تسۆنامی شۆرَشی ناوچەكە كوردستانیشی گرتووەتەوە..

Tuesday, 05/04/2011, 12:00








-من رزگاركەر نیم،خەڵكانی رزگاركەریش بوونیان نییە، بەڵام گەلان تەنها خۆیان دەتوانن خۆیان رزگاركەن-
چی گیڤارا.

بێگومان هەموو نوسەرە راستەقینەكان لەبەرەی گەل و نیشتیمان بوون، سارتەر لەبەرەكانی جەنگ بۆ بەرگری كردن لە وڵاتەكەی بووە سەرباز، سەمەدی
بەهرەنگی و خەسرەو گوڵ سوورخی شەهیدبوونیان هەڵبژارد نەك ببن بە كۆیلەی دەسەڵات، دەیان شاعیرو نوسەری ناوداریی جیهان. دەگمەنە لەهەموو دنیا نووسەر كۆیلەی دەسەڵات بووبێت و بێویژدانانە بەرگریی لەدەسەڵاتێك كردبێت كە وەكو قەزافی ئامادە بێ گەلەكەی بكوژێت بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە‌! رووناكبیرە راستەقینەكان یان لەبەرەی گەل بوون یان توانبێتیان سەركردایەتیان كردوە، بەداخەوە ئێستا هەندێ بەناو نوسەر بێئەوەی بزانن لەبەرەی دژ بەگەل وەستاون و بیانەوێ و نەیانەوی، چونكە ئیشكردن لە دەزگا حیزبیەكانی دەسەڵات باشترین خۆ ساغكردنەوەیە. دەڵین شیعرەكانی (پووشكین) سەرچاوەی شۆڕشەكانی روسیا بوون، یان چیرۆك و رۆمانەكانی مەكسیم گۆركی . ئەگەر ئەو نوسەرانە ناتوانن ببنە پووشكین و گۆركی ، با نەبنە دیزلی ماكینە دەسەڵاتێك كە ئامادە نییە تەنانەت گوێ لەگەل بگرێت نەك داخوازیەكانی جێبەجێ بكات! نوسەرەكانیش رزگاركەر نین وەلێ هاندەری خێرن..
من دژی شۆڕشی چەكداریی وێرانكارییم ودژی گێرەشێوێنیم، چونكە لەم سەردەمەدا باوی شۆرَشی چەكداریی نەماوە، بگرە باوی شۆرَشی ئاشتیانەی شەقامە، لەگەڵ بنیاتنانەوەو ئاوەدانەكردنەوەی وڵاتەكەمم.لەگەڵ پێشكەوتنی وڵات و میللەتم. بەڵام خۆپیشاندانەكان چەكی گەلە بۆ نوێبوونەوە و نەهێشتنی گەندەڵیی و سەقامگیربوونی یەكسانی كۆمەڵایەتی و سیاسەتێكی مۆدێرن. چونكە بمانەوێ ونەمانەوێ ئەم سیاسەتەی ئێستای باشووری كوردستان بەرماوەی كۆمەڵگای كۆنەپەرسیتیی و فێوداڵی لە مێژینی خەباتی سیاسی كوردە . دوای بیست ساڵ لەچەقبەستن لە هەرێمی كوردستانی عێراق لەباری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیەوە ، شۆڕبووونەوەی دۆخی كوردستان بەرەو قەیرانێكی نەخواستراو، پێویستی بە شۆڕشێكی سپی جەماوەر هەیە بەگەنج و پیرو ژن و كچەوە، بە تایبەتی دوای ئەو هەموو پشتگوێخستنەی دەسەڵات بۆ داواكانی جەماوەر و هەڕەشەكردن لەملاو لەولا دژ بە خۆپیشاندەران.. شۆڕشێك كە لاوانی وریای كوردستان سەركردایەتی بكات، بۆ چاك كردنەوەی هەموو ئەو دۆخە لەنگانە كە پێش راپەڕین و دوای راپەڕین هاتونەتە ئاراوە. چونكە ئەو تسۆنامیەی كە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستی گرتووەتەوە شەپۆلەكانی كوردستانیش دەگرێتەوە. ئەوانەی دەڵێن كە كوردستان وەكو تونس و میسر نییە سەریان دای لەبەرد و ئەوانە كەری عارەبانەی گەندەڵین. هەرچەندێ من پێموایە كە خۆپیشاندانەكانی سەرای ئازادی و سەراكانی دیكەی ئازادی ئەو گوڕ وتینەیان نەماوە، بۆ ناچار كردنی دەسەڵات كە بەدەنگی داخوازیەكانی گەلەوە بێت، یان بەبارێكی دیكە داخوازیەكانیان لەو جغزەدا پەنگیان خواردوەتەوە و، پەنگخواردنەوەش پێویستی بە لەبەر رۆیشتنە بە جۆگاكاندا ، بۆیە دەبێ سەرتا سەر جەماوەری كوردستان بەشداریی بكەن - هەرچەندێ ئەوەیشی كە لەماڵەوە دانیشتووە بەدیار تەلەفزێونەوە وچاودێریی رووداوەكان دەكەن، ئەوانەیش خۆپیشاندەری سەراكانی ئازادین - تا بزانن داخوازی ئەو گەنجانەی سەراكانی ئازادی لە كوردستان چیەو بۆ كێیە، بۆ ئەوەی هەر ئەوان بەرپرسی ئەو ئەجندایە نەبن. بەتەئكید رەوشی گەندەڵیی لە هەرێمی كوردستاندا زۆر خراپترە لەمیسرو تونس و لیبیا و یەمەن و سوریا، لە رووی هەژاریەوە زۆرترە لەیەمەن، ئەگەر بەراوردی بكەین بەو سەروەت و سامانە زۆرو زەبەندەی كوردستان، بێكاریی بۆتە قەیرانی كوشندەی گەنجانی كورد ، مەحسوبیەت و خزمخزمێنە هەموو جمگەكانی دەسەڵاتی پەكخستووە، سەروەت و سامانی میللەت دوو بنەماڵەو دوو حیزب و چەند باندێك لە ناو ئەو دوو حیزبە بۆ خۆیان قۆرخیان كردوە، پرۆسەی ئاوەدان كردنەوە زۆر خراپە ، شارستانیەت لە كوردستان زۆر دواكەوتووە، هێشتا نەخوێندەواریی تۆزێك لەجاران باشترە، رژێمی تونس كە ئەو شۆڕشەی دژ ئەنجامدرا و سەركەوت، كەچی رادەی خوێندەواریی لەوێ گەیشتبووە لە سەدا نەوەد و نۆی دانیشتووانی وڵاتەكە!. پەتای بنەماڵەیی و خێڵكیی دەستی خستووە بیناقاقای بەرەوپێشچوونی كەلتوری كورد.
بەداخەوە هەندێ حیزب لەشاخ هەبوون بۆ ئەوە تێدەكۆشان كە كۆمەڵگای سۆشیالیست لە كوردستاندا دابمەزرێنن دوای سەركەوتنی شۆڕشەكەیان ! كەچی كە هاتنە سەر خوانی حازری دەستیان كرد بە پەیڕەوكردنی چەمكەكانی بەعس ، (شۆڕشگێڕە)كانی شاخ كەوتنە هەڵپەی خۆدەوڵەندكردن لەسەر حیسابی ئەو گەلەی كە بەم رۆژەی گەیاندن، بە پێڵاوی لاستیك هاتنەوە و ئێستایش هەیانە خاوەنی فڕۆكەی تایبەتیە!. بۆیە ئەوانەی دەیانەوێ كە ئەم دۆخە چەق نەبەستێ و خۆپیشاندانەكانیش لە جوغزێكدا چەقنەبەستێ و رێگا و شوێنی دیكە بگرنەبەر، بەڵام بەرژەوەندیەكانی گەل و نیشتیمان بكرێنە سەرمەشق ، گەرچی بە تەنهایش كۆنپەرستەكان و گوربە قەڵەوەكانی دەسەڵات رقیان لە شۆڕشە، زۆریشیان واتای شۆڕش دەزانن و خۆیانی لێ گێل دەكەن ، شۆڕش واتا گۆڕینی دۆخێك بۆ دۆخێكی باشتر و پێشكەوتووتر..ئەوەتا دەسەڵات نەك وەڵامی داوای خۆپیشاندەران ناداتەوە بگرە گاڵتەشیان پێدەكەن، چونكە ئەوان دڵنیان كە خۆپیشاندانەكان لەو جوغزانە تێپەڕ نابن و ناشیەڵن تێپەڕبن بە هەرشێوەیەك بێت ، ئەوەتا یەكێك لە سەركردەكانی كورد هەڕەشە لە خەڵكی هەولێر دەكات و داوای لە حیزبەكەی دەكات لەوێ كە دژی (تێكدەرەكان) بوەستنەوە! .ئەگەرچیش خۆپیشاندانەكان هیچیان پێنەكرێت بیگومان دەبێ هەوڵی ئەوە بدەن كە رێرەوی چەقبەستووی سیاسی لە كوردستان بگۆڕدڕێت و، لەدەستی سیاسیە سكرابەكان دەریبهێنن و بیدەنە دەستی گەنجە پیشكەوتنخواز و لیبریالەكان ، چونكە ئێدی دۆخی كوردستان ئەم رەوشە قەبووڵ ناكات ، جارێكی دیكە ناگەرێتەوە پێش 17ی شوبات ، نەوەی ئێستایش نازانن ئەو سیاسیانە كێن و چین و چییان كردوەو بڕواشیان بە كرداری ئەوان نەماوە، نەوەیەكە چەندین نەوە كەوتووەتە نێوانیان و تازە زەحمەتیشە لەیەك تێبگەن ، یان بە قسەی ئەو سیاسیە سكرابانە بكەن. بۆیە دەبێ بەشێوەیەكی ئاشتیانە دەسەڵاتی كوردستان لە باشوور ڕادەستی لاوان بكرێت ، یان ئەوەتا دەبێ چاوەڕوانی پەرچەكرداری دیكە ببن. ئەم تسۆنامیەی كە لە ناوچەكەدا هەڵیكردوە تۆ بڵیی لە كوردستان خامۆش بكرێت! گەرچی هەموو ئەم شۆڕشانەیش لەسەر هەقن و پەیامی ئاشتیان پێیە نەك گێرەشێوێنی و داوای مافی رەوای بەشخوراوی گەلەكانیان دەكەن لە دەسەڵاتە خۆماڵیەكان نەك لە داگیركەران.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە