمانی له‌ زۆربه‌ی کۆڕ و سیمیناره‌کاندا هێز و قورسایی خۆی ده‌خسته‌ سه‌ر شاری سلێمانی که‌ له‌ ڕووی خزمه‌ت گوزارییه‌وه‌ چه‌ندی بۆ کردووه‌، به‌ مه‌رجێ که‌ رۆنی خه‌ڵک بوو له‌سه‌ری خۆیان(نه‌ک خه‌ڵکیش) هه‌ڵده‌سویه‌وه‌. که‌چی ئیستا که‌ ده‌رکه‌وتووه‌ دانای ئه‌حمه‌د مه‌جید کۆمه‌ڵێکی دیکه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ئینتمایان بۆ حیزب نه‌ماوه‌، به‌ربوونه‌ته‌ گیانیان، ڕۆژێک به‌ هاوکاری کردنی گرده‌که‌ و ڕۆژێک به‌ ئیختلاس کردن و هاوکاری باندی مادده‌ی هۆشبه‌ر و تیرۆرستی و...، هه‌موو ئه‌مانه‌ سیناریۆیه‌کن بۆ ناشیرین کردنی ئه‌م وه‌جهانه‌ی که‌ تاڕاده‌یه‌ک ئۆپۆزسیۆنی ئه‌م ڕه‌وشه‌ خراپه‌ی ئێستای هه‌رێمی کوردستان. به‌ڵام مه‌خابن کۆمه‌ڵگای کوردی زۆر له‌وه‌ هۆشیارتره‌ و باش له‌ مه‌شهه‌ده‌کانی به‌ڕێزتان ده‌گات، ئێوه‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتوون، ئه‌و کامێڕایه‌ی ئێوه‌ گرته‌کانی پێ تۆمار ده‌که‌ن، کاسێته‌که‌ی وا له‌ باخه‌ڵی ئێمه‌دایه‌، ڕووی ده‌سه‌ڵات به‌م سیاسه‌ته‌ گه‌مژه‌ییانه‌ سپی نابێته‌وه‌، ئه‌مه‌ شتێکی نوێ نییه‌، که‌ ده‌گوترێت ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری له‌سه‌رده‌می کرانه‌وه‌ به‌ ڕووی جیهاندا(گلۆبالیزم) ئێواره‌یه‌کی دره‌نگه‌.
لێره‌وه‌ ده‌ڵین وا پێویست ده‌کات بڵێین، ئه‌کییه‌تی و هه‌موو ئه‌و حیزبانه‌ی که‌ نزیک له‌وان بیر ده‌که‌نه‌وه‌، داهاتوویان ڕۆژێکی شوومه‌، بێگومانین که‌ مێژووی تاریک چاوه‌ڕێیان ده‌کات، چونکه‌ جه‌نگ له‌ پێناوی مانه‌وه‌دا ئه‌وه‌ نییه‌، کار له‌سه‌ر خراپی به‌رانبه‌ر بکه‌یت و به‌له‌کی ئه‌م و ئه‌و بگریت، به‌ڵکو ده‌بێت کار له‌سه‌ر به‌رنامه‌ سیاسی و ئابوری کۆمه‌ڵاتییه‌کانی خۆت بکه‌یت و ژێرخانی خۆت پڕ بکه‌یته‌وه‌ له‌ڕووی مه‌عریفی و سیاسیه‌وه‌، له‌ وڵاتانی ڕۆژ ئاوا پێشبڕکێ له‌سه‌ر بیر و به‌رنامه‌ی نوێیه‌ که‌ ساڵانه‌ پێشکه‌شی ده‌که‌ن، که‌چی لای ئێمه‌ وه‌ک مشه‌خۆر له‌سه‌ر فه‌سادی یه‌کتر ده‌ژین، ئه‌مه‌یه‌ ئه‌خاقی سیاسی ده‌سه‌ڵاتی کوردی، ئه‌مه‌یه‌ سیاسه‌توانی کاره‌مه‌ی فیوداڵسته‌کان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە